دکتۆر کامەران محەمەد: گرنگی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا – بەشی دەیەم.
بونیادنانی داهاتوو، گه‌شه‌پێدانی کارامه‌یی له میانه‌ی ئاوێنه‌ی میژووه‌وه.
ده‌یه‌م
توێژینەوە مێژووییه‌کان تەنها مەشقێکی ئەکادیمی نین؛ به‌ڵکو پراکتیزەیەکی چارەنووسسازن، کە پەرە بە کۆمەڵێک (کارامەیی) بەرفراوان دەدەن. بە قووڵبوونەوە لە دەقە مێژووییەکان، فێرخوازان دەتوانن تواناکانی (خوێندنەوە) و (نووسین)یان بەرز بکەنەوە و (بیرکردنەوەی ڕەخنەیی)ان به‌هێزبکه‌ن و (هاوسۆزیی و هۆشیاریی که‌لتووریی)ش گه‌شه‌پێبده‌ن.
A) کارامه‌یی خوێندنەوە و نووسین:
یەکێک لە سوودە ڕاسته‌وخۆکانی توێژینه‌وه مێژووییه‌کان، باشترکردنی کارامه‌یی خوێندنەوە و نووسینە. دیاره دەقە مێژووییەکان لە (زمان) و (شێواز) و (زه‌مینه)ی خۆیاندا جیاوازن، ئەمەش تابلۆیەکی دەوڵەمەند بۆ خوێنەران فه‌راهه‌م دەکات، هه‌تا بتوانن بگەڕێن و ڕاڤه بکه‌ن.
خوێندنه‌وه
خوێندنەوەی دەقه مێژووییه‌کان، هه‌بوونی توانای (تێگەیشتن) و (ڕاڤه‌کردن)ی زمان لە قۆناغە مێژووییه جیاوازەکان ده‌خوازێت. ئەمەش نەک هەر تێگەیشتن، بەڵکو توانای بە کۆنتێکستکردن (دانانی زه‌مینه) و جیاکردنەوەی دەقە لاوه‌کییه‌کان لەناو بەڵگەنامە مێژووییەکاندا دەگرێتەوە.
بۆ نموونە خوێندنەوەی (بیره‌وه‌رییه‌کانی ئان فرانک The Diary of Anne Frank) دیدێکه بۆ ئەزموونەکانی کچێکی جولەکە، لە کاتی هۆلۆکۆستدا. ئه‌و ئاڵنگاریی خوێنەران دەکات، کە لە زه‌مینه سۆزداریی و مێژووییه‌کانی جەنگی دووەمی جیهانی تێبگەن. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ دەقە مێژووییەکانی سەردەمە جیاوازەکاندا، توانای کردنه‌وه‌ی هێما ئاڵۆزه‌کانی زمان و تێگەیشتن لە واتا ورده‌کان بەهێزدهکات.
نووسین
دواتر توێژینەوە مێژووییه‌کان فێرخوازان هان دەدات، نەک تەنها ڕاستییەکان بگێڕنەوە، بەڵکو هه‌وڵی شیکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ش بده‌ن، که له سه‌رچاوه جۆراوجۆره‌کانه‌وه کۆکراونه‌ته‌وه، پەرەپێدانی توانای خۆیان بۆ دامه‌زراندنی ئارگومێنتی به‌هێز و قایلکه‌ر. ئەم پرۆسەیەش بۆ (ڕوون)ی و (وردیی) نووسین وه‌ک ئاوی ژیان وایه.
بۆ نموونە نووسینی شیکردنه‌وه‌یه‌کی بەراوردکاریی، ده‌رباره‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئەمریکی و فەرەنسی، پێویستی بە کۆکردنەوەی سەرچاوە و دیدی جۆراوجۆر هەیە. بۆیه ده‌بێت فێرخوازان سەرچاوە سه‌ره‌کی و لاوەکیەکان هەڵسەنگێنن و لە ڕاڤه مێژووییه جیاوازەکان تێبگەن و ئارگومێنتێکی هاوسەنگ بخەنەڕوو.
B) بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لێهاتوویی شیکاریی:
لێکۆڵینەوەی مێژوو (پشکنینی ڕەخنەگرانەی سەرچاوەکان) و (هەڵسەنگاندنی بەڵگەنامهکان) و ت(ێگەیشتن لە هۆکار و ئەنجام)ـە ئاڵۆزەکان ده‌خوازێت. ئەمەش بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لێهاتوویی شیکاریی بەهێز دەکات.
هەڵسەنگاندنی سەرچاوەکان:
فێرخوازانی مێژوو فێردەبن، که چۆن هەڵسەنگاندن بۆ (بێلایه‌نیی) و (لایەنگریی) سەرچاوەکان بکەن، هاوکات سەرچاوە بنه‌ڕه‌تیی و ناوەندییەکان و تێگەیشتن لەو زهمیینهیهی کە تێیدا نووسراون، چۆن جیابکه‌نه‌وه.
بۆ نموونە شیکردنەوەی نووسینەکانی کۆنفۆشیۆس، تێگەیشتن لە زه‌مینه کۆمەڵایەتی- سیاسییه‌کانی (چینی کۆن) و ئەو لایەنگرییانەی کە لە دەقەکانی کۆنفۆشیۆسدا هەن، له‌خۆده‌گرن. بۆیه ئەم هەڵسەنگاندنە ڕەخنەگرانەیەی سەرچاوەکان بۆ پەرەپێدانی دیدێکی ڕۆشنگه‌ر و هاوسەنگ گرنگییەکی ئێکجار گه‌وره‌ی هه‌یه.
C) تێگەیشتن لە هۆکار و دەرئەنجامەکان:
مێژوو فێرخوازان فێر دەکات، له چۆنێتی کارلێکه ئاڵۆزەکانی ئەو هۆکارانە تێبگه‌ن، کە لە ڕووداوە مێژووییەکاندا پشکداریی ده‌که‌ن. ئەمەش تێگەیشتنی هۆکاره جیاوازه‌کان و دەرئەنجامە ماوه‌درێژه‌کانی کردار و سیاسەتەکان له‌خۆده‌گرێت.
بۆ نموونە لێکۆڵینەوە لە شۆڕشی پیشەسازیی، تێگەیشتنێکی ورد لە هۆکارە ئابووری و تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان ده‌خوازێت. بۆیه ده‌بێت فێرخوازان له چۆنێتی کارلێککردنی ئەم هۆکارانە بەیەکەوە بۆ بەرهەمهێنانی گۆڕانکاریی بەرچاوی کۆمه‌ڵگه‌یی تێبگه‌ن، وەک شارنشینی و بزووتنەوە کرێکارییه‌کان.
D) هاوسۆزی و هۆشیاری که‌لتووریی:
توێژینه‌وه‌ی مێژوو لە ڕێگەی بەرکەوتنی فێرخوازان بە ئەزموون و دیدگای کەسان و قۆناغە کاتییە جیاوازەکان، هاوسۆزیی و هۆشیاری که‌لتووریی به‌هێز دەکات.
گه‌شه‌پێدانی هاوسۆزیی:
توێژینەوە مێژووییه‌کان ئه‌و هه‌له بۆ فێرخوازان ده‌ڕه‌خسێنن، که لە مرۆڤی (سەردەم) و (که‌لتوور)ە جیاوازەکان تێبگەن و دواتر هاوسۆزییان بۆیان هەبێت. دیاره ئەم هاوسۆزییە بۆ قەدرزانینی ئەزموونه جۆراوجۆره‌کانی مرۆڤ گرنگییەکی به‌رچاوی هه‌یه.
بۆ نموونە لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا، تێڕوانینێک ده‌رباره‌ی خەبات و خۆڕاگریی ڕەشپێستەکانی ئەفریقای باشوور فه‌راهه‌م ده‌کات. بۆیه تێگەیشتن لە ئەزموونەکانیان، هاوسۆزیی و قەدرزانی قووڵتر ده‌رباره‌ی خەباتهکهیان بۆ به‌دیهێنانی مافە مەدەنییەکان و دادپەروەریی دروست ده‌کات.
به‌مشێوه‌یه تویژینه‌وه‌ی مێژوو تەنها بۆ فێربوونی کات و ڕووداوەکان نییە؛ به‌ڵکو موماره‌سه‌یه‌کی گۆڕانکارییە، کە تواناکانی خوێندنەوە و نووسین بەرز دەکاتەوە و هانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ده‌دات و هاوسۆزیی و هۆشیاری که‌لتووریی گه‌شه‌پێده‌دات. هه‌موو ئه‌مانه‌ش تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی گرنگی مێژوو لە گەشەپێدانی کارامه‌یی کەسیی و ئەکادیمیدا.