بورهان شێخ رەئوف: فراوانبوونی بازنەی هەژاری لە عیراقدا.
بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیانی بەغدا و دەوروبەری لە خزمەتگوزاری بێبەشن
راپۆرتێكی سەنتەری ستراتیجی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ئاماژە بەوەدەكات، كە 10 ملیۆن عیراقی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، لە كۆی 43 ملیۆن دانیشتوانی وڵات 10 ملیۆنی هەژار و نەدار بن رێژەیەكی زۆر بەرزە، لە كاتێكدا عیراق رۆژانە 4,2 ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوت و غازە، باسی كشتوكاڵ و گەشتیاری و زۆر بواری تر ناكەین، كە عیراق دەتوانێت سەرمایەی گەورەی لێبەدەست بهێنێت.
بێكاری و هەژاری بە تەنیا كاریگەریی بۆ سەر دۆخی كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو لێكەوتەی نێگەتیڤیشی هەیە بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی وڵات.
لە دوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە هەموو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق داهاتی زەبەلاحیان لەبەردەستدا بووە بۆ باشتركردنی دۆخی كۆمەڵایەتی خەڵك، بە تایبەتی حكومەتەكەی سودانی كە جۆرێك لە سەقامگیریی هێناوەتە ئاراوە و هەوڵی جددی داوە بۆ جوڵاندنی رەوڕەوەی گەشەپێدان كە پێشتر بە تەواوی وەستابوو، چونكە ئێستا نرخی نەوت بەرز و جێگیرە، حكومەتەكــــەشی پشــــــتیوانییەكی سیاسیی بەهێزی هەیە لە لایەن هەموو پێكهاتەكانەوە.
بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی
ئەم كابینەیەی سودانی خاڵی بەهێزی هەیە و خاڵی لاوازیشی زۆرە، وەك بڵاوبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی لە هەموو جومگەكانی دەوڵەتدا، بە تایبەتیش زۆریی داهاتی نەوت دۆخێكی وای خوڵقاندووە كە زۆرێك لە كەسایەتییە سیاسییەكان و ناوەندەكانی بڕیار چاوی تێببڕن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ماڵی گشتی بەكار بهێنن و جۆرێك پارێزبەندییان لە سەربێت و دووربن لە لێپێچینەوە و سزادان و دەستكراوە بن بۆ تاڵانكردن و بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی لەسەر حسابی پارووی دەمی هەژارانی وڵات.
چاودێریی كۆمەڵایەتی
لەو راپۆرتەش مەترسیدارتر، بە گوێرەی راگەیاندنەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق %25ی دانیشتوان لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، واتە لە 10 ملیۆن كەس زیاترە، هەرچەندە وەزارەتی كاری عیراقی مانگانە مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ دوو ملیۆن خێزان دابین كردووە، بەڵام هێشتا یەك ملیۆن خێزانی تر هەیە شایستەی ئەوەن مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتییان بۆ دابین بكرێت، بە داخەوە لە بودجەی ساڵی 2024دا هیچ بڕە پارەیەكی زیادە تەرخان نەكراوە بۆ ئەو بابەتە، هەروەها زانیارییەكانی وەزارەتی پلاندانان باس لەوەش دەكەن كە زیاتر لە 650 هەزار كەسیش بێكارن، لە كاتێكدا نزیكەی یەك ملیۆن كرێكاری بیانی لە عیراقدا هەن، كە ئەوەش كاریگەریی زۆری لەسەر كرێكارانی ناوخۆ داناوە و دەبێت حكومەت سنوورێكی بۆ دابنێت.
گەڕەكە هەژارنشینەكان
لە كۆتاییدا پێویستە بوترێت، بێكاری و هەژاری بە تەنیا كاریگەریی بۆ سەر دۆخی كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو لێكەوتەی نێگەتیڤیشی هەیە بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی وڵات، چونكە گەڕەكە هەژارنشینەكانی پەراوێزی شارەكان بە تایبەتی بەغدای پایتەخت، دەبنە سەرچاوە بۆ زۆر دیاردەی ناشیرین و تاوان و تیرۆر و لادان و دەبنە لانەیەكی لەبار بۆ پەرەسەندنی گروپ و تاقمە توندڕەوەكان.