دکتۆر کامەران محەمەد: گرنگی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا – ههشتهم.
له ئهرشیفهوه بۆ داهێنانهکان، لایهنی پیشهیی زانینی مێژوویی
زۆرجار وا لە توێژینەوە مێژووییەکان دەڕوانرێت، کە تەنها بریتین لە ئاشکراکردنی ڕابردوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک کارامەیی بەرفراوان لە بازاڕی کاری نوێدا فەراهەم دەکەن. ئەم لێهاتووییانەش بریتین لە (بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە) و (لێکۆڵینەوە) و (هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان) و (پەیوەندی کاریگەر)، کە هەموو ئەمانە لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لە تەواوی بوار و پیشەسازییە جیاوازەکاندا خواستراون، با بە پۆلێنکردنێکی زانستی قووڵتر بچینە ناو ئەم بابەتەوە و بە نموونەی مێژوویی جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکانی ژیان و کۆمەڵگەکانی جیهاندا بابەتەکە ڕوونتر بکەینەوە.
1- بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان:
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان کرۆکی توێژینەوە مێژووییەکانن. مێژوونووسان ڕووداوە ئاڵۆزەکان شیدەکەنەوە، هۆکار و ئەنجامەکان دەستنیشان دەکەن و دیاردە بەڕواڵەت جیاوازەکان پێکەوە دەبەستنەوە. بۆیە ئەم کۆمەڵە کارامەیی و لێهاتووییە بەهایەکی گەورەیان هەیە.
بۆ نموونە: (تورگود مارشال Thurgood Marshall)، یەکەم دادوەری دادگای باڵای ئەمریکی بە نەژاد ئەفریقایی بوو، ئەو بەکارهێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە (بواری یاسا)ییدا بەرجەستە کرد. توانای ئەو بۆ توێکاریی پێشینە یاساییە مێژووییەکان و بەکارهێنانیان بۆ پرسە هاوچەرخەکان لە بەرەنگاربوونەوەی جیاکاریی ڕەگەزیدا یەکلاکەرەوە بوو. هاوکات لە مشتومڕەکانی وەک (پرسی براون دژی ئەنجوومەنی فێرکردن) تێیدا لێهاتوویی شیکاریی مارشال بوو که یارمەتی هەڵوەشاندنەوەی ڕەگەزپەرستی دامەزراوەیی دا، کە بووە هۆی سەرکەوتنی یاسایی گرنگ لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکاندا.
هەروەها (ستیڤ جۆبس Steve Jobs)، هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەپڵ، زۆرجار سوودی لە شێوە مێژووییەکانی تەکنەلۆژیا و داهێنان وەرگرتووە. جۆبس بە شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە ئاڕاستە تەکنەلۆژییەکانی ڕابردوو و ڕەفتاری بەکاربەران، توانی پێشبینیی پێویستییەکانی داهاتووی بازاڕ بکات، ئەمەش بووە هۆی داهێنانی بەرهەمە پێشکەوتووەکانی وەک (ئایفۆن و ئایپاد). تەنانەت تێڕوانینە مێژووییەکانی ئەو بۆ شۆڕشەکانی تەکنەلۆژیا نەک هەر یارمەتی (پێشبینیکردن) و (داڕشتنی ڕەوتی بازاڕی داهاتوو)ی دا، بەڵکو کەلتووری داهێنانی بەردەوامی لە ئەپڵدا گەشەپێدا.
2- هەڵسەنگاندنی توێژینەوە و زانیارییەکان:
توانای ئەنجامدانی توێژینەوەی ورد و هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە، کارامەیییەکی دیکەی بنەڕەتییە، کە لە ڕێگەی توێژینەوە مێژووییەکانەوە پهرەی پێدراوە. چونکە کاری مێژوونووسان پشکنینی بڕێکی زۆری زانیارییهکان و دیاریکردنی سەرچاوە متمانەپێکراوەکان و دامەزراندنی ئارگومێنتی بنەمادارە.
بۆ نموونە (ئیدا بی وێڵزIda B. Wells )، ژنە ڕۆژنامەنووسێکی پێشەنگی ئەمریکی بە نەژاد ئەفریقاییە، ئەو توانا توێژینەوەییەکانی خۆی بۆ بە بەڵگەنامەکردن و ئاشکراکردنی نەهامەتییەکانی لە سێدارەدان لە ئەمریکا بەکارهێنا، کۆکردنەوە و شیکردنەوەی وردی زانیارییە مێژووییەکان تیشکیان خستە سەر ئەو توندوتیژییە سیستماتیکیانەی کە ڕووبەڕووی ئەمریکییە ئەفریقییەکان دەبوونهوە و بەمەش توانی ڕای گشتی بجوڵێنێت، لە کۆتاییشدا داکۆکی لە چاکسازییەکانی مافە مەدەنییەکان کرد. بەمشێوەیە هەوڵ و لەخۆبردووییەکانی وێڵز بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، ئەوە دەسەلمێنێت کە چۆن لێکۆڵینەوە مێژووییەکان دەتوانن گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی پێشبخەن.
بەهەمان شێوە (هاوارد کارتەر Howard Carter) لە شانشینی یەکگرتوو، ئەو شوێنەوارناسەی کە گۆڕی (توت ئەنخ ئامون)ی دۆزیەوە، ئەو نموونەی گرنگی لێکۆڵینەوەی گشتگیر و هەڵسەنگاندنی زانیارییەکانی بەرجەستە کرد. لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی کارتەر لە تۆمارە مێژووییەکان و دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی پێشوو، میتۆدی سەرەکی ئەو بوو، کە لە کۆتاییدا بووە هۆی ئاشکراکردنی یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی سەدەی بیستەم. بەڵگەنامە و شیکارییە وردەکانی دیدێکی بەهادارییان بۆ ژیاری میسری کۆن فەراهەم کرد.
3- پەیوەندی کاریگەر و چیرۆک گێڕانەوە
مێژوونووسان لە دڵەوە چیرۆکنووسن. ئەوان گێڕانەوەگەلێک دەچنن، کە وا واتا بە ڕوداوە ئاڵۆزەکان دەبەخشن و گرنگییەکەشی بۆ جەماوەرێکی فراوانتر دەگوازنەوە. ئەم کارامەییەش بەشێوەیەکی فراوان توانای گواستنەوەی بۆ بوارە جیاوازەکان هەیە.
هاوکات (لیۆ تۆڵستۆی Leo Tolstoy)، نووسەری بەناوبانگی ڕووسی، تێگەیشتنە قووڵەکەی لە (مێژوو) و (سروشتی مرۆڤ) وای لێکرد، بەرهەم گەلێکی نەمری وەک “جەنگ و ئاشتی” و “ئانا کارینینا” پێشکەش بکات. گێڕانەوەکانی تۆڵستۆی کە بە زەمینە مێژوویی و چیرۆکە کەسییەکان دەوڵەمەندن، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر ئەدەب جێهێشتووە و تێگەیشتنێکی وردیان دەربارەی کۆمەڵگە و مێژووی ڕووسی بە خوێنەران بەخشیووە. بۆیە توانای گەیاندنی (هزرەکان) و (هەستە ئاڵۆزەکان) لە ڕێگەی چیرۆکگێڕانەوە لای تۆڵستۆی وەک پێوەرێکی جیامەندی ئەدەبی دەمێنێتەوە.
هاوکات (ستیڤن سپیلبێرگ Steven Spielberg )، سینەماکاری بەناوبانگ، زانیارییە مێژووییەکانی خۆی بۆ دروستکردنی فیلمی سەرنجڕاکێشی وەک (لیستی شیندلەر) و (رزگارکردنی ڕایانی سەرباز) بەکارهێنا. سپیلبێرگ لەڕێگەی (چنینی ڕووداوە مێژووییەکان) لەگەڵ (گێڕانەوەی چیرۆکەکان بەشێوەیەکی ناوازە)، بینەران کێش و سەرقاڵ دەکەن، بۆیە تیشک دەخاتە سەر ئەزموونە مرۆییەکانی پشت ڕووداوە مێژووییەکان و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ڕابردوو فەراهەم دەکات. فیلمەکانی نەک هەر بۆ کات بەسەربردن و چێژوەرگرتنن، بەڵکو وەک ئامرازێکی گرنگی پەروەردەیی کاردەکەن، بەشێوەیەک لای بینەران ئەو هەستە دروست دەکهن، کە هەناسە بۆ سییەکانی مێژوو دەگێڕنەوە.
4- پلاندانانی ستراتیژیی و سەرکردایەتیکردن
مێژوو چەندین نموونەی (سەرکردایەتی کاریگەر) و (پلاندانانی ستراتیژیی) دەخاتە ڕوو، ئەو کارامەییانەی کە لە هەردوو چێوە سەربازیی و سیاسییەکاندا ئێجگار گرنگن.
بۆ نموونە (وینستن چەرچڵ Winston Churchill) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا بە پلاندانانە ستراتیژیی و لێهاتووییەکەی لە سەرکردایەتیکردندا هەمووانی سەرسام کردبوو. زانیارییە بەرفراوانەکانی دەربارەی مێژوو وایلێکردبوو پێشبینی جوڵەکانی دوژمن بکات و ستراتیژیەتێک دابڕێژێت، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرکەوتنی هاوپەیماناندا هەبێت. وتارەکانی چەرچڵ کە پڕ بوون لە ئاماژە و نموونەی مێژوویی و تێگەیشتنی قووڵ سەبارەت بە ململانێکانی ڕابردوو، لە سەردەمێکی گرنگ و هەستیار بۆ گەلی بەریتانیا ئیلهامبەخش و کۆکەرەوە بوون. توانای ئەو بۆ فێربوون و وانە وەرگرتن لە مێژوو و جێبەجێکردنی ئەو وانانە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی کاتی خۆیدا، ڕۆڵێکی سەرەکی لە تێپەڕاندنی یەکێک لە قۆناغە هەرە پڕ ئاڵنگارییەکانی مێژووی هاوچەرخدا هەبوو.
هەروەها (مارتن لوتێر کینگ جونیۆر .Martin Luther King Jr)، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکا، زانینە مێژووییەکانی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە یەکسانی ڕەگەزیی بەکارهێنا. کینگ بە سوودوەرگرتن لە کەسایەتییە مێژووییەکان و بزووتنەوەکان، ئارگیومێنت و ستراتیژی قایلپێکهری بۆ (ناڕەزایەتی ناتوندوتیژ) داڕشت، وەک لە وتارەکەیدا (خەونێکم هەیە I Have a Dream) و ڕێپێوانی واشنتۆندا دەبینرێت. بەکارهێنانی ستراتیجیانەی نموونه مێژووییەکان نەک هەر شەرعیەتدان بە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان، بەڵکو ئیلهامبەخش بوو بۆ نەوەیەک، که بەدوای دادپەروەریی و یەکسانیدا وێڵ بوون، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو دۆزی مافە مەدەنییەکانی پێشخست.