زەبەنگ بەهادین: جیاکاریی وێرانەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەمیشە جیاکاری بۆ تۆخبونەوەی رق و کینە بووە، گوزەرێک بە مێژودا بکەن دەبینن جیاکاری نێوان پلەدار و بێ پلە دەوڵەمەند و فەقیر، خانەدانەکان و کەسانی ئاسایی، دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات، چەندەهای تریش، هەموو ئەم جیاکاریانە ئەنجامەکانیان وێران کاری و داروخان بووە.
کەڵێنی چینایەتی و خانەدانی و پارە لە پیسترینەکانی جیاکارین، هەمیشە ئەم جیاکاریانە شۆرشی بەدوای خۆیدا هێناوە هەردولا بەرامبەر زەرەرمەند بوون.
ئەمرۆ هەمومان باش دەزانین خوێندکارێک یەکەم بووە ئازایەتی مامۆستا و خوێندنگاکەی نییە، هێندەی توانای دارایی و مامۆستای تایبەت و خولی تایبەتە، هێندەی رەنج و کۆششی دایک و باوکە، هێندەی ماندوبونی خوێندکار خۆیەتی، بەڵام ئایا ئەو خوێندکارەی هەلی دایک و باوکێک بە پەرۆش، یان توانایەکی دارایی باشی نەبێت بە مانای ئەوەی ئەم خوێندکارە دۆراوە و ئەوانی دی یەکەم بوون.
ئەو جیاکاریە زەقەی ئەمرۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە و سوشیال میدیاوە دەبینرێت ئەوەندەی تۆخکردنەوەی کەلێنەکانی نێو کۆمەڵگایە هێندە نیشاندانی سەرکەوتن نەبووە.
تۆ لە بەرزاییەکان من لە نزماییەکان تۆ لە تایبەت من لە گشتی تۆ لە خانەدان من لە ئاسایی تۆ پلەدار من بێ پلە تۆ دەسەڵاتدار من بێدەسەڵات تۆ پارەدار من بێ پارە، چەندێک ئەمانە لە راگەیاندنەوە تۆخ بکرێتەوە هێندە کۆمەڵگا پارچە پارچە دەبێت و دادەروخێت.
دکتۆر هەیە پێشرەوە، دکتۆریش هەیە کۆیلەیە. پروفیسور هەیە نمونەی تێگەیشتن و فێرکردنە، پرۆفیسۆریش هەیە ملکەچی بێگانەیە. پارەدار هەیە دەست والا و چاکەکارە، پارەداریش هەیە چاو چنۆک دز و پیاو کوژە. سەرکەوتنی مرۆڤ بە رەوشت و دڵسۆزی و خۆ بەگەورە نەزانینە بە کاری چاکەو رەشتی و چاکە و ئاکاری چاکەیە. ئەو جوتیارە نەبێت کەسمان خواردنمان نابێ. ئەو غاز فرۆشە نەبێت خواردنی رۆژەکەت بۆ ئامادە ناکرێت. ئەو پاک کەرەوەیە نەبێت لە ناو زبڵدا دەژین.
هەموو مرۆڤەکان بەهایان هەیە و کەس لەوی دی گەورەتر و باشتر نییە، کەس لەوی دی گرینگتر و بە بەهاتر نییە، سەرۆکی باش خزمەرکاری میللەتەکەیەتی، دەسەڵاتداری باش ئەوەیە خیانەت نەکا و خاک نەفرۆشێت، مرۆڤی باش ئەوەیە جیوازی نەکات لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت