پشکۆ ئەمین: توانا نهێنییەکانی ئێران بۆ پیتاندنی ئەتۆم، بە ئاستی گەیاندنی بۆمبی ئەتۆمی گەیشتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رافایل گرۆسی دەڵێت؛ ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ دروست کردنی یەک بۆمب نا، بگرە بۆ سێ بۆمبیش هەیە!
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە ڤینا، لە 06.14 ی ئەم مانگەدا دەڵێت؛ ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم چەندین ئامیری تازەی سانتریفیوگی Zentrifugen بەهێزی خستۆتە کار، دانانی ئەم ئامیرانە بۆ خیراتر کردنی پیتاندنی ئەتۆمەکەیەتی.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت؛ نزیکەی 350 دانە ئامێری نوێی خیراو تازەی لە دامەزراوەی شاری فۆردۆ دروستکردووەو، لە ئێستادا نزیکەی 350 ئامێری تریان لە کاردایە،
ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی لەم دامەزراوەیەداو بۆ خستنە گەڕی، سەنتەرفۆگیدەکانی کەڵک لەگاز وەردەگرێت.
ئیران سەرەتا یۆرانیۆمەکە دەگۆڕێت بۆ یۆرانیۆمی گازی هێکسا فلۆراید، پاشان گازەکە دەخرێتە ناو ئامیری فۆجیەوە کە بەچەند سلندەرێک زۆر بەخێرای دەسوڕێنەوە، ئەم سوڕانەوە خێرایە، دەبێتە هۆی جیاکردنەوە پێکهاتەی گەردیلانەی (مۆلیکۆلانەی ) کە ئایزۆتۆپی یورانیومیان لەناودا هەیە،کەئەمەش بەهۆی جیاوازی و کیشی بارستە ئەتۆمییەکانیانەوە، روودەدات.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەینی 14. 06. 2024 لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا بۆ وڵاتانی ئەندام ڕایگەیاندووە؛ کە ئێران چوار لە هەشت کۆمەڵە ئامێری IR-6ی لە یەکەی یەکەمی وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆدا داناوە، ئەمە ژمارەیەکی گەشەسەندووە لە سەنتەرفیوجی کە یۆرانیۆمی زۆر زیاتر و بەهێزتر جێگیر دەکات.
شارەزایانی ڕۆژئاوا دەڵێن؛ کە ئەم مۆدیلە تازانەی سەنتەرفوگی لە خیراتین و مۆدێرنترین مۆدێلەکانین، مۆدیلی IR-6 و IR-8، ئەم دووجۆرە 7 بۆ 11 جار خێراترن لە سوورانەوەدا لە جۆری IR-1 کە پێشتر لە ئیران بەکاردەهێنرا، بۆیە دەوترێت کەلەماوەیەکی کەمدا عەمبارەکانی ئێران پڕ دەکرێن لە یۆرانیۆمی پیتێنراو!
ئاژسی نێۆ دەوڵەتی وزە هەواڵەکەی بۆ رۆیتەرز پشتراست کردەوە. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، ( بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا و شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێستا ئەو وڵاتە لانیکەم یۆرانێۆمی پیتینراوی بەشی نزیکەی سێ بۆمبی ئەتۆمی هەیە. هەروەها دەڵێت؛ ڕژێمی مەلاکان دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێکدا بۆمبێکی سەرەتایی دروست بکەن).
سەرەڕای سزا بەرفراوانەکانی ئەمریکاو ئەوروپا، دەوڵەتی ئاخونەکان کە ئێمە بە نەزانمان دادەنان توانیان بە درێژایی دەیان ساڵ سزا و نەفرۆشتنی نەوت و رێگری لە پیشخستن، پیشەسازی چەک و ئەتۆمەکەی خۆیان بنیاتبنێن و بەشێوەیەکی کاریگەر پەرە بەمووشەکی بالیستیکی دوور مەودا بدەن،کە ئەم جۆرە موشەکانە وەک هەڵگری بۆمبی ئەتۆمی دەتوانن ببنە هەڕەشە لەسەر ئەوروپا و ئەمریکاش!
ئێران ئەمڕۆ وڵاتێکی ئەتۆمی تازەیەو هەموو پێداویستییە تەکنیکیەکانی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەدیهێناوە، دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ لەلێواری بیابانێکی گەورەی خوێی ئێراندایە دەکەوێتە خوارووی تەهران،کۆن بنکەیەکی سەربازی بووە، ئێستایەکێکە لە بنکە گەورەکانی ئەتۆمی ئیران،کە لە قووڵایی 60م ژێر زەویدایە، لە ژێرەوە بەکۆمەڵێ تونیل پێکەوە بەستراون، هێزی سەربازی و پاسدار و بە دەیان ساروخ و راکێت و دژە هەوای پاسەوانی لێدەکرێت.
پشکێنەرانی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بەردەوام پشکنینی ئەم فۆردۆ دەکەن، تا دڵنیابن لەوەی کە ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست ناکات. لە دوایین سەردانی پشکێنەرەکان کە لەمانگی شوباتی 2024دا بوو، گۆڕانکاریی گەورەیان لەم بنکەیەدا بەرچاوکەوت، چالاکییەکی زۆر لە هۆڵەکاندا، سیستەمی نوێی خێراتر لەجاران بۆ بەرهەم هێنانی مادەی بۆمبی ئەتۆمی کاریان دەکرد!
لەڕاپۆرتی وزەی نێودەوڵەتیدا هاتووە، تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 تەنها 23.5 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراو هەبووە، لە پاش ئەو ماوەیە بۆ شوباتی 2024 بەهۆی ئەم ئامیری سانتریفیوژیە تازەوە، زیاتر لە لە 60% کیلۆ گرامیان تێپەڕاندووەو بەرهەم هێناوە،! واتە ئێران لەم ساڵەدا سێ هێندە ئەتۆمەکەی بەرزکردۆتەوە، لەکاتێکدا بەپێی رێکەوتنی 2015 نێوان ئێران و ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نیۆ نەتەوەی، بڕیاربوو کە ئیران تەنها لە 3.5% یۆرانیۆم بپیتینێت،کە ئەو بڕەش بەسە بۆ دروستکردن و خستنەکاری ریاکتۆر بۆ بەرهەم هێنانی وزەی کارەبا کە لە 2.5% بۆ 3 پیویستە، تا وزەی کارەبا واتە سووتەمەنی بەرهەم بهێنێت. ئێستا ئێران دان بەو رێکەوتنەی 2015دا و بەو سنووردارکردنەدا نانێت و هەموو سنوورەکانی ئەوسا بۆی دانرا پێشێلیان دەکات!
پیتاندنی یۆرانیۆم بەم ڕیژەیە لەم مادە تۆقینەرەو گەیشتنی بەم ئاستە بەرزە،کە ئێستا زۆر زیاترە لەپیتاندنی لە 60%، بە سەردەمێکی زۆر هەستیار دادەنرێت بۆ ئیران، چوونکە ئەمڕۆ ئێران دەتوانێت بە هەوڵێکی کەم کە ئەوەش زۆر بە ئاسانی و لە رووی تەکنیکیەوە بۆیان دەکرێت!
پیتاندن بگەیەنێتە لە 90%، ئەمەش بەسە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی! ئەم زۆر پیتاندنە، هیچ سوودێکی بۆ بەکارهێنانی ریاکتۆرو پیشەسازی و وزەی ئەتۆمی ئێران نییە،پیتاندنی یۆرانیۆم بەم ئاستە واتە سەروو 60% تەنها بۆ دروستکەردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاردێت.
ئێران ژمارەیەکی گەشەسەندوو لە سەنتەرفیوجی یۆرانیۆمی زۆر زیاتر و بەهێزتر جێگیر دەکات. چاودێران و شارەزایان دەڵێن کە ( هەوڵەکانی ئیران لە پیتاندن وکارکردن و شاردنەوەو رێگە نەدان بە چاودێران و لابردن و کوژاندنەوەی کامیراکان و پەردە پۆشکردنی شووێن و بنکەی بەرهەمهێنان و تاکتیکی وەستان و دواخستنی کۆبونەوەکان لەلایەن ئێرانەوە، ئەوە دەردەخات کە ڕژێمی ئیسلامی لانیکەم دەیەوێت توانای تەکنۆلۆژیای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی زۆرخێرا بەدەستبهێنێت)!
ئەوشدەبێت بڵێم؛ کە نەئاژانسی نیۆدەوڵەتی وزەو نە ئیسرائیل و نە ئەمریکاو ئەوروپا هیچ ئاگاداریەکی تەواویان لەسەر ناوەندە ناوکیەکانی ئیرانو پەرسەندنەکانی نیە، هەربۆیە دوای ئەم زیاتر کردنی بەرهەمهێنانە وا جاریکیتریش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی داوای ڕوونکردنەوەو وەڵامی پرسیارە نا ئاشکراکان لەئێران دەکات، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی! بۆیە بەگوێرەی بڕیارنامەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێو دەوڵەتی، کە لە 5ی حوزەیرانی ئەمسالدا لە ڤیەننا بەستراو پەسەند کرا، زۆر گرنگ و بە پەلە داوا لە تاران دەکەن شوێنەواری مادە ئەتۆمییەکان ناو دامەزراوە نهێنییەکانی ئاشکرابکات.
لەو راپۆرتەدا کە لە لایەن ئەڵمانیاو فەرەنسا و بەریتانیاوە داڕێژراوە، داواکراوە پێویستە ئیران هاوکاربێت لە دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە و زانیاری و پیشاندانی شوێنەکان بە پشکنێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، 20 وڵاتی ناو دەستەی پارێزگارەکان پشتگیریان لە بڕیارنامەکە کرد و ڕووسیا و چینیش بە نەخێر دەنگیاندا و. 12 وڵات بێدەنگیان هەڵبژارد.
ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وتی؛ لەئێستادا ناتوانین دڵنیایی بدەین، بە دەستەی پارێزگاران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،کە ئەم ئەتۆمەی ئێران، تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە! گرۆسی دەڵێت؛ ئەگەر ئێران هاوکاری نەکات، ئەو سێ دەوڵەتە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە تاران دەکەن و دەیگەیەننە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. بۆ دوومانگێک دەچێت، ئێران هەڕەشەی گۆڕینی ڕێڕەوی ئەتۆمەکەی دەکات و دەڵێت؛ ئەگەر ڕوو بەڕوویی هێرشی ئیسرائیل بێتەوە. ئەوا رێرەوەی ئاشتیانەی ئەتۆمەکەی دەگۆڕێت!
ڕۆژی یەکشەمە دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لێدوانی لەسەر لێدوانەکانی ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێویستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا. محەمەد ئیسلامی سەرۆکی وزەی ئەتۆمی ئیران، وتی؛ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و دەزگاکە، بنەمای یاسایی هەیە؛ پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی و ڕێککەوتن و پاراستنی هەمەلایەنەیە، ئیسلامی وتی؛ دەزگا نێۆ دەوڵەتیەکە بەرپرسیارە لە چاودێریکردن و پشتگیریکردن و هاندان، داوای کرد کە ئیدیعاکانی دەزگاکە لەم چوارچێوەیەدابن، خۆ ئەگەر وانەبێت، ئەوا هیچ شتێکنیە کە دەزگاکە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، یان بەدوادا چوونی بۆ بکات.
سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل بە ئاژانسی ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، دوو هەفتە لەمەوبەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیسانەوە گرووپی کاری پێکهێنایەوە، تا سەرنج بخەنەوە سەر بەرنامەی ئەتۆمیەکەی ئێران. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گرووپی کار لە ئەندامانی دامەزراوەی بەرگری ئیسرائیل و وەزارەتی دەرەوە و هەواڵگری (موساد) پێکهێنراوون. ئیسرائیل و ئەمریکا نیگەرانن لەو بیرۆکەیەی کە ئێران لە چەند هەفتەی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا هەوڵی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی خۆی بدات.
کاربەدەستانی ئیسرائیل و بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە میانەی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە واشنتۆن لەگەڵ جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا تاوتویی ئەتۆمەکەی ئێران دەکرێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتی؛ ( ئێمە 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا،7 ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کار دەکەین و بەردەوام ڕاوێژ لەگەڵ ئیسرائیل دەکەین لەسەر ئێران و ئەتۆمەکەی).
ناوبراو زیادی کرد: ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت. ئیدارەی بایدن دڵنیا دەبێتەوە لەوەی ئەمە ڕوو نادات”.
یوئاف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژێ (سێ شەممە)، لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، هۆشدارییدا لە مەترسییەکانی چەکی ئەتۆمی ئێران. گالانت لە میانی دیدارێکی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، لۆید ئۆستین، لە واشنتۆن وتی؛ ( گەورەترین مەترسی لەسەر ئایندەی جیهان و داهاتووی ناوچەکەمان ئێرانە و کات تەواو دەبێت)!
ناوبراو وتی ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ جێبەجێکردن و رێگریکردن و پابەندبوون بەو بەڵێنانەی کە ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا بە درێژایی ساڵان داویانە بە ڕێگریکردن لە خاوەنداریەتی ئێران لە چەکی ئەتۆمی!
بەپێی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، بڕیارەگرووپی ڕاوێژکاری ستراتیجی ئەمریکاو ئیسرائیل رۆژی پینج شەمە، واتە پێرێ لە کۆبوونەوەیەک لەکۆشکی سپی ئەنجام بدەن، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیۆ میلەر ڕۆژی پێنج شەمە ڕایگەیاند، ( ئێران بەردەوامە لە فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە شێوەیەک کە هیچ ئامانجێکی ئاشتیانەی باوەڕپێکراوی نیە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا تاقمی حەوت هۆشداری بە ئێران دا لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە بردنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەروەها ڕایانگەیاند کە ئامادەن ڕێوشوێنی نوێ بسەپێنێت ئەگەر تاران مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا بگوازێتەوە. لە بەرامبەردا وەزارەتەکانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ئێرانیان ئیدانە کرد کە “رێوشوێنی زیادە بۆ بەتاڵکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە ناوەڕۆکەکەی دەدات.
هەروەها بژاردەی سەربازی – هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیل یان ئەمریکاوە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە دوور دادەنرێت. ئیسرائیل پاش هیرشەکانی ئێران بۆ سەری لە 19. 04. 2024 دابە مووشەک وەڵامی ئێرانی دایەوەو بەڵام هیچ زیانێک بە بنکە ئەتۆمیەکان نەگەیشت.
ڕوون نییە کە ئایا بۆردومانکردنی ئەو دامەزراوە قووڵە بنکەدارانەدەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران زیاتر لە چەند مانگێک یان ساڵێک دوابخات.
ئێران لە مێژە لە لیستی ئەو دەوڵەتانەیە کە ئەمریکا بە پشتیوانی تیرۆر و،بە هاوکارو پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان، حەماسی فەلەستینی و گرووپەکانی حەشدی شیعی و حوسیەکانی یەمەن ناوی دەبات، بۆیە واشنتۆن بۆمبی ئەتۆمی لە دەستی سەرکردایەتی شەڕانگێزی ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی جیهانی دەزانێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت