نەوزاد بەندی: ئەدەب چییە؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێرە و لەوێ خەڵکێک پێناسەی ئەدەب دەکەن. یەکێ دەڵێ؛ ئاوێنەی بەردەم کۆمەڵگایە. ئێ ئەگەر ئاوێنە بێ،کەواتە هیچ پێویست بە نوسین و چاپ و خوێندنەوە و سەرئێشان ناکات، ئاوێنەی گەورە گەورە دابنێن با کۆمەڵگا تەماشای خۆیان بکەن و بڕایەوە. یان هەموو کەسێ لە ماڵەوە لە ئاوێنەیەک زیاتری هەیە، ئیتر بۆچی ئەو هەموو ئاوێنە و کاتە بە نوسین و خوێندنەوە ئەکوژن و خەرج ئەکەن؟
کەسانێک هەن زۆر لە خۆیان ئەکەن و ئەیانەوێ پێناسێکی تری ئەدەب بکەن، ئەڵێن؛ ئەدەب زمانێکی سیحراوییە، مۆسیقا و ئاوازی تایبەت بە خۆی هەیە. هەر ئەوەندە؟ ئەڵێن بەڵێ. ئێ ئەگەر مەسەلە مۆسیقا و ئاواز بێ، چی زۆرە ئامێری مۆسیقا زۆرە، چ پێویست بەوە ئەکا ئەو خەڵکە دانیشن ئاواز و مۆسیقا بە ووشە دروست بکەن؟
کەسانێکی تر ئەڵێن؛ ئەدەب داهێنانە کە ئەپرسی داهێنانی چی؟ نازانن بڵێن داهێنانی چی یاخود ئەدەب چی داهێناوە. هەروا ئەڵێن داهێنانە و بڕایەوە.
هەیشە ئەڵێ ئەدەب ڕاکردنە لە واقیع. بۆ ئەوەیش تەرزێ لە ئەدیب هەیە ئەچن خۆیان سەرخۆش ئەکەن، ئینجا شاکارەکانیان ئەنووسن! بە جۆرێ نازانیت باسی چی ئەکەن، چونکە ووتەی سەرخۆش جێگای بەزەیی و پێکەنینە، نەک چاپ و بڵاوکردنەوە. ئێ باشە ئەگەر ئەدەب ڕاکردن بێ لە واقیع، ئەبێ واقیع چ ئیشی بە ئەدەب بێ ؟ بۆچی ئەو هەموو لاپەڕە و مرەکەبەی تیا خەرج بکرێ ؟
لە ڕاستیدا جێی داخە، کە ئەمڕۆ ئەدەب ئەوەندە بە لاڕێدا براوە، مرۆڤ لە ڕووی نایەت بڵێ من کتێب ئەخوێنمەوە، پێی شەرمە بڵێ من چیرۆکنوسم. غیرەتێکی ئەوێ بڵێی من شاعیرم. بە جۆرێ لەکورستانی ئێرانا هەرکەس خەریکی ئەدەبیات بێ، پیشەوەرەکان پێیان ئەڵێن عیللەتی بێ ئیشییە.!
لە ڕاستیدا گەلێک پێناسەی تری ئەدەب کراوە، کە تێکڕایان پێناسەی ئەدەب نین. چونکە لە بنچینەدا ئەدەب وەک دروستکردنی خانوویەک وایە، لە سەرەتادا ئەبێ زەوییەکەی دابین بکەی، ئەگینا تۆ ئەگەر هەموو کەرەستەکانی بیناسازیشت لەبەردەستدا بێ، به بێ هەبوونی زەوییەک خانوو لەسەر چی دروست ئەکەیت؟
زەوی ئەدەب، بریتییە لە خوێنەر. واتا لە خەڵک.
لە وەسفی گەلانی ڕوسیدا ووتراوە؛ خەڵکی ڕوسیا وەک تۆپەڵێک باروت وان، بە پریشکە ئاگرێ، گڕ ئەگرن. یان کاتێ باس لە ڕێنیسانسی ئەوروپا ئەکرێت، یەکسەر ناوی دانتی و تۆماس مۆر و ئەدیبانی ئەو سەردەمە دێن. کاتێکیش ڕۆمانی حەمەدۆکی یەشار کەمال دەکرێتە فیلم و لە سینەماکانی ئەستەمبوڵ نیشان ئەدرێن، خەڵکەکە ڕێپێوانی ناڕەزایی ساز دەکەن بەرامبەر دەسەڵاتدارانی تورکیا.
ئەم چەند نمونەیە و نمونەی زۆری تریش، وامان لێ دەکەن بڵێین ئەدەب بریتییە لە ڕاچڵەکاندن. تەنها ڕاچڵەکاندن و تەواو. بە واتایەکی تر، ئەدەب ئەگەر جەماوەرەکەی ڕانەچڵەکێنێ، ئەدەب نییە. چونکە لە بنچینەدا ئەدەب گەڕانە بۆ چاکترکردنی دۆخی میللەت. ڕۆمانی بیرەوەرییەکانی گۆڕستانی فیۆدۆر دیستۆیڤسکی، وایکرد لە لایەک خەڵکێکی زۆر ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر دۆخی زیندانەکانی دەسەڵاتی قەیسەریی ئەو کاتە و لە لایەکی تریش وایکرد دەسەڵاتدارانی قەیسەر، بار و دۆخی قورسی زیندانەکانی ئەو کاتە چاکتر بکەن. دیستۆیڤسکی وایکرد ڕاچڵەکین لەناو خەڵک و دەسەڵاتیشدا دروست بێ. ئەمە بووە هەوێنی دروست بوونی ئەدەبی سۆسیالیزم و نووسەرانێکی وەک مەکسیم گۆرکی تێدا سەری هەڵدا. کە دەڵێن؛ سۆسیالیزم پێش هەموو شتێ ناوی مەکسیم گۆرکی و جاک لەندەن و جۆرج ئۆروێل دێتە ناو باسەکەوە. ئێ ئەمانە بوون ڕاچڵەکینەکەیان دروست کرد.کاتێ میللەت لەلایەن ئەدەبەوە ڕادەچڵەکێنرێت، ئیتر لافاوی گۆڕانکارییەکان دێتە ئاراوە. ئەگەر تێبینی بکەین، هەموو گۆڕانکارییە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی، کۆمەڵێک ئەدیب و بیریار لە پشتیەوە ڕاوەستاون.
ئێ باشە جەماوەر بریتی بێ لە زەوی بنیاتنانی خانووی ئەدەب، کەواتە جەماوەری ئێمەیش بینای ئەدەبیاتی لەسەر ڕۆنراوە، ئەوەتا ئەو هەموو ئەدیب و کتێب و کەناڵ و بەرنامە و کۆڕ و ڤێستڤاڵە ئەدەبییەی کە بەڕێوە دەچ، گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن کە لە ڕاستیدا وا نییە. چونکە مەرج نییە هەموو زەوییەک خانووی باشی تێدا بنیات بنرێ. بە هەمان شێوە زەوی بنیاتنانی خانەی ئەدەب، زەوییەکە یاخود جەماوەرێکە کە خۆی دەداتە دەست ئەدەب کاری لەسەر بکات،گۆڕانکاریی تێدا بکات. ڕەنگڕێژیی لەسەر بکات. تخوبەکانی دیاری بکات و هەڵیگێڕێتەوە و نەخشەی بگۆڕێت و چاڵ و پایە و دیوار و ساختمانی تێدا دروست بکات، هەموو ئەو چالاکیانەیش بریتییە لە ڕاچڵەکاندن. ئەو ڕاچڵەکاندنەی کە تەنانەت سەرکردەیەکی سەربازیی وەکو ناپلیۆن پۆناپارت لێی ترساوە و وتوێتی؛ دوو فیرقە عەسکەر من ناترسێنن هێندەی دوو نووسەر.
کەواتە ئەم ڕاچڵەکینە چۆن دروست ئەبێ؟ تەماشا ئەکەین لە هەرێمێکی وەک کەتەلۆنیا کە تاکو هەنوکە پەیکەر و شانازیی و شکۆداریی و بەرخۆدان لە ئاست شاعیرە شۆڕشگێڕە شەهیدەکەیاندا ( لۆرکا ) نیشان دەدەن، لای ئێمە شاعیر و بیریارێکی وەک نەجمەدین مەلا بەر تانە و تەشەر دەدرێ و مناڵانی لێ تیژ دەکرێ بەردی تێ بگرن و جنێوی پێ بدەن، لە کاتێکدا نەجمەدین لە کەشتی نوحەکەیدا زیاتر لە چوار هەزار کەسی فێری خوێندەواریی کردووە، کە هەرگیز لۆرکا کاری وا قورسی بۆ کەتەلۆنییەکان نەکردووە. ئەو تەنها شاعیرێ بوو کە دژی دەسەڵاتی فڕانکۆ هەندێ پارچە شیعری هەیە، کە بووەتە هۆکاری ڕاچڵەکینی کەتەلۆنییەکان. کەچی نەجمەدین مەلا نابێتە هۆی ڕاچڵەکینی خەڵکی سلێمانی. فایق بێکەس لە بەرامبەر ئەدمۆنزا بە هەموو دەنگی خۆی هاوار ئەکا؛
بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجدەری تۆم
بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی له ئێران و ڕۆم
بە هۆی تۆوەیە شکاوە ئەژنۆم ..
بەڵام ئەم شیعرە پڕ لە جۆش و خرۆش و شۆڕشە، خەڵکەکە ڕاناچڵەکێنێ. لە کاتێکدا ئەمە لە ووڵاتێکی وەک تورکیا و ئێراندا ڕووی بدایە، خەڵکەکە پەلاماری ئەدمۆنز و دەسەڵاتی خۆجێیی ئەو کاتەیان دەدا.
ئەی باشە ئەدەب چ کاردانەوەیەکی لای گەلی کورد هەبووە؟.کاتێ دڵشاد مەریوانیی لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە لە سێدارە دەدرێ، کورد چ کاردانەوەیەکی ئەبێ؟ کاتێ بەکر عەلی لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە تیرۆر ئەکرێ، هەڵوێستی کورد چی ئەبێ؟ کاتێ عەبدوڵا پەشێو ئەو شیعرە ئاگرینانە ئەنووسێ، کورد چ کاردانەوەیەکی ئەبێ؟ کاتێ شێرکۆ بێکەس لە دژی داخستنی ڕۆژنامەی ووڵات لەلایەن دەسەڵاتی کوردەوە، لە پۆستی وەزیری ڕۆشنبیریی دەست لەکار دەکێشێتەوە، ڕۆڵی کورد لەگەڵ شێرکۆدا ئەبێ چی بووبێ؟ کاتێ شاعیرێکی لاو و خوێندکاری زانکۆی وەک مەلا عەلی لە زیندانەکانی بەعسدا گولـلە باران ئەکرێ ، کاردانەوەی کورد چی ئەبێ؟ کاتێ فەرهاد پیرباڵ بە دەیان کتێب و دەیان نمایشی سەرشەقام و بەردەم پەرلەمان و دادگا، داکۆکی لە دەستوور و یاسا و مافەکانی کورد ئەکات، کورد چ هەڵوێستێکی بۆ دروست ئەبێ ؟
هیچ ..
هیچ ..!!
کورد هیچ کاردانەوەیەکی نابێ، چونکە له بنچینەدا کورد لەگەڵ شیعردا کارلێک ناکا و ڕاناچڵەکێ. واتا لەو هەموو چامە شیعرییە ئاگرینەی شاعیران، لە دوو چامەکەی نالی و سالمەوە هەتا بیست و حەوت ساڵەکەی فایق بێکەس. هەتا شاعیرەکانی ئەمڕۆ کە خوێنی خۆیان لە پێناوی کورد و دۆزی کورددا، کردۆتە کاسەوە، کورد وەک نەتەوە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، هیچ ڕاچڵەکینێکی نەبووە. لە باشترین حاڵەتدا، لێرە و لەوێ ووتراوە؛ ئەو شیعرە به قوەتە! شیعرەکەی قسەی دڵی هەموومانی کرد! یان ئەڵێن؛ شیعرەکەی زۆر شازە! ئەڵێن؛ بە ڕاستی نالی چاک وەسفی دۆخەکەی کردووە و چاک ڕوخانی میرنشینی بابان ئەلاوێنێتەوە! یان ووتراوە بەخوا ئەم شیعرەی عەبدوڵا پەشێو لە بنی هەمانەکەی داوە. هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغاکەی شێرکۆ، جوانی نوسیوە. یان ئەڵێن؛ بە ڕاستی دڵشاد مەریوانی و مەلا عەلی ئازا بوون.! واتا وەک ئەوەی لە سێرکدا بن و تەماشای شێرێک بکەن بەناو کەوانەیەکی ئاگریندا باز بدات، بەو جۆرە بە لایانەوە سەیر بووە چۆن لەتیف هەڵمەت ئەوێرێ و ئەتوانێ بۆ نمونە لە دیوانی ( ووشەی جوان گوڵە گوڵ ) دا باسی نادادیی ڕژێمی بەعس و بەرگری و پێشمەرگە بکات؟ بە لایانەوە سەیر بووەو چاوەڕێ بوون، بەعس لەتیف هەڵمەت تیرۆر بکات. کە تیرۆری نەکردووە، هاتوون چیرۆکی سەیر سەیریان لەسەر هۆنیوەتەوەو یەکێ وتوێتی؛ لە ژێرەوە پیاوی ڕژێمە و یەکێکی تر وتوێتی ئەمە بەعس خۆی پێی ئەڵێ شیعری بەرگری بنوسە بۆ ئەوەی لاوان بەتاڵ بکاتەوە! زۆرینەیش وتوویانە جا قسە سوودی چییە؟ شیعر کیلۆی بە چەند؟ ئەم بێ نرخکردنەی ووشە وایکرد، بەعس و دەسەڵاتی دوای بەعسیش لە ووشە نەترسن. ئەوەتا خەڵکەکە ووشە کاریان تێ ناکات. واتا ئەگەر دانتی و لۆرکا و گوڵسورخی لە کوردستان بوونایە ، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر خەڵکەکە دروست نەدەکرد … لە کاتێکدا هەرچی شۆڕشی ئاینی و کۆمەڵایەتیی هەیە لە ڕێی تێکستی نووسراوەوە بووە و خەڵک ڕاچڵەکیوەو. گۆڕانکاریی ڕووی داوە. ئەگینا لینین سەرۆکی یەکێتی سۆڤیێت چۆن شان ئەخاتە ژێر تابوتی مەکسیم گورکی و لە پێش هەمووانەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێی ئەکات؟ چۆن ماکرۆن بەشداری مەراسیمی ناشتنی ئەکتەرێکی وەک بلمۆندۆ ئەکا؟ چۆن دەیان هەزار کەس بەشداریی مەراسیمی ناشتنی ڤیۆدۆر دیستۆیڤسکی ئەکەن. چۆن دەیان هەزار کەس تا ئێستایش کار لەسەر شکسپیر ئەکەن، لە کاتێکدا لای خۆمان فەلسەفەی مەحوی تۆز گرتوێتی و کەڕوو تێی داوە. ئەمە لە کاتێکدایە بیرمەند و وەرگێڕانێکی وەک عەزیز گەردی و شوکور مستەفا و ئەوڕەحمانی حاجی مارف کۆچی دوایی ئەکەن، نە دەسەڵات و نە میللەت، نەک هەر بەشداریی مەراسیمی بە خاک سپاردنیان ناکەن، تەنانەت زۆرینەی ڕۆشنبیران تاکو هەنوکە نازانن شوکور مستەفا کێیە؟ نازانن ئاخۆ ئەوڕەحمانی حاجی مارف ئەکتەر بووە، وەرزشەوان بووە، یان نووسەر! کە بیشزانن، تەنها ئەڵێن؛ نوسەرێکی بە قوەتە! شتی بە قوەتی نوسیوە! باوێشکێک ئەدەن و ئەڵێن؛ شێرکۆ موهیم بوو! یان عەبدوڵا پەشێوێکی تر نابێتەوە، بیشپرسی پشێو چی لە ژیانی تۆدا گۆڕیوە؟ ئەڵێ هیچ. تەنانەت چیرۆکنوسێکی داهێنەری وەک حەسەنی قزڵچی کەس نازانێ چی بەسەر هاتووە و چۆن مردووە. ئایا کوژراوە، یان چی ئەمە لە کاتێکدا لە فەڕەنسا و ئەمەریکا و ڕوسیا، چیرۆکنوسانێکی وەک مۆباسان و ئێدگار ئاڵن پۆ و چیخۆف چەندین سەنتەری توێژینەوەیان تا هەنووکە بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و پەیکەر و کۆڕ و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ساز ئەکرێن. بەبڕوای من حەسەنی قزڵچی لە کورتەچیرۆکدا هاوتای مۆباسان و پۆ و چیخۆف بوو.
ئەم دۆخە سەیرە، ئەم ڕانەچڵەکینە، ئەم بێ منەتکردنە، وای لە عەبدوڵا گۆران کرد لە وەسفی بێ منەتکردنی شمشاڵژەنێکی وەک دەروێش عەبدوڵادا بڵێ:
لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو گۆمێکی لێخندا
واتا، داهێنەر و هزر له قەومی نەخوێندەوار ۆ بێ ئەمەکدا، نییە. بەمە دڵی خۆی و ئەویش ئەداتەوە، چونکە گۆرانیش بێ ئەمەرکی و نەخوێندنەوەیەکی زۆری دەربارە کراوە، تەنانەت کە لە زیندنێکەوە بۆ زیندانێکی تر ئەگوێزرێتەوە، لە جیاتی ئەوەی خەڵک ڕێپێوان و گرد بوونەوەی بۆ بکەن، ئەم شیعر بۆ قژ زەردێک ئەنووسێ کە بە خەمگینییەوە بۆ کەلەپچەی دەستی ئەم ئەڕوانێ.!
بێ منەتکردنەی خەڵکی کورد بۆ شیعر و هزری نەتەوەکەیان، کارێکیان کردووە شاعیر و بیریارەکان توشی حاڵەتی بێ هیوایی ببن. ئەم بێ قیمەتکردنەی کتێب و داهێنانەی بیریارانمان، کارێکی کردووە شاعیر و نووسەرەکانمان سەری خۆیان هەڵبگرن و لە غەریبیدا بمرن، یان واز لە نووسین بێنن و ببنە بازرگان. بچنە بازاڕی دۆلار، یان کۆمپانیای حەج و عەمرە دانێن. یان لە دەوری حیزبێک کۆ ببنەوە و ئەمان بێژن میاو میاو، حیزبیش بیانداتێ نان و ئاو. هەوڵ بدەن تێکەڵاوی بنەماڵەی دەسەڵاتدار بن و دەوڵەمەند بن و لە ڤێلادا دانیشن و گەشتی وڵاتان بکەن، واتا بە کورت و کرمانجیی، واز لە میللەت بێنن و و مشوری خۆیان و ماڵ و مناڵیان بخۆن.! یان وەک حاجی قادری کۆیی و نالی و ئەمین فەیزی، سەری خۆیان هەڵبگرن و لە تورکیا بمرن. پیرەمێرد زیاتر لە بیست ساڵ لە تورکیا نیشتەجێ بێ. ئیبراهیم ئەمین باڵدار هەتا ئەمەریکا نەوەستێتەوە و هەر لەوێیش بمرێ.
ئەمە ئەو بۆشاییە ترسناکەیە کە لە نێوان ووشە و جەماوەری کورددایە. ئەو بێکەڵکی و ئێکسپایەر بوونەی هزرە لای تاکی کورد. ئەو ترس و بیمەیە لە گۆڕانکاریی. ئەو گەڕانەوە ترسناکەیە بۆ چاخی بەرد. بۆ سەردەمی میلیشیا و بنەماڵە و تیرەگەریی و تیایدا شایەر و بەند بێژ و کاسەلێسیی دیوەخانی بەگ و میر و ئاغا و شێخەکان، بە لووتکەی داهێنان و ئەدەبیات بچوێنرێن و شیعری سوک و بێ ئایدیا و بێ بنەما و کاسەلێسیی و وەسفی دەسەڵات و مافیاکان، پڕفرۆشترین شیعر بن و خەڵکێکی زۆر لە دەوریان کۆ بنەوە، نەک بۆ ڕاچڵەکین، بەڵکو بۆ زیاتر بڕواهێنان بەوەی کە ئەوان کۆیلە و خوڵام و خزمەتکاری سەرۆک عەشرەت و هۆز و بنەماڵەکانن و بەپێی دین و شەریعەت و عادەت و تەقالید، ئەبێ هەتا هەتایە ئەم سەرشۆڕییەی ئەمان و ئەو گوندەییەی ئەوان بەردەوام بێ.
کەواتە بە ڕای من شیعر و نوسین و هزر لەناو گەلی کورددا، وەک ئەوە وایە لە گۆڕستاندا، باسی گۆڕانکاری و تەکنەلۆژیا و دەسەڵاتی تەکنۆکرات و شۆڕش بکەیت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت