دکتۆر کامەران محەمەد: گرنگیی مێژوو له جیهانی سه‌رده‌مدا – شه‌شه‌م.
یاده‌وه‌ریی مێژوویی و ڕۆڵی لە تێگه‌یشتنی سیاسیی‌دا
مێژوو سنووری کات و ڕووداوه دیاریکراوه‌کان تێده‌په‌ڕێنێت، ئامرازێکی زیندووه بۆ دروستکردنی زیرەکی سیاسیمان. بە قووڵبوونەوە لە ڕابردوو، دەتوانین ببینە هاووڵاتییەکی شاره‌زاتر و هۆشیارتر، کە ئه‌وه‌ش بۆ پشتگیریکردنی کۆمەڵگه‌یەکی دیموکراسی گرنگە. که‌واته ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و پرسیاره‌یه کە چۆن (هۆشیاریی مێژوویی) پەروەردەی زیره‌کیی سیاسی و هاووڵاتیبوون چالاک‌تر دەکات؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره، بە هێنانه‌وه‌ی چه‌نده‌ها نموونەی کۆمه‌ڵگه جیاوازەکان هه‌وڵده‌ده‌ین، وه‌ڵامێکی گونجاو بخه‌ینه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.
دروستکردنی هاوڵاتییه‌کی هۆشیار
مێژوو شوناسی بەکۆمەڵبوونمان ڕوون دەکاتەوە و یارمەتیمان دەدات، لەوە تێبگەین کە ئێمە وەک کۆمەڵ کێین. دیاره ئەم تێگەیشتنە بۆ پاراستنی کۆمەڵگه‌یەکی دیموکراسی کارێکی گرنگە. کاتێک هاوڵاتیان شارەزاییه‌کی باشییان ده‌رباره‌ی مێژوو هه‌بێت، ئه‌وا باشتر ده‌توانن لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکان و گفتوگۆ ڕۆشنبیرییەکان و تاوتوێکردنی پرسه گرنگه‌کاندا بەشداری بکه‌ن.
بۆ نموونه خوێندنه‌وه‌ی مێژووی ئەڵمانیا، بەتایبەت ڕووداوەکانی پێش و پاش جەنگی دووەمی جیهانی، وادەکات هاووڵاتیان باشتر لە گرنگی (دیموکراسی) و (مافەکانی مرۆڤ) تێبگەن. ئەو وانانەی کە لە شکستی کۆماری ڤایمار و سەرهەڵدانی نازیزمەوە وەرگیراون، یارمەتی تاکی ئەڵمانی ئه‌مڕۆ دەدات، کە دامودەزگا دیموکراسیەکانی ئێستایان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و لە بەرامبەر پاوانخوازیی و سته‌مکارییدا بە وریاییەوە مامه‌ڵه بکه‌ن. هه‌روه‌ها تێگەیشتن لە مێژووی ئاپارتاید و خەبات بۆ یەکسانی نه‌ژادیی یارمەتی خەڵکی ئەفریقای باشوور دەدات، بۆ بەرز نرخاندنی ئەو پێشکەوتنانەی که لە دوای کۆتایی هاتنی سه‌رده‌می ئاپارتایدەوە لە ساڵی 1994ەوە بەدەست هاتوون.
به‌هێزکردنی گفتوگۆ سیاسییەکان
(زانینی مێژوویی) له‌میانه‌ی فه‌راهه‌مکردنی (زه‌مینه) و (قووڵایی)، گفتوگۆ سیاسییەکان دەوڵەمەندتر دەکات. بۆ نموونە له هیندستاندا گفتوگۆ هاوچەرخه‌کان ده‌رباره‌ی چاکسازییە ئابوورییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەتوانێت سوود لە تێگەیشتنی سیاسەتە ئابوورییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی کۆلۆنیالیزم و ساڵانی سەرەتای سەربەخۆیی وەربگرێت. هاوکات په‌یبردن به خه‌باتی ناتوندوتیژانەی (گاندی) یان سیاسەتە ئابوورییەکانی (جه‌واهر لال نەهرۆ) یارمەتی هاووڵاتیان دەدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خه‌سڵه‌تی شێوازه جیاوازه‌کانی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا.
به‌هه‌مانشێوه گفتوگۆکان لەسەر (عەلمانیەت) و (ئازادی) ئایینی لە فەرەنسا، بە قووڵی پشت به مێژووی عه‌لمانییه‌تی ئەو وڵاتە ده‌به‌ستیت، ئه‌ویش ئه‌و بنەمای عەلمانییەته‌یه کە لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسا دامەزراوە و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا چەسپاوە. تێگەیشتن لەم مێژووە یارمەتی هاووڵاتیان دەدات، کە بەشداری گفتوگۆی هۆشیارانه سەبارەت بە شوێنی ئایین لە ژیانی گشتی و ئاڵنگارییه‌کانی تێکەڵبوون لە کۆمەڵگەیەکی فرە که‌لتووریدا بکه‌ن.
گۆڕینی سیستەمی بیروباوەڕ
هەروەها (فێربوونی مێژوو) دەتوانێت ئاڵنگاری سیستەمی بیروباوەڕی کۆن و بەسەرچوو بکات و بیگۆڕێت. هۆشیاربوون به‌رانبه‌ر به سته‌مکارییەکانی ڕابردوو، وا ده‌کات گۆڕانکاری کۆمەڵگه‌یی بەرەو بیروباوه‌ڕی دادپەروەرانەتر هانبدات.
بۆ نموونە مێژووی ژاپۆن له دوای جەنگی دووەمی جیهانی، لەوانەش دەرئەنجامەکانی میلیتاریزم و پەسەندکردنی دەستوورێکی ئاشتیخوازانە، بووەتە هۆی ده‌رکه‌وتنی گیانێکی نەتەوەیی کە جەخت لەسەر ئاشتی و دیپلۆماسی بکاتەوە. ئەم زەمینە مێژووییە یارمەتی هاووڵاتیانی ژاپۆنی دا، بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی سیاسەتی ئاشتیخوازانەی وڵاتەکەیان، تەنانەت لە دیمەنه ئاڵۆز و پڕ کێشه‌کانی جیهانیشدا.
هاوکات تێگەیشتن لە کۆیلایەتی و جیاکاریی ڕەگەزیی له مێژووی بەرازیلدا دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت، بۆ ته‌واوی ئه‌و بزووتنەوە هاوچەرخانه‌ی که کار بۆ به‌دیهێنانی یەکسانیی ڕەگەزیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ده‌که‌ن. داننان بە بەشداریی و خەباتەکانی ئەفرۆ- بەرازیلییەکان بە درێژایی مێژوو بۆ چارەسەرکردنی نایەکسانی ڕەگەزیی له ئێستادا و به‌هێزکردنی کۆمەڵگه‌یەکی کراوه‌تر و گشتگیرتر، زۆر گرنگە.
به‌هێزکردنی دیموکراسی
کۆمەڵگه‌یەک کە په‌ی به بەهای (زانینی مێژوویی) ببات، ئه‌وا بناغە دیموکراسیەکانی بەهێز دەکات. دیاره هاوڵاتیانی ئاگادار و په‌یبه‌ر زیاتر بەشداری چالاکانە لە دەنگدان و بانگەشەی هەڵبژاردن و ژیانی گشتیدا دەکەن، ئەمەش زامنی ئەوە ده‌کات، کە پرۆسە دیموکراسییه‌کان بەهێز و گشتگیرتربن.
بۆ نموونه مێژووی سیستەمی پەرلەمانیی بەریتانیا، لەوانەش چاکسازییە سەرەکییەکانی وەک (ماگنا کارتا Magna Carta 1215) و (شۆڕشی شکۆمەند Glorious Revolution 1688)، گفتوگۆ هاوچەرخه‌کانی سەبارەت بە دیموکراسی و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. ئەم هۆشیارییە مێژووییە یارمەتی هاوڵاتیانی بەریتانیا دەدات، کە میراتی دیموکراسی خۆیان بەرز بنرخێنن و چالاکانه‌تر بەشداری پرۆسە سیاسییه‌کان بکەن.
هه‌روه‌ها مێژووی پۆڵەندا که لێوان لێوه له دابەشبوون و بەرخۆدان لە دژی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان و ڕۆڵی بزووتنەوەی هاریکاری لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆمۆنیستی، تیشک ده‌خه‌نه‌سه‌ر گرنگیی خۆڕاگریی و چالاکییه مەدەنییه‌کان. ئەم زەمینە مێژووییە وای له هاووڵاتیانی پۆڵەندا کردووه که بەهای ئه‌و ئازادیی و دیموکراسییەی که به فرمێسک و خوێن بەدەستیان هێناوه، بزانن و به‌وپه‌ڕی چالاکیه‌وه بەرگری لیبکه‌ن.
یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتن
(تێگەیشتنی مێژوویی) هاوبەش، بە تیشک خستنە سەر ئەزموون و بەها هاوبەشەکان، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی به‌هیز دەکات. جەژن و یادە نیشتمانییەکانیش یەکڕیزیی و هەستکردن بە شانازی نیشتمانی تۆخ ده‌که‌نه‌وه.
بۆ نموونه ڕۆژی ئەنزاک کە یادی سەربازانی ئوسترالیا و نیوزلەندا دەکاتەوە، کاتێک لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا جه‌نگاون، یەکێتی نیشتمانی و یادکردنەوە به زیندوویی له یاده‌وریی و ناخی هاوڵاتییاندا ده‌هێڵێته‌وه. تێگەیشتن لەو قوربانیانەی لە کاتی هەڵمەتی گالیپۆلی و ململانێکانی دیکەدا دراون، شوناسی نیشتمانی بەهێز دەکات و ده‌بێته هاندەری تێڕامان لە بەهاکانی ئازایەتی و قوربانیدان.
هه‌روه‌ها ئاهەنگەکانی وەک دیا دی لۆس موێرتۆس (Día de los Muertos) و ڕۆژی سەربەخۆیی تیشک دەخەنە سەر میراتی دەوڵەمەندی که‌لتووری مەکسیک و مێژووی بەرخۆدان لە دژی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم. ئەم یادانە یارمەتی مەکسیکییەکان دەدەن، کە شوناسی که‌لتووریی خۆیان و ئەو خەباتانەی کە نەتەوەکەیانی پێکهێناوه، بەرز بنرخێنن.
لە کۆتاییدا ده‌توانین بڵێین (هۆشیاری مێژوویی) بۆ پەرەپێدانی زیرەکی سیاسی و پەروەردەکردنی هاوڵاتی چالاک و ڕۆشنبیر پێویستە. بە تێگەیشتن لە ڕابردوو، دەتوانین بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەشداری لە ئێستادا بکەین و داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر و دیموکراسیتر به‌دیبهێنین. لە کاتێکدا لە مێژوو ڕاده‌مێنین، نەک هەر ڕێز لەو کەسانە دەگرین کە پێش ئێمە هاتوون، بەڵکو خۆمان بەو زانیارییە توێشودار دەکەین، کە پێویستن بۆ به‌دیهێنانی گۆڕانکاری کۆمه‌ڵگه‌یی ئامانجدار.