هۆشیار جەمال: ڕووماڵی میدیای کوردی له نێوان لەشکرکێشی تورکیا و شاجوانی پشیلەدا.
لە باشوری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ میدیای نوێ دەست بە پەخش و وەشاندن دەکات، لە ئێستادا خۆی دەبینێتەوە لە دەیان کەناڵی ئاسمانی و سەدان کەناڵی لۆکاڵی و سەدان ڕادیۆ و چەندین ڕۆژنامەی حیزبی و هەزاران پەیجی سۆشیال میدیا، کە بەشێک لە سۆشیال میدیاکان هی ئەو دامەزراوە میدیایانەن کە ئاماژەم پێکرد و بەشەکانی تریش خۆیان هەر دەزگای تایبەتین تەنها لە سۆشیال میدیادا پەخشیان هەیە، کە زۆرینەی ڕەهای ئەم دەزگا میدیایانە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی پاڵپشتیان دەکەن، فراوانبوونی میدیا ئاماژەیە بۆ بوونی ئازادی زیاتر و دیموکراسی، بەڵام پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا میدیا کوردییەکان لەباشوری کوردستان کە سیستەمێکی سەرمایەداری دەیبات بەڕێوە چی ڕووماڵ دەکات؟ چی لا گرنگە بیکات بە پرسی ڕۆژ و کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دروستبکات؟
ماوەی هەفتەیەکە سوپای داگیرکەری تورکیا لە باشوری کوردستان و بە دیاریکراوی لە سنوری پارێزگای دهۆک هاوشێوەی هێرش و داگیرکاریەکانی ساڵانی ڕابردووی لە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەرچاوی دەسەڵاتداری باشوری کوردستان و حکومەتی عێراق و وڵاتانی هەرێمی و جیهانەوە لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنی بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان دەستپێکردۆتەوە و هەمووان لە ئاستیدا بێدەنگن و لەم نێوەندەشدا ڕۆڵی میدیا وەک ئامڕازێکی کاریگەر لە دروستکردنی ڕای گشتی بۆ دژایەتی کردنی ئەم داگیرکاریە وونە، کە ئەم بێ کاریگەریەی میدیا لە کاتێدایە هەمووان دەزانین تورکیا هەر ناوچەیەکی کوردستان داگیربکات دواتر بەجێی ناهێڵێت و سەرەتا ژینگەی وێران و دواتر بەتورککردن و بەعەرەبکردن لێی دەستپێدەکات وەک ئەوەی کە چەند ساڵێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەدیاریکراوی لە شاری عەفرینی داگیرکراو دەیکات.
میدیای کوردی و بەدیاریکراوی میدیای باشوری کوردستان لە جیاتی ئەوەی ڕووماڵی ئازارەکانی نەتەوەکەی بکات و دژی داگیرکاری و لەشکرکێشیەکان بۆ سەرخاکی باشوری کوردستان بێت، ژیان و دۆخی پشیلەی لا گرنگترە سەرقاڵی ڕووماڵکردنی چالاکی هەڵبژاردنی شاجوانی پشیلەیە لە شاری سلێمانی. بەڵێ ئەمەیە کاری میدیای کوردی لە سیستەمەی سەرمایەداریدا کە خوێنی پشیلە لە خوێنی تاکی کورد بە بەهاترە، تەندروستی پشیلەی له تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگەی کوردستان و داگیرکردنی خاکەکەی له لایەن داگیرکەرانەوە لا گرنگترە، کە ڕوماڵی هەواڵی هەڵبژاردنی شاجوانی پشیلەی لا گرنگترە لە ڕووماڵی داگیرکردنی وڵاتەکەی ئەرێ بەڕاست ئەگەر “مقداد مەدحەت بەدرخان” دامەزرێنەری یەکەم ڕۆژنامەی کوردی له گۆڕ هەستێتەوە چاوێکی لە شێوازی کارکردنی میدیای کوردی بێت لە باشوری کوردستان بۆچوونی چی دەبێت.
- بابەتەکانی تری هۆشیار جەمال
هۆشیار جەمال: میدیای کوردی و پڕوپاگەندەی سیاسی.
-هۆشیار جەمال: هەژاری سەختیە نەک جوانی.
-هۆشیارجەمال: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی مەرگی دانیال.
- All Posts