رێبوار عابد محەمەد: زمانی جەستە – بەشی سێیەم و كۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

5- سەركوڕنووش بردن: مرۆڤ لەملكەچبووندا سەری بۆ خودای گەورە دادەنێت بە زەلیلی و كزۆڵییەوە. وە بۆ كەسێك كە پلەو پایەی لەخۆی بەرز ترە وەك فەرمانڕەوا، جگە لەوەش دلسۆزی و گوێڕایەڵی، لەوانەیە سەری دانەوێنێ بەرەو خوار مەبەستی بیركردنەوەو تێڕامان بێت، یان شەرم و خەجاڵەتی بێت، یان هەستكردن بە تاوان و پەشیمانی بێت،یاخود ماندوو بوون و هیلاكی بێت، ئەمەش لە گەل و هۆزەكەی پێغەمبەر ئیبراهیم – درودی خوای لەسەر بێت- ڕوویدا، كاتێك هەموو بتەكانی شكاندو تەورەكەی هەڵواسی بە ملی بتە گەورەكەیانەوە. كاتێك لێیان پرسی كێ ئەو كارەی ئەنجام داوە. وەك لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژەی پێكردووە: (قالَ بَلْ فَعَلَهُ كَبيرُهُمْ هَذا فَاسْلُوهُمْ اِنْ كانُواْ يَنْطِقُونَ) الانبياء 63. (وتی پێیان، بەڵكو گەورەكەیان ئەوەی ئەنجام دابێت، دەی ئێوەش پرسیاریان لێبكەن،گەر دەتوانن قسە بكەن). (ثم نكسوا على رؤوسهم ) الانبياء 65. (پاشان بەسەریان كوڕنۆشیان برد بە پێچەوانەوە. وەك ئەوەی خواری سەریان بەرەو ژوور برد – سەریان هەلگەڕانەوە لە ئاست دەركەوتنی ڕاستیەكان و خەجاڵەتی و شەرمەزاری ڕووی تێكردن بە كزۆڵییەوە لەبەردەم پێغەمبەر ئیبراهیم – درودی خوای لەسەر بێت.
6- ڕۆشتن بە پێیەكان: لەوانەیە هەندێ جار مرۆڤ ڕێبكات بە ڕێوڕۆشتنێكی هێمن و بێ چرپە، ئەمەش كاتێكە كە نیگەران و دلتەنگە، یان دۆڕاوە، یان لاوازە لەڕوی جەستەو دەروونییەوە. یان لە كەسانێكە كە خاوەنی ویقارو رێزلێگیراوە و خاكییە. یان كەسێكی خۆ بەزلزانە، یان لوتبەرز بێت.
A- ڕۆشتنێكی نەرم و لەسەر خۆ: ڕەنگە كەسێك بە ڕۆشتنێكی نەرمەوە بڕوات، گەر نیگەران بێت، یان دلتەنگ. یان لەڕوی جەستەیی و دەروونییەوە لاواز بێت. ئەم شێوازە ڕۆشتنەی دەبێت. خوای گەورە دەفەرموێت: ( وَعِبادُ أَلرَّحْمنِ أَلَّذِينَ يَمْشُونَ عَلَى الأَرْضِ هَوْناً.) الفرقان 63. (وە بەندەكانی ڕاستەكانی خوای بەبەزەیی ئەوانەن كە زۆر بە سەلاریی و نەرمیی لەسەر خۆو بێ دەعیەو فیز بەسەر زەویدا دەڕۆنە ڕێوە.
B- ڕۆشتنی بەشەرم و حەیا: خوای گەورە لە قورئاندا باسی كچەكانی پێغەمبەر – شعیب، درودی خوای لەسەر بێت، بەم شێوەیە دەكات: (فجآءَتهُ إحداهُما تَمشي عَلى اِسْتِحيآءٍ )القصص 25. (جا دوای تاوێك یەكێ لەو دووانە هات بۆلای موسا، كە بەئەوپەڕی حەیاو شەرمەوە دەڕۆیشت بەڕێدا.
C- ڕۆشتنی لوتبەرزانە: ڕۆشتنی ستەمكارانە، ئەوانەی دەورو بەریان بچوك دەكەنەوەو سووكایەتییان پێدەكەن. ( وَلاتَمْشِ في ألأرْضِ مَرَحَاً…) الاسراء 37. ( وە بەفیزو خۆ بەزلزانین و كەش و فشێكەوە، وەك لووت بەرزە ستەمكارەكان بەسەر زەویدا مەچۆ ).
7-كێشان بەڕوومەت و دەم و چاودا: ئەم ئاماژەیە ڕەنگە بۆ شەرم و حەیا، یان بۆ سەرسووڕمان بێت. لەلایەن خێزانەكەی پێغەمبەر ئیبراهیم – درودی خوای لەسەر بێت- بەكاری هێنا، كاتێك موژدەی منداڵێكی پێدراو لەكاتێكدا ئەو ئافرەتێكی پیرو نەزۆك بوو، خوای گەورە دەفەرموێت: ( فَأَقْبَلَتِ اْمرَأتُەُ في صَرَّةٍ فَصَكَّتْ وَجْهَها وَقالَتْ عَجُوُزٌعَقِيمٌ) الذاريات 29. (ئینجا ژنەكەی بە دەنگە دەنگ و هاوار هاوارەوە هاتە پێشێ، جا چەمۆڵەیەكی لە ڕوومەتی خۆێدا. وەك باوی ژنان.كاتێ كە شتێ جێی سەر سووڕمان بێت بیبیستن وا دەكەن، وتی ئەیڕۆ! منداڵی چی؟ خۆ من پیرە ژنێكم بێ زك و زا؟!.
8- دەربڕین بە ڕووخسار: وەك پێبەخشینی نیعمەتێك، یان ترس و تۆقین.
وَ إذا مَسَّهُ الشَّرُّ كانَ يَئُوساً) الأِسراء 83.
A- خوای گەورە دەفەرموێت: (وَ إذا أَنْعَمْنا عَلى الأنسانِ أَعْرَضَ وَنَئا بِجانِبهِ) وە هەر كاتێك نازو نیعمەتێ وەك سەروەت و سامان، تەندروستی و ئاساییش بە مرۆڤ دەبەخشین، ئەو خێرا لەخۆ بایی دەبێ و لە فەرمانی خوا ڕوو وەردەگێڕێ و دوور دەكەوێتەوە لە هەق، هەر كاتێكیش تووشی بەڵاو عەزیەت و تەنگانەیەك دەبێت بە تەواوی نائومێد دەبێت لە میهرەبانی خوا) .
B- ترس و تۆقین: خوای گەورە دەفەرموێت: (وَأَنْ أَلْقِ عَصَاكَ فَلَمّا رَآها تَهْتَزُّ كَأَنَّهَا جآنٌّ وَلَّى مُدْبِراً وَلَمْ يُعَقِّبْ يامُوسى أَقْبِلْ وَلاتَخَفْ إنَّكَ مِنَ الآمِنِينَ) القصص 31.
(وە دار دەستەكەشت فڕێدە، هەركە موسا فڕێیدا دیتی كە بەزۆر بەخێرایی و بەپەلە و تیژ وەك تیرە مارێك دەبزوێ و دەجووڵی، ئیتر ترساو پشتی لێهەڵكردو لای نەكرد بەلاوە. خوا هێوری دەكاتەوەوبانگی دەكات: ئەی موسا بەرەو ڕووی من وەرەومەترسە، چونكە تۆ لەوانەیت كە بێ باكن و هەردەم لە ئەماندان و لە هیچ شتێ ترسیان نییە.
C- ڕووخساری خەمناك و نیگەران: خوای گەورە دەفەرموێت: (وَإِذا بُشِّرَأَحَدُهُمْ بِألأُنْثى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدَّاً وَهُوَ كَظِيمٌ))النحل 58. (هەر كاتێكیش موژدەو هەواڵی كچێ بە یەكێكیان بدرێ، دەبینی دەم و چاوی ڕەش هەڵدەگەڕێ، دەروونیشی بەرامبەر خوا پڕە لە قارو ڕق و پییشدەخواتەوە خەریكە دەتەقێتەوە، هەر لەبەر ئەوە كچی داوەتێ!. ڕەشی ڕووخساری كردە مێتافۆڕێك بۆ غەم و پەژارە.
D- ڕووخساری ڕقبوون لە ڕاستیەكان: خوای گەورە دەفەرموێت: ( وَ إِذا تُتْلى عَلَيْهِمْ ءاياتُنا بَيِّناتٍ تَعْرِفُ في وُجُوهِ أَلَّذيِنَ كَفَرُوا ألْمُنْكَر يَكادُونَ يَسْطُونَ بِالَّذينَ يَتْلُونَ عَلَيْهِمْ ءايَاتِنا…….) الحج 72. ( كاتیك ئایەتە ڕوون و ئاشكراكانی ئێمەشیان بەسەرا بخوێنرێ، لەدەم و چاوو دیمەنی بێبڕواكاندا گرژی و تاڵیی و نكوڵی دەبینی، بەجۆرێكی وا نزیكە بە مستە كۆڵە هێرش و هەڵمەت بەرنە سەر ئەوانەی كەئایەتەكانی ئێمەیان بەسەردا ئەخوێننەوە). وەكو ڕووخساریان ئاماژەیە بۆ! چی لەناخیان دا دەگوزەرێ، تا ئەو كاتەی گەییشتۆتە ئەو ئارەزووی چڕیان بۆ چەوساندنەوەی خەڵكی باوەڕدارو هەوڵدان بۆ نەهێشتنیان هەیە.
E- ڕووخساری ریسوایی و چەوساوە: خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنْ أَحْسَنْتُمْ أَحْسَنْتُمْ لِأَنْفُسِكُمْ وَ إِنْ أَسَأتُمْ فَلَها فَإِذا جآءَ وَعْدُ الآخِرَةِ لِيَسُئوُا وُجُوهَكُمْ) الأسراء 7. (جا ئەگەر لە كاتی دەسەڵاتدا ئێوە چاكە بكەن و فەرمانی خوا بە جێبهێنن، دیارە هەر بۆخۆتان كەڵكی لێوەردەگرن و خۆ ئەگەر خراپەیش بكەن، ئەوە تۆڵەكەی هەر بۆ خۆتان دەبێت. ئەوەبوو هەركە خراپەتان كرد، دوژمن زاڵ بوو بەسەرتانا،كە گەڕاشنەوە بۆ لای خوا زاڵ بوونەوە بەسەریانا. ئینجا كاتێ سەرەی ئەنجامدانی بەڵێنی دوایی هاتە جێ بۆ تۆڵەتان، ئەو دەمەی كە یەحیاتان كوشت، جا لەتۆڵەدا بەندەكانمان دەنێرینە سەرتان كارێكتان پێبكەن كە نیشانەی خەمۆكی لە ڕوخسارتان و ناوچاوتاندا دیار بێت، واتە نیشانەی ڕیسوایی.
H- ڕووخساری تامەزرۆیانە: خوای گەورە دەفەرموێت: ((قَدْ نَرى تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي ألسَّمآءِ فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضاها فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ ألْمَسْجِدِ ألْحَرامِ وَ حَيْثُ ماكُنْتُمْ فَوَلُّوُا وُجُوهَكُمْ شَطْرَهُ) البقرة 144.
( بێشك دیتمانی ئەی پێغەمبەر! كە بەرەو ئاسمان چاو دەگێڕیی و دەڕوانیی و پێتخۆشە ڕوو بكەیتە كەعبە. دەسا دڵنیابە ئێمە لە نوێژەكاندا ڕووت بەرەو ڕووگەیەك وەردەگێڕین كە خۆت پێتخۆشە. جا تۆش ڕووت بەرەو(مزگەوت)ی (حرام)وەرگێڕە، وە ئێوەش ئەی بڕواداران! لە هەركوێ بوون دەبێ ڕووبكەنە لای (مەسجیدولحەرام)ـەوە).
J- گازگرتنی پەنجە بۆ ئاماژەدان بە تووڕەیی: خوای گەورە دەفەرموێت: ( وَإذا لَقُوُكُمْ قَالُواْ ءَامَنَّا وَإذا خَلَواْ عَضُّوُا عَلَيْكُمُ أَلأَنامِلَ مِنَ ألْغَيظِ قُلْ مُوتُواْ بِغَيْظِكُمْ) آل عمران 119.
( كاتێكیش پێتان بگەن – بە دوو ڕووی و ناپاكی خۆیان – دەڵێن: باوەڕمان هێناوە.كە تەنیا دەبن و لێتان دوور دەكەونەوە، لەبەر ڕقی خۆیان سەر پەنجەیان دەگەزن. ئەی پێغەمبەر!بڵێ: دەك بەو دەردو ڕقەتانەوە بمرن).
گەر ویستمان پوختەیەكیش بەرهەم بێنین و خوێنەر بە كورتی شتیكی لێ حاڵی ببێت.كاتێك باسی زمانی جەستە دەكەین كۆمەڵێك پرسیار دێنە بەرچاو، وەك ئایا دەتوانین چی بخوێنینەوە؟ ئایا مرۆڤەكان خودی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشكرا كردووە؟ ئایا دەتوانین وێنەیەكی باشتر لەخۆمان بگەیەنین بەبێ قسەكردنی زۆر؟.
1- ئەوەی ڕووخسار دەینێرێت: زانستی پەیوەندی نازارەكی بە پلەی یەكەم لەسەر بنەمای چاودێری و دەرەنجامەوە دامەزراوە. چاودێری مرۆڤەكانی ڕەنگ و ژینگەی جیاواز ،پەیوەندییەكی فراوان و هاوبەش لەو واتایانەدا ئاشكرا دەكات،كە جەستەیان لەكاتی دەربڕینی هەستە گشتییەكانی وەك سەر سووڕمان و ترس و تایبەتمەندییەكانی دەركەوتن لەسەر ڕووخسار لەكاتی بیركردنەوە، یان هەستكردن بە شەرمنی. بۆنموونە: ئەو زەردەخەنە سادەیە دەبینین كە ددانەكان تێیدا دەرناكەون.كاتێك تاكە كەسەكە بە وریاییەوە و بە شێوەیەكی فەرمی مامەڵە دەكات. هەروەها جۆرێك لە زەردەخەنەی پڕ درەوشاوە دەبینین كاتێك ددانەكان بەدەردەكەون لە كاتی بینینی دایك و باوك و هاوڕێیان. بەو پێیەش زۆر جار زەردە خەنەكە فراوانەو پەیوەستە بە پێكەنین و خۆشییەوەلەكاتی كۆبوونەوەكاندا. هەروەها زەردە خەنەی لاكێشە ئاسا نزیكە بە مەیلەو گرژو مۆنی. لە كاتێكدایە دۆخەكە خۆی دەسەپێنێت و پێویستیشە پابەندبیت بە ئادابە گشتییەكەوە. زەردە خەنەی ناچاری بكرێت سەرباری ناڕازی بوون بە بارو دۆخەكە.
2- پاڵنەرەكانی جووڵە: پیاسەكردن جووڵەیەكی میكانیكییە بۆ مرۆڤ و زۆربەی زیندەوەرەكانیش هاوبەشن تێیدا. چۆنێتیەكەی وەستاوەتە سەر بونیادی جەستەیی و بارو دۆخی جەستەی دروست. ئەمەش بەواتای ئەوەنایەت ئەم دیاردەیە تاك تێیدا جیاواز نەبێت و لەیەكێكەوە بۆ كەسێ تر ڕیۆڕۆشتنەكان و جووڵەكان دەگۆڕێت. بە شێوازێك دەتوانیت كەسێتیی تاك لە میانەی جووڵەو ڕۆشتنەكەیەوە دیاری بكەیت. ئەو زمانی جەستەی كە بەدەری دەخات وێنای ڕاستەوخۆی بارو دۆخی سۆزداری و دەروونیەتی. ئەمەش بە تێڕوانینی ماوەی نێوان هەنگاوو شێوازی وەستانی و پێگەی دەستەكانی، خێراو سووك لەگەڵ جووڵەی ئازادی دەستەكان بەڵگەی دڵخۆشی و ئارامییەتی. لەكاتێكدا ڕۆشتن بە هێواشی و دەستەكان لەنێو گیرفان و چاوی سەرگەردانی، بەڵگەیە بۆ بوونی خەمۆكی و مەیلی بۆ گۆشەگیری و نهێنی. سەبارەت بە كەسێك كە سەرقاڵی بیركردنەوە لەشتێك بێت تێبینی بكە دەستەكانی لە پشتەوەن و سەری دانەواندووەو لەسەر خۆ دەڕوات. بە پێچەوانەی كەسێكی متمانە بوو یان سەركەوتوو، سەری بەرز كردۆتەوەو چەناگەی بۆ پێشەوەو بە جووڵەی زیادە ڕۆییەوە، دەست و جەستەیەكی گورج و بەشەوق و توندی كاریگەر.
3- ئاماژەكانی متمانەبەخۆبوون: متمانە هەستێكی ڕێژەییە كە تاك دەبێتە خاوەنی و ڕەنگدانەوەیەكی دەرەكییە بۆ گەییشتن بە ئەو ژینكەیەی كە لە دەرو بەرتە. ئەمەش هەستێكی دوو لایەنەیە، جا ئەگەر ئاستەكەی جێی ستاییش بێت دەرەنجامەكەی پێی دەوترێت خۆ كۆنترۆڵكردن. خۆ ئەگەر زیادی كرد ئەوا دەگۆڕێت بۆ لەدەستدانی كۆنترۆڵ و دەمار گیرییەكی بێ پاساو لەسەر شتێك كە شاییستە نەبێت. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی سیفەتێكی خوازراوەو پێویستە بوونی هەبێت، باشترە لە مامەڵەكانی رۆژانەو كردارەكاندا دەر بكەوێت. وە بە تێڕوانین لە بەڵگەكانی متمانە بەخۆ بوون بە پێی ئەو پۆلێنەی كە كردمان، بۆمان دەردەكەوێت كەسێكی متمانە بەخۆ بوو، زۆر دەربڕینی دەموچاو بەكار ناهێنێت و جووڵەی هەڕەمەكی، وەك داپۆشینی دەم، یان لووت، یان سەر خوراندن بەكار ناهێنێت. جگە لەوەش پێیەكانی لە جێی خۆیانن و بەژن و باڵا ڕێكن بێ ئەوەی مەیلیان بۆ پێشەوە بێت. هەنگاوەكانیشیان فراوانن و سەبارەت بە شوێنی دەستەكانیش زۆر جار لە شێوەی تاوەرێكدا دەیانبینین. ئەم جووڵەیە ڕەنگە بە ڕەنگدانەوەی زیادە ڕەوی لە متمانە لە قەڵەم بدرێن. لەوانەیە بگاتە ئاستی خۆبەزلزانی و لووتبەرزی. ژنان لەڕوی پێگەی دەستەكانەوە جیاوازن لە پیاوان، ئەوان دەستەكانیان لە ئاستێكی نزمتردا و كەمێك لە خوار كەمەریانەوە، لە كاتێكدا پیاوان دەستەكانیان لە سەر سنگ و بەرزتریش دادەنێن. هەڵوێستێكی تر هەیە كە توێژەران پشتی پێدەبەستن سەبارەت بە شێوەو دانانی دەستەكان. ئەویش دانانی لەپی دەستەكانە لەسەر یەكترو لەپشتەوەو بەرەو دەرەوە دەردەكەون، ئەمە نوێنەرایەتی پێگەیەكی دەسەڵاتدار دەكات. وەك فەرماندەی سوپا كاتێك شوێن سەربازەكانی دەكەوێت. یان بەر پرسێكی كۆمپانیا لەكاتی پشكنینی كرێكاران دەكات. یاخود پێشكەشكردنی وتارێكی گرنگ. وە بە نیسبەت چاو تێڕوانین و بەردەوام بوونیان ئەوەی زیاتر متمانە جیادەكاتەوە توانای تاكە كەسە لەپاراستنی چاویان لە نەتروكاندن و دانەخستینانە لە ئاست بەرامبەرو بەردەوامی قسە كردن. ئەوەشمان لەبیربێت ئەو كەسەی متمانەی بەخۆی هەیە سنوور لە نێوان خۆی و قسە بۆكراودا دانانێت. چونكە دانانی شتەكان ئەگەر چی بچوكیش بن ئاماژە دەبێت بۆ خۆ شاردنەوەو ترس. ئەمەش دانانێكی بەرگریكارانەیە متمانە پێكراوان پشتی پێنابەستن.
4- چارەسەركردنی پەیوەندییەكان: واتاكانی ئاماژەی نازارەكی بە هەل و مەرجی دەورو بەرو بە سروشتی جیاوازی پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكان دیاریدەكرێن. لەم سەرو بەندەدا نموونەی پەیوەندییەكانی دایبابانن بە منداڵەكانیانەوە و خۆشەویستان و نەناسراوەكان بەیەكتری، و باڵا دەست و ملكەچ و فرۆشیار و كڕیار. حاڵەتی پەیوەندی نێوان دایبابان بە منداڵەكانیانەوە، دایك بەتایبەتی لە ڕوی سۆزدارییەوە زیاتر پەیوەندی پێیەوە هەیە، وای لێدەكات بەر لەوەی قسەبكات لە ئاماژەكانی تێدەگات. زانایان تێبینی ئەوە دەكەن سەرباری جیاوازی پێداویستییەكان دایك بە تۆنی دەنگ و گریان و تەنها وشەیەك لێیان حاڵی ببن. وە لە قۆناغێكی پێشكەوتوو تردا – هەرزەكاری، زیاتر درك بەو شتانە دەكرێت كە لەمێشكیدا دەخولێتەوەو وردەكاری بارو دۆخی دەروونی بە شێوەیەكی باو. منداڵەكان زۆر بە زەحمەت توانای درۆكردنیان هەیە بەرامبەر دایەو بابانیان، زۆرجار دوچاری ئاشكرا بوونی درۆكانیان دەبن، دایبابان شێوازی ئاشكرا بوونی ڕاستیەكان پەی بێدەبەن. زۆر بەوردی درك بە سروشتی ئاماژەكانیان دەكەن. لەو ئاماژانەش: نكە نك، دانانی دەست لەسەر قوڕگ یان لووت، سەر یان مل خوراندن، یان ڕوانین بۆ خوارەوە، یان دوور كەوتنەوە لە بەریەك كەوتنی ڕاستەو خۆ. لەرزینی شانەكان، تەڕ كردنی لێوەكان، قووتدانی لیكی بەردەوام.

ئەنجام:
لەسەر بنەمای ئەوانەی سەرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی خوارەوە:
ئەویش ئەوەیە كەئەوەی تۆ دەیڵێیت؛ هەمیشە لە هەموو بارو دۆخەكانداگرنگ نییە كاتێك كە مرۆڤەكان بۆ یەكەمجاردەبینین، بە خێرایی حوكم لەسەر ئەوە دەدەین كە ئایا دۆستانەن یا باڵا دەستن، یان پۆلێن بەندییەكی تر یان نا؟ و چاوەكانیان یەكەم شت نین كە ئێمە سەیری دەكەین. وشەكان بە شێوەیەكی سەرەكی وەك لەسەرەوە باسمان كرد بۆ گەیاندن و گەیاندنی زانیاری بەكاردێت. سەبارەت بە زمانی جەستە بۆ تەواوكردنی بارودۆخەكانی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكان بەكار دێت. هەروەها وەك جێگرەوەیەك بۆ پەیامە زارەكییەكان بەكار دەهێنرێت. بۆنموونە: یەكێك لە ئێمە دەتوانێت( نیگایەكی كوشندە) بە ئەوی دیكەمان بدات و بەم شێوەیە پەیامێكی ڕوونی پێبگەیەنێت، بێ ئەوەی تەنانەت دەمی بكاتەوە.

سەرچاوەكان:
اسرار للغة الجسد تساعدك على قراءة افكار الشخص ….. ايمان حكيم.
15تلميحا من لغة الجسد سيجعلك بارعا في فهم الاخرين…. Arabic.com
حقائق مثبتة لقراءة لغة جسد الاشخاص من حولنا….. for 9a.com/learn
الاتيكيت و لغة الجسد …… نيرمين الابيض
لغة الجسد : مفهومها و اهميتها وكيفية قراءتها؟….. اعمل بيزنس
Psychology today.inc.com
لغة الجسد في القرآن الكريم ….اسامة جميل عبدالغني.
لغة الجسد في القرآن الكريم …. د.عبدالقادر مغدير.
كيف تقرأ شخصا مثل الكتاب ….. جيرارد آي .هنري إتش .جابرييل جرايسون.
تەفسیری ڕامان … خوالیخۆشبوو – مامۆستا مەلا ئەحمەد كاكە مەحمود.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت