بەهرۆز جەعفەر: مونیف و نەوت.
عەبدولڕەحمان مونیف (1933- 2004) لە ئوردون لە دایک بوە، باوکی سعودیی بوە، دایکی عێراقییە، پاسپۆرتەکەی سوری بوە، لە لوبنان ژیاوە، ماوەیەکیش لە فەڕەنسا ژیاوە، دکتۆراشی لە چیکۆسلۆڤاکیا لە ئابوریی نەوت خوێندوە.
ئەوەی “مونیف”ی پێ ناسراوە زیاتر ئەدەب و شارستانییەتە، بە تایبەتی ئەدەبی بەراوردکاریی کە لێوەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی بینیوە. ئەو لە کتێبە بەناوبانگەکەی ” مدن الملح- شاری خوێ یان شارە خوێیەکان”. مەبەست لە “خوێ” دیارە چی یە کە شاری لەسەر بینابکرێ، مونیف باس لە وێنەکانی ژیانی نیمچە دورگەی عەرەبی دەکات لەگەڵ دەستپێکی دۆزینەوەی نەوت و ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە شار و گوندەکانی ئەو دوورگەیەی گۆڕی، لەوانەش ڕەتکردنەوەی دانیشتوان بۆ گەڕان بەدوای نەوت، بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، گۆڕینی بیابان بۆ کێڵگەیەکی نەوتی و ململانێی شێخەکانی کەنداو لە نیمچە دورگەی عەرەبیدا و چاودێریکردنی بارودۆخی خەڵک و گۆڕینی داب و نەریت و شوێن و فۆرمەکانی سەربەخۆیی و ناسنامە.
مەبەستی لە “شارە خوێییەکان” ئەو شارانە بووە کە لە قۆناغێکی ناوازە و ناسروشتیدا سەریان هەڵداوە، بەو مانایەی کە “لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی مێژوویی درێژخایەن دەرنەکەوتوون کە بووەتە هۆی دامەزراندنی و گەشەکردن و فراوانبوونیان، بەڵکو ئەوانە بۆیە زیاتر دەرکەوتوون کە ئەوان جۆرێکن لە تەقینەوە لە ئەنجامی سامانی بەڕێکەوت ئەم سامانە ( نەوت) بووە هۆی سەرهەڵدانی شارە هەڵئاوساوەکان کە بوون بە باڵۆن و چوون بە ئاسماندا، کە دەتوانن بتەقنەوە، یان ئیکسپایەر بن، یان شتێکی تیژیان پێدا بچێت.
بۆ هەرێمی کوردستان، بابەتەکە شتێکی دیکەیە، چوونکە دەوڵەت نییەو، بەرئەنجامی ناعەدالەتییەکانی دوای یەکەمین جەنگی جیهانی تووشی ڕووداوی یەکلەدوای یەک بوەتەوە. بەڵام لێرەشدا، کورد پێویستە هەموو شتێک لە نەوت و گاز و دوو چاڵ و بۆڕییەکدا کورت نەکاتەوە؛ چوونکە پرسی کورد پرسی هەستانەوەی تاک و خاکە، پرسی بونیادنان و دادپەروەرییە لەناوەوەو گەڕان و سووسەکردنە لەدەرەوە.
بەڵام بۆ عێراق، تێزەکانی مونیف تەواو لە جێی خۆیەتی، ئەوەتا بانگەشەی ئەوە دەکات کە یەدەگی گازی زیاد کردوەو گەیاندویەتی بە (136) تریلیۆن پێ سێجا، بەڵام خۆی ساڵانە (40٪) ی گاز لە دەرەوە هاوردە دەکات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ساڵانە لە نێوان (5- 7) ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ گازی سرووشتی، جگەلەوەش گازی عێراق (کە زۆربەی گازی هاوەڵە) سەت ساڵە بە خۆڕایی دەسووتێ و، ژینگە پیس دەکات. بانکی دەولی هەموو ساڵێک عێراق بە سێهەم و چوارەم دەستنیشان دەکات لە سووتاندنی گاز و پیسکردنی ژینگەدا. لە دوایین گەڕی گرێبەستەکاندا (جەولەی تەواوکاری 5 و شەشەمدا) لە خستنەڕووی (٢٢) گڕیبەستدا تەنها (3) کۆمپانیای خۆرئاوایی هاتوون، چوونکە دەڵێن داوای بەرتیل و خراپەکاریمان لێدەکەن، لە کۆی (11) کێڵگەی گازیی کە عێراق خستویەتییە ڕوو تەنها (2) دانەیان سەرنجی کۆمپانیاکانی ڕاکێشاوە، چوونکە دەڵێن ئەوانە مەترسیی هاتنی داعش یان شەڕوشۆڕی لەسەرە.
لەوکاتەی کە هەڵوەشانەوەی خەلافەتی عوسمانی ڕاگەیەندراوە، و “شەریفی مەککە” لە ئیستانبوڵەوە خۆی گەیاندە حیجاز بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەریتانییەکان، تا ئێستا دەوڵەتانی عەرەبی پشت بە تەکنەلۆژیاو تەکنیکی خۆرئاوایی و بیانی دەبەستن بۆ دەرهێنانی نەوت. ئۆپیک 43٪ ی دەستەڵاتی نرخدانانی بەسەر نەوتەوە ماوە: هێشتا ئەوان هەر دەڵێن” ئێمە نەوتمان هەیە”، یابان نەوتی نەبوو، جیهان گەلەکۆمەکێیان لێکردو تەختیان کرد، ئەویش دوای چەند دەیەیەک هەر بە بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیا تۆڵەی خۆی لە هەموان کردەوە.