ڕەووف محەمەد ئالانی: هەڵوێست وەرگرتن دژی پاوانخوازی و نادادی کۆمەڵایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەرەتای دەستپێکی وتارەکەم، دەمەوێ ئاماژە بە هەڵوێست بکەم و بیناسێنم؛
هەڵوێست، دەربڕینی کۆمەڵێک هەست و بیروباوەڕ و ڕەفتارە بەرامبەر بە ڕووداوێک یان بابەتێک یان بابەتگەلێکی وەک (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و ئابووری و… هتد.
هەڵوێست وەرگرتن زۆرجار بەرامبەر کردار و هەڵوێستی کەسێکیش سەرچاوە دەگرێت، واتە هەڵوێستی تاکە کەسی ئەویش لە کاتێکدایە کەسی بکەری رەفتارەکە لای ئەوی تر بە نامۆیی و پێچەوانە لێکدەدرێتەوە، لە بەرامبەردا هەڵوێستی لەسەر وەردەگرێت، هەڵوێستەکە، یان هەڵچوون دەبێت کە بە وتن و دەربڕین، یان دەنگدابڕان و زویر بوون دەبێت.
ئەمەش لە بواری دەروونناسیدا وەک ئارەزوویەکی بەدەست هێنراو پێناسە دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی کەسەکان، لەسەر کێشە و شت، یان ڕووداوەکە بە شێوەیەکی دیاریکراو، ئەم هەڵسەنگاندنانە زۆرجار ئەرێنی دەبن کەسی بکەر سوودی لێدەبیننێت و ئەو ڕەفتارە باش دەکات و دووبارەی ناکاتەوە، یان نەرێنی دەبێت کەسەکە مامەڵە ناشیاوەکە بەردەوام بکات و بیکاتە ڕکەبەری و سورتربێت لەسەر ڕەفتارەکەی. یان لەوانەیە هەندێکجار نادیار و شاراوەبن و لای زۆر کەس نەگەنە ئامانج و مەبەستی ڕوون و دیار.
لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەڵوێست بەپێی سەردەم و کات و شوێن، شێوازەکانی و قۆناغەکانی ژیانی ژیاری کۆمەڵگەی کوردەواری گۆڕانی بەسەردا هاتوە و دیاریکراوە، چونکە کورد نەتەوەیەک بووە هەمیشە لە هەوڵ و خەباتدا بووە، بۆ ڕزگاری و خۆپاراستن و بەرگری لە خاکەکەی و خۆی وەک نەتەوە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەرزترین لوتکەی هەڵوێستە.
گەل و نەتەوەی زیندوو ئەوەیە، کە ڕێگە نەدات دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی نیشتمانەکەی یان ئەو حکومەت و کەسانەی بەڕێوەی دەبەن، لە جیاتی ژیانی ئاسایی وەک مرۆڤ بژین و هاوسەنگ و یەکسان بن لەگەڵ هاونیشتمانیەکانیان. نەک ببنە چەوسێنەرو پاوانخواز ئەوەش بە دروستکردنی دەیان ڕیکخراوو کۆمەڵەی سەربەخۆ و فشار تا ببنە بەربەست لەبەردەم دروست بوونی خەونی بە دکتاتۆر بوونی دەسەڵات و ڕیبگرن لە هەستی پاوانخوازی و ستەمکاری ئەو دەسەڵاتە.
ئەکرێ هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی هەڵوێست بکەینە چەند قۆناغێک پێش ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991 خەڵکی کوردستان لە سەنگەری بەرگرییەکی سەختدا بووە بەرامبەر ڕژێمی بەعسی ڕوخاو و گەورەترین قوربانیش هەر خەڵک داوێتی.
ئەو هەڵوێستە بە ئامانج و ئاکام گەیشت، بەهۆی وەدەرنانی ئەو ڕژێمە لە هەموو شار وشارۆچکەکانی کوردستان، لەبەرامبەردا ڕژێم دامودەزگاکانی کارگێڕی لە هەرێم کێشایەوە، هێزە کوردییەکانیش بەهۆی دروستبوونی بۆشایی کارگێڕی، ساڵی 1992 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ئەنجامدا و یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، لێرەوە پەنجا بە پەنجا واتە دابەشکردنی دەسەڵات بۆ دوو هێز، پاش ئەوە ساڵی 1994 بەهۆی ناکۆکی و ململانێی حیزبەکان و یەکتر قبوڵنەکردن شەڕی خۆبەخۆی کورد دروست بوو، لە ئاکامدا سەدان ڕۆڵەی کورد بوونە قوربانی و دوو زۆنی و دوو جوگرافیای سیاسی لەهەرێم هاتە کایەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەوەی بۆتە جێی سەرنج و باس و تێبینی زۆر کەس، ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان هەمیشە هەڵوێستیان هەبووە لەو کاتانەی پێویست بووبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دەسەڵاتداران گوێیان بە خواستی خەڵک نەداوە و بە پێچەوانەوە، هەڵوێستیشیان لە ناو هزری تاکی کورددا کوشتووە.
تەنانەت ئەوەندە بێ پلان و بی بەرنامە کاریان کردووە، بە هۆی پابەند نەبوون بە یاسا و بوونی هێزی تایبەت و کەسی، کە بۆ مەبەستی پاوانخوازی بەکاریان پاوانخوازی بەکاریان هێناوە، لە ئەنجامدا ستەم و نادادییەکی زۆر هاتۆتە ناو هەرێم و دەنگی ناڕازی زۆر بووە.
ئەو دەنگە ناڕازییانە پێویستیان بە هەڵوێستە، بەڵام هەلومەرجی ڕامیاری و ئاستی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و دەستوەردانی هەرێمایەتی، هەستی بەرپرسیارێتی لای هاوڵاتیان ناڕەزایەتیەکانی کردوە بە گوفتار نەک هەڵوێستی کرداری، ئەمەش بۆ نەبوونی دادگایەکی بێلایەن و سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.
هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر دەسەڵاتی پاوانخواز گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیان و بەرقەرار کردنی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا. ئەوەی نیگەرانی دروست کردوە لای خەڵک، داگیرکردنی موڵکی گشتیە لەلایەن بەرپرسان و کۆمپانیاکانی حیزبە باڵا دەستەکان، چونکە بەگشتی لەم هەرێمە لەجیاتی ئاوەدانی و کامەرانی، پاوانخوازی و وێرانکردن و داگیرکردن بۆتە پیشەی بەرپرسان و کۆمپانیاکانیان. تەنانەت دەست درێژی کراوەتە سەر موڵکی پەروەردە و پاوانگە ولەوەرگە و موڵکی (مساطحة). واتە ئەو موڵکەی هی حکومەتە و بۆ ماوەیەکی دیریکراو بە پێی مەرج و گرێبەستی کاتی دیاریکراو دەدرێت بە کەسێک، یان کۆمپانیایەک. لە ئێستادا ئەو زەویانە زۆربەیان داگیرکراون لەلایەن بەرپرسانەوە.
لەسەر لایەن و ئەو کەسانە پێویستە هەنگاوەکانی هەڵوێست وەربگرن، لە بەرامبەر ئەو پاوانخوازیانەی کراوە، کە هەڵوێستیش بەچەند ڕێگە وهەنگاوێک دەکرێن ئەوانیش بەشێکیان ئەمانەن:
1- دەرکردنی نوسراوی ناڕەزایەتی
2- خۆپیشاندانی ئاشتیانە و مەدەنیانە
3- ڕەخنەگرتن لەرێگەی میدیاوە(نوسین وبەدواداچوون و چاوپێکەوتن و توێژینەوە)
4- هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
5- پشتیوانی کردنی ئۆپۆزیسیۆن(ئەگەر هەبێت)
6- داواکردن لە داواکاری گشتی تا ڕێگربێت لە پاوانخوازی(لە کاتی دڵنیا بوون لە سەربەخۆیی دادگاکان).
ئەو هەنگاوانەی سەرەوە، ڕێگەکانی وەرگرتنی هەڵوێستن، کە لەم هەرێمەی ئێمە بەشێکیان ئەنجامدراون، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی و ڕەخنەیە بۆ سەر لایەنی ئەنجامدانی کاری پاوانخوازی، هیچ وەڵام وبۆچونیان نەبوە لەسەر ئەم خواستە گرنگەی خەڵک کە هەڵوێستە.
ناڕەزایی دەربڕین پێویستیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لەمپەر وبەربەست بۆ کاری خراپ و قێزەوونی پاوانخوازی دابنرێت، (مارتن لۆسەر) لەسەر وەرگرتنی ناڕەزایی وتوێتی(هەر کەسێک گیانی مرۆڤدۆستی هەبێت، دەبێت بڕیار بدات کە چ جۆرە ناڕەزایەتییەک لەگەڵ بیروڕاکانیدا دەگونجێت، بەڵام دەبێت هەمووکەس ناڕەزایەتی دەرببڕێت).
لەم وتەیەی (لۆسەری) مەزن ئەوەی دەبێتە پێوەر و پێوانەی بوونی کایەی چاودێری و بەدواداچوون، هەڵوێست وەرگرتنە، لەسەر هەموو کایەکانی ژیان، لەو کاتەشدا ئەوەی قووڵدەبێتەوە وبەدی دێت، دوو ئامانجی گەورەن بۆ ژیان ئەوانیش، بوونی دیمۆکراسی ڕاستەقینە و یاسا ودادگایەکی سەربەخۆیە، کە هەموو مرۆڤەکان لەسایەیاندا بە کامەرانی شاد دەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت