نەوزادی موھەندیس: ڕەوتی عەلمانیەت لەکوردستاندا، لە کوێوە و بەرەو کوێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
پێشەکی:
عەلمانیەت وەکو ڕەوت و مەنھەجێکی فکری وادەبینێت کە مامەڵە و کارلێکی مرۆیی لە گەڵ ژیاندا پێویستە لەسەر بنەمای دونیایی بێت نەک دینی. بەم شێوەیە ھێندەی دیدوتێڕاونینی دونیاییە و شتگەلە مادیەکان دەبینێت و ھەستیان پێدەکات و گرنگیان پێدەدات و لێیان دەکۆڵێتەوە نیو ھێندە گرنگی بەلایەنی ڕۆحی و غەیبیات و نادیار و شاراوەکان نادات کە ئەمەش خاڵی سەرەکی و ناکۆکیەتی لەگەڵ دیدوتێڕوانینە ئاینیەکان کە ئەمان گرنگی زیاتر دەدەنە دروستکراوەکان وەکو دروستکراوێکی خوداکرد کە ھەموانیان چارەنوسیان دیاریکراوە و ھەریەکەیان ئەو ئەرک و وەزیفەیە جێبەجێدەکەن کە بۆیان دیاریکراوە و لەناو چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ھەڵسوکەوت دەکەن و سوڕی ژیانیان دەبەنەسەر، بەبێ ئەوەی بتوانرێت گۆڕانکاری گەورەیان تیادا ئەنجامبدرێت، ئاینەکان بەگشتی و بەبێ جیاوازی گرنگی دەدەنە لایەنە مادی و ڕۆحیەکان و ھەردوولایان بەلاوە گرنگە و وایدەبینن ھەریەکەیان ئەرک و وەزیفەی خۆیان ھەیە ھەربۆیە ناتوانرێت بەجیا لەھەریەکەیان بڕوانرێت، چونکە لایەنە مادی و ڕۆحیەکان تەواوکەری یەکترن نەک دژبەیەک بن. بۆیە عەلمانیەت و دین ئەمیان وەک دەستکرد و لێکدانەوە و تێگەیشتنی مرۆڤەکان و ئەویشیان وەک بەرنامەیەکی ئاسمانی و خودایی لەچەند وێسگە و خاڵێکدا بەیەک دەگەن و لە زۆری تردا لێکجودا دەبنەوە و ناکۆکن.
عەلمانیەت چیە و مەبەست لە عەلمانیەت چییە؟
گەر پێناسەیەکی کورتی عەلمانیەت بکرێت دەتوانرێت بوترێت: بریتیە لە بنەمای جیاکردنەوەی حکومەت و دامودەزگاکانی و دەسەڵاتی سیاسی لە دەسەڵاتی دینی، یان کەسایەتییە ئاینییەکان.
ھەروەک دەشتوانرێت عەلمانیەت بناسرێنرێت بە بنەمایەک و مەنھەجێکی فکری کەوادەبینێت کە کارلێکی مرۆیی لەگەڵ ژیاندا پێویستە لەسەر بنەمای دونیایی بێت نەک دینی.
یان بریتیە لە داوا و لایەنگری مرۆڤایەتی لەسەدەی ڕۆشنگەریدا،کە داوای بەرزڕاگرتنی مرۆڤ و پێداویستیەکانی دەکات، لە جیاتی گرنگیدانی زۆر بە کاروباری دواڕۆژ و ھیوا و ئومێد ھەڵچنین لەسەر پەروەردگار.کەواتە بەشێوەیەکی کورت و پوخت عەلمانیەت بریتیە لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت. یان بەواتایەکی تر بریتیە لە کەمکردنەوەی ڕۆڵی دین لە ژیانی گشتیدا.
لەلایەن ((دائرە المعارف البریگانی)) وە ئاوھا پێناسەی عەلمانیەت کراوە: ( کە بریتیە لە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە بە ئاڕاستەی گرنگیدان بەکاروباری دونیا کاردەکات،لەجیاتی گرنگیدان بەکاروباری دواڕۆژ).
زاراوەی عەلمانیەت:
زاراوەی عەلمانیەت بە ئینگلیزی secularism لە دوو بڕگە پێکدێت secular + ism و ڕەنگە لە فەڕەنسی کۆنیشەوە secular وە ھاتبێت کە ئەویش لە لاتینی کۆنەوە ھاتوە saecularis کەبەمانای جیھانی، یان پەیوەندی بە نەوە یان سەردەمەوە ھەیە، کە لە لاتینی کلاسیکیەوە saeculum کە بەمانای سەردەم دێت ھاتوە، یان ماوەی زەمەنی، تەمەن،نەوە، زنجیرە.
یەکەم کەسێک کە ئەم زاراوەیەی بەکارھێناوە لەسەدەی دەی زاینیدا بوە لەلایەن (( ساویرس بن المقفع)) وە بوە، لە چوارچێوەی ئەوکەسەی (کاھین) ـە، یان (کاھین) نیە. واتە بەکەسێک وتراوە کە کاھین نەبوە. بەو مانایەی کە بەکەسێک وتراوە کە پیاوی ئاینی نەبوە و جیاکراوەتەوە لە پیاوانی ئاینی. بەڵام دواتر و لەساڵی 1851ز دا بۆ یەکەمجار و لە سەردەمی نوێدا ئەو کەسەی کە زاراوەی سیکیولارزیمی لە نوسینەکانیدا بەکارھێنا، نووسەری بەریتانی جۆرج ھۆلیۆک بوو. و لە کتێبەکەی کەلەساڵی 1896 دا بڵاویکردەوە بەناونیشانی ( عەلمانیەتی ئینگلیزی )، سێ بنەمای عەلمانی دەستنیشان کردوە:
1- باشکردن و چاککردنی ئەم ژیانە لە ڕێگەی مادیەتەوە.
2- زانست سەرچاوەی بەردەستی گرنگیدانی مرۆڤایەتیە.
3- باشترە لەم دنیادا چاکە بکرێت،گەر چاکەیەکی تر ھەبێت یان نا، چاکەی ئەم ژیانەی دونیا باشترە لەو چاکەیەی ئەو دونیا، ھەربۆیە باشترە کە دوای ئەم چاکە و خێرەی ئەم دونیایە بکەوین. لەو مانایەی کە گرنگی بەم دونیا بدرێت نەک ڕۆژی دوایی.
بنەما و جۆرەکانی عەلمانیەت چین ؟
عەلمانیەتیش وەکو ھەموو فکر و ئایدیا دەستکردەکانی مرۆڤ بەپێی قۆناغ و جۆری تێفکرین و لێکدانەوەی مرۆڤەکان و لە کۆمەڵگا و قۆناغە جیاوازەکاندا وەک خۆگونجاندنێک دەکرێت جۆری جیاواز لەخۆبگرێت و بنەماکانیشی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێت، لەو بنەما سەرەکیانەی عەلمانیەت بریتین لە:
* عەلمانیەت بەو مانایە دێت کە حکومەت یان دەسەڵاتی دونیایی ھیچ کەس و تاکێک لە کۆمەڵگادا ملکەچ ناکات بۆ وەرگرتنی بیروباوەڕ یان دینێکی دیاریکراو بەھۆکاری خۆیی نا بابەتیەوە.
* بەھەمان شێوە ھیچ دینێکی دیاریکراو ناسەپێنێت وەک دینی ڕەسمی دەوڵەت لە دەستوری وڵاتدا.
* حکومەت و دەسەڵاتە دونیاییەکان مافی کەمایەتیە دینییەکان دەپارێزێت وەک ھەموو دینەکانی تر و بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ دەکات لەماف و ئەرکەکانیاندا بەبێ گوێدانە دین یان مەزھەبیان.
بەم شێوەیە عەلمانیەت بەو مانایە دێت کە (چالاکییە مرۆییەکان و بڕیارەکان و بەتایبەتیش (سیاسیەکان) نابێت ملکەچی کاریگەرییەکانی دامودەزگا دینیەکان بن.
جا عەلمانیەت لە ڕووی بنەماکانیەوە کە لەسەر ( یەکسانی لە نێوان ھاوڵاتیان و پاراستنی ئازادیە گشتییەکان ) بونیاتنراوە دەبێتە دوو جۆر وەک:
* عەلمانیەتی ڕەق: ھەموو گریمانە دینییەکان بە ناشەرعی دادەنێت لە ڕووی زانستییەوە و تابۆی بکرێت ڕەتیان دەکاتەوە.
* عەلمانیەتی نەرم: جەخت لە بێ لایەنی و لێبوردەی و لیبڕاڵیەت دەکاتەوە و پێی وایە گەیشتن بە (حەقیقەتی ڕەھا) کارێکی دوور و نەکردەیە.
بەھەمان شێوە عەلمانیەت لە ڕووی شێواز و نموونەکانیەوە دەکرێتە دوو شێوازەوە کە بریتین لە:
* نموونەی کۆماری، یان ئەوەی ناسراوە بە لائیکیەی فەڕەنسی: جەختدەکاتەوە لەسەر کارکردن لەسەر چەسپاندنی ئازادکردنی تاکەکان لە دەسەڵاتی دین، ھەروەھا کاردەکات لەسەر گەشەپێدانی شوناسی مەدەنیەتی ھاوبەش، ئەوەش پێویستی بەوەیە کە لایەنگریە دینیەکان ئاشکرانەکرێن، و دووربخرێنەوە بۆ ناو فەزای تاکەکەسی و فەڕەنساش دادەنرێت لە دیارترین ئەو وڵاتانەی کە ئەو جۆر و نموونە توندە پشتگیری دەکات لە عەلمانیەت.
* نموونەی لیبڕاڵی فرەیی : لەم نمونەیەی عەلمانیەتدا بوون و ئامادەگی عەلمانیەت لە فەزای گشتیدا قەدەغە ناکات، بەڵکو ھەوڵی پێکەوەنانی کۆمەڵگایەکی لیبڕاڵی فرەیی دەدات بەشێوەیەک ئازادی دەداتە تاکە کەسە دیندارەکان کە سیما دینداریەکانی خۆیان لە بواری گشتیدا بە ئاشکرا ئەنجام بدەن، ئەمریکا و بەریتانیاش دوو نمونەی دیاری ئەم نموونەیەن لە عەلمانیەت.
مێژووی عەلمانیەت
مێژووی سەرھەڵدانی چەمکی عەلمانیەت زۆر دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی یۆنانی کۆنـ وەک فەیلەسوفی یۆنانی ((ئەبیگۆر)) کە لە ساڵانی ٣١١-٢٧٠ پێش زاین ژیاوە و مردووە.
بەڵام لە ئەوروپادا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٣ز ، کاتێک مارسێل بەدەوانی لە کتێبەکەی(( بەرگریکارێک لە ئاشتی))، داوای جیاکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتە دونیایی و ڕۆحیەکانی لە یەکتر کرد،لەگەڵ سەربەخۆیی پادشا لە کەنیسە،لەکاتێکدا ململانێکانی نێوان پاپاکانی ڕۆما و پاپاکانی ئەفنیۆن لە باشووری فەڕەنسا زۆر توند بوو.وەکو ململانێکانی نێوان خەلیفەکانی بەغداد لەگەڵ خەلیفەکانی قاھیرەدا.
بەڵام چەمکی عەلمانیەت بە چەمک و تێگەیشتنە نوێکەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ((ڕۆشنگەری ئەوروپی)) لەسەرەتای ساڵی ١٦٨٥ز واتە لەسەدەی حەڤدەوە تا سەدەی نۆزدەھەم دەخایەنێت. لەسەر دەستی بیرمەند((سپینۆزا)) گەشەی کرد ،ئەمەش بەھۆی ھەڵایسانی شەڕی ٣٠ ساڵەی ١٦١٨-١٦٤٨ ز لەنێوان کاسۆلیک و پڕۆتستانتەکانی ئاینی مەسیحیدا،کە تیایدا ٨ملیۆن کەس بونە قوربانی،کە نزیکەی چارەک یان سێ یەکی ژمارەی دانیشتوانی ئەو کاتی کیشوەری ئەوروپا بوو. لەبەرئەوە ھەندێک لە بیرمەندەکانی ئەو کاتە کەوتنە بیرکردنەوەی ئەوەی کە دەوڵەت بێ لایەن کەن لە دین و کۆمەڵگاش دووربخەنەوە لە ململانێی دینی و مەزھەبی.بەھەمان شێوەش دەوڵەت جیابکەنەوە لە دامودەزگا و ئۆرگانە جیاوازە ئاینییەکان.لەو بیرمەندانەی سەدەی ڕۆشنگەریش ھەریەکە لە (( جۆن لۆک و دێنیس دیدرۆ و ڤۆڵتێر و باروخ سپینۆزا و جێمس مادیسۆن و تۆماس جیفرسۆن و تۆماس بین)) بوون.بەھەمان شێوە لەسەر دەستی بیرمەندانی فکری ئازادیش لەسەدەی نوێدا وەکو(( بیرتراند ڕاسڵ و کریستۆڤەر ھیشنز )) و ئەوانی تر.
بیرۆکە و تێڕوانینەکانی بیرمەندانی سەدەی ڕۆشنگەری خۆی دەبینیەوە لە :
• سەروەری عەقڵ و بەڵگەی لۆژیک و زاڵبونیان بەسەر ھەستەکاندا،لەبەرئەوەی بەھاکان سەرچاوەی سەرەکیە بۆ زانیاری.
• نموونە باڵاکانی وەکو ئازادی و بەرزێتی و لێبوردەیی و برایەتی لەخۆدەگرن.
• داوای حکومەتی دەستوریان دەکرد.
• داوای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ڕءڵی کەنیسەیان دەکرد لە دەوڵەت.
لەکاتێکدا بنەما بنەڕەتیەکانی بیرمەند و فەیلەسوفە ڕۆشنگەرەکانی فەڕەنسا بریتی بوون لە : ((ئازادی تاک و لێبوردەیی دینی )) لەبەرامبەر پاشایەتی ڕەھا و بیروباوەڕە نەگۆڕەکانی کەنیسەی کاسۆلیکی ڕۆمانی.
بەم شێوەیە سەدەی ڕۆشنگەری جەخت دەکاتەوە لە:
• مەنھەجی زانستی و داماڵین.
• گومانی زیاتر دەربارەی بیروڕا ئاینییەکان.
چەمکی عەلمانیەت:
چەمکی عەلمانیەت و دیدو تێڕوانینەکانی ئەوەندەی گرنگی دەدات بە ژیانی دونیا، نیوھێندە بیر لە ژیانی دونیای دی و لەپشت سروشتەوە (غەیبیات) ناکاتەوە، بەھەمان شێوە بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتن لە کەون و ھەموو بونەوەران بەدیدگایەکی مادی و دونیای بیردەکاتەوە دوور لە دیدگا و تێڕوانین و تێگەیشتنی دین.
ھەربۆیە فکر و چەمک و بنەماکانی عەلمانیەت، فکرێکی قەتیس و چەق بەستوو نیە و پابەندیش نیە بە دەقە پیرۆزەکانەوە، بەڵکو لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشھات و نوێگەراییە مادیەکانی ناو کۆمەڵگدا و لەگەڵ قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکاندا خۆی دەگونجێنێت و خۆی نوێ دەکاتەوە، چونکە لە دروستکراو و بەرھەمی عەقڵ و ژیری و تێفکرینی مرۆڤەکانەوەیە نەک خودا و دروستکەری کەونەوە و لە ئاسمانەوە وەکو دەقێکی پیرۆز ھاتبێتە خوارەوە. ھەربۆیەش ئاستی چەسپاندنی بنەما و تێڕوانینە مادیەکانی عەلمانیەت وەستاوەتە سەر پشتیوانی و پشتگیری لەلایەن حیزبە سیاسی و ڕێکخراوەکان لە ھەموو جیھاندا. ھەربۆیەش ھەمیشە و بەدرێژایی سەرھەڵدانی عەلمانیەت لەو ماوەیەدا بەریەککەوتن و دژایەتیکردنی بۆ دروستبوە لەلایەن ئاین و پیاوانی ئاینە جیاوازەکانەوە.
ھەڵوێستە دژەکانی عەلمانیەت
وەک پێشتر باسمان کرد کە ئەم ڕەوت و مەنھەجەی کە ناسراوە بە عەلمانیەت ھەر لەسەرەتای سەرھەڵدانیەوە گەلێک لایەن و گروپ و مەزھەب و ئاین و کەسایەتی و ناوەندە دینیەکان کەوتونەتە دژایەتیکردنی بیروباوەڕ و چەک و بنەماکانی و ھەوڵیانداوە بە ئاشتی یان توندوتیژی بێت ببنە ڕێگر لەبەردەمیدا و ڕێگەنەدەن گەشەبکات و گەورە و فراوان ببێت، چونکە بەمەترسیەکی گەورەیان داناوە لەسەر دەسەڵات و ڕۆڵیان و پێگە و نفوزیان لەناو کۆمەڵگاکاندا و تەنانەت لەسەر دەسەڵاتە دونیاییەکانیش و لەو پێناوەشدا چەندین ناو ناتۆرەی ناچیزەیان لێناوە بۆئەوەی لەبەر چاوی کۆمەڵگادا ناشیرینان بکەن و تۆمەتی ( بێ باوەڕی ) یان خستونەتە پاڵ وەک لە (مەوسوعەی عەرەبی عالەمی کە لەسعودیە دەردەچێت) عەلمانیەت ناوزەدکراوە. بەڵام عەلمانیەت ھیچ کاتێک خۆی بە دژە دین وەک بیروباوەڕ و ھەڵسوکەوت دانانێت. بەڵکو گەرەکێتی کە دەوڵەت بێ لایەن بێت و لەدەرکردنی یاسا و بڕیارەکاندا نەکەوێتە ژێر ھەژموون و کاریگەری ئاین و پیاوانی ئاینەوە. بەڵام ئەمەش مانای وانیە کە ھەموو یاسایەکی دینی ڕەتدەکاتەوە.
کیتابی پیرۆز (تەورات) و بەتایبەتیش (10 ئامۆژگاریەکە) ی کاریگەری ئەخلاقی ھەبوو لەسەر دانانی یاسا مەدەنیە نوێکان و ئەخلاقی عەلمانیەتی ڕۆژئاوا، ھەروەھا شارستانی ڕۆژئاوا ناودەبات بە پێکھاتەیەکی ڕۆشنبیری و کەلتوری جولەکەیی و مەسیحی.
ھەر لەبەرامبەر ئەو دژایەتیە توندەی ئاین و پیاوان و ناوەندە ئاینیەکان بۆ عەلمانیەت، حیزب و لایەن و سەرکردە و سیستەمە عەلمانیەکان ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە ئەوان نەک ھەر دژی ھیچ دینێک نین. بەڵکو پارێزەری دینیشن و دەیانپارێزێن لە بەکارھێنانی دین لەلایەن سیاسیەکانەوە، کە دەبێتە ھۆی داماڵینی دین لە (بنەما و بەھا ئەخلایەکانی) و دەیکاتە کاڵایەک لە بازاڕی دەسکەوت و سیاسەت و بەرژەوەندی و بازرگانی و موزایەداتی سیاسیدا.
بەھەمان شێوە عەلمانیەت پارێزگاریکردن و دابینکردنی کەشوھەوایەکی ئازادانەی کردۆتە ئەرکی خۆی بۆ بیروباوەڕە دینیەکان وەک (تاکە کەس)، بەڵام ڕێگە دەگرێت لەوەی کە کەسی باوەڕدار دەستوەربداتە ژیانی کەسانی ترەوە و بیروباوەڕی ناکامڵی خۆی بسەپێنێتە سەر کەسانی تر و تەواوی کۆمەڵگا بە زەبری ھێز و توندوتیژیەوە.
جۆرەکانی دەوڵەت لە ڕووی عەلمانیەتەوە:
پۆلێنکردنی دەوڵەتانی دونیای سەردەم لەسەر بنەمای عەلمانیەت دەکرێنە سێ جۆر دەوڵەتەوە وەک:
1- دەوڵەتی عەلمانی: بریتین لەو دەوڵەتانەی کە بە ئاشکرا لە دەستوری وڵاتەکانیاندا باسی عەلمانیەت دەکەن و دەستورەکەیان لەسەر بنەما عەلمانیەکان داڕشتوە وەک ئەمریکا و فەڕەنسا و کەنەدا و کۆریای باشوور و بەریتانیا و… ھتد.
2- دەوڵەتی نیمچە عەلمانی: بریتین لەو وڵاتانەی کە لە دەستورەکانیاندا بە ئاشکرا و ڕوونی باسیان لە عەلمانیەتی دەستورەکەیان نەکردووە، لەولاشەوە دینێکیشیان بەڕەسمی نەناساندوە بە دینی ڕەسمی دەوڵەت، بەڵام لە مادە و بڕگەکانی تایبەت بە مافە مەدەنیەکان و ئازادیە تاکەکەسیەکاندا پشتیان بەستووە بە بنەما عەلمانیەکان.
3- دەوڵەتی مەدەنی: بریتین لەو وڵاتانەکەی کە لە دەستورەکانیاندا دینێکیان بەڕەسمی ناساندوە بە دینی دەوڵەت، وەکو وڵاتانی میسر و ماڵتا و یۆنان و مۆناکۆ و… ھتد. بەڵام باسیش لە بنەماکانی عەلمانیەت دەکەن، بۆیە ئەم وڵاتانە نەدەوڵەتی عەلمانین و نەدەوڵەتی دینی تەواون، بۆیە ناونراون بە دەوڵەتی (مەدەنی).
لەبەرامبەر دەوڵەتی عەلمانیدا دەوڵەتی حوکمی خودایی (پیۆکراتی theocracy ) ھەیە: کە بریتیە لە سیستەمێکی حوکمڕانی کە تیایدا توێژێک لە پیاوانی ئاینی، جا یان بە ڕێگای مافی خوداییەوە بێت، یان بەناوی (پاراستنی شەریعەتەوە) بێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ حوکم دەکەن لە ڕێگای چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە دانانی یاساکان، بۆ نموونە لە ئێران و میسری سەردەمی محمد عەلی پاشادا.یان دەوڵەتی سیۆکراتی بریتیە لە سەپاندنی دین بەسەر کەسانی تردا لە ڕێگەی ھێزی دەوڵەتەوە وەک ئەفغانستان. کە دژ بەیەکترن و دەوڵەتی عەلمانی بە دەوڵەتێکی مەدەنی دادەنرێت ئەگەر حوکمڕانیەکەشی عەلمانی- سەربازی بێت.
جا دەوڵەتی عەلمانی بەوە ناناسرێت کە پەیوەندی بە دینی دەوڵەتەوە ھەیە ،بەڵکو بە ڕۆڵی پیاوانی ئاینیشەوە دیاریدەکرێت.
ھەڵوێستی ئاینە جیاوازەکان لە عەلمانیەت:
وەک پێشتر باسمانکرد کە ڕەوتی عەلمانیەت ھەوڵدەدات کە دەسەڵاتی ئاینەکان و ڕۆڵ و کاریگەری پیاوانی ئاینەکان و سەنتەرە ئاینیەکان جیابکاتەوە و دووربخاتەوە لە دەسەڵات و ھەژموون و کاریگەریان نەمێنێت بەسەر ئۆرگانەکانی حکومەت و کایە و بواری گشتی کۆمەڵگادا،ھەر لەبەر ئەم ھۆکارە ھەموو ئاینەکان بێ جیاوازی کە (جولەکە و مەسیحیەت و ئیسلام) ھەموانیان بەتوندی دژی بەرنامە و بنەما و فکری عەلمانیەتن و بە دوژمن و ڕکابەری خۆیانی دەزانن، ھەربۆیە ھەڵوێستەکانیان بەم شێوەیەیە دژ بە ڕەوتی عەلمانیەت:
1- ئاینی ئیسلام: لای زۆرێک لە ئیسلامەکان عەلمانیەت کوفرە، چونکە شەرعی دابەزیوی لای خوداوە دەگۆڕێت بە شەرعی دروستکراوی دەست و بیری مرۆڤ. لای ھەندێکی تر لە ئێستادا، عەلمانیەت قبوڵکراوە،چونکە لەکاتی ھاوەڵانیشدا ھەموو حوکمە شەرعیەکان وەکو خۆی نەتوانراوە جێبەجێبکرێن، ھەربۆیە لایەنگری ئەوەن کە دەکرێت عەلمانیەت لە چوارچێوە گشتیەکەیدا قبوڵبکرێت بە ڕەچاوکردنی قۆناغ و سەردەم و چاکە و خراپە.
2- ئاینی مەسیحیەت: لەلای مەسیحیەتی ئێوڵی، داوای گەڕانەوە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی شەریعەتەکان لە عەھدی کۆن و نوێدا، و دژایەتی ھاوڕەگەزبازی و لەباربردنی منداڵ و گۆڕینی ڕەگەزی و تەڵاقدان دەکەن. بەڵام مەسیحیەتی نوێ: عەلمانیەتی قبوڵە و دەڵێن عیسا شەریعەتێکی دیاریکراوی نەھێناوە، بەڵکو ھاتووە جیھان ڕزگار بکات لە یاسا توند و چەقبەستوەکانی عەھدی قەدیم.
3- ئاینی جولەکە ( یەھودیەت): یەھودیەتی ئەرسۆدەکسی، عەلمانیەتی قبوڵ نیە و دەڵێت: سیستەمی یاسایی و سیاسی دەبێت شەریعەتی یەھودی بێت. بەڵام یەھودیەتی ڕیفۆرمخوازی و موحافیزەکار و جوڵانەوە ڕۆشنگەرییە یەھودییەکان، عەلمانیەتیان قبوڵە، چونکە پێیان وایە شەریعەتی یەھودی عەھدی کۆن بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێت.
عەلمانیەت و دیموکراسی و لیبڕاڵیەت.
ڕەوتی عەلمانیەت، ڕەوتێکە کە بڕوای تەواوی بە دیموکراسیەت ھەیە و ھەربۆخۆی داواکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵات لە ھەژموون و کاریگەری ئاینەکان و پیاوانی ئاینی بۆخۆی بریتی بوو لە ئازادبوونی دەسەڵات لە کۆتوبەندە ئاینیەکان و ئازادیش بۆخۆی بنەمای سەرەکی و ئامانجی سەرەکی ھەموو سیستەمێکی دیموکراسیە لە کۆمەڵگاکاندا و ئەو بیرمەند و فەیلەسوف و سەرکردانەی کە ڕەوت و فکری عەلمانیەتیان داھێنا و گەشەیان پێکرد و بانگەشەیان بۆ کرد ھەموانیان خاوەن بیروباوەڕی دیموکراسی بوون و داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پادشایی ڕەھا و ئازادیەکانی تاک و خێزان و مافی مرۆڤەکان لە دەنگدان و خۆکاندیکردن و ھەڵبژاردندا دەکرد و داوای یەکسانی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانیان دەکرد و دەیانویست کە یاساکان سەروەربن لەجیاتی مەزاج و ویستە کەسیەکانی پاشا ودەسەڵاتداران،کە ھەموو ئەمانە بنەما سەرەکیەکانی سیستەمی دیموکراسین،کەواتە ھەموو سیستەم و ڕەوتێکی عەلمانی بریتیە لە سیستەمێکی دیموکراسی و دیموکراسیەت و عەلمانیەت تەواوکەری یەکترن بە پێچەوانەی ئاینەکانەوە کە دیموکراسیەتیان قبوڵ نیە ھەروەکو چۆن عەلمانیەتیشیان قبوڵ نیە.
عەلمانیەت و لیبڕاڵیەت: ئاشکرایە عەلمانیەت داوای جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت دەکات، بەڵام لیبڕاڵیەت ھەموو بیروباوەڕە شمولیەکان دینی بن، یان نادینی لە دەوڵەت جیادەکاتەوە. بۆیە لێرەدا لیبڕاڵیەت زیات توندترە لە مەسەلە شمولی و گشتگیرەکان وەک لە عەلمانیەت. لە سیستەمی لیبڕاڵیەتدا ئازادی تاکەکان پنتی سەرەکی و بنمای سەرەتایی بیروباوەڕەکانیانە و وایبدەبینن کە تاک دەبێت تائەوپەڕی ئازاد بێت و دەوڵەت و حکومەت و کۆمەڵگا نابێت بچوکترین دەستوردان بکەن لەو مافە تاکەکەسیانەدا، بەڵام لە عەلمانیەتدا تاک مافی ھەیە لە دەربڕین و ئاشکراکردنی ئەرکە ئاینیەکانی لە کەشوھەوای گشتیدا، بەڵام بۆی نیە بە زۆر و بەھێز بیروڕاکانی بسەپێنێتە سەر ھیچ کەسێکی تر.
قۆناعەکانی گەشەکردنی عەلمانیەت.
عەلمانیەک و بیر و تێڕاونین و بنەما و پایەکانی بەچەندین قۆناغی جیاوازدا گەشەیان کردوە و باڵایان کردوە تاگەیشتۆتە ئەم قۆناغ و سەردەمەی ئێستامان،ھەر لە قۆناغی لەدایکبوون و سەرھەڵدانیەوە لەسەدەی ١٠ی زاینی و بۆ گەشەکردنی سەدەی 13و دواتریش سەردەم و سەدەی ڕۆشنگەری و 17 ھەم و تائێستا بەم قۆناغانەدا گوزەری کردووە:
1- قۆناغی نوێبوونەوە: قۆناغی تەواو مادیەت بووە، کە تیایدا فکری بەرژەوەندی زاڵە بەسەر لایەنەکانی ژیاندا،چونکە گرنگی دەدات بە زیادبوونی بەرھەم،لەبەرئەوە دەوڵەتی عەلمانی نەتەوەیی لەناوخۆ و ئیستیعماری ئەوروپیش لە دەرەوە سەریان ھەڵدا و بیروباوەڕی تەواوی بە زانست و تەکنەلۆجیا ھەبوو بەجیا لە بەھاکان.
2- قۆناغی مۆدێرنێتە ((تازەگەری)) : ماوەیەکی زەمەنی کورت بوو.ھێشتا بیرۆکەی بەرژەوەندی و دەسکەوت زاڵ بوو بەسەر لایەنەکانی ژیاندا،دەوڵەتی نەتەوەیی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری (نەتەوەیی) بۆوە و جوڵەی بازاڕ خاڵی بوو لە بەھا و ئاکارەکان،ئیستیعماری سەربازی گۆڕدرا بە ئیستیعماری سیاسی و ئابوری و کەلتوری.خواستی گشتی ڕوەو بەکاربردنی بێ سنووی چوو.
3- قۆناغی دوای مۆدێرنێتە:لەم قۆناغەدا بەکارھێنان بوە ئامانجی سەرەکی،مەکینە و بزوێنەرەکەشی بریتی بوو لە ئازادی و ڕابواردن و خاوەندارێتی. بەھۆی بەجیھانبونەوە لە پاڵ دەوڵەتاندا، دەیان کۆمەڵە و کۆمپانیا و ڕێکخراو دامەزراون،گرنگیدانیان لە ئیستیعمار و ئازادبونەوە گۆڕدرا بۆ کێشە جیھانیەکانی وەکو ژینگە و یەکسانی ژن و پیاو و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئاژەڵان وشۆڕشی زانیاری و… ھتد. خێزان ھەڵوەشایەوە لەکۆمەڵگا پیشەسازیە پێشکەوتوەکاندا، لەبەرامبەردا ھاوڕەگەزبازی پیاو-پیاو و ژن-ژن داھات و دیاردەی تەڵاقدان زیادبوو.
ڕەوتی عەلمانیەت لە کوردستاندا لە کوێ وە؟ بەرەو کوێ ؟
ڕەوت و فکری عەلمانیەت بەو شێواز و بنەما و بیرۆکە نوێیانەی کە لە کیشوەری ئەوروپادا چەکەرەی کرد و گەشە و پێشکەوتنی گەورەی بەخۆوەبینی و خۆی چەسپاند لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆئاوا و ڕۆژھەڵاتی دونیاشدا و لە ئێستادا بۆتە مۆدێلێکی حوکمڕانی سەرتاسەری ھەموو جیھان، سەرەڕای بەرنامە و مێژوو و دەسکەوتە باش و خراپەکانیشیەوە،چونکە ھەر لەسایەی ئەو مۆدێلە حوکمڕانیەوە و ئەو جۆرە سیستەمە دەسەڵاتدارێتیەوە کە لە بنەمادا بۆ ڕێگەگرتن بوو لە شەڕ و ململانێ توندوخوێناویە ئاینیەکانی سەدەی ناوەڕاستی ئەوروپای مەسیحیەتدا،کەچی لەسایەی ئەم سیستەمەدا دەسەڵاتی کەنیسە و پیاوانی ئاینی کەمبونەوە و دەسەڵاتی پاشا و خانەدانەکان کۆتوبەندکران ،لە جێگەیاندا سیستەمی کۆماری و ئیمپراتۆریەتە سەربازیەکان و داگیرکاریەکان و ئیستیعماری کۆن و نوێ ھاتنە گۆڕێ و دووجەنگی جیھانی کاولکار ھەڵایسا و بە ملیۆنان کەس بوونە قوربانی و دەیان سیستەمی حوکمڕانی شمولی و تاکڕەو و عەسکەرتاریەت ھاتنە گۆڕێ کە بە دەیان ساڵ حوکمی کۆمەڵگاکانیان بە ئاسن و ئاگر دەکرد، بۆیە گەر لایەنێکی ڕۆشنی ھەبێت ئەوا دەیان لایەنی ڕەش و تاریک و ناشیرینیشی ھەیە. بەم ھەموو کەموکوڕیانەشەوە بۆتە مۆدێلێک کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکان و دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتیشەوە بەگشتی چاوی لێکراوە و بەکەموکوڕی زیاترەوە لە وڵاتەکانیاندا پیادەیان کردوە.
شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا لەساڵی 1789 ز و و دواتر سەرھەڵدانی بیری نەتەوەیی توندڕەو لە ساڵی 1848 لە ئەڵمانیا و ئیتالیا، ھاندەربوون بۆ بڵاوبونەوەی ئەو بیرە نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگا و گەلانی ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشدا.بەشێوەیەک جەمعیەی ئیتحاد و تەرەقی لە تورکیا ھەموو بیرۆکە عەلمانی و نەتەوەییەکانیان لەوانەوە وەرگرت.
بۆیەکەم جاریش جەمعیەتی ئیتحاد و تەرەقی لە ناو خەلافەتی عوسمانیدا لە ساڵی 1889 ز دامەزرا و کوردیش ڕۆڵی لەو دامەزراندنەدا ھەبووە. و ھەردوو ئیسحاق سکۆتی و عەبدوڵا جەودەت کە کوردبوون یەکێک بوون لە دامەزرێنەرانی.شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای نەھری 1880ز سەرەتای سەرھەڵدانی ئەو بیرە نەتەوەییە کوردیە بوو.
سەرەتا ئیتحاد و تەرەقی دروشمی لامەرکەزی بۆ کورد و عەرەب و مەرکەزیەتی توندڕەو لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا بەرزکردبۆوە. بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1908 – 1909 بزوتنەوەی اتحاد و الترقی لە تورکیادا دژی دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی وەستایەوە و خەلیفەی لەسەر کارلابرد و دەسەڵاتی گرتە دەست بیری تۆرانی و بەتورککردنی ھەموو نەتەوەکانی بەرزکردەوە، ئیدی قۆناغێکی نوێ لەکرانەوەی سیاسی و ڕێکخراوەیی ھاتە گوڕێ لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا و چەندین یانە و ڕێکخراو و کۆمەڵەی سیاسی و ڕۆشنبیری تورک و کورد دامەزران و ئیدی ئەم چالاکیە سیاسی و ڕۆشنبیریانە بونە ھۆی سەرھەڵدانی بیری نەتەوەیی کوردی (کوردایەتی) و ھەوڵدان بۆ ڕزگاربوون و سەربەخۆبوون و جیابونەوە و پێکەوەنانی کیانێکی سەربەخۆی کوردی.
ئاشکرایە کە کوردستانی گەورە لە شەڕی چاڵدێرانی بەناوبانگەوە لە ساڵی 1514 ز وە لە نێوان ھەردوو دەوڵەتی فارسی لە ڕۆژھەڵات و دەوڵەتی عوسمانی لە ڕۆژئاوادا دابەشکرا و بەشە گەورەکەی بەر دەوڵەتی عوسمانی کەوت و بەشە بچوکەکەشی لە بەری دەوڵەتی قاجاریدا مایەوە.
ئیدی لەساڵانی 1913 تا 1927 لە کوردستانی باکوور و لەسایەی دەوڵەتی عوسمانی و ئیتیحاد و تەرەقیدا چەندین ڕێکخراو و کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و سیاسی کوردی دامەزران وەکو کۆمەڵەی ( ھێڤی و ڕۆژی کورد و ھیوای کورد و… ھتد).
لەساڵی 1925دا شۆڕشی کوردان بە ڕابەرایەتی شێخ سەعیدی پیران ھەڵایسا.
لەساڵی 1927دا، حیزبی کوردی نەتەوەی لیبڕاڵی (خۆیبوون /استقلال) دامەزرا.
چەندین شۆڕشی چەکداری و ڕاپەڕینی جەماوەری و خۆپیشانی ناڕەزایی بەرپا کرا دژی دەسەڵاتی نوێی تورکەکان.
لە باشووری کوردستانیشدا و لەسایەی حوکمڕانی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی و ئینتیدابی بەریتانیدا، لەساڵی 1939دا حیزبی ھیوا لە باشووری کوردستان وەک حیزبێکی قەومی دامەزرا.
کورد لە لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە لە فکری لیبڕاڵیەوە ڕووی کردە ڕەوتی چەپ. بەھۆی دۆڕاندنی نازیەتی ھیتلەری و سەرکەوتنی یەکێتی سۆڤیەتی ستالینی و بڵاوبونەوەی فکری شیوعیەت،کورد کەوتە خۆی بۆ پێکەوەنان و دامەزراندنی چەندین حیزبی سیاسی وەک:
لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان/ ئێران لەساڵی 1946 دا.
لە باشووری کوردستان دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان/ عێراق لە 16. 8. 1946.
پێشتریش دامەزراندنی حیزبی شیوعی عێراق لە 31. 3. 1934 دا لە عێراق کە بەشێکی گەورەی کادر و سەرکردە و سکرتێرەکانی کوردبوون.
دواتریش لەساڵی 1993 دا حیزبی شیوعی کوردستانیش دامەزرا لەدوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی 1991 و ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە 19. 5. 1992 و دامەزراندنی یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە 4. 7. 1992دا.
بزوتنەوەی ڕۆشنبیری کوردی لەسایەی ئیستعماری فەڕەنسیدا:
جا ئەو بەشەی کوردستان کە کەوتبوە ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسیەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەھەمان شێوە کورد و چالاکوان و سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی کەوتنە خۆ بۆ پێکەوەنانی یانە و و ڕێکخراو و لە چاپدانی بڵاوکراوە ،وەک:
* جەلادەت ئەمین بەدەرخان لە ساڵی 1932 دا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ڕۆژنامەی ھاواری بە لاتینی دەرکرد ( کە خۆشی ئەندامی حیزبی خۆیبوون بوو ).
* تۆفیق وەھبی بەگ لە باشووری کوردستان لەگەڵ ئادمۆنز، فەرھەنگی ئینگلیزی-کوردی- عەرەبی یان دەرکرد.
فەڕەنسیەکان بەکارھێنانی ئەلف و بێی لاتینیان پێخۆش بوو، بەڵام پیاوانی ئاینی ئیسلامی و عەرەبە قەومییەکان پێیان ناخۆش بوو، بە بیانووی ئەوەی کە دژی قورئانی پیرۆزە کە بە ئەلف و بێی عەرەبی نوسراوە.
بەم شێوەیە دامەزراندن و سەرھەڵدانی بیر و ڕەوتی عەلمانیەت لەناو کورد و کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و ئیدی لەوچوارچێوەیەدا ھەم بیری نەتەوەیی و سەربەخۆبوون و پێکەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و خەباتی سیاسی و چەکداری و شۆڕش و ڕاپەڕینەکان سەریان ھەڵدا کە ھەموانیان لەسەر بنەمای عەلمانیەت دامەزران و دواتریش بوونە مارکس- لینینی و شیوعی و چەپ و سۆشیال دیمەکرات و نەتەوەیی و… ھتد.کە ھەندێک لە گروپ و پارت و کۆمەڵە سیاسیەکان شیوعی و مارکسیەکان زۆر توندن بەرامبەر ئاینی ئیسلام و گەرەکیانە لەڕەگەوە ھەڵیبکێشن، چونکە ئیسلام بە ئاینێکی دواکەوتوو و کۆنەخواز و ڕەجعی دەزانن و تەنانەت ئیسلامە میانڕەوەکانیش بە تیرۆریست دەزانن و ئەوان بۆخۆیان بنەمای فکریان بێ باوەڕییە بە بوونی خودایەکی تاک و تەنھا و ئەمەش خاڵی جەوھەریە لە ناکۆکی نێوان ڕەوت و پارتە شیوعیەکان و ئیسلام لە کوردستان و ھەر وڵاتێکی تریشدا. بەڵام لیبڕاڵەکان بڕوایان بە ئازادی دین و بیروباوەڕی تاکەکەسی ھەیە.
* لە ناو کورد و لەکوردستاندا،کۆمەڵگا وەکو ھەموو کۆمەڵگاکانی ناوچەکە بیری عەلمانیەتی وەرگرتوە ودابەشبۆتە سەر ڕەوت و فکر و ئایدیای سیاسی جیاواز و لەمەشدا کورد دەستپێشخەر نەبووە، کۆمەڵگای کوردەواریش لەسەرھەڵدان و گەشەی ڕەوتی عەلمانیەت تیایدا دابەشبۆتە سەر دوو جۆر لە پارتی سیاسی عەلمانی کە بریتین لە:
1- پارتە نەتەوەییەکان
2- پارتە چەپەکان ( سۆسیالیستەکان و شیوعیەکان)
ئەم جۆرە لە پارت و کاری سیاسی عەلمانی لە کوردستاندا تا توانیبێتیان دژایەتی بیر و بەرنامەی پارتە ئیسلامیە سیاسیەکانیان کردوە وەکو سیستەمی حوکمڕانی و ژیان و بەتایبەتیش دوای دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992دا.
ئەوەتا ھەریەکە لە ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار ( یەکێتی و پارتی ) دژی بزوتنەوە ئیسلامیە توندڕەوەکان بوون و ھەمیشەش شانازی دەکەن کە ئاڕاستەی کار و بەرنامەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد (کوردایەتی) ئاڕاستەیەکی عەلمانی نەتەوەیی و دیموکراتیە.لەو پێناوەشدا لەساڵی 2002 و 2007دا ھەڵمەتێکی جەماوەری واژۆکۆکردنەوە ئەنجامدرا بۆ (عەلمانیەتکردنی دەستوری کوردستان/ عێراق) و لەکوردستاندا داوادەکرێت کە:
1- ئازادیە گشتیی و تاکە کەسیەکان بپارێزرێت.
2- یەکسانی ژن و پیاو فەراھەم بکرێت.
3- یاسا سەروەربێت نەک دەسەڵاتی دین و شەرع و پیاوانی ئاینی.
4- مافی مرۆڤ و ژنان پارێزراوبن و پێشێل نەکرێن.
5- کۆمەڵگای باوکسالاری نەمێنێت.
6- گۆڕینی یاسای باری کەسێتی ئەنجامبدرێت.
7- جیاوازی نەکرێت لەسەر بنەمای ڕەگەز و دین و نەتەوە و ڕەچەڵەک و مەزھەب.
8- فرە ژنی نەمێنێت.
لەم پێناوەشدا چەندین چالاکوانی مەدەنی و ڕیکخراو و سایت و ڕۆژنامە و کەناڵی تەلەڤزیۆنی و خولی ھوشیاری و سەنتەر و ناوەندی جۆراوجۆر دامەزراون.
کۆمەڵە تەبشیرییە مەسیحییەکان لە پڕۆتستانت و کاسۆلیکەکان ئازادانە کاری خۆیان ئەنجام دەدەن. لەڕێگەی دامەزراندنی کەنیسە و قوتابخانە و خولی تەبشیری و بڵاوکردنەوەی کتێب و نامیلکە و …ھتد. کردنەوەی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و دھۆک و گۆڕینی یاسای باری کەسێتی کەلەسەر بنەمای ئاینی ئیسلام نەبێت. لە ڕێکەوتی 8. 12. 2015 بۆ یەکەم جار زانکۆی کاسۆلیکی لە عەینکاوا کرایەوە، کە یەکەمە لە سەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ڕۆڵی پارت و ڕەوتە سیاسیەکان لە پتەوکردنی بنەما و بیروباوەڕ و دروشمە عەلمانیەکان لە کوردستاندا:
وەکو ھەموو وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە بە عەرەب و تورک و فارسەوە،کوردیش و لە کوردستاندا ،کە ھەرچەندە داگیر و دابەشکراو بوو، بەڵام ھەرگیز دانەبڕاوە لە گەشە و پێشکەوتنی بیر و ڕەوتە نەتەوەیی و سیاسیە جۆراوجۆرەکان ھەر لە نەتەوەیی و ئیسلامی و چەپ و سۆسیالیستی و شیوعیەکانەوە، ھەربۆیە ھاوکات و ھاوشانی کۆمەڵگاکانی دەوروبەری خۆی لە ڕێگەی دامەزراندنی چەندین پارتی سیاسی خاوەن ئایدیا و فکر و ڕێبازی جیاواز،ڕۆڵی گەورەیان بینی لە چەسپاندن و پتەوکردنی بیرو ڕێبازی عەلمانیەت لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا بەتوندڕە و شمولی و میانڕەوەیشەوە.
پارتە سیاسیەکان لە باشووری کوردستاندا و لە ئێستادا دابەشبوونەتە سەر ڕەوتە عەلمانیە جیاوازەکان وەک:
1- ڕەوتی نەتەوەیی:
لە باشووری کوردستاندا: کە خۆی دەبینێتەوە لە ھەریەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک پارتێکی سیاسی نەتەوەیی پێشکەوتووخواز و دیموکراتی. لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی دادەنێت بە پارتێکی سیاسی عەلمانی نەتەوەیی موحافیزکار.
لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا: حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبێکی نەتەوەییە.
2- ڕەوتی چەپ:
* سۆسیالیستەکان: وەکو:
* حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و حیزبی زەحمەتێکێشانی کوردستان
3- ڕەوتی مارکس- لینینی ((شیوعیەکان))
* پەکەکە: لە کوردستانی باکوور
* پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان
* حیزبی ژیانەوەی ئازادی کوردستان لە ڕۆژھەڵات
* کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان
* حیزبی شیوعی عێراق کە لەساڵی 1934 وە دامەزراوە و لەھەموو قۆناغەکانی خەباتیدا کورد ڕۆڵی گەورەی ھەبووە لە سەرکردایتیەکەیدا وەکو (بەھادین نوری و سەلام عادل و عەزیز محمەد ).
* حیزبی شیوعی کوردستان کە لەساڵی 1993 دا دامەزراوە
* حیزبی شیوعی سوریا کە سکرتێرەکەی کورد بوو خالد بەگداش
لە کۆتایدا ڕەوتی عەلمانیەت لە کوردستانی گەورەدا و لەناو کۆمەڵگای کوردەواریشدا وەک مۆدێلێکی کارکردنی سیاسی کە خاوەن بیروڕاو بنەمای تایبەت بەخۆیەتی سەریھەڵداوە و گەشەی کردوە و گۆڕانکاری گەورەشی بەسەرداھاتوە و بۆتە شێوازێکی کارکردنی حیزبی و سیاسی لەناو کوردستاندا و لەبەرامبەریشدا و لەھەموو قۆناغەکانیشدا وەک دژبەر و ڕکابەری ئەم ڕەوتە عەلمانیە ڕەوت و بزوتنەوە و پارتە ئیسلامیەکانیش دامەزراون و خەباتیان کردوە ھەر لە توندڕەویانەوە وەکو جوندل ئیسلام و کۆمەڵی یەکبوون و ئەنسارولئیسلام و بزوتنەوەی ئیسلامی و دواتریش میانڕەو و ئیخوانیەکانی وەکو یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کوردستان و چەنیدین ڕەوتی نھێنی و ئاشرای تر وەک سەلەفی و مەدخەلی و سۆفیگەری.بەتایبەتیش دوای دامەزراندنی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی لەم بەشەی باشووردا لەساڵی 1992وە و دواتریش لەھەموو بەشەکانی تری کوردستاندا.
ئاشکراشە ئەم ڕەوت و بەرنامە و مەنھەج و ڕێبازە فکریەی عەلمانیەت بۆ ئایندەش بوون و مان و گەشە و بەردەوامی خۆی درێژە پێدەدات و لەگەڵ گۆڕانکاریە ناوچەیی و جیھانیەکان و ڕەوتی سەردەمدا گەشە بەخۆی دەدات و خۆی نوێ دەکاتەوە و ئیدی خاڵی کۆتایی دیارنیە و بەھاوتەریبی لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامیەکاندا درێژە بەڕکابەری خۆیان دەدەن.بەڵام ڕەوتی عەلمانیەت لە کوردستان بەتایبەتی و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی لەبەرئەوەی کانگای ھاتنەخوارەوەی ھەر سێ ئاینە ئاسمانیەکەی ((یەھودیەت و مەسیحیەت و ئیسلام)ـە و مێژوویەکی دوورودرێژیان ھەیە و چەندین وڵات و پارتی ئیسلامی و ناوەندی ئاینی و پیاوانی بەدەسەڵاتی ئاینی تیادا گەورەبوون و کاریگەریان ھەبووە لە سەر دڵ و دەروون و بیرکردنەوەی کۆمەڵگاکان،نەیتوانیوە وەک وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپیەکان سەرکەوتنی گەورە بەدەستبێنن لە چەسپاندنی بیروباوەڕ و بنەما فکریەکانی خۆیان کە سەرەتایی و سەرەکیترینیان بریتیە لە جیاکردنەوەی دەوڵەت لە دەسەڵاتی دین و پیاوانی ئاینی، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەکو دوو ڕەوتی ھاوتەریب و دژ بەیەکیش درێژە بەکار و خەبات و ململانێ مێژوویەکانی خۆیان دەدەن و بۆ ھەتاھەتاییشە لە ململانێیەکی بەردەوام و نەبڕاوەدا دەمێننەوە.
سەرچاوەکان:
1- https://ar.wikipedia.org
2- https://kurdipedia.org
3- https://www.aljazeera.net
4- https://www.hespress.com
5- https://mustafamuslim.net
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی