میران محەمەد: 138 پاڵاوگەی نایاسایی نەوت تەنها لە یەك پارێزگا!؟
لە زاری بەرپرسان خۆیانەوە، تەنها لە سنوری پارێزگای هەولێر 138 پاڵاوگەی نەوتی نایاسایی هەیە. لەو هەموو پاڵاوگەیە تەنها سیان، یان چواریان ڕەنگە مۆڵەت پێ دراوبن! دەنا ئەوانی تر هەر هەموو یاساغ و نایاسایین!؟
سالانێکی زۆرە هاوڵاتیانی بەش مەینەت بە گشتی و دڵسۆزان لە ڕۆشنبیران و ژینگەپارێزان و پسپۆڕانی تەندروستی بە تایبەتی گلەیی و گازندەیانەو داوای داخستنیان دەکەن. بەڵام کەس گوێی لێ نەگرتوون. گەرچی زۆر درەنگە، بەڵام هێشتا داخستنیان کارێکی باشە، گەر هەرسێ پارێزگارەکەی هەرێم بگرێتەوە و چاوپۆشی لە هیچ یەکێکیان نەکرێت.
وەلی دەبێ لای هەموان ئاشکرابێت ئەو داخستنانە بە دڵنیاییەوە لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا، نە لەبەر خاتری چاوی کاڵی هاوڵاتیانە، وە نە بۆ گەڕانەوەی سەروەری یاسایە. بەڵکە زیاتر بە هۆی شکستی سیاسەتی ئابوری و تەسك بوونەوی ڕوبەری دەسەڵاتەکانی حوکەمەتی هەرێم خۆیەتی، کە ناتوانن چی تر کارئاسانیان بۆ بکەن و وەك پێشو نەوتی خاویان بۆ دابین بکەن. ئەوەش لەژیر هەژمونی فشارە زۆرو کاریگەرەکانی حکومەتی بەغادا لە لایەكەوەو دیاردەی باڵباڵێن و کێشەو ناکۆکیە قووڵەکانی ناو حیزبەکان خۆیان و ڕکەبەرایەتی ناشەریفانەی یەکتریان لەلایەکی ترەوە.
بۆیە کۆمەڵانی خەڵکی پێش دڵخۆش بوون و دەس خۆشی لێ کردنی داخستنی وەك ئەڵێن ئەو هەموو پاڵاوگە نایاساییانە، پێویستە ئەم پرسیارانە ئاڕاستەی بەرپرسانی بەناو حکومەتەکەیان بکەن؟:
1- کێن خاوەنی یەکە بەیەکەی ئەو هەموو پاڵاوگە نایاساییانە؟
2- چۆن توانیویانە دایانبمەزرێنن و ساڵانێکی دورو درێژ لەگەڵ نایاسابوونیشیاندا بە ئاشکرا کار بکەن و بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە؟
3- گەر نایاسیایین چۆن و کێ ڕێی دامەزراندن و کارکردنی پێداون و نەوتی خاوی پێداون بۆ پاڵاوتن؟
4- گەر بە بەلاش نەبووە، بە ڕەزامەندی کێ و بە چ نرخێك ئەو نەوتە خاوەیان پێدراوەو پارەکانی چوونەتە چ سندوقێك یان چ باخەڵێکەوە؟
5- بەرهەمەکانی ئەو پاڵاوگانە گەر نایاسایین چۆن چۆنی و لە کوێ ساغکراونەتەوەو چۆن و کێ چاوپۆشی لێ کردون و ڕێگەیان پێ داون؟
6- ئایا باجی دەسکەوت و دەرامەتی ساڵانەیان داوە؟ یان سەرانەیان بە چ بەرپرسێك داوەو کێ لێ وەریگرتوون؟
7- حکومەتێك بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە:
* گەر ئاگای لە دامەزران و بوون و کاری نایاسایی ئەو هەموو پاڵاوگانە نەبووبێت و بە ئاسانی نەوتی خاوی وەزارەتی سامەنە سروشتیەکانیان بۆ دابین کرابێت! ئەبێ چ حکومەتێك بێت و کارامەیی و دڵسۆزی و دەسپاکیەکەی لە کوێدا بێت و چۆن دڵی پێ خۆش بکرێت و بێ لێ پرسینەوەی جدی لێی دەرچێت؟
* خۆ گەر دەرکەوێت ئاگاشی لێ بووە و لێی بێ دەنگ بووە، ئەوا وەك ئەوترێت دەچنە خانەی تاوانبارن و خیانەتکار بە سەروەت و سامانی وڵاتەوەو عوزر بۆیان لە قەباحەت خراپتر ئەبێت. پێویستە لێپرسینەوەی قوڵ و دادپەروەرانە بکرێت کە بۆ تا ئێستا هەموو ئەو بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارە حکومیانە لەپاڵ خاوەنی ئەو پاڵاوگانەدا نەدراون بە دادگا بۆ وەرگرتنی سزای شایستە بە تاوان و سەرپێچیەکانیان؟
8- گومانێکیتریش ئەوەیە کاتێ هەواڵی داخستنی ئەو پاڵاوگانە بڵاوئەکەنەوە، بەهیچ شێوەیەك باسی دەسبەسەرداگرتنی پێکهاتەو موڵك و سەرمایەکانیان ناکەن؟ لە کاتێکدا لە سەرانسەری جیهاندا هەر ڕێخراو و کۆمپانیاو کارگەو دامەزراوەیەکی نایاسایی کاتی ئاشکرا بوونی، بە گوێرەی یاسا کار پێ کراوەکانی وڵاتەکە لەگەڵ فەرمانی داخستنیاندا، دەست بەسەر هەموو پێکهاتەو موڵك و ماڵ و سەروەت و سامانەکانیاندا دەگیرێت خاوەن و هاوبەش و هاوکارەکانیان دەسگیر دەکرێن و دەدرێن بە دادگا.