سەردەشت محەمەد: سینارۆکانی پێش هەڵبژاردن.
پرسی هەڵبژاردن یەکێکە لەو پرس و بابەتانەی کە لە دونیادا بایەخ و گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت، ئەمە نەک تەنها لای ئەو حکومەت و گەلانەی کە بەلایانەوە هەڵبژاردن کۆڵەکەی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانە، بەڵکو ئەم بایەخ پێدانە لە وڵاتانی دواکەوتیشدا بەجۆرێک لە جۆرەکان هەستی پێدەکرێت، هەرچەندە لە لای هەردولا گرنگی و بایەخ پێدانەکە بەو مەبەستەیە کە خۆیان دەیانەوێت و جودان لەیەکدی.
لێردا قسەی ئێمە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی ساتی بەڕێوەچونی پرۆسەکە نییە، بەڵکو قسەکردنە لەسەر ئەو زەمەن و کاتەی کە دەکەوێتە پێش هەڵبژاردنەوە، چونکە هەر لێرەوە دەتوانین هەڵسەنگاندن بۆ دەرئەنجام و ڕوداوەکان و پێکانی ئەو ئامانجانەش بکەین کە پێش هەڵبژاردن قسەی لەبارەوە دەکرێت.
وەک هەمیشە چاوەڕێ دەکرێت زەمەنی پێش هەڵبژاردن زەمەنی ململانێ و دروست بونی کێبڕکێ و سازدانی کۆمەڵێک سینارۆبێت کە دیسانەوە ئەوەش لە وڵات و هەرێم و ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، دیارە گۆڕانکاریەکەش دەکەوێتە سەر ئاستی ئەو تێگەیشتن و باگراوەندە ڕۆشنبیریەی کە خەڵک و هێز و پارتە بەشداربوەکان هەیانە لەمەڕ بایەخ و گرنگی هەڵبژاردن.
ئەگەر لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دونیادا سود وەرگرتن لە زەمەنی پێش هەڵبژاردن بۆ ئەوەبێت کە تیایدا هێز و پارتە بەشداربووەکان بیانەوێت لەڕێگەی پێشکەشکردنی بەرنامەی کاری خۆیانەوە بۆ پاش هەڵبژاردن و لاوازکردنی هێزە نەیارەکانیان لەڕێگەی خستنەڕوی کەموکورتییەکانیانەوە هەوڵی تێکشکاندن و لاوازبونی یەکدی بدەن، ئەوا لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە زۆر پێچەوانەیە.
لە هەرێمی کوردستان، زەمەنی پێش هەڵبژاردن زەمەنێکی ئێجکار ناخۆش و ناتەندروستە، دۆخێکە پڕ لەسینارۆ و ڕوداوی چاوڕوان نەکراوە، لەم کاتەدا هێزەسیاسیەکان لەبری هەوڵدان بۆ پێشکەشکردنی باشترین بەرنامەو هەوڵدان بۆ ئەوەی لەڕێگەی خستنەڕووی خزمەت و کارەخزمەتگوزاریەکانەوە کە لەڕابردودا پێشکەشیان کردووە دەنگی دەنگدەران بۆخۆیان مسۆگەربکەن زۆرجار پەنادەبەنەبەر دروستکردنی سینارۆگەلێکی وەها کە مرۆڤ لە بری باوەڕپێکردن گومان لە ڕاستەکانیشیان دەکات.
ئێستا خەڵکی هەرێمی کردستان، لەو زەمەنەدان، وردە وردە سەرەتای دەستپێکردنی سینارۆ و ڕوداوا دروستکراوەکان دەستپێدەکات، ڕێگە چارەش بۆ دەربازبون و تێگەیشتن لە سینارۆیەکان زۆرن، بەڵام دەکرێت بڵێین باشترینیان. هەوڵدانی هاوڵاتیان و دەنگدەرانە بۆ خۆڕۆشنبیرکردنی خۆیان و هەوڵدانیانە بۆ تێگەیشتن و لە مانا و مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەروەها کاتی ڕۆڵ بینینی ئەو میدیایانەیە کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکەن، چونکە لەم کاتەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەوانە شیکار و بەدواداچونی وردتر و زیاتر بۆ ڕوداوەکان و ئەو هۆکارانەشی کە لەپشتی ئەو سینارۆ و ڕوداوانەن بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەر بکەن و هۆکارەکانی پشت ڕوداوەکان بخەنەڕوو.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts