شـــــــوان خورشــــــــید: گەمەی تورکیای ئەردۆگان و خەونی ئیمپریاتۆریەتی عوسمانی.
سەرکردەکانی تورکیا بەتایبەت ئەردۆگان زۆر دەمێکە خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمریاتۆریەتی عوسمانیەوە دەبینن، بە کرداریش کار بۆ ئەوە دەکەن، سەرزەمینی لە دەس چوی عوسمانیەکان بخەنەوە ژێر ڕکێفی تورکیا. بە تایبەت ولایەتی موسڵ و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریا. سا ئەوەی دەیکا بە لەشکرکێشیەکانی بۆ باشورو ڕۆژئاوای کوردستان بەبەهانەی ڕاوەدونانی پەکەکە، تەنها شەرعیەت دانە بە خۆی و جموجوڵەکانی تا لەو ڕێگایەوە خەونی نەزۆکی خۆیان بەدی بهێنن بە داگیرکردن و فراوانکردنی سەرزەمینی خۆیان لە سەر حیسابی گەلی کورد،کە بەڕاستی ئەوەی دەیکات گوایە شەڕی پەکەکە دەکات و سنورەکانی دەپارێزێت لە چالاکیەکانی پەکەکە هیچ ڕێگەیەکی تێ ناچێت. بەڵکو ئەوەی هەیە داگیرکاریەکی زەق و لەبەرچاوەو حاشا هەڵنەگرە، چونکە تورکیاوخودی ئەردۆگانیش ئەو ڕاستیە دەزانن کە لەڕێی لەشکرکێشی و هێڕشی سەربازیەوە ناتوانن کێشەی پەکەکە یەکلای بکەنەوە، ئەو ڕاستیە ئەو کات بۆیان سەلما کە بە پلانێکی جیهانی ڕێبەر ئۆجەلانیان کردە کونجی زیندان لە ئیمرالی و پێیان وابوو بە زیندانی کردنی ئۆجەلان بزوتنەوەی چەکداری پەکەکەش تەواو دەبێ. بەڵام ئەو ڕاستیە دەرکەوت کە جوڵانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پارتێکی خاوەن دسپلین و مەبدەئین و هەر گەریلایەک بۆ خۆی ئۆجەلانێکە. هەرچەندە سەرەڕای گوشاری زۆری دەسەڵاتدارانی تورک ئێستاش ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە جوڵە بە قەندیل دەکات و پەیامەکانی وەک و خۆی لە جوڵەی کرداری دان.
گەر زیاتر لە دوا هێڕش و پەلاماری سوپای داگیرکەری تورکیا بڕوانین نیازی لەشکرکێشییەکەی زیاتر ڕوون دەبێتەوە،کە مەبەستی تورکیا فراوانکردنی سنورەکەیەتی بە شێوەیەکی گشتی و بەدیهێنانی خەونە گڵاوەکەی ئەردۆگانە بۆ زیندوکردنەوەی حەرەم سەراو ڕیز کردنی کەنیزەک، ئەوەی ڕوونە و کوێریش دەیبینێ لەدوا لەشکرکێشیان دا مەبەست پەکەکە نیە وەک خۆیان ئیدیعای بۆ دەکەن، بەڵکو داگیرکاریەکی زەقە.
تورکیا زەمینەی ئاوا داگیرکاریەکی بۆ ڕەخساوە لە بێدەنگی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و کارتی سەوزی ئەمەریکا و بێدەنگی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم، بەتایبەت حکومەتی هەرێم ڕێپیشاندەری لەشکرکێشیەکە دەکات، هەرچەندە دوێنێ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناڕەزایی خۆی لەو پێشێلکاریانەی تورکیا پیشان دا، وەفدێکی ڕەوانەی هەولێر کردوە بۆ لێکۆڵینەوە. بەڵام فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکیدا دەڵێت؛ تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ هێڕش و ئۆپراسیۆنێکی ئەنجام نەداوە، ئەوەی هەیە تەنها چەند جموجوڵێکە کە لە ساڵی 1991ەوە هەیە، لە کاتێکدا بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئاشتی جیهانی ئەمەریکی لە ماوەی 27 ڕۆژدا 285 جار هەرێمی کوردستانی بۆردومان کردوە،کەبەشی زۆری بوردومانەکان ناوچەکانی دهۆکی کردۆتە ئامانج. هەر بەپێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی ناوبراو، 182 خێزان لە گوندە سنوریەکانی دهۆک بەهۆی لەشکرکێشیەکانی ئەم دواییەی تورکیاوە ئاوارە بونە.هەر بەپێی زانیاریەکانی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ئاشتی جیهانی ئەمەریکی cpt بەهۆی بوردومانەکانەوە لە قەزای ئامێدی 8 گوند بە تەواوی چۆڵیان کردوە، 602گوندی تر ڕووبەڕوی مەترسی چۆڵکردن بونەتەوە. جگە لەوە بەهۆی بۆردومانی چڕی سوپای داگیرکەری تورکیاوە، 65 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و ڕەزوو باخی هاوڵاتیان سوتاوە، فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقیش دەڵێ؛ ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوتە هۆی چۆڵکردنی 162 لادێ و 602 گوندیش مەترسی چۆڵکردنیا لێ دەکرێ. ئەمە لە کاتێکدایە لەشکرکێشیەکەی تورکیا بە ئاشکراو بە ڕۆژی ڕوناک بە بەرچاوی جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکاو ئەوروپاوە بە قوڵای 30 تا 40 کیلۆمەتر بە تانک و زرێپۆش و تۆپ و جبەخانەی سەربازیەوە بنکەو بارەگای داناوە و بازگەی لە ناوچەکە دانەوە، لێپرسینەوە لە دانیشتوانی گوندنشینەکان دەکات.
حکومەتی هەرێم بە یەک ووشە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو لەشکرکێشیە دەرنەبڕیوە، لە جێگای ناڕەزایەتی دەربڕین دەستی تاوان بۆ پەکەکە دەرێژ دەکرێت لە لایەن بەرپرسانی هەرێمەوە، پەکەکە بە ئاژاوەگێڕو لەباربردنی ئەزمونی هەرێمی کوردستان تاوانبار دەکرێت. داوایان لێ دەکرێ بچنەوە سنورەکانی باکوری کوردستان بۆ چالاکیەکانیان دژی تورکیا،ڕەوایەتی بەو سنورە دەسکردەی نێوان باکورو باشورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان دەدەن،کە داگیرکەرانی کوردستان دروستیان کردوەو لەوە نەگەیشتون کە دەسەڵاتدارانی تورک دوژمنی سەسەختی کوردن لە هەر شوێن و هەر پارچەو هەر جوڵانەوەیەک دا بێت. چونکە تورکەکان تەنانەت ووشەی کوردستانیش بە مەترسی ئاسایشی نەتەوەی تورک دەزانن،هەر بۆ بیرخستنەوە یەکێک لە پەنابەرە کوردەکان لە پراگی پایتەختی چیک لە حەفتاکان کافتریاکەی بەناوی کوردستان دەکات،دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بانگێشتی سەفیری چیک لە تورکیا دەکەن و ئەو هەنگاوە بە مەترسی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا ناوزەد دەکەن و داوا دەکەن ئەو تابلۆیەیی سەر کافتریاکە لاببرێت. بۆیە دەکرێت ئەزمونی حەسەن خەیری بیری هەموو کوردێک بێتەوە، تا نۆکەری باوی هەبێت تورک دوستانە، پاشان وەک و حەسەن خەیری هەڵسوکەوتی برا تورکەکانتان دەبینن. بۆیە باشتر وایە کوردانە لەو ئاڵانگاریانە بڕوانن،گەر توانای ڕووبەڕووبونەوەشتان نەبێت.
ناڕەزایی دەربڕینێک ڕوتان سپی بکاتەوە نەک پێتان لە لیرە هەڵکەوێت و ڕیسوای زەمانە ببنەوە، هیچ نەبێ زاتی ئەوە بکەن بە قەد خەزعەلیش ئازایەتی بنوێنن،کە زۆر بەتوندی دژی لەشکرکێشی تورکیا هاتۆتە دەنگ و داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات هاوهەڵوێست بێت لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ وەدەرنانی سوپای تورکیای داگیرکەر.