زەبەنگ بەهادین: یاسا و رەوشت و ئایین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر کۆمەڵگایەک، یان تاکێک پێویستی بە یەکێک لەم سێ چاودێرە هەیە بۆ رێکخستنی ژیان و ئاراستەی ژیانی، یاسا و ئایین و رەوشت. ئەم سێ چەمکە بونەتو پێویستە گرنگەکانی مرۆڤ تا بتوانێت کاری رۆژانەو مامەڵە و گوزەری ژیانی رێک بخات لە نێو کۆمەڵدا.
مرۆڤی سەرەتایی ( نیاندەرتاڵ ) لە سەرەتای دروستبونیەوە پەیوەست دەبێت بە رەوشتەوە لەو کاتەی کە نە ئاین نە یاسا نەبوو بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا ، بەڵام لە ئەنجامی تێکەڵبونی مرۆڤ بە دارستان و راوکردن و کوشتن و پێشبرکێ بۆ سەرکەوتوترین راوکەر فێری یاسای دارستان بوو کە مانەوە بۆ بەهێزترینە، لە دوای گەیشتن بە کشتوکاڵ مرۆڤ پێویستی بە یاسای دارستان نەما لەبەر ئەوەی یەکسانی هاتە کایە لە ئاڵو گۆری بەروبومی کشتوکاڵی بە ئاژەڵی، بە مەش مرۆڤ لە چوارچێوەی یاسا چوە دەرەوە و وەک چۆن لە قۆزاخەی رەوشتدا نەما، لێرەوە مرۆڤ ئایینی هێنایە کایە بۆ رێکخستنی کاروباری رۆژانە و چاودێر بەسەر تاکەوە تا کۆنترۆڵی ئارەزو و ویستە دارستانییەکانی پێ بکات کە وەریگرتبو لە ئاژەڵ و بونەوەرەکانی ناو دارستان.
یاسا لە سەرەتاوە بۆ مرۆڤ دانەنراوە هەر بۆیە لە سەرەتاوە پێی دەڵێن؛ یاسای دارستان. هەر کات بە یاسا باجی خراپە پارە، یان زیندانی بێت. نابێتە رێگری راستەقینە لە کردەوەی خراپی مرۆڤ، ئاینیش ئەو کات کاریگەری دەبێت کە تۆبە و لێخۆشبونی خودای بونی نەبێت بۆ کاری خراپە، سرینەوەی خراپەکان بونی نەبێت، بە چاکەکردن تا بتوانێت رێگە لە مرۆڤ بگرێت لە خراپەکردن لە سەرەتاوە.
ئەوەی مرۆڤ رادەگرێت لە کردنی خراپە تەنها رەوشتە، رەنگە ئەفڵاتون لەبەر ئەمە جیهانە رەوشتیەکەت ناونا جیهانی یۆتۆپیا تا بتوانێت نیشانی بدات کە جیهانێکی بەرەوشت دەتوانێت چ ئاسودەییەک بۆ کۆمەڵگا و چ متمانەیەک لە نێو تاکەکانی دروست بکات. ئەو کۆمەڵگایەی رەوشتی نەبێت هەزار ئاین و هەزارەها یاسا ناتوانێت رایبگرێت لە کاری خراپە، ئەو مرۆڤەی رەوشتی نەبێت هەرگیز نە باشەی بۆ خۆی دەبێت نە بۆ کۆمەڵگاکەی، ئەو کەسانەی دانی خێر بە کەسدا نانێن ئەوانەن کە خێریان بۆ خۆشیان نییە لە ژیانیاندا. ئەو کەسانەی باشیان بۆ کەس ناوێت دڵنیا بە بۆ خۆشیان هەرگیز باشیان دەستیان ناکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت