زاهیر باهیر: مێژوویەکی تر و چەند سەرنجێك.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژوویەکی تر’ کتێبێکی ناوازەی ئەم دوایەی بەڕێز فوئاد مەجید میسری-یە کە باس و خواسێکی هەمە لایەنەی وەکو ئەزموونی کەسیی خۆی، یادەوەرییەکانی منداڵی و لاوێتی و کامڵبوونی. هەروەها سیاسەت و ئەدەب و ئەزموونگەلێکی زۆری سەرکردەکان و سیاسیەکان و حیزبەکانیان و هەر ئاواش ئەدیبەکانیش لە بواری هەڵبەست و چیرۆك و ڕۆمان و شانۆ و ڕەخنەی ئەدەبی بەخۆوە گرتووە.
فوئاد لەم کتێبەدا کە چوار سەد و بیست لاپەڕەیە، جگە لەو لاپەرانەی کە بۆ ئەرشێفی وێنەکان تەرخان کراون، زانیارییەکی ئیکجار زۆری کە بۆ زۆرێکمان نەزانرا و نەبیستراوە دەرخستووە. بایاخی خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئەوەیە کە لە لایەن کەسێکەوە نوسراوە کە لە سالی 1967 وە سەر بە هیچ جۆرە حیزبێك نەبووە گەرچی خۆی مەیل و ئاراستەی سیاسی خودی خۆی هەبووە. بۆیە زۆربەی ئەو لێدوان و ڕووداوانەی کە دەستیان بۆ براوە، نەك هەر بێ لایەنانە دەریبڕیون، بەڵکو هەر هەمووی بە بەڵگەوە و بێ سڵکردنەوە و نەترسانە لە خوێنەری گەیاندون.
نەوەکانی سەردەمی من و پێش من دەکرێت خۆیان شاهیدی بەرچاوی هەندێك یا زۆرێك لەو ڕووداوانە بن کە کتێبەکەی ‘فوئاد’ بە خۆیەوە گرتونی، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خوێندنەوەی هەر گرنگە، بەڵام بە دڵنییاییەوە خۆێندنەوەی بۆ نەوەکانی حەفتاکان و ئەوانەی دواتریش هەر زۆر گرنگترە.
ئەوەی کە بەرچاوی من کەوتوە کە زیاتر لە شارپرێس دا بەڕێزان پشکۆ نەجمەدین و کاوە بێسارانی و ئەردەڵان عەبدوڵا لە دیدی خۆیانەوە بە وتارێکی کورت، کەمتر هەڵسەنگاندنی کتێبەکەی پێوەدیارە، زیاتر هێنانەوەی هەندێك لە چەمك و دێڕ و پەرەگرافی نێو خودی کتێبەکە خۆیەتی بۆ خوێنەر، شتێك لەوە زیاتر تێنەپەڕیوە. دیارە هەڵسەنگاندنی کتێبێکی ئاوا پێویستی بە هەڵسەنگاندنی مێژوی ڕووداوەکان و کارە ئەدەبی و هونەرییەکان و لایەنەکانی دیکەیە، کە ئەمەش وزە و وەختێکی زۆر دەبات کە ڕەنگە ئەم کارە بە چەند کەسێك وەکو کارێکی هەرەوەزیی بەجێبهێنرێت، نەك بە تاکە کەسێك.
منیش کە لێرەدا ئەمە دەنوسم، بێ گومان کەسێك نیم کە لە عەوێزەی هەڵسەنگاندی کتێبێکی ئاوا بە نرخ و پڕ لە هەموو چەشنە زانیارییەك بێم ، چونکە نە من ڕەخنەگرم و نە سەروساختێکی زۆر و فراوانم لە بواری ئەدەبیدا هەبووە هەیە. دوای ئەوەش من هەر زوو لە ناوەڕاستی هەشتاکانی چەرخی ڕابووردووە کوردستانم بە جێهێڵاوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەشێکی زۆری ئەو شانۆ و نوسین و کتێبانەی کە ‘ فوئاد ‘ قسەیان لەسەر دەکات من یا بێ ئاگام لێیان یاخود ئاگایەکی کەمم لەسەریان هەیە و هەبووە.

تایتڵی کتێبەکە، مێژوویەکی تر
لە راستیدا ئەمەی کە ‘ فوئاد ‘ نوسیوێتی، مێژوویەکی ترە، مێژوویەکە کە لە زۆر ڕووەوە لەو مێژووانەی یا ئەو بیرەوەری و یادەوەریانەی کە لە دوای ڕاپەڕینەوە نوسراون جیاوازە. ئەویش بە هۆی ئەو هۆکارانەی کە پێشتر ناوم هێنان، وەك هەمە لایەنەی کتێبەکە و نەبوونی ئینتیمای حیزبی خودی نوسەر بۆ ماوەی پەنجا و حەوت ساڵ، ئەزموونگەریی خۆی و بوێرانەی، پەنجەی خستۆتە سەر کەم و کوڕی و ڕوداوە دڵتەزێنەکانی نێو کۆمەڵی کوردی و هۆکاری ڕوودانەکانیان.
جگە لەوەی کە خودی ‘ فوئاد ‘ خۆی بە هۆی زانینی چەند زمانێك و خوێندنەوەیەکی زۆر و شارازاییەکی زۆر، باش لە بواری ئەدەب و هونەر و سیاسەت و شانۆ و ئیسلام و دینی ئیسلام، کە هەموو ئەمانە هاوکار و بەشداریکەرێکی زۆر باش بوون بۆ نوسینی کتێبەکەی.
ئەوەی کە دەکرێت ناوی ئەم کتێبە بە ” مێژووییەکی تر” ناو ببرێت دەربڕینێکی تەواو لە و تایتڵە بکات جگە لەو لایەنانەی سەرەوە کە پەنجەم بۆ ڕاکێشاون، ئەوەیە کە مێژوو هەر مێژوی سیاسی نییە، هەر ئەدەبی نییە، هەر مێژوی دەسەڵات و بەگژاچونەرەوانی دەسەڵات و ڕاپەڕین نییە، مێژوو هەر تۆمارکردنی سەرکەوتن و نوشستەکانی کۆمەڵ، نەتەوەیەك نییە. مێژوی دەربڕینێکی تەنهای بێ پەیوەستبوونەوەی هەموو ئەو لایەنانەی سەرەوە بە یەکدییەوە نییە.
لە ” مێژوویەکی تر”دا فوئاد بە هاوکاری بەڕێز ‘ ئازاد تۆفیق’ توانیوێتی مێژووی کورد لە باشووری کوردستان و تا رادەیەكیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنی گرنگی مێژووی عێراق و ئیسلامیش، هەر هەمووی بەیەکەوە پەیوەست بکاتەوە و بە زمانێکی ڕەوان و پاراو لە ئێمەی خوێنەری کورد بگەیەنێت. ناوئاخنی ئەم کتێبە وەکو چیرۆکێکی درێژ، ڕۆمانێك لە زۆر بواردا جێ پەنجەی پێوە دیارە و خوێنەر هاندەدات بە خوێندنەوەی بەشێکی، درێژە بە خوێندنەوەی بەشەکانی دیکەش بدات بێ ئەوەی زنجیرەی بیرکردنەوە و بەیەکەوە بەستنی ڕووداوەکان ببچڕێنێت.
ئەو کتێبانەی کە لەسەر مێژوو نوسراون و خوێندومانەتەوە بڕێکیان لە دەمارگیریی نەتەوەییەوە نوسراون، هەندێكیان زێدەڕۆیی یا کەمڕوییان پێوە دیارە، بەڵام کتێبەکەی ‘ فوئاد’ نە زێدەڕۆیی پێوەدیارە و نە ڕووداو و بەسەرهاتەکانیشی بە کەم گرتووە، وەکو بێ لایەنێك ئەوەی وتراوە و نوسراوە ئەم بە بەڵگەوە گواستونێتیەوە بۆ ناو کتێبەکەی. ئەم خاڵەش تایبەتمەندی خۆی داوە بەوەی کە دەکرێت هەڵبژاردنی تایتڵەکەی تا رادەیەکی زۆر دروست بێت.

نوسینەوەی کتێبەکە لە شێوەی حیواردا
لای من لایەنێکی سەرکەوتوانەی ئەم کتێبە بەکارهێنانی ئەو شێوە ناباوەیە کە ‘ فوئاد و ئازاد ‘ لە شێوەی حیوارێك، گفتوگۆیەکی کراوەی بێ سڵکردنەوە لە هیچ بەربەست و سنوردانانێك و مەترسییەك بەکاریان هێناوە.
بەکارهێنانی گفتوگۆ لە نوسینەوەی ئەم کتێبەدا هاوکارییەکی گەورەیە بۆ هەر یەك لە خودی ‘ فوئاد و ئازاد ‘ و ئێمەی خوێنەریش. بۆ ‘ فوئاد ‘ کە مەحاڵی دەکات هیچی لەبیر بچێت، گەر لەبیریشی چووبێت، لە وەڵامی پرسیارێك کە پەیوەست دەبێتەوە بە ڕووداوی لە بیرچووەوە، فوئاد وەستایانە تێهەڵکێشی کردووە. بۆ خودی ‘ئازاد’ یش هەر زۆر بە کەڵک بووە، چونکە کورد وتەنی؛ قسە قسە ڕادەکێشێت. رەنگە نوسینەوەی کتێبەکە گەر لە شێوەی گفتوگۆدا نەبوایە ‘ ئازاد ‘ زۆر شتی لەبیر بکردایە یا لانی کەم دەرفەتی پرسیارکردنی نەدەبوو، هەر ئاواش ئێمەی خوێنەریش بێ بەش دەبوین لەوانە. بۆ ئێمەی خوێنەریش، بەڕای من یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە، چونکە خوێنەر توشی بێ تاقەتی و خەوەنوچێکێ لە خوێندنەوەیدا نابێت، بگرە زۆر بە شەوق و زەوقەوە لە خوێندنەەوەی بەردەوام دەبێت .

ڕەخنەگرانی کتێبەکە
من ڕام وایە کە هیچ کتێبێك، ئیدی هەر جۆرە کتێبێك بن لە سەرو ڕەخنەوە نین و ناکرێت بە نوسێنێکی پیرفێکتیان دابنێن و شیاو بە رەخنەگرتن نەبن. پاساوی ئەم تێراونینەش زۆر ئاسان و ئاساییە؛
یەك/ مادام نوسین بە هەموو چەشنەکانییەوە زادەی فکر و مێژوو و ئەزموون و ژیانی نوسەرەکەیەتی ناکرێت و نابێت چاوەڕوانی نوسینێکی تەواو کامڵ و بێ هیج جۆرە کەلێن و بۆشاییەك بکەین، چونکە خودی مرۆڤ خۆی کامڵ نییە و هەرگیزیش کامڵ نابێت مادام مردن هەیە. لەبەر ئەوە نوسینەکانیش کامڵ و بێ کەموکوڕی نابن.
دوو/ وشەی پێرفێکت و پێرفێکتیزم، وشە و دەستەواژەیەکن کە نەفی پێشەوەچون و گەشەکردنی کەسەکان و نوسینەکان و تەنانەت رووداوەکانیش دەکەن. هەر کات تۆ باوەڕت بەوە بوو کە شتەکانت پێرفێکتە، یا میللەتێك پێرفێکتە لە هەموو رویەکەوە، ئیتر ئەوە بەستی گەورە و ڕێگری هەمە جۆرەت بۆ پێشەوەچوونی خۆت و میللەتیش کە قسەی لەسەر دەکەیت داناوە.
لەم دووحاڵەتەدا بوونی کەم و کوڕی و کەلێن لە نوسین و تەنانەت ژیانی ئاسایی خۆشماندا زۆر ئاساییە. ئەوەی کە مەترسییە ئەوەیە مرۆڤ لە دووبارە بوونەوەی هەڵەکانی بەردەوام بێت و کار لەسەر چاککردنی هەڵەکان و کەم و کوڕییەکانی نەکات.
ڕاستە لە ڕووی زمانەوانییەوە ئەم کتێبە هەندێك هەڵەی ڕیزمانی و نوسینی تێدایە. ئەمەش ئاساییە هەم بۆ گەورەیی قەبارەی کتێبەکە و هەم بۆ ئەوەی کە ئێمە خاوەنی ڕێنوس و ڕێزمانێکی یەکگرتوو نین. ئەوەش ئاشکرایە کە زمانی کوردی ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت و شێواندنی زیاتر لە لایەن نوسەران و ڕۆشنبیرانەوە بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە لای من ئەمە جێگای گلەیی گەورە نییە لە نوسەریی کتێبەکە و ئەوەشی پێیدا چووەتەوە.
سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکە، بێ گومان ئەوانەی کە لە دیدی خۆیانەوە ڕەخنەی دەکەن زۆرن. لە کاتێکدا کە هەر یەك لە ئێمە خاوەنی دیدی تایبەتی سیاسی و مەیلی سیاسیانەی خۆمانین و خوێنەری زۆرێك لە یادەوەری و مێژوی کورد وبزوتنەوەکەی و بارودۆخی عێراقین. بەم شێوەیە دەشکرێت کە دیدی جیاوازمان لەسەر بابەت و ڕووداوەکانی ئەم کتێبە هەبێت، کە ئەمەش هەر ئاساییە.
من تا ئێستا وەکو لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا چەند نوسینم لەسەر ئەم کتێبە دیووە کە نوسراون، کە سێ نوسینیان کەم و زۆر هەڵسەنگاندن نین، بەڵکو زیاتر دووبارەکردنەوە و دانانەوەی پەڕەگرافێکی یا چەند پەڕەگرافێکی کتێبەکەیە و گواستنەوەیەتی بۆ ناو نوسینەکانیان، کە چی تر لە بەیادهێنانەوەی خوێنەریان تێپەڕ ناکات. لەم ڕۆژانەشدا ئاوێنە ڕووماڵێکی کتێبەکەی کردبوو لەگەڵ دانانی وێنەی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و ئیبراهیم ئەحمەد و شێرکۆ بێکەس. لەم ڕووماڵەدا تەنها هەندێك بڕگەی کتێبەکە سەبارەت بەوان و سیاسەتیانی خستۆتە ڕوو.
لە یەکێك لە نوسینەکاندا لە شار پرێس-دا کە ئەردەڵان عەبدوڵا نوسیوێتی پەنجەی خستۆتە سەر دوو خاڵ کە جێی ڕەخنەیەتی. یەکێكیان دەڵێت؛ ” هەرچەندە فوئادی مەجید میسری زیاتر وەکو نووسەرو ئەدیبێک ناسراوە، بەڵام سێ بەشی کتێبەکەی بۆ مێژوویی سیاسیی تەرخانکردووە، تەنها بەشێکی کە دەکاتە چارەکی کتێبەکە بۆ مێژوویی ئەدەبی و فیکری تەرخانکردووە، لێرەشدا باسی چەند لایەنێکی دزێو و ناشیرینی مێژووی ئەدەبی و پەیوەندی نووسەران دەکات، کەبەداخەوە لەژێر کاریگەری سیاسیی بوون…”
ئێمە دەبێت دەرك بەوە بکەین کە ‘فوئاد’ تەنها ئەدیب نەبووە، هەر ئاواش بە تەنها شانۆنووس و ڕەخنەگر و سیاسیش نەبووە، بەڵکو ئەو وەکو کابرایەکی بەهرەدار لە هەر بەرەیەکیاندا کاری کردووە زۆر سەرکەوتوو بووە گەرجی باجی قورسیشی داوە. ئەم دیاردەیەی کە ئەو برادەرە باسی دەکات لە مەیدانی کۆمەڵی کوردەواریدا هەر لە سەرەتاوە تا ئێستاش باو بووە، واتە ئەدیبیش بووە و سیاسیش بووە، هونەرمەند بووە و سیاسیش بووە و دەمی لە زۆر مەسەلەی دیکە کوتاوەو… تد. بەڵام کەسیان وەکو ‘ فوئاد ‘ ئەو توانا و ئەو بەهرەیەیان نەبووە کە لەو سێ چوار بوارەدا چالاکانە و سەرکەوتوانە توانیبێتی ئەسپی خۆی تێیاندا تاودات.
دوای ئەوەش سیاسەت بە گشتی و ڕۆڵ و چالاکی حیزبەکان لە وڵاتی ئێمە بە تایبەتی ڕۆڵێکی ئێکجار هەر زۆر ئێکجار نەك لەسەر ئەدەب و هونەر و شانۆ و چیرۆك و ڕۆمان و تەنانەت لەسەر خودی نەك هەر پێکهاتەی خێزانیمان، بەڵکو سەراپای کۆمەڵیش و کۆمەڵایەتیشمانی هەبووە. لەبەر ئەمە شۆڕبوونەوە لە دەلاقەی سیاسەتەوە بۆ ئەدەب و ئەوانی دیکەی کە ڕیزم کردن نەك هەر شتێکی شیاوە، بەڵکو هەر زۆر زەرووریشە بە گوێرەی ئەو ڕۆڵەی کە لەسەر یەکدییان دیتوە بە تایبەت کارایی و کاردانەوەی سیاسەت لەسەر ئەو بوارانەی دیکە.
ڕەخنەی دووەمی ئەردەڵان ” شیعەی عەرەب لە عیراقدا جیاوازن لە شیعەی شوێنەکانی تر، شیعەی عەرەب لە عیراقدا، شیعەیەکی عەرەب و شۆڤێنییە، باوەڕی بە مەسەلەی نەتەوەیی نییە و ئامانجی توانەوەی گەلانی غەیرە عەرەبە لە بۆتەی نەتەوەیی ئیسلامیدا.ل96

بە بڕوای من ئەمە حوکمێکی گشتگیرانەیە، چونکە هەموو شیعەی عیراق شۆڤێنی نەبوون، بۆ نموونە مەرجەعی گەورەی شیعە ” موحسین ئەلحەکیم” فەتوای لەدژی کۆمەڵکوژی کورد دەرکرد و دژی رژێمی بەعس وەستایەوە. شیعەی عیراق نووسەرو رووناکبیری وەکو هادی عەلەویی و عەلی وەردیی و سەدانی تری تێدایە، بە بڕوای من ئەمە حکومێکی گشتگیرانەیە، نەدەبوو نووسەرێک بەم شێوەیە قسەی لەبارەی گەورەترین پێکهاتەی عیراق بکردایە.”
من دوو خاڵ لەم ڕەخنەیەی ئەردەڵان ڕەچاو دەکەم؛
یەك/ فوئاد لە ئەزموونی واقیعیانەی شیعەکانی عێراق و ئێران و شوێنەکانی دیکە و هێزیان و پێکهاتەیانەوە قسە دەکات. بۆ ئەمەش بە بەڵگەوە بۆ پاڵپشتکردنی ڕاو بۆچوونەکانی قسەی کردووە.
دوو/ ڕاستە داڕشنەکەی فوئاد جۆرێك لە گشتگیری پێوە دیارە، بەڵام هەر کەس فوئاد بناسێت دەزانێت کە ئەو نە ڕایسستە و نە ناشیونالیستە. من دەتوانم شرۆڤەیەکی دیکە بۆ ئەوەی فوئاد بکەم کە بڵێم؛ فوئاد مەبەستی دەستەبژێری شیعە و سەرکردەکانیانە و ئەوانەیان کە دەسەڵاتیان لە دەستدایە یاخود مەیلی دەسەڵاتخوازییان هەیە. لەگەڵ وتنی ئەوەشدا، دەکرا فوئاد مەبەستەکەی باشتر روونبکردایەتەوە بۆ پاراستنی خۆی لە جۆری لێکدانەوەی جیاواز.

ڕەخنەی زارەکی: هەندێك لەو برادەرانەی کە خوێندویانەتەوە ڕەخنەی جیاوازیان هەیە. لەو ڕەخنانە: نە دەبوایە ئەو کتێبە لە شێوەی گفتوگۆدا بنوسرایە، چونکە لە جۆر و شێوەی نوسینەوەی مێژووی دەرکردووە. ڕەخنەی دیکە سەبارەت بە نەهێنانی ناوی هەندێك لەوانەیە کە لەسەر دەستی مرۆڤکوژەکانی کانی ماسیدا تیرۆر کراون. ئەمە ڕاستییە، بەلام دەبێت هاوکاتیش ئەوە لەبەر چاو بگیرێت کە ئەم مێژووە دەگەڕێتەوە بۆ 60 ساڵ پێش ئێستا.! ئەمەش دەیخاتە قاڵبی مەحاڵەوە کە مرۆڤ ناوی هەموو کەسێك لەوانەی لەبیر بێت، بەڵام گرنگە بۆ لە چاپدانەوەی کتێبەکە فوئاد ئەوانە لە پاڵ هەڵەی ڕێزمانیدا لەبەر چاو بگرێت.
لە ڕەخنەکانی پرسی زمانەوانی و ڕێزمان، من پێشتر سەبارەت بەم خاڵە قسەم کردووە. ڕەخنەیەکی دیکە ئەوەیە کە فوئاد لە یەك دوو شوێنێکدا جەماعەتی کانی ماسی بە پێشمەرگە ناو هێناون. لە ڕاستیدا ئەوان خۆیان لەناو خەڵکدا یا بە جەماعەتی کانی ماسی، یاخود بە پێشمەرگەی کانی ماسی ناسرابوون، لام وایە ئەمە خاڵێکی ئەوەندە گرنگ نییە کە لە کاتێکدا فوئاد خۆی ڕای تایبەتی لەسەر بزوتنەوەی کوردی هەیە، نەك هەر چەکدارەکانی بە تەنها. ڕەخنەیەکی دیکەش دووبارەبوونەوەیە لە کتێبەکەدا. ئەمە ڕاستییە کە چەند جارێك دووبارە کراونتەوە، لێرەشدا ڕەنگە بتوانین بڵێین کە ڕەنگە ‘ ئازاد ‘ بە پرسیارێتی ئەو کەلێنانە بکەوێتە ئەستۆ ‘ فوئاد ‘یش ناچارە کە وەڵام بداتەوە. لام وایە نوسینەوەی ئەم کتێبەش لە شێوەی گفتوگۆی کراوەدا، ئەو دووبارەبوونەوەیە دروست دەکات.
ڕەخنەکانی فەیسبووك:
فەیسبووك ئەو مەیدانە بێ سنور و پان و پۆڕەیە کە بێ سڵکردنەوە، مەگەر بابەتی تیرۆریستی و منداڵبازی و خراپ مامەڵەکردنیان بێت دەنا هەموو کەس دەتوانێت ئەوەی کە دەیڵێت و دەینوسێت و دەیکات لە لاپەڕە و دیوارەکانیدا دایبنێت، ئیدی ئەو نوسین و پۆستانە دەربڕینی خۆشەویستی و کردنی سکاڵا و توڕەبون و هەجووکردنی هەر کەسێك بێت فەیسبوك بڵاوی دەکاتەوە مەگەر گلەیی و گازەندەی لەسەر بکرێت.
بەداخەوە لەم بوارەشدا فوئاد لەبری بەدەستهێنانی دەستخۆشی و هاوکاریکردنی و هاندانی کەسانی دیکە بۆ خوێندنەوەی، ئەو بەشی خۆی لە ڕك و کینە و دژایەتیکردنی بەرکەوتووە. گەلێک لەو قسە و هێڕشە ناشیریانە کراونەتە سەری چ بە نوسینی پۆست یا خود کۆمێنت لەسەر پۆستەکە درێغی لێنەکراوە، کە لێرەدا شایانی ئەوە نین کە بنوسرێنەوە و وەڵامیان بدرێتەوە.
یەکێك لەوانە کە قسە هەڵدەگرێت برادەرێکیانە کە نوسیوێتی ” ئەبوایە ئەم قسانە کاتێك بکرانایە کە ئەوانەی ناوی هێناون لە ژیاندابوونایە، کاتێك هیچ یەکێك لە ژیاندا نەماون کە ناوی هێناون، بەلای منەوە تۆمەتە و هیچیتر”
بە گوێرەی ئەم کۆمێنتە بێت، نابێت مێژوو بە هیچ شێوەیەك بنوسرێتەوە، چونکە ناکرێت تۆ تەواوی مێژوی کەسانێك بنوسیتەوە کە خۆیان لە ژیاندا بن و کە نازانرێت کەی وەفات دەکەن، چونکە مێژووەکە ناتەواو دەبێت. لەم بارەدا کەسی زیندوو دوای نوسینەوەی مێژووەکەی دەکرێت هەڵوێست و ڕەفتاری بگۆرێت و بە پلەی سەد و هەشتا پێچەوانە ببێتەوە.
ئەوە ڕاستییە کە زۆرێك لەوانە لە ژیاندا نەماون، بەڵام بە داخەوە تاکو ئێستاش رابووردویان تەمێکی ڕەشی سامناکە بەسەر سەرمانەوە، هەنووکەش بەبیرباوەڕی ئەوان تێكۆشان دەکەین و بە نوسین و کتێبەکانیان خۆمان پەروەردە و گۆش دەکەین و لەسەر قسە و پلانی ئەوان داهاتوومان دادەڕێژین و دەمانەوێت دابینی بکەین. قسەکردن لەسەر ئەم سەرکردانە و باسکردنی مێژوی ڕەشیان بە فەتارەتدانی میللەتەکەمان نەك هەر نابێت نەکرێت، بەڵکو ئەوانە گەرچی لە گۆڕدان. بەڵام دەبێت ڕووتبکرێنەوە لەو کرێدتەی کە دراوە پێیان و مێژووی بەدناویان وەکو خۆی بنوسرێتەوە و نەفرەتی گەل و هەموو تاکێکی کوردیان لێبکرێت.

مەترسیی و لایەنی مەترسیدار و ڕووبەڕووەبوونەوەیان
زۆر ڕاستە کە فوئاد لە ژیانیدا ڕووبەرووی مەترسی گەورە بووەتەوە، هەمووشی لەبەر ئەوەی کە ڕای جیاوازی لە سیاسەت و ئەدەب و هونەر و شانۆ و لەسەر ئیسلام هەبووە. مەترسییەك بوون بە درێژایی زیاتر لە 40 ساڵ لەسەری بوون، مەترسییەکانیش ڕاستی و زۆر جددی بوون بەو ڕادەیەی کە زۆر جار فوئاد لەسەر لێواری مەرگ گەڕاوەتەوە ئیدی یا وریایی خۆی و هاوکاری برادەران و دۆستان و خزمانی یاخود ڕێکەوت دۆست و یاری بوون لە پاراستنی ژیانیدا.
من بە دروستی و وردی بە ئاگام لەو جارەی کە لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا. ئەو کات من لە گروپی ‘ کار’ دا گروپی مارکسییە لینینیەکانی عێراق، کارم دەکرد، کە هاوڕێم ئیبراهیم مەلا شێخ ئیسماعیلی دێلێژە کە ئەویش ئەندامی دامەزێنەری ‘ کار ‘ بوو بە هەرەشەکانی زانی یەکسەر فوئادی لێ ئاگەدار کردەوە، ئێمەش هەردوکمان لە لایەن خۆمانەوە تێکەوتین کە ژیانی بپارێزین. برایم قسەی لەگەڵ دلاوەری ئەحمەد مەجید و بلەی حەمە عەلی و منیش قسەم لەگەڵ ‘ سەلیم’ ، دلێری ئەحمەد شوکری کردو، بە سەراحەتیش پێمان وتن ئەوەیان وا بە ئاسانی بەسەردا تێناپەڕێت. هەر لەو کاتەشدا بوو کە مەترسی لەسەر دوو هاوڕێی دیکەشمان کە مەلاڕەوف ( مەلا ڕەوفە شەل ) و مامۆستا لەتیف کەریم واحید هەبوو کە هەردووکیان لە لادێدا نیشتەجێ بوون.
مەترسییەکانی فوئاد هەر لە لایەکەوە نەبوو، هەر سیاسی و ئیسلامی نەبوو بەڵکو شایەرەکانی بزوتنەوەی کوردی و سەرکردەکانی، ئەوانیش ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە بێ دەنگکردنی فوئاد دا تەنانەت بە پاکتاوکردنی جەستەییش وەکو خۆی بە بەڵگەوە دەیانگێڕێتەوە.
بەڕای من ئێستا ڕەنگە فوئاد لە هەموو وەختێك مەترسی زیاتری لەسەر بێت. ئاخر کەم نییە تۆ بە بەڵگەوە باسی دروستبوونی بزوتنەوەی کوردی لە پژمەی عیسا پژمانەوە بکەیت و سڕ و تڕی دروستبوونی و کوشتارەکان کە ئەنجامیان داوە و ئەو قەسابخانانەی کە دایان نابوو، هەروەها سازشی سەرانی ئەو بزوتنەوەیە و ئەمبەر و ئەوبەر کردن بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرەوە بکەیت. فوئاد ڕەنگە تاکە کەسێك بێت لەوانەی کە بیرەوەرییەکانی خۆیان نوسیوەتەوە، کە بە ڕێکی و بێ پێچ و پەنا پەنجە دەخاتە سەر کەم و کوڕی و پۆخڵەواتی سیاسیانە و خیانەتی سەرانی هەردوو باڵەکەی بزوتنەوەکە.
زۆرێك لە ئێمە دەمانزانی کە بزوتنەوەی کوردی هەر لە سەرەتاوە و ئێستاشی بەدەمەوە بێت کە دەوڵەتیشە، بەکرێگیراو پیاوی دەوڵەتانی دەوروبەر و ئەمەریکا و دەوڵەتانی ڕؤژئاوان، بەڵام هەرگیز نەمان دەتوانی ئە ئاوا بە بەڵگەوە بیسەلمێنینن، بۆیە کتێبی’ مێژوویەکی تر’ نەك هەر بایاخی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵکو سەرچاوەیەکی خاوێن و بڕواپێکراویشە هەر کەسی دیکە بیەوێت لەو بارەوە یا زیاتر شتێك بنوسێت، پشتی پێ ببەستێت. کورد جوانی وتوە: چی بچێنیت، ئەوە دەچنیتەوە، لە ماوەی ئەم 32 ساڵەشدا هەر ئەوەمان چنیوەتەوە، کە بە بەکرێگیراویی دەستمان پێکردووەو، بەکرێگیراویش کۆتاییمان پێهێناوە.
مەترسی فوئاد هەر لە لایەن دەسەڵاتی کوردییەوە نییە، بەڵکو ئیسلامییەکانیش بەشی خۆیان هەیە لە پاکتاوکردنی جەستەیی ئەو دا، کە لە کاتێكدا شکستیان هێنا لە جەدەلی فکریی لە گەڵیدا.
فوئاد باجێکی گەورەی داوە بە ژیانی خۆی و هیوادارم کە باجی تر نەدات و کۆتایی ناڕەحەتییەکان و مەترسییەکان بێت. ڕەنگە زۆر جار پاکتاوکردنی جەستەیی زۆر خۆشتر بێت لەوەی کە بۆ ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ تۆ لە ترس و دڵەڕاوکێ و مەترسی کوشتندا بیت لە پاڵ نەفرەت لێکردن و تۆمەت و بوختان هەڵبەستنیش. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هەڕەشە و مەترسییەك فوئاد-ی نەك هەر دەستەمۆی نەیارانی نەکردووە، بەڵکو لە نوسین و جەدەلی خۆی لەسەر بوارەکانی کە هەمیشە کاری تێدا کردون نەوەستاندووە.
دوا وشەم لێرەدا بۆ دەیان جاری دیکە دەستخۆشی لێدەکەم و هیوادارم تەمەندرێژ و تەندروست بێت. هاوکاتیش ئەوەی کە دەیەوێت لە مێژوی زیاتر لە سەد ساڵەی کورد، هەروەها عێراق و مێژوی ئیسلامی ( مۆدێرنی) دەسەڵاتخواز بزانێت با دەست بەخوێنبدنەوەی ئەو کتێبە نایابە بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت