بورهان شێخ رەئوف: كۆتایی دكتاتۆرەكەی بەنگلادیش.
دوای پانزە ساڵ فەرمانڕەوایی دواجار ژنە بەهێزەكەی بەنگلادیش شێخە حەسینە لەژێر فشاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خوێندكاران و چین و توێژەكانی تری كۆمەڵگا هەڵهات، ئەگەرچی شێخە حەسینە رۆڵی كاریگەری هەبوو لە رزگاركردنی وڵاتەكەی لە دەسەڵاتی سەربازی، مانەوەی زۆری لە سەر كورسی دەسەڵات لە ساڵی 2009 ەوە تا 5. 8. 2024، دواجار كۆتایی بە فەرمانڕەواییەكەی هات و خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە دەكەی پایتەخت چوونە ناو بارەگای سەرەكی حكومەتەوە، دوای زیاتر لە مانگێك خۆپیشاندان و كوژرانی سەدان هاووڵاتی.
پێشكەوتنی گەورەی ئابووری
ئەگەرچی سەردەمی حوكمڕانی شێخە حەسینە بەنگلادیش پێشكەوتنی گەورەی ئابووری بە خۆیەوەبینی، بەڵام لە رووی سیاسییەوە كەموكوڕی زۆری هەبوو، لە نموونەی زیندانی كردنی نەیارە سیاسیەكانی و بەرتەسككردنەوەی ئازادی لە وڵات.
هەڵوێستی سوپا
سوپای بەنگلادیش رایگەیاند، هەوڵ دەدەن حكومەتێكی راگوزەر پێكبهێنن بۆ بەڕێكردنی كاروباری وڵات دوای هەڵاتنی شێخە حەسینە.
هۆكاری خۆپیشاندانەكان
1. خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتە لەلایەن خوێندكارانی زانكۆكانەوە دەستیپێكرد، كاتێك حكومەت بڕیاریدا دووبارە كار بە شێوازی پشك پشكێنە بكاتەوە بۆ دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا، مەبەستیش لە پشك پشكێنە دامەزراندنی نەوە و منداڵی جەنگاوەرە كۆنەكانی شەڕی سەربەخۆیی بەنگلادیشە لە ساڵی 1971، ئەمەش بۆ نەوەی ئێستای ئەو وڵاتە قورسە دوای پێنج دەیە لەسەربەخۆیی و ئەمە بە جیاكاری و نایەكسانی دەزانن، دواتر خۆپیشاندانەكان گۆڕان بۆ كاری توندوتیژی و بەریەككەوتن و خوێنڕژان.
داواكارییەكانی ئۆپۆزەسیۆنیش گۆڕان بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی حكومەت، دواتریش پەلاماردانی خۆپیشاندەران لەلایەن قوتابیانی لایەنگری حكومەت و پۆلیسەوە، نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە لەسەر ئاستی جیهان.
2. ئەگەرچی شێخە حەسینە بەڵێنی دابوو بنگلادیش بكاتە وڵاتێكی پێشكەوتوو خۆشگوزەران، بەڵام 18 ملیۆن گەنجی ئەو وڵاتە بێكار بوون، بە گوێرەی ئامارە ڕەسمییەكانی حكومەت، ئەمەش فاكتەرێكی بەهێز بوو بۆ بەرپابوونی ناڕەزایی و داخوازی هاووڵاتیان بۆ گۆڕانكاری. هەڵسوكەوتی توندوتیژی حكومەتی بەنگلادیش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن مایەی نیگەرانی ناوخۆیی و دەرەكیش بوو بەتایبەتی واشنتۆن.
توندوتیژی حكومەت بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن
3. هەڵسوكەوتی توندوتیژی حكومەتی بەنگلادیش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن مایەی نیگەرانی ناوخۆیی و دەرەكیش بوو بەتایبەتی واشنتۆن، كە لە دەیەی رابردوودا حكومەت پێنج لەسەركردە ئیسلامییە ناڕازییەكان و كەسایەتییە بەرهەڵستكارەكانی خۆی لە سێدارە دابوو، كە خەڵكی وڵاتەكە ئەو داداگاییكردنانە بەشانۆگەری وەسف دەكەن، چونكە حكومەت ئەو كەسایەتیانەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تۆمەتبار كردبوو لە كاتی شەڕی خوێناوی سەربەخۆیی لە پاكستان لە ساڵی 1971دا.
4. نەبوونی شەفافیەت لە هەڵبژاردنەكاندا، كە وایكردبوو شێخە حەسینە بۆ خوولی چوارەم بە سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرێتەوە لە كانونی دووەمی 2023 دا، بەرەی ئۆپۆزەسیۆنیش بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كرد و رایگەیاند ئەو هەڵبژاردنە نە ئازاد و نە پاك و نە بێ گەرد بوو.
شێخە حەسینە كچی سەركردەو كاریزمای مێژوویی بەنگلادیش شێخ موجیبولڕەحمانە، كە بەكودەتای سەربازی ساڵی 1975 خۆی و ژنەكەی و سێ كوڕی كوژراون، شێخە حەسینە شەش ساڵ لە مەنفا و هەندەران ژیا تا گەڕایەوە و بووە سەرۆكی حزبی رابیتەی عەوامی.
دادگەری بنەمای فەرمانڕەواییە
لە كۆتاییدا ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرە دەردەكەوێت لە ئەزموونی بەنگلادیشەوە، كە دەبێت هەمووان كەڵكی لێ وەربگرن ئەویش دادگەری بنەمای فەرمانڕەواییە، نە مێژوو نە بنەماڵە، كەس ناپارێزێ لە ڕق و بێزاری گەل.