عەبدوڵا کەریم مەحمود: وڵاغ لوو گولەبارانیان کرد بە ماچ باران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چلەکاندا، لە نێوان دوو کەسی سەر بە بنەماڵەی ( گەڵاڵی) و بنەماڵەی ( کافرۆشی )، لە سەرىڕینی چەند لقە داڕێک لە نێوان رەزەکانیاندا، کێشە بەرپا بوو . عارف کەریم گەڵاڵی، خەنجەرێکی لە ( ساڵحی مام فەرەج کافرۆشی )دا، ئەویش بە ساچمەزەنەکەی برایەکەی عارف ی لەوێدا کوشت. ئەم کارەساتە، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی دوژمنایەتی لە نێوان گەڵاڵی و کافرۆشی، لە (1940- 1985)، ماوەی (35) ساڵ ، لە چەند رێکەوتێکدا هەردوو لایان، چەند کەسێکیان لە یەکتریی کوشت. لە ناوەڕاستی ساڵی 1985 عەلی کوێخا عەبدوڵا ی گەڵاڵی و عوسمانی مام برایمی کافرۆشی، وەک دوو کەسایەتی دیار، لە رێکەوتێکدا لە نێوان گوندی( وڵاغلو و قامیش) بە یەک دەگەن، هەردوولایان دەمانچەکانیان لە بەر پشتوێنەکەیان دەرهێنا روویان کردە یەکتریی و لە بری ئەوەی گولەی شانەی دەمانچەکەیان لە جەستەی یەکتریی بەتاڵ بکەنەوە. لە جوانترین هەڵوێستی جوامێریی و ئازایەتیدا، عەلی گەڵاڵی و عووسمان کافرۆشی پەنجەیان لە سەر پەلە پیتکەی دەمانچەکانیان لا برد، لە بری ئەوەی گولە بارانی یەکتریی بکەن، ماچ بارانی یەکترییان کرد.

لەوێ دا . بە یەکترییان وت: ئەو هەڵانەی روویان داوە ناگەڕێنەوە، با ئێمە لە ئێستاوە هەڵەکان بسڕینەوە، وانەیەکی نوێ فێری نەوەکانمان بکەین، لە بری ئەوەی گولە بارانی یەکتریی بکەن، با وەک ئێمەماچ بارانی یەکتریی بکەن.

سەرچاوە: ئەم زانیاریانەم لە کوێخا عەلی ساڵح و هەڵکەوت عەبدوڵا قادر. گوندی وڵاغلو سەربە ناحیەی گاپپێڵۆنی قەزای ماوەتی شارباژیرە، لە دۆڵیکدایە چیای بەرزی حەسەن بەگ و گۆجارو بەردەسپیان دەورەی داوە، کەوتوەتە نیوان گوندەکانی (کونە ماسیی و گاپیڵۆن و باڵخ و گەڕەدێ و گەورەدێ و قامیش و دۆڵبێشک و گەڵاڵە)، 40کم لە شاری سلێمانی یەوە دوورە. ئەم گوندە لە دوو تیرەی سەرەکی گەڵاڵی و کافرۆشی پێک هاتوون. لە 1977دا ، 136خانوو ، 146 خانەوادەو 579 کەس بوو، لە 1978 دوای راگواستنی گوندەکانی سنوور، لە 1981بوو بە مەرز، بە 270ماڵ جارێکی تر ئاوەدان کرایەوە. لە دوای شەڕی قەیوان – ماوەت لە ساڵی 1986 گوندەکە خاپوورکرا و خەڵکەکەی روویان کردە شاری سلێمانی، دوای راپەرین ئاوەدان کرایەوە، تا 2000، 150ماڵی تا دەژیا. گوندێکی باخدارە، بە رەزوباخی چوالە و سماق، 8 کانی و کارێزی تیایە،کێڵگەکانی مین رێژ کراوە، تا ئێستا 15 شەهیدو 35 کەم ئەندام ی مینیان هەیە. (گوندی وڵاغ لوو) بە هەڵوێستە جوامێریی و ئازایەتیەکەی (عەلی کوێخا عەبدوڵلا ی گەڵاڵی و عوسمان مام برایم )، هەموو ئەو رق و تۆڵەو تۆڵە کردنەوە و کارەساتی کوشتن و دوژمنایەتیان لە رەگەوە سڕییەوە، لە وڵاغلوی برایەتی و ئاشتیدا، لەو کاتەوە وەک یەک بنەماڵە و یەک خانەوادە و ویەک خوێن و براو کەس و کاری یەکتریی دەژین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت