دکتۆر کامەران محەمەد: گرنگی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا – حەوتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی پاکێتی/ دیدێکی ئاکاریی بۆ مێژوو
توێژینەوە مێژووییەکان تێڕوانینێکی بەهادار دەربارەی بارودۆخی مرۆڤایەتی پێشکەش دەکەن، تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە چۆن تاک و کۆمەڵگەکان ئاڵنگارییە ئاکاریی و مەعنەوییەکانیان تێپەڕاندووە. مێژوو وانەگەلێک سەبارەت بە (ئاکار) و (بەها) جۆراوجۆرەکان لە تەواوی بوار و کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دەخاتەڕوو. بۆیە لەمیانەی پشکنینی چیرۆکی (سەرکردە دیارەکان) و (پێشکەوتنە زانستییەکان) و (بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان) و (ئەزموونەکانی سەردەمی جەنگ) و (ئەدەبیاتی کاریگەر)، تێگەیشتنێکی قووڵتر دەربارەی بوێریی، دەستپاکیی، هاوسۆزیی و دادپەروەریی بەدەست دەهێنین.

سەرکردە دیارەکان
کەسایەتییە مێژووییەکانی وەک (نیلسۆن ماندێلا) و (ئەبراهام لینکۆڵن) لە ڕێگەی سەرکردایەتی و هەڵبژاردنە ئاکارییەکانیانەوە وانەگەلێکی ئاکاریی قووڵ پێشکەش دەکەن.
بۆنموونە (نێلسۆن ماندێلا) کە لە باشووری ئەفریقا دژی سیستمی ئاپارتاید جەنگا، بەهۆی پابەندبوونی بە دادپەروەریی و یەکسانییەوە 27 ساڵ لە زینداندا مایەوە. لەگەڵ ئازادکردنیدا، لەبری تۆڵەسەندنەوە ئاشتەوایی هەڵبژارد، ئەمەش بووە هۆی بەهێزکردنی گواستنەوەیەکی ئاشتیانە بۆ دیموکراسییەکی فرەڕەگەزیی. پابەندبوونی نەگۆڕی ماندێلا بە بەهاکانەوە بەهای کۆڵنەدان و لێبوردەیی و ڕووبەڕوویبوونەوەی ئاستەنگەکان و ستەمکاریی قووڵی فێرکردین.
بە هەمان شێوە (ئەبراهام لینکۆڵن) شانزەهەمین سەرۆکی ئەمریکا، سەرکردایەتی میللەتی ئەمریکی لە جەنگی ناوخۆدا کرد و ڕۆڵێکی سەرەکی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتیدا بینی. سەرەڕای ئەو فشار و مەترسییە کەسیییانەی کە بێئەندازە تەنگیان پێ هەڵچنیبوو، بەڵام ئەو پابەندبوونی خۆی بە بنەماکانی یەکێتی و یەکسانییەوە پاراست. سەرکردایەتییەکەی تیشک دەخاتە سەر گرنگی (بوێریی) و (قایلبوونە ئاکارییەکان)ی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری.

دووڕیانە ئاکارییەکان لە زانست و تەکنەلۆژیادا:
دەشێت کاریگەرییە ئاکارییەکانی پێشکەوتنە زانستییەکان لە ڕێگەی ڕووداوەکانی وەک پڕۆژەی مانهاتن و توێژینەوەی سفلیسی توسکیگییەوە ڕوونبکرێنەوە.
پرۆژەی مانهاتن لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانیدا بووە هۆی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی. ئەم پڕۆژەیە پرسیارگەلێکی قووڵی ئاکاریی سەبارەت بە بەکارهێنانی زانینە زانستییەکان بۆ مەبەستی تێکدەرانە وروژاند. دواتریش بۆردومانەکانی هێرۆشیما و ناگازاکی دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی ئەم جۆرە پێشکەوتنانەیان نیشان دا، ئەمەش بووە هۆی وروژاندنی گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە بەو بەرپرسیارێتییە ڕەوشتییەی کە زانایان و بڕیاردەرانی سیاسەت لە ئەستۆی دەگرن.
لە بەرامبەردا توێژینەوەی سفلیسی توسکیگی لە ئەمریکا، کە لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییەکانی سفلیسی چارەسەرنەکراو لەسەر پیاوانی ئەمریکی بە ڕەگەز ئەفریقایی کردووە، واتە ڕەشپێستەکانی وەک تاقیگەیەکی تاقیکردنەوە بەکارهێنا، ئەوەش بیرهێنانەوەیەکی ڕەش و پڕ شەرمەزاریی بوو، بۆ شێوازە بێڕەوشتییەکانی توێژینەوە پزیشکییەکان. دیارە توێژینەوەکە بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداریی ئەنجامدرابوو، واتە کەسانی بێئاگا و لاوازی ئیستغلال کردبوو، ئەمەش بووە هۆی زیانێکی بەرچاو و لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوە پزیشکییەکان. ئەم تاقیکردنەوە بێڕەوشتییە جەخت لەسەر پێویستی پێوەرە ئاکارییەکان لە توێژینەوە پزیشکییەکان و گرنگی ڕەزامەندی ئاگادارانە و ڕێزگرتن لە (کەرامەت)ی مرۆڤ دەکاتەوە.

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و مافە شارستانێتییەکان
زۆرجار بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک نموونەی بەهێزی ئازایەتی ئاکاریی کۆمەڵیی خزمەت دەکەن.
ئاشکرایە بەرخۆدانی ناتوندوتیژی مەهاتما گاندی دژ بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا لە هیندستان، هێزی ناڕەزایەتی ئاشتیانە بەرجەستە دەکات. ئەو لە ڕێگەی یاخیبوونی مەدەنی و هاوکاری نەکردنی داگیرکەرەوە، ملیۆنان کەسی بۆ داوای سەربەخۆیی و دادپەروەری کۆکردەوە. بنەماکانی (ناتوندوتیژیی) و (یاخیبوونی مەدەنی)، ئەو هێزە ئاکارییە بوون، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و بەدیهێنانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەکاریهێنا.
لە ئەمریکاش، کاتێک (رۆزا پارکس) ئەوەی ڕەتکردەوە لە پاسێکی جیاکراوەدا، لە شاری مۆنتگۆمێری لە ویلایەتی ئەلاباما، کە دەستبەرداری کورسییەکەی بێت، بووە هۆی بایکۆتکردنی پاسەکانی مۆنتگۆمێری بەگشتی. بۆیە کردەی سەرپێچی پارکس و بایکۆتی دواتر تیشکی خستە سەر گرنگی بوێریی تاکەکەسی و کردەوەی بەکۆمەڵ لە ئاڵنگاریی ستەمکاریی ڕێکخراو و بە سیستەم. بۆیە ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکادا گێڕا و بووە هۆی چاکسازیی یاسایی گرنگ.

جەنگ و ململانێ:
جەنگ و ململانێ هەم قووڵایی خراپەکاریی مرۆڤ و هەم لوتکەی بەزەیی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن.
ئاگربەستی کریسمس لە ساڵی 1914: لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، کە سەربازانی بەرەی خۆرئاوا بۆ ماوەیەکی کاتی جەنگەکەیان وەستاند، هەتا پێکەوە ئاهەنگی جەژنی کریسمس بگێڕن، نموونەیەکی کاریگەری مرۆڤایەتیبوون بوو لەناو ململانێکاندا. سەربازانی لایەنە دژەکان خواردنیان دەگۆڕییەوە و گۆرانییان دەچڕی و تەنانەت یاری تۆپی پێشیان دەکرد. ئەم ئاگربەستە ئەوە ئاشکرا دەکات، کە لەوپەڕی دۆخ گرژیی و جەنگیشدا دەکرێت بەها ئاکارییەکانی وەک سۆز و بەزەیی و… تاد، کاریگەرییان هەبێت و بەسەر ویستی خراپەکاریی و جەنگدا سەربکەون.
بە پێچەوانەوە، لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا (هۆلۆکۆست) و کوشتنی بەکۆمەڵ وەک بیرخستنەوەیەکی توند بۆ دەرئەنجامەکانی ڕق و کینە و دەمارگیرییەکی پەڕگیر دەرکەوت. جینۆسایدی سیستماتیکی ملیۆنەها مرۆڤ لەلایەن ئەڵمانیای نازیی و تەنانەت یەکێتی سۆڤێتیشەوە، نموونەیەکی دڵتەزێنە بۆ دڕندەیی مرۆڤ. ئەم دڕندەییە جەخت لەسەر پێویستی بەئاگایی و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە مەرگەساتانە دووبارە نەبنەوە.

ئەدەب و هونەر:
زۆرجار ئەدەب و هونەر ڕەنگدانەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکانە و هەندێ جاریش ئاڵنگارییان دەکات، ئەوان لە ڕێگەی چیرۆکگێڕانەوە وانەگەلێکی ئاکاریی پێشکەش دەکەن.
بۆنموونە ڕۆمانی هارپەر لی: بۆ کوشتنی باڵندەیەکی گاڵتەجاڕ To Kill a Mockingbird باس لە ڕەگەزپەرستی و ستەمکاریی لە باشووری ئەمریکا دەکات. چیرۆکەکە لە ڕێگەی کارەکتەری ئاتیکۆس فینچەوە کە بەرگری لە پیاوێکی ڕەشپێست دەکات، کە بە درۆ بەدەستدرێژی سێکسی تۆمەتبار دەکرێت و… تاد، چیرۆکەکە فێری گرنگی پاکیی و هاوسۆزیی و بەرگریکردن لە هەق مان دەکات، تەنانەت لە کاتێکیشدا ئەگەر زۆرینەی خەڵکی دەستبەرداری ئەو بەها ئاکارییانە بووبێتنەوە.
هەروەها شاکاری بێنەوایان Les Misérables ی ڤیکتور هوگۆ، کە باس لە بابەتگەلێکی وەک دادپەروەریی و میهرەبانیی و قوربانیدان لە فەرەنسای دوای شۆڕش دەکات. کە تێیدا ململانێ و بڕیارە ئاکارییەکانی کارەکتەرەکان ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزییەکانی دادپەروەریی و هێزی بەزەیی و لێبوردەییەکانیانە. گۆڕانی (ژان ڤالجان) لە تاوانبارێکی توندوتیژەوە بۆ کەسێکی چاکەخواز، نموونەی ئەو بەها جوانەی خۆشەویستی و میهرەبانییە کە هەمیشە دەشێت پشکۆی خامۆش بوونی لەناخی هەرکەسێکدا بگەشێتەوە.
بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین مێژوو وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڕێنمایی ئاکاریی و ڕەوشتیی خزمەت دەکات، لە ڕێگەی کردار و بڕیارەکانی تاک و کۆمەڵگەکانەوە وانەگەلێکمان پێشکەش دەکەن. بە ڕامان لەم نموونانە، تێگەیشتنێکی ورد دەربارەی بەهاکانی بوێریی، دەستپاکیی، هاوسۆزیی و دادپەروەریی بەدەست دەهێنین. ئەم گێڕانەوە مێژووییانە نەک هەر تێگەیشتنمان سەبارەت بە ڕابردوو فراوان دەکەن، بەڵکو ڕێنمایی کردار و بڕیارەکانیشمان لە ئێستا و داهاتوودا دەکەن. بۆیە لە میانەی هاوێنەی مێژووەوە بە ئاڵۆزییەکانی ڕەفتاری مرۆیی ئاشنادەبین و هەوڵدەدەین جیهانێکی دادپەروەرتر و ئارامتر و یەکسانتر دروست بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت