بەهرۆز جەعفەر: پەرەسەندنە نوێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – گرژییەکان زیاتر دەبن، بەڵام چوارچێوەکە ناگۆڕێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە “تاران” بابەتێکی تا ئەندازەیەکی زۆر چاوەڕوانکراو بوو، ئەمە یەکەمین سەرکردەی حەماس نییە کە ئیسرائیل دەیکوژێت. هەموو ئەوانەی بەڕاستی چاودێری دۆخی جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، لە ڕاستییەکی سادە تێدەگەن: “فەلەستینییەکانی غەززە، دوژمنەکەیان بێبەزەییەو دۆستەکانیشیان، یان لاوازن، یان متمانەپێکراو نین.”
جۆزیف نای دەڵێت؛ گۆڕانی سیاسەتی نێودەوڵەتی وەکو کەشوهەوا وایە، هەموو خەڵک قسەی لەسەر دەکەن، بەڵام تەنها چەند کەسێکی کەم دەربارەی دەزانن”
ئەگەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بتوانن لەناو “تاران” دا، لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئێران “مەسعودی پزیشکیان”دا، لە بۆنەیەکی وادا، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس “ئیسماعیل هەنیە”بە مووشەکێکی زیرەکی وەها کە راستەوخۆ بەرەو جەستەی بچێت بکوژن، ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بەربوونەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئایاری 2024، بوە هۆی گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆمار “ئیبراهیمی ڕەئیسی” و، وەزیری دەرەوە “ئەمیر عەبدولاهیان” هیچ پەیوەندیی بە کەشوهەواوە نەبوە!
داوەریکردن “خەتای کامیان”ـە، ئیشی توێژەر نییە، بەڵکو ئیشی سەرەکی لێکۆڵەر ئەوەیە، دەستنیشانی بکات ئەم ڕووداوانە بەرەو کوێ دەچن؟ هەروەها کامە “بەهێز” ەو کامە “لاواز”ە. ئەگەر بەچاویلکەی جووەکان سەیری دۆخەکە بکەیت؛ حەماس و خەڵکی غەززە تیرۆریستن، چوونکە دەمەو بەیانی ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەر هێرشی دڕندانەیان کردۆتە سەر خاکی ئیسرائیل و سەروو 1200 هاوڵاتی جوولەکەیان تیرۆر کردوە. بەچاوی ئیخوانەکانیش تەماشای بکەی: ناتانیاهۆ ستەمکاری سەدەیە و، ئەوانە دوژمنی ئیسلامن و… تادوایی. بەچاوی ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتوەکان و مافی مرۆڤ دۆخەکە ببینی، لە ڕاستییدا تاوانی مرۆیی و جەنگ بە پێش چاوی مۆڤایەتییەوە دژی مناڵانی غەززە دەگوزەرێ. ئێمە بەو چاوانە تەماشا ناکەین، بەڵکو چەند خاڵێک دەخەینەڕوو:
یەکەم/ دوو ڕۆژ پێش ئەوەی ئیسماعیل هەنیە “دۆستی ئەردۆگان” لە ئێران بکوژرێت! سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەیوت: “وەک چۆن چووینە لیبیاو کەرەباخ، ئاوهاش دەچینە ئیسرائیل.” ساڵی 2009 لە داڤۆس ئەردۆگان هەندێ قسەی بە “شیمۆن پیرێز” وت و پانێڵەکەی بەجێهێشت، ڕەعنان غیتسین وتەبێژی ئەوکاتی حکومەتی ئیسرائیل وتی” تورکیا لە خەودا مناڵانی کورد دەکوژێت، جینۆسایدیان دەکا، ناتوانێت وانە پێشکەشی ئێمە بکات”. لە 31 ی ئایاری 2010 کاتێک کەشتی “مافی مەڕمەڕە” لە ئاوەکانی قوبروسەوە بەرەو سنوری غەزە بەڕێکەوت، گوایە خۆراک و هاوکاری مرۆییە “دواتر دەرکەوت چەکیشی تێدا بوە”، کۆماندۆی ئیسرائیل دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرت و، (9) کەسی تورکیشیان کوشت: ئەوە یەکەمین جارە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، دەوڵەتێکی بێگانە بتوانێت تورک بکوژێت. لەدوای ئەمەوە بەهاری عەرەبی ڕوویدا، تورکیا لەگەڵ ئەوروپاو ڕووسیاو میسر و سوریا و ئەمریکاش تێکچوو. لە ساڵی (2010) دا سەت لیرەی تورکی بەرانبەر سەت دۆلاری ئەمریکی بوو، لە 2024 دا 100 دۆلار یەکسانە بە ( 3330) لیرەی تورکی، هەڵئاوسانی ئابوریی (70٪) ی تێپەڕاندوە؛ ئیتر پێویستە ببینن چ بێکاریی و ئافاتێک ڕووی کردۆتە تورکیا. مەبەستی من لەم خاڵە بەگشتی ئەوەیە: دەوڵەت و سەرۆکەکان نابێت گوتاری شۆڕشگێڕییان هەبێت، بەڵکو دەبێت گوتاری بازرگانی و دیبلۆماسییان هەبێت. لەدوای هەڕەشە زۆرەکانی ئەردۆگان لە 2010 کە بوە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تەلئەبیب، زیاتر لە (25) جار لە دەرگای ئیسرائیلیان داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە؛ ئەو پەیوەندییە هەرگیز لە سەردەمی نەتانیاهۆ و ئەردۆگاندا ئاسایی نابێتەوە.
دووەم: پێویستە ببینین، کە ئێران چەند گورزی لە ئیسرائیل داوەو، ئیسرئیلیش چەند؟ دیارترین هێرشی ئێران ئەوەبوو کە لە نیسانی 2024 دا: ئێران 170 فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو و 120 مووشەکی بالیستیک و 30 مووشەکی کڕوزی لەیەککاتدا هاویشتە ئیسرائیل؛ بەهەموویان نەبوونە هۆی برینداربوونی هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی! لەبەرانبەردا، ئەگەر ڕووداوی هێلیکۆپتەرەکەی ئێرانیش لەم بابەتە دوور بخەینەوە، ئیسرائیل دەیان سەرکردەو ڕاوێژکاری ئێرانی لە سوریاو لە ناو باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق کوشتوە، لە لوبنان کەسی دووەمی حەماس “ساڵەح عاروری” کوشتوە، ڕاوێژکاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا “فواد شوکر” ی کوشتوە، نیزیکەی چل هەزار هاوڵاتی و شەڕکەری حەماسی لە غەزە کوشتوە. حووسییەکانی یەمەن چەند بە مووشەکێک کە هەڵیاندا هاوڵاتییەکی ئیسرائیلیان کوشت، لەبارانبەردا ئیسرائیل (87) کەسی یەمەنی کوشت و گەورەترین بەندەری “حودەیدە”شی تێکو پێکدا. دواتریش سەرۆکی حەماس “ئیسماعیل هەنیە”ی کوشتوە، ئەندازیارەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حیزبوڵای عێراقیی لە “بابل” کوشتوە. ئینجا لەگەڵ ئەو هەموو فشارە نێودەوڵەتییەدا؛ هێشتا پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئیسرائیل زیاترە! بە دڵنیاییەوە ئیماراتی عەرەبی بەهێزترین پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، سعودییە لەسەرەتای (2017) پەیوەندیی جۆراوجۆری لەگەڵ ئیسرائیل هەیەو، پەیوەندییەکانی سعودییە، بەحرەین و عومان لەگەڵ ئیسرائیل بەلای کەمەوە بێدەنگییە بەرانبەر ئەو تاوانانەی لە غەزە دەکرێن (بە دڵنیاییەوە سعودییەو ئیمارات حەز بە بوونی ئیخوان بەگشتی و هەنیەو گرووپەکەی ناکەن).
سێهەم: ئێران بە هیچ شێوەیەک کوشتنی هەنیە لەناو پایتەختەکەیدا گەورە ناکاتەوە، چوونکە گەورەی بکاتەوە دەبێت تۆڵەی بکاتەوە، کە لە ئێستادا ئێران گەورەکردنەوەی جەنگەکەی ناوێت، بەتایبەتی کەمتر لە 24 کاتژمێرە سەرۆکی نوێ دەستبەکاربوە. بەڵکو ڕەنگە تاران کوشتنی هەنیە بکاتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنگتۆن.
گرژیی و پەرسەندن (التصعيد- Escalation) زیاتر ڕوودەدات، وەک چۆن کوشتنی هەنیە لە کاتژمێرەکانی یەکەمدا (50) سەنت نرخی نەوت و (15) دۆلاریش نرخی هەر ئۆنسەیەکی زێڕی لە جیهاندا گرانکرد، هەندێ بیناو باڵەخانەی دیکە، هەندێکی دیکە لەسەرچاوەی مرۆیی یەکتر لەناو دەبەن. بەڵام لە کۆتاییدا جەنگەکە نا-بەرانبەرەو، حیکایەتەکەش هەندێک دەڵێن؛ سەدەیەکەو، هەندێکیش دەڵێن؛ سەروو سێ هەزار ساڵە بەردەوامە. بەڵام ئەوە تەنها لە قسەیەکی زل دەچێ کە هەندێ کەس دەڵێن: “ناوچەکە سەراپا دەگۆڕێ”، چۆن- چۆنی گۆڕانکاریی ناوچەیی درووست دەکات، کێ بیکات کە سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران “ئەحمەدی نەژاد” چەند ساڵێک بەر لە ئێستا دەیوت؛ سەرۆکی دەزگای بەگژاچوونەوەی سیخوڕیی ئیسرائیل لە ئێڕان، خۆی پیاوی ئیسرائیلە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت