دلێر محەمەد نوری: خۆشی بۆ یەکەمەکان و ئازاریش بۆ ئەوانی تر.
هیچ دایک و باوکێک شک نابەم لە دونیادا، کە ئەگەر نەوەکەی سەرکەوتوو بێ لە خوێندن، یان هەر بوارێکی دیکەدا، حەزنەکات وێنەی لە سەر سنگی خۆی هەڵنەواسێ و جاڕ بۆ ئەو سەرکەوتنە نەدات! مەگەر زۆر بێ باک بێت یان کێشەیەکی هەبێت یاخود باوەڕی بە بەچاوەوەبوون هەبێت. هەتا ئێرە ئەمە بابەتێکی ئاسایی و تا ڕادەیەکیش پەسەندە. هەواڵی یەکەمەکانی قۆناغی کۆتایی خوێندن، ئەو بابەتەیە کە ساڵانێکە لەم مانگەدا، میدیا بە گشتی و سۆشیاڵ میدیا بە تایبەتی دەتەنێت. بەڵام ئەوەی تەواو نا پەسەند و نادادپەروەرییە کە، تەواوی حکومەت و پەروەردە و میدیای بەرپرس، دونیای کورد بە وێنە و لێدوان و شانازی یەکەمەکانەوە خەریک بکات. من تێدەگەم کە نانی سۆشیال میدیا، لە قوڕگی تەنانەت بێ بایەخترین هەواڵدا پەیدا دەبێت. بۆیە زۆربەیان دەبنە میدیای نابەرپرس. بەڵام دەکرێ هەموو ئەوانی دیکەش بۆ سواڵی لایک و کۆمێنت هەمان ڕێچکە بگرنەبەر؟
لە میدیا بگەڕێ ئاخۆ دەکرێ تەنانەت قوتابخانە و حکومەت و دەزگای پەروەردەش لە هەمووان خراپتر هەڵپەی بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لە هەواڵانە بدات؟ پرسیارێک کە زۆر سادە و ڕوون و ئاشکرایە و وەڵامەکەشی زۆر سانا بە نەخێرە! ئەکرێ هەرچی قوتابی هەیە لە وڵاتێکدا لە یەکەمەکان بن؟ ئەی ئاخۆ ئەگەر هەندێک پرسیاری دیکە بیر لێبکەینەوە، دەگەینە چ بارێکی تراژیدی لە بیرکردنەوە و تێفکرین و تێڕوانین بۆ ئایندە؟ ئاخۆ چوون بۆ قوتابخانە و بڕینی قۆناغەکانی خوێندن تا کۆتا ساڵ، لە پێناو ململانێ و کێشمەکێشە بۆ بە دەست هێنانی پلەی یەکەمی؟ یان دانانی جۆرێک لە پێوەر و ئەزموون و پلەبەندی کردنی خوێندکاران لە کۆتا قۆناغدا، بۆ ئەوەیە کە توانا و سەلیقە و بەهرە و ئارەزووە جیاوازەکان جیابکرێنەوە؟ ئاخر ئەگەر هەموو کۆمەڵگا ببەن بە دکتۆر و ئەندازیار و پاڕێزەر، کێ ببێ بە پەرستار و فەرمانبەر و ژمێریار و دەرگاوان و هونەرمەند و کارگوزار و … هتد؟
بەڕای من پەروەردەیەک نەتوانێ ڕێز و حورمەتی هەموو پیشە و کار و فەرمانەکان یەکسان بکات، هەق وایە دەرگاکەی دابخات و بڕواتە ماڵەوە. چونکە ئەوە پەروەردە نیە و هیچ بنەمایەکی پێداگۆگی نازانێ و پیادە نەکردووە. ئەگەر پەروەردە پەروەردە بێ، ئەبێ لەوە تێبگات کە ئێمەی مرۆڤ جیاوازین، تیاماندایە لە ماتماتیک زیرەکین و تیاشماندایە فەنتازیای نووسین و ئەدەبیاتمان تیا زاڵە. تیاماندایە گیانی یارمەتی و خزمەتگووزاریمان تێدا بەرزە، تیاشماندایە حەزمان لە کار و پیشەی دەست و تەکنیکییە، ئیتر بەم جۆرە. کەواتا کاری پەروەردە نیە بێت کەسانێک بە بایەخ و ئەوانی دیکە بێ بایەخ نیشانی کۆمەڵگا بدات. بەڵکو کاری پەروەردە