بورهان شێخ رەئوف: كاریگەریی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە لەسەر جەنگی غەززە.
بزووتنەوەی حەماس دوو ئۆرگانی سەرەكی بەڕێوەی دەبات، یەكێكیان مەكتەبە سیاسییەكەیەتی لە دەرەوە کە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی بزووتنەوەكە دەكات، بە تایبەتی لە كۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەكاندا، بە دیاریكراویش لە دەوحەی پایتەختی قەتەر و تائێستا هەنیە سەركردایەتی دەكرد، ئەوی تریان باڵی سەربازیی كەتیبەكانی قەسام و جێبەجێكردنە لە غەززە كە یەحیا سنوار سەرپەرشتیی دەكات. ئەگەر ئەو ئاڵۆزیی و جەنگە لە زووترین كاتدا چارەسەر نەكرێت، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگێگی وێرانكەر نزیك دەكاتەوە.
سەرپەرشتی هەموو وتوێژەكانی دەكرد
لە ساڵی 2017ەوە ئیسماعیل هەنیە بەرپرسیارێتی مەكتەبی سیاسیی حەماسی گرتۆتە ئەستۆ و لەنێوان وڵاتەكانی قەتەر و توركیا و جارجاریش ئێران لە جموجووڵدایە، چونكە مانەوەی لە غەززە بواری ئەو جموجوڵانەی پێ نەدەدا، بەڵام تا ئەوكاتەی لە تاران كرایە ئامانج، سەرپەرشتیی هەموو وتوێژەكانی ئاگربەست و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەكییەكەیدا دەكرد کە ئێرانە.
كۆسپ لە بەردەم ئاگربەستدا لە غەززە
ئەوەی روویدا لە كوشتنی ئیسماعیل هەنیەدا لە تارانی پایتەختی ئێران، دۆخەكەی زۆر ئاڵۆزتر كرد لە هەموو روویەكەوە، بۆیە پێدەچێت كۆسپی گەورە بخاتە بەردەم هەر هەوڵ و كۆششێك بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە لە ئایندەی نزیكدا، بەڵام لە دوورمەودادا ئەو كاریگەرییەی نابێت، چونكە حەماس لەگەڵ كوژارانی سەركردەكانیدا راهاتووە و سەركردەی نوێ هەڵدەبژێرێ و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو رێبازەی كە ساڵانێكە درێژەی پێداوە.
هۆكارێك بۆ درێژەدان بە جەنگ
كوژرانی هەنیە هۆكارێك دەبێت بۆ درێژەدان بەو جەنگە و دواكەوتنی پەسەندكردنی هەر رێككەوتنێك بۆ ئاڵوگۆڕی دیل و بە بارمتەگیراوەكان، تەنانەت وا پێشبینی دەكرێت وتوێژ و دانوستانی نێوان حەماس و ئیسرائیل دوابكەوێت بۆ داوی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و ساڵی 2025دا.
جێگرەوەیەك بۆ هەنیە
لە هەمانكاتیشدا كوژرانی هەنیە فاكتەرێك دەبێت بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەیەكی زۆر توندڕەو بۆ شوێنەكەی، ئەمەش مەترسییەكی ترە بۆ سەر ئیسرائیل، چونكە توندوتیژی هەر توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە.
لێكەوتەكانی جەنگەکە
هەرچەندە تائێستا لێكەوتەكانی ئەو جەنگە هەر لە كار و كاردانەوەدا قەتیس ماوە، ئیسرائیل باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق دەكاتە ئامانج و ئێران وەڵامی دەداتەوە و هەڕەشەی ئەوە دەكات كوژرانی هەنیە بێ وەڵام نابێت، ئەوە بە گەورەترین پێشێلكاری بۆ سەر سەروەریی وڵاتەكەی دەزانێت، حزبوڵڵای لوبنانیش هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی كوژرانی یەكێك لە سەركردەكانی بە ناوی فوئاد شوكر دەكاتەوە، ئەگەر ئەو ئاڵۆزی و كار و كاردانەوانەش لە زووترین كاتدا چارەسەر نەكرێن، ئەوا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگێگی وێرانكەر نزیك دەكاتەوە کە ئێستا تارماییەکەی بەسەر ناوچەکەوە دێت و دەچێت.