بەهرۆز جەعفەر: بۆچی هەندێک لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بەرەو وشکبوون و خراپبوون دەچێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من تا ئێستا “نەیجیریا” م نەدیوە، بەڵام دەتوانم سوێند بخۆم کە نەیجیریا هەیەو دەوڵەتیشەو، چەندین هاوڕێی نەیجیریشیم هەیە. ئاوهاش نەمدیوە کە کۆمپانیایەکی نەوتیی خراپ مامەڵە لەگەڵ بیرە نەوتییەکاندا بکات و بەگشتی فشار لەسەر کێڵگەکان درووست بکات، لە پێناو گەیشتن بەسەرمایەی زۆر و بەدەستهێنانی پەلەو کاتیی خۆی.. دڵنیام کە ئەمە هۆکارە ڕاستەقینەکەیە.
چوونکە ئەگەر ئاشکرا بێت کە کۆمپانیایەکی فرەڕەگەز ئاوها مامەڵە لەگەڵ کێڵگەیەکی نەوتیی دەکات، ئەوا بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە لە بۆرسەو لە هەموو شتێکدا دادەڕمێ لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە کۆمپانیاکە تووشی لێپرسینەوەی یاسایی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و دادگای وڵاتی خانەخوێ دەبێتەوە. ئەوەشی کە تەنها یەک جار ئەم نهێنی یە ئاشکرا بوو، لە کێڵگەی تەق-تەق، ئەوە بەهۆی ئەوەوە بوو کە خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە لە نێوان خۆیاندا کێشەیان هەبوو، بۆیە ئەو پرسە دزەی کردە دەرەوە. زۆر نا-جۆر دێتە پێش چاو هەرێمێک نیزیکی دوو دەیە نەوت و گاز بەرهەم بهێنێت، تەنانەت یەک بەدواداچوون، یەک لێکوڵینەوەی زانستی لەسەر ئەو پرسە هەستیارە نەبێت، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی وزەو ئاسایشی نیشتیمانییەوە!
بەداخەوە کە هەموو گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەسەرەتاوە هەڵەبوون، ڕەنگە ستانداردی گرێبەستەکە بۆ ئەوکاتی هەرێم و ئێستاش باشترین جۆری گرێبەست بێت کە “بەشداری و بەرهەمهێنان-PSC”ە. بەڵام کارەساتەکە لە سێ شوێنەوە هات:
یەکەم/ هەر لە بنەڕەتدا، هەرێم پێویستی بەوە نەبوو گرێبەستی نەوتی ئەنجام بدات لەگەڵ کۆمپانیای دەرەکی، دەبوو کۆمپانیای نەوتیی- خۆماڵی- کوردیی بواری خزمەتگوزارییەکانی نەوت و گاز و ژینگە درووست بکات، توانای ناوخۆیی و پیشەسازیی ناوخۆیی سەرپێ بخات، ئەمە لە یاسای ژمارەی 22 ی ساڵی 2007 ی پەرلەمانی کوردستانیشدا بە ڕوونی ئاماژە بە درووستکردنی ئەو کۆمپانیا- خۆماڵییانە دراوە؛ هەر درووست نەکراو، نەکرا!؟ بۆیە ئەنجامەکە ئەوەیە هەرێم چەندین ملیار دۆلاری لە دادگا جیهانییەکان بەو کۆمپانیا جیهانییانە بە خۆڕایی دۆڕاند، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت زۆر-زۆربوە لە ڕابردوودا، بۆیە 16 ساڵ نەوت فرۆشراوە و 32 ملیار دۆلار قەرز لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. ئەوە جگە لەوەی باری ئابوریی کوردستان لەچەندین لای دیکەوە شێواوەو… تادوایی.
دووەم/ سەری کێشەکە ئەوەیە، برادەران نەچوون کۆمپانیای بواری وزەی پڕۆفیشناڵ و بە ئەزموون لە دەرەوە بهێنن و گرێبەستی لەگەڵ بکەن، بەڵکو زۆربەیان “برادەران” خۆیان لەدەرەوەی وڵات بەچەند سەت دۆلارێک کۆمپانیایەکیان تۆمار کردوەو، یان کۆمپانیایەکی داڕماو و داخراویان کڕیوەو، هەر بەو ناوەوە “کەسێکی بیانیی” یان کوردیان کردوە بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەو، خێرا هێناویانە لێرە لە کوردستان گرێبەستیان لەگەڵ کردوە (واتە هەندێ لە برادەران گرێبەستی نەوتییان لەگەڵ خۆیان کردوە). کە ئەمە دۆخەکە بێ و، کۆمپانیا و تیمی خراپ و تەکنیکی ئاست نزم هەبێ، ئەی بێگومان کێڵگەکان خراپ دەبن، ئاویان تێکەڵ دەبێ، دادەخورمێن و کارەساتی جۆراوجۆر دەقەومێ و قەوماوە. تەنانەت ئەگەر چاوێک بە سیڤی ئەو کۆمپانیا “بەناو نێودەوڵەتییانە” دا بخشێنیتەوە، زۆربەیان تەنها لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردوە؛ چوونکە خەڵکی دیکەو گەلانی دیکە ئامادەنین سامانی خۆیان بخەنە ژێردەستی ئەوانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت