ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە ئاوا بونیاد نانرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەی چەند ساڵێکە دەنگۆی وەرگرتنی زەوییەکانی پەروەردەی سلێمانی لەلایەن کۆمپانیایەکی مۆڵەت پێدراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش ڕەزامەندنیە بەو کارە، هەربۆیە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و ئەنجامدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی خەڵکی کوردستان ئاگاداری ئەم ململانێیە بوون، هەربۆیە کۆمپانیای خاوەن کەیسەکە ڕوونکردنەوەیەکی لاوازی بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بە یاسایی ئەو کەیسە دەکات و سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە ناڕازی بوونی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی.
ئەوەی بۆ من و هەموو ئەوکەسانەی نوسەرن و پەوروەردەکارن و ئاگادارن ودەزانن پەروەردەی ووڵاتان لە کوێیە و پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەکوێیە؟ کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی کوالیتی پرۆسەکە و خەمنەخواردنی لەلایەن بەرپرسانی ئەو سێکتەرە گرنگەی ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری، لە هەموو شوێنێکی دنیادا هیچ کۆمپانیایەکی مۆڵەتپێدراو ڕێی پێنادرێت، داوای زەوی پەروەردە بکات تا پڕۆژەی قازانج ویست بۆ بەرژەوەندی لایەن و کەس و حیزبێک یان گروپێک بەکاربێنێت ولە موڵکی گشتیەوە بیکاتە موڵکی تایبەت، تەنها و تەنها لەم هەرێمەدا ئەوە ڕووئەدات و بەدیار چاوی هەموو لایەن و سەرکردەکان ئەو کارە دەکرێت و جارێکیتر دڵی دڵسۆزان و خەمخۆرانی پرۆسەی پەروەردە زویردەکەن و نائومێدی هێندەیتر بەرۆکمان دەگرێت.
دەبێ لە حکومەتی هەرێم وبەرپرسانی ئەم هەرێمە وحیزبەکان وهەموو ئەوانەی چاویان لە پێشخستن و چاککردن و ئاراستەیەکی باشترە بۆ ئەم هەرێمە، بپرسین:
• ئەو یاسایە کامەیە کە موڵکی گشتی دەکات بە موڵکی تایبەت و بازرگانی و قازانجویست؟
• لە کوێی دنیا ولەکام ووڵات بۆ گیرفانی چەند کەسێک دەستبراوە بۆ زەوی و موڵکی پەروەردە؟
• ئەبێ کام ڕێکاری یاسایی و دەسەڵاتداری حکومەت لە پشتی ئەم کارانەوە بێت؟
• ڕۆڵی دادگا لە پاراستنی موڵکی گشتیدا، ناکەوێتە ژێرپرسیارەوە؟
• رۆڵی وەزارەتی پەروەردە لەم پرسەدا چیە وبەرگری لە کۆمپانیاکە دەکەن، یان لە پەروەردەکەی خۆیان؟
• دەکرێت بەڕێزان لە داواکاری گشتی بێنە سەر هێڵ و ئەو فەرمانە هەڵوەشێننەوە کە ئەو کارەی پێکراوە
• لەسەر بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتە بە پەلە بێنە سەر هێڵ و ڕێگری لە هەموو ئەو پێشێلکاریانە بکەن بەرامبەر زەوییەکانی پەروەردە دەکرێت
• ڕۆڵی ڕێکخراوە قوتابی و خوێندکاریەکانە لەگەڵ یەکێتی مامۆستایان، نەهێڵن هیچ کەس و لایەن وکۆمپانیایەک دەستدرێژی بکەنە سەر زەویەکانی پەروەردە
• ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی پێویستە بێدەنگ نەبن لەم ڕەفتارانەی کۆمپانیاکان
• ئەگەر لە هەرێمی کوردستان ڕێگری لەم کارە نەکراو پشتیوانی ئەو کەس و لایەنانە بکەن کە زەوییەکانی پەروەردە دەبەن و دەیکەنە پڕۆژەی قازانج ویست بۆ کەس و لایەن و کۆمپانیاکان، پێویستە ئەو کەیسە ببرێتە دادگای حکومەتی فیدراڵ، تا لەوێ یەکلایی بکرێتەوە
ئێمە دیارە وەک خەمخۆر هەم بۆ نیشتمان و هەم بۆ پرۆسەی پەروەردە و وەک فێرکارو نوسەر لەپێناوی ئایندەی گەش بۆ نەوەکانی ئەم گەلە کە تاکە ڕێگەش بۆ ئەو ئایندەیە تەنها پرۆسەی پەروەردە و فێربوونە، ناکرێ ئاوا سەیربکەین و بێدەنگ بین.
هیچ گومانی تیا نیە کە چاککردن و ڕێنوێنی و ئاراستەی باش، هەنگاوە بەرەو داهاتوی گەش، دوای زیاد لە سێ دەیە لەم هەرێمەی باشوور جگە لە چاککردنەوەی خراپیەکان هیچ ڕێگەیەکی ترمان نیە لەوە باشتربێت، بۆیە(ئەلبێرتۆ رۆکیا)ئاماژە بەو کارە دەکات و دەڵێت: (چاککردنی کاری تاوان بۆ باشکردنی، دوورخستنەوە نیە، بەڵکو ئامانج لێی بەدیهێنانی دادوەرییە).
لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆمان زۆر کاری نەشیاومان بەر چاو کەوتووە هەر بەتەنها زەوییەکانی بەکرەجۆ نیە کە (182)دۆنمە، هەندێ لە قوتابخانانەکانی گەڕەکە کۆنەکانیش چاوی داگیرکاری و زەوتکردنیان لەسەرە کە لەناو جەرگەی شاردان، گوایە قوتابی و خوێندکاریان کەمە و دەیکەنە پرۆژەی نیشتەجێ و وەبەرهێنان، دیارە کردنی قوتابخانە بەهەر شتێکیتر کارێکی نەشیاوو نەگونجاوە، لەجیاتی زیادکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، بەداخەوە لێرە دەڕوخێندرێن، پێجەوانەی ووتەکەی ناپلێۆن پۆناپارتی فەرەنسی کە دەڵێ: (ئەوەی قوتابخانەیەک بکاتەوە، زیندانێک دادەخات)، لێرە قوتابخانە دادەخەن تا زیندان زیاد بکەن.
ئێمە هەموومان بە پەرۆشین بۆ پەروەردە هەگبەیەکمان لەکۆڵناوە کە ئەمانەوێ خۆری گەشی ژیان لەسەر نەوەکانی ئایندەمان نەبێتە تاریکی و خۆشی و خۆشویستن و ئارامی ببێتە مارشی ژیانیان.
ئەم پەرۆشییەش تەنیا بە ئێمە ئەنجام نادرێت، بەڵکو هاوکاری وهەماهەنگی و پشتیوانی هەمووانی گەرەکە، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ئێستا تا ڕێگە بۆئایندە خۆشکردن بکەینە ئامانجمان، بۆ ئەوەی شادبین بە سەرکەوتن و بتوانین خەونی خۆش بۆ داهاتوو بەدیبێنین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت