دکتۆر کامەران محەمەد: گرنگی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا – نۆهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌ ئه‌رشیفه‌وه‌ بۆ داهێنانه‌کان، لایه‌نی پیشه‌یی زانینی مێژوویی

5-هۆشیارکردنه‌وه‌ و داکۆکیکردن
تێگەیشتنێکی قووڵ لە مێژوو (هۆشیاری ڕۆشنبیریی )و (هاوسۆزیی) به‌هێز دەکات، کە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی به‌ پێویست داده‌نرێن.
بۆ نموونه‌ (جین ئادامز Jane Adams) له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، پێشەنگ لە بواری کاری کۆمەڵایەتی و هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای هال هاوس، تێڕوانینە مێژووییەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا بەکارهێنا. ئادەمز بە تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشە مێژوویییه‌کانی هەژاریی و نایەکسانی، بەرنامەیه‌کی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی جێبەجێ کرد، کە پشتیوانییەکی چارەنووسسازیان پێشکەش بە کۆمەڵگا کۆچبەرەکان کرد و بنەمای خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکانی دانا. کارەکانی ئەو ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، کە چۆن هۆشیاریی مێژوویی دەتوانێت چاکسازی کۆمەڵایەتی کاریگەر به‌ره‌وپێش ببات و ژیانی دانیشتوانی پەراوێزخراو باشتر بکات.
هەروەها سیزار چاوێز César Chávez، سەرۆکی سەندیکایی و چالاکوانی مافە مەدەنییەکان، لە ساڵانی شەستەکاندا بەشداری دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی کرێکارانی کێڵگە (UFW) ی کرد. تێگەیشتنی قووڵی دەربارەی ئیستغلالکردنی مێژوویی کرێکاران، ڕۆڵێکی گرنگی لە داکۆکیکردنی مافەکانی کرێکارانی کێڵگەدا بینی. چاوێز کە وەک کرێکارێکی کۆچبەری کێڵگە گەورە ببوو، بۆیە بە چاوی خۆی ئەو بارودۆخە سەختانەی بینیبوو کە ڕووبەڕووی کرێکاران ببووەوە و لە مێژووی بزووتنەوە کرێکارییەکان و خەباتی مافە مەدەنییەکانی کۆڵیوەتەوە.
چاوێز بە کەڵک وەرگرتن لە زانینە مێژووییەکان، مانگرتن و بایکۆتی بەرچاوی ڕێکخست، بەتایبەتی مانگرتنی ترێی دێلانۆ، ئەمەش سەرنجی نیشتمانی بۆ دۆخی خراپی کارکردنی کرێکارانی کێڵگە و کەمی کرێکانیان ڕاکێشا. لەبەرئەوە هەوڵەکانی بووە هۆی باشتربوونی مووچە و یارمەتییەکان و بارودۆخی کارکردن لە ڕێگەی گرێبەستەکانی دانوستانکاری یەکێتی کرێکارانی کێڵگەکانەوە، ئەمەش ژیانی زۆرێک لە کرێکارانی گۆڕی.
بەمشێوەیە کارەکانی چاوێز ئەوە دەردەخەن کە چۆن هۆشیاری و زانینی مێژوویی دەتوانێت داواکارییە کاریگەر و چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکان پێشبخات. تا ئێستاش میراتەکەی ئیلهامبەخشی بزووتنەوە دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەکانە و هێزی زانینی مێژوویی لە پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی کۆمەڵایەتیدا نیشان دەدات.

6) داهێنان و گونجاندن
زۆرجار بۆ هاندانی داهێنان و گونجاندن لە بوارە جیاوازەکاندا، ئیلهام لە ڕابردوو وەردەگیرێت. بۆ نموونه‌ (لیۆناردۆ داڤینچی Leonardo da Vinci)، هونه‌رمه‌ند و زانای سەردەمی ڕێنێسانس، ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌و لە ژێر کاریگەریی هزری ڕێنێسانسدا بوو، ئەو زانیاریانەی لە لێکۆڵینەوەی (بەرهەمەکانی پێشوو) و (کتێبە کۆنەکان) بەدەستی هێنابوو، وەک کتێبی ئەندازیاریی و ئایرۆداینامیکا، لەگەڵ تێبینییه‌ ورده‌کانی خۆی ده‌رباره‌ی سروشت و زانستە سروشتییەکان. ڕۆڵێکی گرنگیان له‌ توێژینه‌وه‌ی بواری فڕۆکەوانیدا بینی! ئه‌وانه‌ش بەشێک بوون لە هەوڵە زۆرەکانی بۆ تێگەیشتن و جێبەجێکردنی بنەماکانی فیزیا و ئەندازیاریی. واته‌ (زانینی مێژوویی) و (بیرکردنەوەی داهێنەرانە)ی خۆی پێکه‌وه‌ تێکەڵ کرد، له‌ ئه‌نجامدا کۆمه‌ڵه‌ بیرۆکەیه‌کی لا گه‌ڵاڵه‌ بوو، که‌ زۆر پێش سەردەمه‌که‌ی خۆی که‌وت. تیانووسەکانی پڕن لە دیزاینی ئامێرەکان و توێژینه‌وه‌ توێکاریی و کارە هونەریەکان، هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ چۆن توانیبووی په‌ی به‌ پەیوەندیی قووڵی نێوان زانینه‌ مێژوویی و زانستییەکانی سەردەمەکەی ببات. توانای داڤینچی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە کایە جیاوازەکان و داهێنان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی مێژوویی، پاڵێکی وای به‌ تەکنەلۆجیا و هونەره‌وه‌ نا، که‌ به‌درێژایی تیپه‌ڕبوونی کات مرۆڤه‌کان له‌و هه‌ل و بوارانه‌ی کارکردن به‌هره‌مه‌ند ببن، که‌ ئه‌و وه‌ک میراتێک له‌دوای خۆی به‌جێی هێشت.
هه‌روه‌ها (هێنری فۆرد Henry Ford) له‌ میانه‌ی جێبه‌جێکردنی زانینه‌ مێژووییه‌کان به‌سه‌ر پرۆسەکانی دروستکردن و کۆکردنەوە (التصنیع و التجمیع)دا، شۆڕشێکی گەورەی لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا به‌رپاکرد. فۆرد بە لێکۆڵینەوە و باشترکردنی شێوازەکانی پێشوو، هێڵی کۆکردنەوەی جوڵاوی ئاشکراکرد، دیارە لە سەرەتای ساڵانی 1900 ئۆتۆمبێلەکان بە دەست دروست دەکران، ئەمەش وایکردبوو، کە نرخه‌که‌ی زۆر گران بێت و کەم کەس توانای کڕینی هەبێت. بەڵام لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی فۆرد لە مێژوو و چۆنێتی دروستکردن و په‌ره‌سه‌ندن و پرۆسەکانی بەرهەمهێنان لە کارگەکانی گۆشت و مۆبیلیات و… تاد، توانی بیرۆکەی هێڵی کۆکردنەوەی جوڵاو وەربگرێت.
ئه‌و لە ساڵی 1913 هێڵی کۆکردنەوەی جوڵاوی لە کارگەکەیدا ناساند. ئەم داهێنانە کاریگەری زۆری لەسەر تێچوو و خێرایی بەرهەمهێنان هەبوو. واته‌ ئەو کاتەی کە بۆ کۆکردنەوەی پارچه‌کانی ئۆتۆمبێلک پێویست بوو، لە 12 کاتژمێرەوە بۆ تەنها نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو کەمیکردووە. ئەم پێشکەوتنە لە کاراییدا تێچووی ئۆتۆمبێلی به‌شێوه‌یه‌کی به‌ر‌چاو که‌مکرده‌وه‌، ئەمەش وایکرد، کە بتوانێت بۆ بەشێکی فراوانتر لە خەڵک بەردەست بێت.
به‌مشێوه‌یه‌ دیده‌ مێژووییه‌کانی فۆرد بۆ پیشەسازی، نەک هەر پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی گۆڕی، بەڵکو پێوه‌رگه‌لێکی نوێی بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل بە گشتی دانا. واته‌ هێڵی کۆکردنەوەی جوڵاو بووە پێوه‌رێک بۆ زۆربه‌ی پیشەسازییەکانی دیکە، ئەمەش ئه‌وه‌ نیشان دەدات، کە چۆن هۆشیاریی مێژوویی دەتوانێت پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و ئابووری به‌ره‌وپێش ببات.

7) شیکاری ئابووری و داڕشتنی سیاسەت:
زانینی مێژوویی گرنگییه‌کی به‌رچاوی بۆ پەره‌سه‌ندنی سیاسەتی ئابووری کاریگەر و چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوچەرخەکان هه‌یه، بۆنموونە (جۆن ماینارد کینز John Maynard Keynes) ، ئابووریناسێکی دیار، (تێڕوانینە مێژووییەکانی) خۆی بۆ پەرەپێدانی ئەو تیۆریانە بەکارهێنا، کە لە سەدەی بیستەمدا شۆڕشیان لە سیاسەتی ئابووریدا به‌رپاکرد. تێگەیشتنی لە (ڕەوت) و (قەیران)ە ئابوورییە مێژووییەکان، وه‌ک چاوگێکی ئیلهام وه‌رگرتن وابوو، بۆ به‌رهه‌مه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی (تیۆری گشتی دامەزراندن و سود و پارە)، که‌ سیاسه‌تی ئابووری گشتی نوێی داڕشت. تواناکانی کینز بۆ شیکردنەوەی زانیارییە مێژووییەکان و بەکارهێنانیان بۆ پرسە هاوچەرخەکان، یارمەتی حکومەتەکانی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئاستەنگە ئابوورییەکان و به‌هێزکردنی گەشەسەندنی ئابووری بەردەوام دا.
هه‌روه‌ها (فرانکلین دی ڕۆزڤێڵت Franklin D. Roosevelt) ، سی و دووهەمین سەرۆکی ئەمریکا، تێگەیشتنی خۆی لە شێوازە ئابوورییە مێژووییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئه‌و بێبازاڕییه‌ گەورەیه‌ بەکارهێنا، که‌ له‌ سه‌رده‌مه‌که‌یدا سه‌ریهه‌ڵدا. دواترله‌ میانه‌ی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنه‌ نوێیه‌که‌دا- کە زنجیرەیەک چاکسازی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بوو- بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هاندانی بوژانەوەی ئابووری، سوودی لە ئه‌زموونه‌ مێژووییەکان وەرگرت. بۆیه‌ سیاسەتەکانی (ئابووری) و (حکومەت)ی ئەمریکایان گۆڕی، ئەمەش نیشانیدا کە چۆن زانینی مێژوویی دەتوانێت سود به‌ پرۆسه‌ی داڕشتنی سیاسەتی کاریگەر و پێشکەوتنی نیشتمانی بگه‌یه‌نێت.
به‌مشێوه‌یه‌ توێژینه‌وه‌ی مێژوو، کۆمەڵێک کارامەیی به‌هاداریی لە بوارە پیشەییە جیاوازەکاندا فه‌راهه‌م کرد. له‌ میانه‌ی لێکۆڵینەوەی نموونە مێژووییەکاندا، دەبینین کە تاکەکان چۆن به‌ زانیاری و لێهاتووییە مێژووییەکان به‌هره‌مه‌ند بوون، بۆ ئەوەی لە بواره‌کانی یاسا، ڕۆژنامەگەریی، ئەدەب، ستراتیجی سەربازیی، داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، تەکنەلۆجیا، ئابووری و… تاد، سەرکەوتوو بن. تێگەیشتن و بەکارهێنانی دیده‌ مێژووییەکان، دەتوانن ببنە هۆی پشکدارییه‌کی بەرچاو لە ته‌واوی بوارەکانی ژیاندا، ئەمەش وا دەکات توێژینه‌وه‌ی مێژوو ئامرازێکی گرنگ بێت، بۆ گەشەپێدانه‌ کەسیی و پیشەییه‌کان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت