شـــــــوان خورشـــــــید: ئێران لە خەوشی خەونەکانی دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی لەساڵی 1979 ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەستی گرت بەسەر ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و جێگای ڕژێمی شاهەنشاهی گرتەوە، بە حیسابی خۆی دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو ڕۆژئاوایەو لە بۆنەو نابۆنەکانیدا سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەحشە دوپات دەکەنەوە، بەگوتارو پەیامەکانیان. بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، هیچ کام لەو بڕیارو لێدوانانەی بەرپرسە باڵاکانی ئێران نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە دژی ڕۆژئاوا، بە ئەمەریکاو هاوپەیمانانی و لە نێویان دا ئیسرائیل کە نزیکترین شوێنە تا دەستیان پێ بگات.
لە ڕاستیدا ئێرانیەکان وتەیەکی بە ناوبانگیان هەیە دەڵێن؛ لە سیاسەتدا ڕەش و سپی نیە. یان دەڵێن؛ سیاسەت دایک و باوکی نیە. ئەم وتە بەنرخەیان، ڕێک ئەم بارودۆخەی ئێستا هەڵدەگرێ،گەر نا بە قەولی خۆیان دەیانەوێ ئیسرائیل لەسەر نەخشە بسڕنەوە. هەر وەک خۆشیان بانگێشەی بۆ دەکەن کە مەبەستیانە، ئەو کارە ئەنجام بدەن. بەڵام کە نایکەن،چەندین نیشانەی پرسیار لەو نێوەندەدا هەڵدەتۆقێ. وەک دەبینین هەر لە دروست بونی ڕژێمی جمهوری ئیسلامیەوە تا ئەمڕۆی لە گەڵ دا بێ هیچ کام لەو دوو ڕژێمە پەلاماری بەرژەوەندی یەکتریان نەداوە بەشێوەی ڕاشکاوی، تەنها ئەوە نەبێ کاتێ کۆنسوڵخانەی ئێران لە سوریا لەلایەن تەلئەبیبەوە کرایە ئامانج و چەندین بەرپرسی ئێرانی تیادا کوژرا، ئێران دوای هەڕەشەیەکی زۆر و خۆئامادەکردنێکی لەڕادەبەدەر ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکیتی ڕەوانەی ئاسمانی ئیسرائیل کرد،کە زیانی گیانی تەنها مناڵێکی لێ کەوتەوە، ئەوەش بە شێوەیەک بوو کە هێڕشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران هەموو جیهان ئەیزانی لە چ کات و ساتێک ئەنجام ئەدرێ تا ئیسرائیل ڕێوشوێنی خۆی بگرێتە بەر،کە هاوکاریەکی باشی ڕژێمی ئێران بوو بۆ دوژمنە سەرسەختەکەی بە قەولی خۆیان، ئیسرائلیش هەمان سیناریویی دوبارە کردەوە، کاتی قسە لەسەر هەڕەشەی ئەمجارەی ئێران دەکەین کە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنیەیە،کە هەم میوانی فەرمی کوماری ئیسلامی ئێرانەو هەم هاوپەیمانی ڕوح بە روحیانە، لە ناوجەرگەی تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج، کە پێشیلکردنێکی نیودەوڵەتیە. ئێران هەمان هەڕەشەو قەوان لێدەداتەوە کە لە تۆڵەی کونسوڵگەریەکەیان کردیان، خەریکن هەموو جیهان تێدەگەیەنن لە کات و ساتی ئەنجام دانی هێڕشەکەیان. بەڕاستی لە قوتوی هیچ عەتارێکیش دا نیە،کاتی بتەوێ پەلاماری نەیارەکەت، بدەی پێشوەختە ئاگاداری بکەیتەوە. کاتی جوڵەو جۆری لێدانەکەی چ جۆرە میکانزمێکە، ئەوەی ئێران بەو جۆرەیە.
جا لێرە گومان دروست دەبێت بەوەی لە سیاسەتدا ڕەش و سپی نیە، یان هەر ڕاستە سیاسەت بێ دایک و باوکە. ئاخر وەرن بڕوانن، ئەوەی ئیسرائیل بە ئێرانی دەکات کەم نیە هەر لە کوشتنی عالمەکانی چەکی نەوەوی لە بناگوێی ڕابەرو سەرۆک کۆماری ئێران تا دەگاتە بە ئامانج گرتنی کونسوڵخانەی لە سوریاو کوشتنی میوانە خۆشەویستەکەیان لە پایتەخت و لەژێر چەتری پاراستنی توندوتۆڵی ڕژێمەکەی، ئەمە جگە لە بە ئامانج گرتنی حوسیەکان و حیزبوڵای لوبنان و لایەنگرانی لە سوریا و عێراق. ئەی ئێران دوای ئەو هەموو هەڕەشەو پەیامە شەڕانگێزیانە چی لە هەگبەکەیان دایە، جگە لە ڕوو سپیکردنەوەی ڕژێمەکەیان تا باری لاری خۆیان ڕاست بکەنەوە، گوایە پەلاماری ئیسرائیلیان داوەتەوە. وەک ئەو پەلامارەی کە کردیانە سەر ئیسرائیل، ئەوەش بە جۆرێک بوو، نیوەی درون و موشەکەکانیان لە هەرێمی کوردستان و ئوردن کەوتنەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی ئابوری، یان سەربازی ئیسرائیل تێک بدات.
ئەمەی ووتمان ڕێک بۆ ئیسرائیلیش هەر وایە، چونکە ڕژێمەکەی تەلئەبیب، سیاسەتی درێژخایەنی وایە، ئەوەی بیەوێ خوێنی مناڵێکی جولەکە بڕژێنێ تا سەر ئێسقان دژایەتی دەکات و لە تۆڵەی خوێنی یەهودییەک شەپۆڵی خوێن بەرپا دەکات. چونکە لەو ڕوەوە لێبوردەیی نیە، بەڵام دەبینین تا ئەمڕۆ هیچ لەو دەرکەوتانە لەلایەن ڕژێمی ئیسرائیلەوە بەرامبەر ئێران نەکراوە کە ببێتە هۆێ ئیفلیج کردنی ئێران بەتەواوەتی. بۆ نمونە پەلاماری وێسگەی ئەتۆمی ئێرانی نەداوە کە دەیتوانی پەلاماری بدا، وەک ئەوەی هێڕشی کردە سەر بنکە ئەتۆمیەکانی عێراق، چونکە ئەگەر ڕاست بێ و ئێران و ئیسرائیل، یان ئەمەریکا بە جدی وەک ئەوەی دەیڵێن؛ دوژمنی یەکترن، پەرەسەندنە ئەتۆمیەکەی ئێران هەڕەشەو مەترسیە بۆیان، ئەی کە دەستی بۆ نەبراوە، دەیان نیشانەی پرسیار دروست دەکەن. کەواتە بە قەولی ئێرانیەکان سیاسەت ڕەش و سپی تێدا نیەو ڕێک بێ دایک و باوکە. ئەوەی دەمینێتەوە ئەمجارەش ئێران هێڕشێک لە شێوەی ڕابردوی دەکاتە سەر ئاسمانی ئیسرائیل، ئامانج لێی تەنها ڕوو سپی کردنەوەی ڕژێمەکەیەتی وەک ئەوەی بڵێ منیش هەم، بەجۆرێکیش هەموو جیهان تێدەگەیەنێ لە کات و جۆرو شێوەی وەڵامدانەوەکەی، ئەمینێتەوە ئیسرائیل. چونکە ئەوان دەڵێن هەر پەلامارێک لە لایەن ئێرانەوە وەلامدانەوەکەی دوو قات دەبێت، لە کاتێکدایە کەلانی ئێران بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن. ڕژێمی ئێرانیش لە عێراق و سوریاو لبنان و یەمەن چەندین گروپی چەکداریان دروست کردوەو بۆ مانەوەی خۆیان بەکاریان دەهێنن. خەڵکی ئێرانیش بە دەست برسێتی و نەبونیەوە بڕستیان لێ هەڵگیراوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت