دکتۆر کامەران محەمەد: گرنگی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا – بەشی پێنجەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕووباری کات
چۆن کۆمەڵگە مرۆییەکان خۆیان دەگونجێنن و دەگۆڕن
مێژوو تەنیا تۆمارێکی ڕووداوەکانی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بزووتنەوەی گۆڕانکارییەکان لە میانەی تێپەڕبوونی کاتدا، واتە لە سەرهەڵدان و داڕمانی ژیارەکانەوە تا پەرەسەندنی گۆڕانە کەلتوورییەکان، مێژوو تێڕوانین گەلێکی بەهادار پێشکەش دەکات، کە یارمەتیدەرە بۆ گەشتکردن بە وێستگەکانی ئێستا و پێشبینیکردنی داهاتوو. لێرەدا قووڵ دەبینەوە لەو ڕۆڵە فرەلایەنەی مێژوو بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە دەیگێڕێت، دواتر لێکۆڵینەوەی گرنگییەکەی لە ڕێگەی هاوێنەگەلێکی جیاوازەوە و ڕوونکردنەوەی بە چەند نموونەیەکی مێژوویی.

تێگەیشتن لە هۆکار و ئەنجامەکان:
هەوڵدان بۆ ئاشکراکردنی (هۆکار) و (ئەنجام)ەکانی ڕووداوەکانی ڕابردو لە هەناوی شیکاری مێژووییدان. مێژوونووسان بە توێکاریی کردنی چینەکانی کات، تۆڕی ئاڵۆزی ئەو هۆکارانە ئاشکرا دەکەن، کە ڕەوتی مێژوویان پێکهێناوە. بۆ نموونە با ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی وەربگرین، مێژوونووسان هۆکاری لەناوچوونی دەگەڕێننەوە بۆ (داڕوخانی ژێرخانی ئابووری) و (هێرشە دەرەکییەکان) و (ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان و … تاد). بە هەمان شێوە سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمی جیهانی دەگەڕێننەوە بۆ کارلێکێکی ئاڵۆزی نێوان (ویستی میلیتاریزم) و (هاوپەیمانێتی) و (ئیمپریالیزم) و (ناسیۆنالیزم) لە نێوان هێز و دەوڵەتە ئەوروپییەکاندا. بە توێکاریی کردنی ئەم دیاردە مێژووییانە، تێگەیشتنێکی قووڵتر دەربارەی ئەو هێزە بنەڕەتییانە بەدەست دێنین، کە گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگەدا دروست دەکەن.

دیاریکردنی قەوارە و ڕەوتەکان:
مێژوو لەمیانەی شیکردنەوەی ڕێڕەوی ژیارەکانی ڕابردوو ڕێگەمان پێدەدات، ئەو قەوارە و ڕەوتانە دیاری بکەین، کە کات و جوگرافیا تێدەپەڕێنن، واتە دەتوانین بابەتە دووبارەبووەکان دەستنیشان بکەین و پێشبینی پەرەسەندنەکانی داهاتوو بکەین. بۆ نموونە ئەگەر لە سەرهەڵدان و لەناوچوونی ئیمپراتۆرێتییەکان بە درێژایی مێژوو ڕابمێنیت. هەر لە ئیمپراتۆرێتی ڕۆمەوە تا ئیمپراتۆرێتی عوسمانیی، ئەوا تۆمارەکانی مێژوو پڕن لە نموونەی دروستبوون و فراوانبوونی ئیمپراتۆرێتییەکان و دواتر لاوازبوون و ڕوخانیان. بە وردبوونەوە لەم قەوارانە، بەوردی بە مەترسییەکانی (پەڕگیریی) و (چاوچنۆکیی) و (ناکۆکی ناوخۆیی) و (هەڕەشە دەرەکییەکان) کە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی ئیمپراتۆرێتییەکان بوونەتەوە، ئاشنادەبین. بە هەمان شێوە پەرەسەندنی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان زەمینەیەکی بەپیت بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی دەڕەخسێنێت. مێژوونووسان بە شوێنپێهەڵگرتنی گۆڕانی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە پرسەکانی وەک ئازادیی یان یەکسانی یان مافی مرۆڤ و …تاد، واتە ئەو هێزانە تیشک دەخەنەسەر هێزە پاڵنەرەکانی پێشکەوتن یان پاشەکشەکردنی کۆمەڵگەیی.

ڕاڤەی (بەردەوامیی) لە نێو گۆڕانکاریدا:
سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، مێژوو ئەو (ڕەگەزە بەردەوام)انە ئاشکرا دەکات، کە لە نێو گۆڕانکارییەکاندا ئامادەن. زۆرجار دامەزراوە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان نەرمییەکی تێبینیکراو پیشان دەدەن، سەرەڕای هێشتنەوەی ڕەگەزە سەرەکییەکانی شوناسەکەیان، خۆیان لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا دەگونجێنن. بۆ نموونە سەرەڕای جیاوازی لە دەسەڵات و کاریگەرییدا دامەزراوەی پاشایەتی لە تەواوی سەدە و کیشوەرەکاندا بەردەوام بووە. بە هەمان شێوەش مومارەسە و نەریتە کەلتوورییەکان بەردەوام دەبن، تەنانەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی نوێکاریی و جیهانگیریدا وەک پەیوەندییەک بە ڕابردووەوە کاردەکەن. مێژوونووسان بە لێکۆڵینەوە لەم تارە بەردەوامانە، دیدێکی ورد بۆ بونیادی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ئەو هێزانە بەدەست دەهێنن، کە لە نێوان نەوەکاندا دەگوازرێنەوە.
لە کۆتاییدا، مێژوو بە ئامرازێکی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی تێڕوانین گەلێکی ورد بۆ هۆکار و ئەنجامی ڕووداوەکانی ڕابردوو و دەستنیشانکردنی قەوارە و ئەو ئاڕاستانەی کە کات تێدەپەڕێنن و لێکدانەوەی بەردەوامی لە نێوان گۆڕانکارییەکاندا دادەنرێت. بە قووڵبوونەوە لە مێژووی ڕابردوودا، قەدرزانییەکی قووڵتر بۆ ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ئەو هێزانە بەدەست دەهێنین، کە چارەنووسی بەکۆمەڵمان پێکدەهێنن. کاتێکیش ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئێستا دەبینەوە و پێشبینی نادڵنیاییەکانی داهاتوو دەکەین، با گوێ لە وانەکانی مێژوو بگرین و ئیلهام لە خۆڕاگریی و بلیمەتیی کەسانی پێشین وەربگرین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت