بورهان شێخ رەئوف: سیاسەتی دیپلۆماسیانەی عیراق بۆ ناوبژیوانی لە ناوچەكەدا.
پێگەی جیۆسیاسیی عیراق ئەو رۆڵەی پێ دەدات، كە ژمارەیەكی گرنگ بێت لەناوچەكەدا. هەرچەندە ساڵانی رابردوو بەهۆی ململانێی ناوخۆیی و شەڕی تیرۆرەوە تا رادەیەك ئەو بوارەی بۆ نەدەڕەخسا، بەڵكو خاكەكەیشی ببوو بە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان.
رۆڵی مام جەلال
هەوڵەكانی عیراق لەسەردەمی سەرۆكی كۆچكردوو مام جەلالەوە دەست پێ دەكات، كە ناوبژیوانی كرد بۆ هاتنە ئارای ئاشتەوایی لە توركیا، لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و دەوڵەتی توركیا لە ساڵی 2012دا، كە ئەوەش دووەم هەوڵی مام جەلال بوو دوای هەوڵی بۆ ئاشتی لەنێوان توركیا و پەكەكە لە سەرەتای نەوتەكاندا. ئەگەرچی ئەو پرۆسەیەش بۆ چەند ساڵێك درێژەی كێشا، بەڵام لەئەنجامدا بێ ئاكام بوو. هەروەها هەوڵەكانی عیراق ژینگەی گونجاوی رەخسان بۆ نزیككردنەوەی دیدو بۆ چوونەكانی تاران و ریاز، كە ئەوەش وایكرد لە 10ئازاری 2023 دا ئەو دوو وڵاتە بگەنە رێككەوتن، حكومەتی عیراق هەوڵی دیپلۆماسی تریشی دا، بۆ نزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكانی هەردوو وڵاتی ناوچەكە توركیا و سوریا. مەبەستی سەرەكی دیپلۆماسییەتی ناوبژیوانی عیراق، ئارەزو و خواستی بەغدایە بۆ بەهێزكردنی پێگە و هەژموونی خۆی لە رووی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە.
ئامانج لەم هەوڵانە
دیپلۆماسییەتی ناوبژیوانی عیراق، مەبەستی سەرەكی لێی، ئارەزو و خواستی عیراقە بۆ بەهێزكردنی پێگە و هەژموونی خۆی لە رووی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە، هەروەها مەبەستی سوودوەرگرتنە لەم هەنگاوانە بۆ جێگیر كردنی زیاتری سەقامگیری و دوورخستنەوەی كێشە و پشێوییەكان لە عیراق، لە لایەكی تریشەوە دیپلۆماسیەتی عیراق هەوڵێكە بۆ دامەزراندنی سستمێكی ئیقلیمی نوێ بۆ ئەوەی كۆمەك و هاریكاری نێوان لایەنە سەركییەكانی ئەم ناوچە زاڵ بێت، بەسەر ململانێ و دووبەرەكی و كەمكردنەوە و پووكانەوەی گرژییەكانی لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە كەتا ئێستا بوونیان هەیە، ئەم هەنگاوەش بە دڵنیایەوەو لێكەوتەی باشی بۆ عیراق و وڵاتانی تری ناوچەكە دەبێت، سەرەڕای ئەوانەش هەوڵدانی عیراقە بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان هاوبەشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بە تایبەتی ئەمریكا و ئێران كە عیراق پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەردووكیاندا هەیە.
لە رووی ئابوریشەوە عیراق سوودمەند دەبێت لە و پەیوەندییە ئابووری و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی كە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا هەیەتی، چ لەگەڵ توركیا كە ساڵانە سەرووی 15 ملیار دۆلارە و ئێران و ئەمریكا و عەرەبستانی سعودیە و سوریا و وڵاتانی تری كەنداو.
بەربەستی گەورەی بەردەم عیراق
لە كۆتاییدا، سەرەڕای ئەوەی عیراق هەندێك بنەمای گرنگی تێدایە، كە بەهۆیەوە دەتوانێت ئەو رۆڵە ببینێت، لەهەمبەر ململانێ ئیقلیمییە ئاڵۆزەكانی ناوچەكە، بە تایبەتی دوای سەركەوتنەكانی سەرۆك محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەو بوارەدا لە دۆسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا، بەڵام هێشتا ئاڵەنگاری گەورە لە عیراقدا هەیە، لە پێش هەموویانەوە، ئاڵۆزی سیاسیی ناوخۆی عیراق و پەیوەندیی و مەیلی هەندێك لایەنی عیراقی بۆ لایەنی دەرەكی، كە بەربەستی گەورەن لەبەردەم عیراق بۆ ئەوەی رۆڵی بەهێزتر ببینێت.