ڕێبوار عابد محەمەد: خێزان و پەروەردە – بەشی یەكەم.
خێزان ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە پەروەردەكردنی منداڵ و پەروەردەكردنیان لەسەر فەزیلەتەكانی ڕەوشت بەرزی،هەردوو هاوسەر بەپایەی چاكەو بەهێزی ئەو خێزانە دادەنرێت.هەروەها خێزان ناوەندێكی كۆمەڵایەتییە كە ئەركی تایبەتی خۆی هەیەو ناوەندێكی بنەڕەتییە بۆ چاودێریكردن و پەروەردەكردنی منداڵ.
خێزان بنەمای بونیاتنانی كۆمەڵگەیە، یەكەم دەفرە پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییە بۆ منداڵان. ئاشكرایە كە خێزان لە كۆمەڵەكەسێك پێكدێت كە پەیوەندی خزمایەتی و پێكەوە گرێدراون. خێزان بە هێزی یەكگرتوویی كۆمەڵگە دادەنرێت و ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە لە بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و یەكگرتوو ، خۆشەویستی و سۆزو هاوكاری نێوان پتەو دەكات. خێزان لەسەر بنەمای سۆزو میهرەبانی و ئارامی بونیاتنراوە.
پەروەردە: بریتییە لە پرۆسەی گونجاندن یان كارلێكی نێوان تاك و ئەو ژینگەی كە تێیدا دەژی،گەشەكردنی تاك لە هەموو لایەنەكانی كەسایەتییەكەدا دەكاتە ئامانج.
یان: بریتییەلە پرۆسەی ئامادەكردنی تاكی مرۆڤ لە كۆمەڵگەیەكی دیاریكراودا و لە كات و شوێنێكی دیاریكراودا بۆ ئەوەی ئەو لێهاتوویی و بەهاو هەلوێست و شێوازە جیاوازەكانی ڕەفتار بەدەستبهێنن كە وایان لێدەكات هاوڵاتی باش لە كۆمەڵگەكەیاندا لەهاودەنگی لەگەڵ ئەو گروپەی كە لەگەڵیدا دەژین. واتە پرۆسەیەكە بۆ فێربوون و فێركردنی جۆرە جیاوازەكانی ڕەفتار.
پەروەردەی دایكان و باوكانیش بەرامبەر منداڵەكانیان لە گشت ڕوویەكەوە حسابی بۆ كراوە، هەر لەدابینكردنی جل و بەرگ و شوێنی حەوانەوەو بژێوی ژیان. بۆیە لەم نێوەندەدا چەند جۆرو شێوازێكی پەروەردەیی هەن ئاماژەیان پێدەدەین.
1- پەروەردەكردنی تاكڕەوانە: شێوازێكی نەریتی پەروەردەییە كە تیایدا باوكان و دایكان كۆنترۆڵی كەسێتی منداڵەكە دەكەن، بەسەپاندنی فەرمان و ڕێسای بێ گفتوگۆ، زۆر جەخت لەسەر منداڵەكانیان دەكەنەوە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی ڕەفتارەكانیان بكەن، ئەم شێوازەی پەروەردەكردنە وادەكات منداڵ متمانەی بە خۆی نەمینێت و پشت بەدایك و باوكی ببەستێت و بیربكاتەوە. بەڵكو چاوەڕێی ڕەزامەندی ئەوان بكات پێش ئەوەی هەر هەنگاوێك بنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی رەخساندنی بۆشایی لە نێوان دایبابان و منداڵەكاندا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەندا، دەست دەكەن بەئارەزووی ڕزگاربوون لە كۆنترۆڵی ئەوان و. بوون بە خاوەنی كەسایەتی سەربەخۆ دوور لەهەموو ڕێنمایی و چاودێری و فەرمانێك.
2- پەروەردەكردنی ڕێگەپێدراو: ڕێگەیەكی ئاسانە بۆ مامەڵەكردن، دایبابان پێداگری لەسەر هەندێك یاساو ڕەفتارناكەن، بۆیە سنووروكۆنترۆڵكردن ئامادە نییە لەم جۆرە پەروەردەیەداو ئازادییەكی زۆر هەیەو ڕێنمایی و چاودێرییەكی كەم هەیە. ئەم شێوازی پەروەردەكردنە كاریگەری لەسەر منداڵەكە دەبێت بەو پێیەی نافەرمانی و یاخیبوونی تێدایە. بە هیچ یاساو ڕێسایەك كۆنترۆڵ نەكرێت، كاتێكیش دەگاتە تەمەنی هەرزە كاری زیاتر مەیلی بۆ كارە شەرمەزارییەكان دەبێت وەك خواردنەوەو ،گیرۆدەبوون بەمادە هۆشبەرەكان و،ئامادەنەبوونی زیاد لە پێویست لەماڵ و،……
3- پەروەردەی هاوسەنگ:كاریگەری لەسەر منداڵ لەم شێوازەدا باشترین پەروەردەی تاكڕەوانەو ڕێگەپێدراو كۆدەكرێنەوەو ئەرێنییەكانیان لێ هەڵدەبژێردرێن. شێوازێكە كە تیشك دەخاتە سەر منداڵ و پێگەییشتنی و گەشەكردنی تواناكانی.واتە پاڵپشتیكردنی سەربەخۆیی منداڵ،بەڵام لە سنوورێكی گونجاودا.
ئەو ڕاستییەی كە پسپۆڕانی پەروەردەیی بەكۆی دەنگ لەسەری ڕێككەوتوون لە ڕێگەی لیكۆڵینەوە پەروەردەییەكانەوە منداڵ هەر لەساتە وەختی لەدایك بوونیەوە تا تەمەنی پێنج ساڵان -پێش قۆناغی چوونە نێو ناوەندەكانی خوێندن -لەگەڵ خێزانەكەی لە ماڵەوە بەسەری دەبات لە گرنگترین و چارەنوسسازترین ساڵەكانی ژیانیدایە.كە لەم ماوەیەدا فێری قسەكردن و بێژەكردن و هەندێ ڕەفتار دەبێت.جگە لەداب و نەریت و بەها كۆمەلایەتییەكان.بۆیە سەیر نیە كەخێزان ببێتە یەكەم قەڵای پەروەردەكردنی منداڵ.یەكەم تاقیگەی بۆ بلوریكردن و داڕشتنی كەسایەتییەكەی.
بۆیە پەروەردە یەكێكە لەئەركە گەورەكانی ژیانمان و ژیانی نەوەكانی داهاتوو،بەو پێیەی لەڕێگەی پەروەردەوە دەتوانرێت نەوەیەكی تەندروست دروست بكرێت.
هەموو قۆناغەكانی گەشەكردنی منداڵیش بەندە بەیەكترەوە ،كەسایەتی منداڵێكی هاوسەنگ ناتوانرێت جێگیربكرێت و پەروەردە بكرێت تەنها لە ژینگەیەكدا نەبێت كە ئەمانەی بۆ دابین بكات:
1- چاودێری جەستەیی :گەر بمانەوێت پێوانەی هۆشیاری كۆمەڵگەیەك بكەین،وەبزانین پلەی مرۆڤایەتی و شارستناێتی چەندە؟نابێت ئاستی پێشكەوتن و دەستكەوتە مادیەكانی بكەینە پێوەر بۆ ئەو ئامانجانەی كە بەدەستی هێناوە،بەڵكو باشترین پێوەرێك بۆ هەڵسەنگاندنی كۆمەڵگە لەڕوی هۆشیاری و پێشكەوتنەوە ،ئەو گرنگیەیە كە كۆمەڵگە بە چاودێریكردنی منداڵی دەدات لە ڕوی پاراستنی پرەنسیپەكانی جەستەو تەندروستی و .،نەهێشتن و بنبڕكردنی توندووتیژی ،لە پێناو پەروەردەكردن و گەشە پێدانی نەوەیەكی تەندروست و ئارام.چون منداڵ مرۆڤی داهاتووە.
2- چاودێری دەروونیی:پەروەردەكردنی منداڵ لە ڕوی دەروونییەوە واتای پێدانی هەست و سۆزو میهرەبانیی مرۆڤایەتییە بۆی.لە سەرەتای ژیانیدا پێویستی بە كەشێكی ئارام و هێمنە بۆ ئاسوودە بوونی دەروونی و چاندنی تۆوی ڕاستگۆیی و بەرائەت.منداڵ بوونەوەرێكی لاوازە هێزو توانای سنووردارە ،درك بە بەرژەوەندییەكانی ناكات،توانای دەربڕینی داخوازی پێداویستییەكانی نیە،ناتوانێت بەرگری لە خۆی بكات،ڕووپەڕێكی سپیی خاوێنە.چی لەسەر دەنوسیت پێشوازی لێدەكات،ئەو دەنگ و تۆنانە تۆمار دەكات كە دەدرێت بە گوێیدا.
بۆیە پێویستە بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ منداڵ بكرێت لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە ،و بەڕۆحێكی پاك و بێگەردەوە ،وەبە ئەقڵ و هۆشێكی بونیات نەرەوە.دەبێت ژینگەیەكی وەهای بۆ بڕەخسێنرێت هەموو پاڵنەرە غەریزەییەكانی لەبەر چاو بگیرێت.- مەیلی یاریكردن ، پەرەپێدانی خەیاڵ و، پەرۆشی و ،بەهێزكردنی ئارەزووی بۆ كارو كێبڕكێ.
ئەگەر منداڵێك لە ژینگەیەكدا گەورە بوو كە ئارەزووەكانی تێر بكات و چێژ لە خۆشییەكانی وەربگرێت ،ئەوا هەست دەكات كەسێكی گرنگە لە خێزانەكەیدا و لەگەڵ گەورە بوونیدا نەخش دادەدات و ڕادێت لەگەڵ دەورو بەر بە شێوازیكی دروست.بە پێچەوانەوە گەر نەتوانن رووبە ڕووی كێشەكانی ببنەوە ،پەروەردەی بە كەم و كوڕی گەشە دەكات و لە تاقیكردنەوەكانی ژیاندا ئیكمال و ماوە دەبێت .بۆیە خێزان بریتییە لە بوارێكی بچووكی تاقیكردنەوەكان كە تێیدا منداڵ زۆرێك لە تاقیكردنەوەكانی ئەنجام دەدات و لە ڕێگەی ئەزموونەكانەوە جۆرەكانی ڕەفتارو شێوازەكانی ژیان بەدەست دێنێت و لە ڕێگەیانەوە دەتوانێت ئیمتیازەكانی خۆی لەو شتانەدابەدەست بهێنێت كە چێژی لێوەردەگرێت.
ئەو ڕێكارانە چین بۆ پەروەردەی باشتر؟
1- پاراستنی نەریت و میراتەكانی پەیوەست بە كۆمەڵگەو گرنگیدان بە ڕەفتارو ئەخلاق و بەرزكردنەوەو گەشە پێدانی كەسێتیی
2- بەرزكردنەوەی هێزی دەروونی و مەعریفی لەبواری بیركردنەوەو فێربوونی چەمك و زانینەكان.
3- جەختكردنەوەلەسەر هێزی سۆزداریی ،بەو پێیەی هێزێكە كۆنترۆڵی رەفتارە ناوەكییەكانی مرۆڤ دەكات.
4- جەختكردنەوە لەسەر دەسەڵاتی كۆمەڵایەتی كە ئەمە هێزێكە بۆگەشەكردنی منداڵ تا دەبێتە كەسێكی كۆمەڵایەتی ،لەگەڵ كەسانی دەورو بەردا كارلێك دەكات.
5- بەهێزكردن و پەرەپێدانی هێزی جەستەیی كە نوێنەرایەتی هێزو تواناكان دەكات.ئەمەش ڕاستەو خۆ پەیوەندی بە غەریزەوە هەیە.خوای گەورەش غەریزەی لەم جۆرەی بەهەموو كەس بەخشیوە،(ئەندامەكانی كۆئەندامی هەرس،كۆئەندامی دەمار ،هەمووڕێگەیەك تا ببینن و ببیستن و بۆن بكەن،…..).
6-گرنگیدان بە لایەنی ڕۆحی و بەهێزكردنی.لەهەر تاكێكدا وا لە مرۆڤ دەكات لایەنی ئایینی و لێهاتوویی و لایەنە مەعریفییەكان گەشە پێدەدات و زیاتر ناسینەوەی ژیانی خودیی پێئاشنا دەكات.
7- نەهێشتنی جیاوازی چینایەتیی و ڕەچاو كردنی جیاوازی تاكە كەسیی لەڕوی تێگەییشتن و ڕەگەزەوە.
8- بەرزكردنەوەی ئاستی فێربوونی زمان لەڕووی تێكەڵ بوون و كار لێككردن لە كۆمەڵگەدا.
9- گەییشتنی بە گەشە سەندنی دەروونی و كۆمەڵایەتی و بەم شێوەیەش بەدەست هێنانی ئەزموون.
10- نوێكردنەوەی كلتووری كۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی كلتووری ڕەسەن و بڵاوكردنەوەی لەنێوان نەوە جیاوەزەكاندا.
11- بەهێزكردنی پرۆسەی پەیوەندی بنەڕەتی نێوان لە نێوان منداڵ و گەنجان و بەساڵا چووان.لە نێوان مامۆستاو فێرخواز.
12- دەربڕینی سۆزو خۆشەویستی لەبەرامبەر ئەنجامدانی كارێكی باش و دروستدا،هاندانی بە شتێكی ماددی.
ئالنكارییەكانی بەردەم خێزان و پەروەردە
وەك ئاشكرایە خێزان بە بەردی بناغەی دروست بوون و گەشە سەندنی كۆمەڵگە دادەنرێت.خێزان پێكهاتەی ئاڵۆزی خۆی هەیە و ،ئەركی تایبەتی خۆیشی هەیە.بەو پێیەی ئێمە لەسەردەمێكدا دەژین كە بارو دۆخی ئاسایی بۆ كۆمەڵ{گە گۆڕاوە،خێزانیش گۆڕانكارییەكی گەورەی لە پێكهاتەكەیدابەخۆیەوە بینیوە،ئەرك و ڕۆڵەكانی وەك دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتی لێهاتووە.ئەم گۆڕانكاریانە كاریگەرییان لەسەر خیزانەكانیش هەیە. لەوانە:
یەكەم/ لە ڕابوردوودا خێزانەكان پشتیان بە شتی سادەو پێداویستی سەرەتایی و بژێوی سادەی ژیان دەبەست.بەڵام بەهۆی كرانەوەمان بەرامبەر سیستەمی ئابووری نوێ و قبوڵكردنی ئێمەش بەسەرماندا سەپێنراو ژیان ئێستە بێ ئەم هۆكارە نوێیانەی سەردەم زۆر قورس بووەو بۆتە ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرو ،خێزانەكانیش لە توانایاندا نیە هەموو پێداویستییەكانی ژیان دابین بكەن و بەهۆیانەوە كەلێنێكی تاڕادەیەك گەورە لە نێوان نەوەكانیاندا دروست دەبێت و تاوانی دایكان و باوكانیشی تێدا نیە .بۆیە ئەركی پەروەردەییان وەك پێویست بەرامبەر منداڵەكانیان لە توانادا نیە.
دووەم/ لەگەڵ بەردەوامی گەشەسەندنی ئابووری و زیاد بوونی پێداویستییەبازرگانی و تەكنەلۆژییەكان و،فراوانبوونی قەبارەیان و ئاڵۆزبوونیان.ئەمانەش وایان كرد ئەندامانی كۆمەڵگە خۆیان لە هاوسەرگیریی بەدوور بگرن ،بۆ خۆڕزگار كردن لەو مەرجە سەختانە.كە رۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندنی زیاتردان.هەر كەسێك لە ساڵەكانی شەست و حەفتاو هەشتاكاندا بووبێت بە پێداویستییەكی كەم توانیویەتی ژیانی سادەی هاوسەرگیری پێكەوەبنێت و دوور بووە لە داواكاری تاقەت پڕوكێن .- نەبوونی ئۆتۆمبیل ،مۆبایلی زیرەك،خانووی ڕۆژئاوایی ،تاقم و پێدا ویستی گرانبەها – …بە پێچەوانەوە ئێستەی سەردەم بە نەبوونی ئەمانە كەلێن و كەم و كوڕی دروست دەبێت لە پێكهاتەی خێزانەكاندا
سێیەم/ ناچاری دەرچوون لەماڵ: بە هۆی زیادبوونی پێداویستییەكانی ژیان ،ژنانیش پەنایان بۆ دەرچوون لەماڵ بردووەو بەرەو بازاڕی كار هەنگاویان ناوە ،هاوكات پیاوانیش بە حوكمی كاریان لە دەرەوە ،هەردوولا پێكەوە كەمتر لە باری ئاسایی دەكەونە ماڵ و تێكەڵبوونیان وەك پێویست لەگەڵ منداڵەكانیان نییە.ئەمەش بۆشاییەكی گەورەی بە جێهێشتووەوكاریگەری ڕاستەو خۆی لەسەر كەسایەتییان دەبێت.هەروەها هەندێ جار پەیوەندی سۆزداریش لە دەرەوەی خێزان پێكهێنراوەو بۆتە لێكترازاتی خێزانی و باجی كارەكەش تەنها منداڵ دەیدات.
چوارەم/ جیاوازی تەمەن لە نێوان هاوسەرگیریی كردندا: زۆر جار ئەم دیاردەیەش لە هەندێ بارو دۆخی سەختی ژیاندا خێزانەكان پەنای بۆ دەبەن و ،پیاوانی خاوەن سەروەت و سامانی لە ڕادەبەدەر توانیویانە لەم كەین و بەینەدا سەرباری هەڵكشاتی تەمەنیان .كچی هەژاری زۆر لەخۆیان گەنجتر بخوازن و هاوسەرگیرییان لەگەڵ بكەن،دواتر كە منداڵ دروست دەبێت ،جیاوازی تەمەنی باوك لەوانەیە لەگەڵ مندالەكە (چل ساڵ)ببێت. هەر بەكەیان بە شێوازێك پەروەردەی منداڵەكە لە ئەستۆ دەگرێت و ،پێكدادانیكی خێزانی لەم میانەدا سەر هەڵدەداو ،دەرەنجام لێكترازان و جیابوونەوە دەبێت بەشی هەردوولاو ،هەر منداڵی بی تاوان دەبنە قوربانی.
پێنجەم/ زاڵبوونی ژیانی ماددی ،ئەمەش لەسەر ئاستی ژیان و پێداویستییەكان بۆتە لەمپەری بەردەم زۆرێك لە خێزانەكان كە نەتوانن وەك پێویست داخوازییەكانی منداڵەكانیان بەجێ بێنن.لە لێكۆڵینەوەیەكی ئەم دواییەی كۆمەڵگەی ئەمریكیدا (ئێدوارد لیتن)ڕایگەیاندووە ،ئێمە لەسەردەمێكدا دەژین لە بری ئەوەی دایك و باوك ئاڕاستەی منداڵەكانیان بكەن ،ئەوە منداڵەكانن دەرهێنان دەكەن و كۆنترۆڵی ژیانیان گرتۆتە دەست و پێشنیاری گۆڕینی دیزایین و جوانكاریەكانی نێو ماڵ و پێداویستیەكان هەڵدەبژێرن و ،ئاماژە بە شوێنی جەژن و بۆنەكان دەكەن و ،خۆ ئەگەر بچنە ناو هەر ماركێتێك هەر یەك بەویست و ئارەزووی خۆی كاڵا هەڵدەبژێرێ و بێ دڵی خۆی ناكات و هیچ حسابێكیش بۆ گیرفان و جزدانی باوكی ڕەنجكێش ناكات و دەیخاتە ژێر كۆڵێ قەرزەوە. ئەم دیاردەیەش ئەمڕۆ بە كلتوری بەكاربەر ناوزەد دەكرێت. لەوەش خراپتر ئەم تێڕوانینە ماتریالیستە بۆتە هەڵسەنگێنەری ئاستی كەسایەتی مرۆڤ و ،لەو ڕوانگەیەوە مرۆڤێك لە یەكێكیتر جیا دەكرێتەوە.بە پێوانەكردنیان بە پۆشینی جل و بەرگ و مۆدێلی ئۆتۆمبیل و كۆشك و تەلاری بەرزترو …..لە كاتێكدا فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام –درودی خوای لەسەر بێت- فەرموویەتی:(خوای گەورە سەیری وێنەو ڕوخسارو بەژن و بالاتان ناكات،بەڵكو سەیری دڵ و كردەوەكانتان دەكات).كەس نییە نكوڵی لەوە بكات پارە پێویست نییە،بەڵام نابێت ببێتە پێوەر بۆ كەسایەتی مرۆڤ و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵی.بەڵكو گرفتەكە لەوەدایە ئەم ژیانی ماددی گەراییە لەسەر حسابی گەشەسەندنی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی كاردەكات.جابۆ خۆمان بێت یان ئەوانەی كە لەژێرچاودێری ئێمەدان.كار وای لێهاتووە باوك ناچار بێت هەر بەدوای كۆكردنەوەی پارەدا بگەڕێت و لەبەرەبەیان تا ئێوارە هەموو وزەو توانای جەستەیی و دەروونی خۆی بەخەرج بدات لە پێناو دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان.ساتێك نەیپەردەژێتە كۆبوونەوەی خێزانی دووقسەی پەروەردەییانە ئاڕاستەی منداڵەكانی بكات.