دکتۆر کامەران محەمەد: گرنگی مێژوو له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا – بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێکهاتنی شوناس
شوناس، بونیادێکی فرەلایەنە، کە گێڕانەوە مێژووییەکان پێکی دەهێنن! وەک بەردی بناغەی ئەزموونی مرۆڤایەتی وایە. تاک و کۆمەڵگە لە ڕوانگەی هاوێنەی مێژووەوە بە ئاڵۆزییەکانی پێکهاتنی ناسنامەدا دەڕۆن و ڕەگ و ڕیشەی خۆیان دەدۆزنەوە و لەو هێزانە تێدەگەن کە هەستکردن بە (خود)یان لەناخیاندا پێکهێناوە. لێرەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر گرنگیی لێکۆڵینەوەی مێژوویی لە پێکهێنانی شوناسی کەسیی و بەکۆمەڵدا، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە نموونە جیهانییە جۆراوجۆرەکان، بۆ ڕوونکردنەوەی لایەنە جیهانییەکانی پێکهاتنی شوناسەکان لە چوارچێوە جیاوازەکاندا:

دروستبوونی شوناسی بەکۆمەڵ
توێژینه‌وه‌ مێژووییه‌کان به‌ تێپەڕاندنی سنوورە نیشتمانیی و که‌لتوورییەکان، پێکهاتنی شوناسە بەکۆمەڵەکان لەسەر ئاستی جیهانی ئاشکرا دەکات. بۆ نموونە بزووتنەوەی سەربەخۆیی هیندستان بە سەرۆکایەتی کەسایەتییەکی وەک مەهاتما گاندی، ملیۆنان کەسی بۆ (به‌ده‌ستهێنانی چارەی خۆنووسین) و (شانازیکردن به‌ که‌لتوور)ەوه‌ هاندا و شوناسێکی بەکۆمەڵیان دروستکرد، کە ڕەگ و ڕیشەکه‌ی لە خەبات دژی ستەمی کۆلۆنیالیزمییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. بە هەمان شێوە شۆڕشی چیکۆسلۆڤاکیا و بزووتنەوەی هاوکاریی لە پۆڵەندا نموونەی ئەوەن، کە چۆن کردەوەی بەکۆمەڵ دەتوانێت کۆمەڵگە ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کان لە ژێر دیدێکی هاوبەش بۆ ئازادی و دیموکراسی یەکبخات.

پەرەسەندنی شوناس
تاکەکان لە ڕێگەی توێژینه‌وه‌ مێژووییەکانه‌وە، به‌دوای پەرەسەندنی شوناسه‌کانیان لە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکاندا دەگەڕێن، به‌ هه‌ڵکشان و دابەزینی کاریگەرێتییە که‌لتووریی و نه‌ریته‌ کۆمەڵایه‌تییه‌کان ئاشناده‌بن. بۆ نموونه‌ ڕێگای ئاوریشم، که‌ تۆڕێک بوو لە ڕێڕەوی بازرگانی، ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقای بەیەکەوە دەبەستەوە، ئاڵوگۆڕیی کاڵا و بیرۆکە و که‌لتوورەکانی ئاسانتر دەکرد، بەدرێژایی فراوانییە به‌رچاوه‌که‌یدا شوناسه‌کانی پێکهێنا. هه‌ر لە بڵاوبوونەوەی ئایینی بودا لە به‌شێکی فراوانی کیشوه‌ری ئاسیا تا بڵاوبوونەوەی ژیاری ئیسلامی بۆ نێو کیشوه‌ری ئەوروپا، بۆیه‌ ڕێگای ئاوریشم وەک گه‌واهیده‌رێک بوو، له‌سه‌ر وابه‌سته‌یی له‌ پێکهاتنی شوناسی جیهانییدا.

کارلێکەکان لەگەڵ گۆڕانه‌ مێژووییه‌کاندا
مێژووه‌ کەسیی و خێزانییه‌کان لەگەڵ پرۆسە مێژووییه‌ جیهانییه‌کاندا یه‌کترده‌بڕن، که‌ شوناسی تاک بە شێوەیەکی قووڵ دروست ده‌که‌ن. بۆ نموونە ئه‌و کۆچه‌ گەورەیه‌ی کە تێیدا ملیۆنان ئەمریکی ئەفریقایی لە (باشووری گوندنشین)ـەکانەوە بۆ (ناوەندە شارییەکانی باکوور) گواسترانەوە، سه‌رله‌نوێ چەمکەکانی (شوناس) و (کۆمەڵگه‌) و (سەربەخۆیی) داڕشته‌وه‌. بە هەمان شێوە قەیرانی ئه‌و پەنابەرانه‌ی لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا کە بەهۆی جه‌نگ و ململانێ و ئاوارەییەوە دروست بوو و ڕوویان له‌ ئه‌وروپا کرد، جەخت لەسەر شلەژان و ئاڵۆزی شوناس لە جیهانێکدا دەکه‌نه‌‌وه‌، کە تادێت زیاتر به‌یه‌کدا ده‌چن و به‌ریه‌ک ده‌که‌ون و تۆختر ده‌بنه‌وه‌.

تێڕامان و تێگەیشتن له‌ خود
قووڵبوونەوە لە گێڕانەوەی مێژوویی کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهان، تێڕامان و تێگەیشتن له‌ خود به‌هێزتر دەکات، لەکاتێکدا تاکەکان سەرکەوتن و خەبات و میراتی باوباپیرانیان لەسەر ئاستی جیهانی ئاشکرا دەکەن. هه‌ر لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییه‌کانی کیشوه‌ری ئەمریکاوە تا ده‌گاته‌ خەباتی دژە کۆلۆنیالیزم لە ئاسیا و ئەفریقا، تاکەکان (ئیلهام) لە خۆڕاگریی و بوێریی نەوەکانی ڕابردوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی و ستەم سه‌رکوتکاریی وەردەگرن. دیاره‌ پرۆسەی (خۆدۆزینەوە و تێڕامان) سنوورە جوگرافی و که‌لتوورییەکان تێدەپەڕێنێت، که‌ لە تێگەیشتنێکی ورد و دەوڵەمەندتری شوناسی کەسیی و بەکۆمەڵدا پشکداریی ده‌کات.
لە کۆتاییدا، توێژینەوەی مێژوویی بە ئامرازێکی بەهێز بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵۆزییەکانی پێکهاتنی شوناس لەسەر ئاستی جیهانی دادەنرێت. لە ڕێگەی گەڕان بەدوای گێڕانەوە مێژووییە جۆراوجۆرەکان لە ناوچەکانی وەک ئاسیا، ئەوروپا، ئەفریقا و ئەمریکا و… تاد، تاکەکان دیدێکی ورد بۆ پێکهاتن و پەرەسەندن و کارلێکەکانی (گێڕانەوەی شوناسەکان) لە سنووری کات و شوێندا بەدەست دەهێنن. تاکەکان بە دانانی ئەزموونە کەسییەکانیان لە چوارچێوەی مێژوویی فراوانتردا، هەستێکی قووڵتر بە شوناس و پەیوەندارێتی و تێگەیشتن لە خود لەناخیاندا دەچێنن، کە سنوورە جیوگرافی و کەلتوورییەکان تێدەپەڕێنێت. بەم شێوەیە مێژوو وەک زمانێکی جیهانیی دەردەکەوێت، کە لە ڕێگەیەوە ئێمە بە تابلۆی دەوڵەمەندی ئەزموونەکانی مرۆڤ ئاشنا دەبین و پەیوەندییەکان لە نێو کەلتوور و ژیارە جۆراوجۆرەکاندا دروست دەکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت