ڕێبوار عابد محمد: زمانی جەستە – بەشی دووەم.
16- جوڵانی قۆڵ و مەچەكەكان بەڵگەی ئارامی و پێچەوانەكەیەتی:
A- قۆڵ و باڵ فش كردنەوەی ئەو كەسەی لە گەڵیدا وت و وێژ دەكەیت، خۆ ئامادەكردنە بۆ باری بەرگری كردن و وەرگرتنی لایەنی نەرێنی لە قسەكانت. هەروەك چۆن ئاماژەشە بۆ باری پشێوی و ترس و سترێس.
B- دانانی دەستەكان لەسەر كەمەر: نیشانەیە بۆ بوونی متمانەو هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵ كردن ،ئەمەش زیاتر پیاوان بكاری دەهێنن تا ئافرەتان.
17- فێربە! كەی و چۆن زەردە خەنە دەكەیت؟:
زەردە خەنە بەڵگەی گرنگی تێدایە لە زمانی جەستەدا، تەنها رێگە نیە بۆ ئەوەی سەرنج و متمانە دروست بكەیت، بەڵكو یارمەتیدەریشە بۆ كەم كردنەوەی ئاستەكانی دوو دلی و ناڕەحەتی و پاڵەپەستۆی دەروونی و وات لێدێت زیاتر هەست بە تەندروستی بكەیت.
كاتێك زەردە خەنە دەكەیت خەڵكان بە شێوازی جیاواز مامەڵەت لەگەڵ دەكەن، بەڵام ئاگات لەوە بێت زەردەخەنەی زیاد لە رادە و پێویست شێوازی نەرێنی لە خۆ دەگرێت. بە پێی لێكۆڵینەوەی نوێ دەركەوتووە ئەو كەسانەی زۆر زەردە خەنە دەكەن وەك كەسانی گێل مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، وەك لەوانەی كە لە شوێن و هەڵوێستی تایبەتدا زەردە خەنە دەكەن. بۆیە تەواو ورد بەرەوە،كەی و بۆ كێ زەردە خەنە دەكەیت؟. بەپێی شوێن و پێگەكان لەوانەیە وا پێویست بكات زەردەخەنەی زۆر بكەیت!.
دوای تێڕامانت لەو ڕاستیانە بێگومان درك بە ماهیەتی گەییشتن و پەیوەندیەكان دەكەیت، هەندێ رەفتاری سادە توانای ئەوەیان هەیە تەواوی ژیانت بە جوانترین شێوە بپۆشیت. زمانی جەستە بزانیت، ورد بەرەوە لە حاڵەتەكان لە بەرژەوەندی خۆت بەكاریان بێنەو ئارام بە! بە گوێگرتنی زمانی جەستەی دەوروبەر.
18- تۆنی دەنگ: دەتوانیت بە تۆنی دەنگی مرۆڤ بزانیت چی دەشارێتەوە؟ ئەگەر بە زردە خەنەیەكەوە بە دەنگێكی بەرز قسە بكات ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەسەكە دڵخۆشە بەقسە كردن و هەست بەكات بەسەر بردن و خۆشی دەكات. هەرچەندە هەندێك لەزانایانی زمانی جەستە ناكۆكن لەم خاڵەداو پێیان وایە كە ڕەنگە هەندێ كەس بەدەنگێكی بەرزقسە بكەن لە هەوڵێكدا بۆ شاردنەوە. شتێك. ئەگەر بەتۆنێكی زۆر نزم قسەبكات ئاماژەیە بۆ نەبوونی متمانە بە خۆبوون و لاوازی كەسایەتی. هەروەها زانایانی زمانی جەستە پێیان وایە كەسێك بە دەنگێكی بەرزەوە ڕاستەوخۆ سەیری بەرامبەرەكەی بكات، ئاماژەیە بۆ ڕق و كینەو ئێرەیی، یان تەحەدداو متمانە بەخۆبوون. بەڵام ئەگەر بە خێرایی و بە ئەنقەست و بە دەنگێكی بەرز قسەبكات لەكاتێكدا سەیری ئەو كەسە دەكات كە قسەی لەگەڵ دەكات، ئەمە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی كە قسەكەر چۆتە ناو حاڵەتێكی ورووژاندنی سۆزداری، جا چ خۆشی بێت, یان دڵتەنگی بێت، یان تەنانەت دڵە ڕاوكێ، یان توڕەیی.
19- لەكاتی سڵاو كردن و تەوقە كردندا:كاتێك مرۆڤ دەستی درێژ دەكات بۆ تەوقەكردن لەگەڵ كەسێكی تر ، یان بە وزەو لاوازییەوە یان بە هێواشی و بەبێ ئارەزوو، ئەمە لەڕووی شێوازی تەوقەكردنەوە كاریگەری ئەرێنی، یان نەرێنی بەجێدەهێڵێت. بە هەمان شێوە گرنگە لەگەیاندنی هەستی بەخێرهاتنی دڵسۆزانە یان سڵاوو، دۆستایەتی.
20-،بەرزبوونەوەی برۆ ئاماژەیە بۆ ناڕەحەتی: سێ دۆخی سەرەكی هەیە كەڕەنگە پێویست بكات برۆكانت بەرز بكەیتەوە:
* لەكاتی هەستكردن بە ترس.
* كاتێك هەست بەسەرسوڕمان دەكەیت.
* هەستكردن بە دڵەڕاوكێ.
بۆیە بەڕاستی زەحمەتە ئەم جوڵەیە بكەیت لەكاتی قسەكردن لەسەر بابەتێك كە هەست بە ئاسوودەیی بكەیت. بەڵام چۆن سوود لەم زانیاریانە وەردەگریت بۆ ئەوەی بزانیت ئەوانی دیكە بیرلە چیدەكەنەوە؟. باشە گەر قسەت لەگەڵ یەكێ كردو بینیت برۆكانی بەرز دەكاتەوە، هەرچەندە بابەتی گفتوگۆكە نابێتە هۆی نیگەرانی و ترس و سەرسوڕمان، ئەوا لێرەدا بزانە ئەم كەسە هەست بەناڕەحەتی دەكات و مێشكی سەرقاڵی تۆیە بەكەسێكی تر.
21- چەناگەیەكی گرژ، ملێكی گرژ، یان برۆیەكی چەقۆدار، هەموویان نیشانەی فشارن:گرنگ نییە كەسەكە چیت پێبڵێت، نیشاندانی ئەم نیشانانە بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ئەوەی كە دڵتەنگە. ڕەنگە بابەتی گفتوگۆكە كێشەی بۆ دروست بكات، یان ڕەنگە بیرلە بابەتێكی تر بكاتەوە كە ورووژاندنی نیگەران و ماندووی كردووە. لێرەدا دەبێت سەرنجت بخەیتە سەر ناتەبایی نێوان ئەوەی كەسەكە دەیڵێت و زمانی جەستەی گرژەكەی پێت دەڵێت؛ بۆ ئەوەی بزانیت هۆكارەكە بابەتی گفتوگۆكەیە یان شتیكی تر كە تۆ نازانیت. لەمانەی سەرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ڕەنگە نەتوانین بەتەواوی بیخوێنینەوەكە لەسەری، بەڵام كەسێكدا چی ڕوودەدات. بەڵام سەرە ڕای ئەوەش دەتوانین لەڕێگەی زمانی جەستەیەوە زۆر شت بزانین . بەتایبەت زمانی جەستەی لەگەڵ ئەو شتانەی كە بەزارەكی دەیڵێت ناكۆكە.
زمانی جەستە لە قورئانی پیرۆزدا
قورئانی پیرۆزیش وەك دەستوورێكی ژیان، بۆ دەربڕینی ڕاو بۆچوون و ڕوونكردنەوەی هەندێ ڕووداوو پێشهاتە و وەڵامدانەوەی كۆمەڵ و تاك لە هەندێ ئایەتدا ئاماژە بە زمانی جەستە دەكات:
1- ئاخنینی گوێ بە پەنجەكان:ئاخنینی گوێ بە نوكی پەنجەكان بۆ ئەوەی نەبیستیت. دوو واتا دەبەخشێت .
A- خۆ بەدوورگرتنە لە بیستنی – بەهێز،چڕ ،بێزاركەر- دەنگدەدات و وەك ئەمەی كە لە قورئاندا ئاماژەی پێكراوە: (يَجْعَلُوُنَ أَصابِعَهُمْ في اّذانِهِمْ مِنَ أَلصَّوَاعِقِ حَذَرَ أَلمَوْتِ) البقرة 19. ( ئەوان پەنجەكانیان دەخەنە گوێچكەكانیان وەك پاراستنێك لە ڕەشەباكان لەترسی مردن).
B- خۆ بەدوور گرتنە لە گوێگرتن لە بانگەوازی حەقیقەت و ڕاستیەكانی ئایین، ئەمەش لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژەی پێكراوە:
( جَعَلُواْ أَصابِعَهُمْ في اّذانِهِمْ وَاسْتَغْشَواْ ثِيابَهُمْ وَأَصَرُّواْ وَاسْتَكْبَرُواْ اِسْتِكْباراً ) نوح .7.( پەنجەكانیان خستە گوێچكەیان و ،خۆیان بەجل و بەرگەكانیان داپۆشی،و پێداگرییان كرد و،خۆ بەزلزانین و خۆبەزلزان بوون).
2- داپۆشینی سەر بە جل و بەرگەكان: ئەمە ڕەنگە بۆ زۆر شت بێت لەوانەیە، بۆ دوور كەوتنەوە بێت لە سەرما یان گەرما، یان ترسی كەسێك كە نایەوێت بیبینێت، یان گاڵتەكردن،یان ڕەنگە حەز نەكردن بێت لە سەیركردنی ڕووخساری ئەو كەسەی كە ئامۆژگاری دەكات وڕینمایی دەكات. ئەم ئایەتە پیرۆزەش ئاماژەیە بۆیان. ( وَاسْتَغْشَواْ ثِيابَهُمْ وَأَصَرُّواْ وَاسْتَكْبَرُواْ اسْتِكْبَاراً ) نوح .7( خۆیان بەجل و بەرگەكانیان داپۆشی و پێداگرییان كرد و خۆ بەزلزانین و خۆبەزلزان بوون).
3- ئاماژەكردن: ئاماژەكان لەوانەیە بە پەنجە ،یان بە چاوەكان بن. وەك لە م ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژەی پێكراوە: ((فَأَشارَتْ إِلَيهِ))مريم .29 . (ئاماژەی بە عیسای كوڕە كۆرپەكەی كرد) – درودی خوای لەسەر بێت. بۆ ئەوەی بێتەگۆو بەرگری لە خۆی و شەرەف و ناموسی بكات. ئەوەیان بۆ بسەلمێنێت كە ئەو لە خوداوە بوو، نەك وەك ئەوەی كە ئەوان پڕوپاگەندەی بۆ دەكەن. نازانین ئەم ئاماژەیە بە چاو یان پەنجە، یان چی بووە؟.گرنگ ئەوەیە كە ئاماژەكە ڕویداوە. پێغەمبەر عیسا – درودی خوای لەسەر بێت- هاتۆتە گۆو قسەی كردووەو، ئەوانیش هەموو واقیان وڕ ماوەو سەریان سوڕ ماوە.
4- داپۆشینی ئەندامە تایبەتەكان بە هەرشتێك: ئەگەر كەسێك بەشە تایبەتەكانی جەستەی دەركەوت، وە لە شوێنێكی گشتی بوو كە خەڵكان بیبینن. پەنا بۆ داپۆشینی بە شتێك دەبات، وە ئەگەر نەیدۆزییەوە ئەوا بە دەستەكانی، یان پەنا دەباتە بەر هەرشوێنێك بۆ ئەوەی دایپۆشێت. وەك لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژەی پێكراوە:(وَطَفِقا يَخْصِفانِ عَلَيْهِما مِنْ وَرَقِ ألْجَنَّةِ)طه 121 .(وە دەستیان كرد بەداپۆشینی جەستەیان بە گەڵا لە گەڵاكانی بەهەشت).كەواتە ئایەتەكە ئاماژەیە بۆ حەیاو شاردنەوە.