بورهان شێخ رەئوف: هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
هەموو جیهان بەوردی چاوەڕوان و چاودێری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا دەكات لە 5ی نۆڤەمبەری 2024، بەڵام لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بیرو بۆچوونەكان جیاوازن و لە هەمبەر كاندیدەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا و هەر وڵاتە و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە لێی دەڕوانێت.
تێڕوانینی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
بۆیە هەوڵدەدەم لێرەدا خوێندنەوە و تێڕوانین و بەرژەوەندیی وڵاتە گرنگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بخەمەڕوو سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكی ئەمریكا.
سعودییە و ئیماراتی عەرەبی سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ و پارتی كۆمارییان بەلاوە باشترە، ترەمپ بە دۆست و هاوپەیمانی ستراتیژی خۆیان دەزانن، ئوردن و دەسەڵاتی فەلەستینی یەك مەترسی هاوبەشیان هەیە، لە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپی كاندیدی كۆمارییەكان، ئەویش بەهۆی ئەو بەرگرییە سەرسەختانەیە كە ترەمپ لە دەوڵەتی ئیسرائیلی دەكات، بە هەوڵەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل و كۆتایی هێنان بە كێشەی فەلەستین، چونكە فەلەستینییەكان هەرگیز ئەوەیان لە بیر ناچێت هەر لە خوولی یەكەمی سەرۆكایەتی ترەمپدا بوو، فەرمانی كرد باڵوێزخانەی ئەمریكا لە تەل ئەبیبەوە بگوێزرێتەوە بۆ قودس، پێشتر هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا زاتی نەكردبوو ئەو بڕیارە بدات، هەموو ئەوانە وای لە فەلەستینییەكان كردووە، هەست بە نیگەرانی و ترسێكی زۆر بكەن لە سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژادنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، بۆیە سەركەوتنی كامیلا هاریسیان لەلا باشترە، چونكە ئیدارەی ئێستای بایدن بەڵێنی زیندووكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی عەرەب – ئیسرائیل و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی داوە كە هاریس خۆی تێیدا جێگری سەرۆكە.
ئوردنیش ترسی هەیە
ئوردنیش سەركەوتنی ترەمپ بە مەترسی گەورە دەبینێت، چونكە دانانی ئوردن بە وڵاتی جێگرەوە بۆ فەلەستینییەكان، كە لەلایەن باڵی ڕاستڕەوی ئیسرائیلەوە پاڵپشت دەكرێت كە لەترەمپەوە نزیكن، بە هەڕەشەیەكی گەورە بۆسەر بوونی خۆی دەبینێت، بە تایبەت كە لە شەڕی غەزەش ترەمپ پاڵپشتی بێ كۆت و مەرجی ئیسرائیلی كرد بۆ كۆتایی هێنان بە حەماس و رەخنەی توندی لە بایدن گرت كە دەستی ئیسرائیلی واڵا نەكردووە بۆ بەرگری كردن لە خۆی.
قەتەریش بە مێژووی خۆی مەیلی بەلای دیموكراتەكانەوە بووە زیاتر، هەرچەندە ئەو وڵاتە رۆڵی بریكار و ناوبژیوانی سیاسەتەكانی ئەمریكا دەبینێت لە ناوچەكەدا، بەڵام قەتەر توانای خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ هەردوو حزبەكە ی ئەمریكادا.
ستراتیژ و كارە لە پێشینەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لای هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی لەیەكچوو و نزیكن لەیەكتر، سەرەڕای جیاوازیی تێڕوانینیان بۆ مەسەلەكانی تر
ئێران و توركیا
هەڵوێستی ئێران روونەو زیاتر دژی ترەمپ و كۆمارییەكانن، چونكە ئەوان سیاسەتێكی توند پەیڕەو دەكەن لە هەمبەر ئێران، هەر دۆناڵد ترەمپیش بوو لە رێكەوتننامەی (5+1)ی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كشایەوە، لە ساڵی 2018 دا و سزای زیاتری بەسەر تاراندا سەپاند، بە پیچەوانەوە دیموكراتەكان نەرم و نیانترن لەگەڵ ئێران و كەیسەكانی تایبەت بەو وڵاتە.
سەبارەت بەتوركیا و هەرچەند لە هەڵبژاردنی پێشوودا جۆ بایدن زۆر دروشمی دژی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو وڵاتە بەرزكردەوە، سەبارەت بە رەفتارەكانی ئەنقەرە لە سوریا و هەڵسوكەوتەكانی لەگەڵ ئۆپۆزەسیۆنی سوریادا، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكان پەیوەندییەكانیان ئاسایی بوویەوە و فڕۆكەی F16 ی بەتوركیا فرۆشت، لەلایەكی ترەوە پەیوەندییە كەسییە تایبەتەكانی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان خۆشترن و بە تایبەتیش زاواكانی هەردووكیان (گارد كۆشنەری زاوای ترەمپ) و (بیرات ئەلبەیرەقی زاوای ئەردۆغان)، بەڵام لە دوور مەودادا توركیا و دیموكراتەكان پەیوەندیەكانیان زیاتر سەقامگیری بەخۆیەوە بینیووە.
پەیوەست بە عیراق و كورد
ئەوەندەی پەیوەندی بە عیراق و كوردیشەوە هەبێت، سیاسەتی هەردوو پارتەكە واتا دیموكرات و كۆمارییەكان تاقی كراونەتەوە، ترەمپ داخوازی لە عیراق هەبوو، پێشتر لەسەر تێچووی داگیركردنی عیراق و كوردیشی بە جەنگاوەری باش دەناسی، بەڵام بایدن خاوەنی پڕۆژەی بە سێ هەرێمكردنی عیراق بوو.
سوریا و خۆرئاوای كوردستانیش پەیوەندییەكانی ئەردۆغان و ترەمپ، بە جۆرێك مەترسی بۆ سەر رۆژئاواو ئیدارەی خۆسەری دەبینن، بە تایبەتی كاتێك ترەمپ لە خوولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمریكای لە سوریا دەركرد، هەرچەند دواتر پەشیمان بوویەوە، بۆیە بۆ ئێستاش ئەو جووڵەیەی ترەمپ مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە لەلایەن كوردانی سوریاوە.
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا
ئەوەی گرنگە لێرەدا بزانرێت ئەوەیە، كە ستراتیژ و كارە لە پێشینەكانی سیاسەتیی دەرەوەی ئەمریكا لە نێوان هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی لە یەك چوو لە یەك نزیكن، سەرەڕای جیاوازی تێڕوانینەكانیان لە زۆر مەسەلەی تردا.