ڕێبوار عابد محەمەد: خێزان و پەروەردە – بەشی دووەم وو کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێویستە جیاوازی لەنێوان چاودێری و پەروەردەدا بكەین. چاودێری ئەركێكی زۆر سەخت و دژوار نیە لەچاو پەروەردە. تێچوویەكی ئەوتۆی ناوێت تەنها خۆی لەدابینكردنی جل و بەرگ و خواردن و خواردنەوەو شوێنی نیشتەجێ بوون و… دەبینێتەوە كە ئەوە بەزۆر كەس دەكرێت. تەنانەت گەر بشسپێردرێت بە كەسانی تر دەتوانن جیبەجێی بكەن بەڵكو باشتریش.لەكاتێكدا پەروەردە مامەڵە لەگەڵ پێداویستییە دەروونی و ڕۆحی و فیسیۆلۆجیەكانی مرۆڤ دەكات، نموونەی ئەو منداڵەیە هەر لە دایك بوونیەوە تاكۆتایی ژیانە.بەرپرسیارێتی پەروەردەكردنی لەئەستۆی دایك و باوكانە و هیچ كەسێك ناتوانێت جێگرەوەیان بێت. خۆ ئەگەر لیستێك دابنێین بۆ گرنگترین پێداویستییەكانی منداڵەكانمان تاوەكو ژیانی سەردەمیانە بژین، ئەوەیە تواناو لێهاتوویی و حەزو ئارەزوویان ئاشكرا بێت بۆمان. پاشان وەبەرهێنانیان بۆ بكەین تاوەكو ببنە تاكێكی بەسوود بۆ گەل و نیشتمان. ئەمانەش بەدینایەن تەنها بە لێبڕانی دایك و باوكان نەبێت كە خۆیان یەكلا بكەنەوە لەپێناو پەروەردەیەكی دروستی منداڵەكانیان. لەمیانەی كۆبوونەوەی فراوانی خێزانی و گفتوگۆی ڕاشكاوانەو گوێگرتن لە داخوازی و حەزەكانیان. خۆ ئەگەر ئەم شێوازە بەكار نەیەت، ئەوا كەسانی تری دەرەوەی خێزانەكە حەزو ئارەزووەكانیان تێردەكەن و دەبنە جێگرەوەی دایكان و باوكان. ئەمەش هۆكاری سەرەكی بۆشایی نێوان منداڵ و دایبابانە. جگە لەمانە لایەنی دیكەی شەڕانگێز وەك(هاوڕێی خراپ، ژینگەی قوتابخانە، ئامێرەكانی پەیوەندی و، تۆڕە كۆمەلایەتیەكان،كە جیهانی بۆ كردوونەتە گوندێكی بچووك. سەركردەو پێشەنگی هەڵخەتێنەر، ئەكتەرو، خۆنمایشكەر،…. دیسان كێشەی دیكەی سەردەم لەم نێوەندەدا بۆتە دێوەزمەی بەردەم پەروەردەكردنی دایكان و باوكان بۆ منداڵەكان،كە دەتوانین ناویان بنێین بە(ململانێی نەوەكان)یان(ناتەبایی نەوەكان)لە هەندێ بارو دۆخیشدا بە(پێكدادانی نەوەكان). ئەمەش ئەو واتایەیە كە مەبەستمانە: بۆشاییەكی فراوان لەنێوان بیركردنەوەی دایبابان و منداڵەكانیان دژ بەیەك بن. هەم لەڕەفتارو تێڕوانینەكانیشیاندا.
لێرەدا بابلێین ئەم ململانێیەچییە؟ لەدیارترین هۆكارەكانی پشت ئەم پرسە، نەبوونی تێگەییشتنە لە سروشتی قۆناغەكە، تەنیا مەبەست لە لایەنی دایبابانەوە نیە، بەڵكو پەیوەندی بەلایەنی منداڵەكانیشەوە هەیە. منداڵ هەر بە گەییشتنی قۆناغی هەرزەكاری تێڕوانینیان بۆ ئەم قۆناغە، (هەڵچوون و فێڵ و بێباكی و نابەرپرسی و گرنگی نەدان و نا و نا …). خێزانیش لەم بارەدا ئەوەی لەسەرە بتوانێت بە چ شێوازێك ئەم تێڕوانینە هەڵانە ڕاست بكاتەوە. بەبەرامبەر بەم تێڕوانینە هەڵانەی منداڵەكان، دایبابانیش پشكیان هەیە لە دوور خستنەوەی منداڵەكانیان و هەست نەكردن بە پەروەردەی دروستیان. (زۆر لۆمە كردنیان و ڕەخنەی بێجێ و بریندار كردنیان بە وتەی ناپەسەند و هاوار كردن،….) ئەمانە هیچیان بەرهەم ناهێنن جگە لە خوڵقاندنی ناكۆكی و دووبەرەكی و لێك ترازان. بەڵكو یاری و قسەی خۆش و هاندەر لەكاتی منداڵی و بەڕاستگۆ دانان و پشتگیرییان لەكاتی گەنجی و پێگەییشتینان، دەبنە دۆست و نەمانی كەلێنی خێزانی نێوانیان.
ئەمانە وامان لێدەكەن لەبەردەم ئەم گاگۆڵكێ، یان پێشكەوتنە تەكنیكییانەدا كە لە نێو دەستەكانماندا منداڵەكانمان تیرۆر دەكەن،پێویستە گەڕانەوەیەك و پێداچوونەوەیەك بەسەر پەروەردەی خودیدا بكەینەوە (پەروەردەی چاودێری خودی) یان (پەروەردەی هەستیارانەی چاودێری خود). نەوەك پەروەردەی سیخوڕی و گوێگرتن لە هەر چرپەیەك و جوڵەیەك كە منداڵان ئەنجامی دەدەن. بەڵكو بە پەروەردەیەك گۆشیان بكەین وەك قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (مَا يَلْفِظُ مِنْ قَولٍ إلّا لَدَيهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ))ق. 18 (هەر وتەیەكی لەدەم دەردەچێت، فریشتەی چاودێری ئامادەیەو لە لایەتی دەینووسێ)، ئایا فریشتەكان هەموو قسەیە دەنووسن؟ یا تەنها ئەو قسەیە دەنووسن كە پاداشت و تۆڵەی هەیە؟ بەڵێ بە پێی ئەم ئایەتە هەموو قسەو وتەیەك دەنووسن. هەروەها وامان لێدەكەن مەشق لەسەر دەستوەردانی پێشوەختە بكەین و (بیناسازی هاوڕێیەتی ڕاستگۆیانە بۆ نەوەكانمان)بونیاد بنێین. وەك دەڵێن: الصاحب ساحب، واتە: هاوڕێیەتی ڕاكێشەرە. دانیشتن و گفتوگۆ تەشەنەسەندووەو سەرنج ڕاكێشە. ئەمانە هەمووی ئەركێكی پێویستن بەجێیان بێنین بۆ بەهاوڕێ كردنی منداڵەكانمان. دیاریكردنی قوتابخانەیان، شوێنی حەوانەوەیان. سەرچاوەی بژێوی ژیانیان. هەروەها پێویستە لەسەر دایبابان هەمان بۆچوون و هەمان شێوازی مامەڵە لەگەڵ قۆناغە جیاوازەكانی تەمەن و مندالەكاندا نەكەین، بەڵكو هەر قۆناغێك ئاستی خۆی هەیەو بە پێی پێداویستییە تایبەتەكانیان پەروەردەیان بكەین. ئەمانەش تەنها لە ئەنجامی كۆبوونەوەو گفتوگۆی خێزانییەوە ئەنجام دەدرێن.

پەروەردە لە نێوان خێزان و قوتابخانە
زۆر جار قسە لەسەر قوتابخانەكان دەكرێت كە ڕۆڵی پەروەردەیی خۆیان ناگێڕن و بەرپرسیارێتی سەرەكی لەبەرچاو ناگرن. دەبێت پێكەوە بزانین قوتابخانە تاكە دامەزراوەنییە بۆ پەروەردە كردنی قوتابی و خوێندكاری گەنجی كوڕ یان كچ. بەڵكو نوێنەرایەتی یەكێك لە كۆمەڵێك میدیای پەروەردەیی دەكات.كە گرنگترین و بناغەیان ماڵ و خێزانە. سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاستەقینەی قوتابخانە.

پەروەردەكاران سێ خاڵیان هەیە:
1-گواستنەوەی زانست لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر، واتە لە نەوەكانی ڕابوردووەوە بۆ نەوەكانی ئێستا بە پێی پرۆگرامێكی وردو هەر كۆمەڵگەیەك لەسەر بنەمای فەلسەفە، یان سیاسەتی پەروەردەیی پەسەندی دەكات كە تێیدا بە دوایدا دەگەڕێت بۆ قوتابی و خوێندكارە كوڕ یا كچەكان بەمەبەستی گەییشتن بە ئامانجی سوود بەخش بۆیان .
2- هیچ منداڵێك كە لەدایك دەبێت و پەروەردە دەكرێت و لە ژێر چاودێری دایك و باوكدا گەورە دەبێت، لەژێر كاریگەری ئەوان و هەموو ئەو شتانەی كەلەناو ئەم خێزانەدا دەوریان داوە. وەك ئەم بنەماو بەهاگشتیانە،كەیان فەزیلەتن و یان پێچەوانەن، بۆیە ئەم منداڵە لەسەر بنەمای ئەوان پەروەردە دەكرێت، پێغەمبەری ئیسلام – درودی خوای لەسەر بێت – دەفەرموێت (هەموو لەدایك بوویەك لەسەر فیترەت و پاكێتی لەدایك دەبێت، بۆیە ئەوە دایكان و باوكانن ڕۆلەكانیان دەكەن بە جولەكەو مەسیحی و ئاگر پەرست). ئەم فەرموودەیە گرنگی پەروەردەو خاڵی دەستپێكی بنەڕەتیەكەی لە ماڵەوە پشتڕاست دەكاتەوە. نەك لە قوتابخانەوە وەك هەندێك كەس بیری لێدەكەنەوە. وەك چۆن هەندێك خێزان منداڵەكانیان بە بچووكی بەجێدێڵن بە بێ گرنگیدان، چاودێری، بەدوا چوون و رێنمایی، دواتر بەو شتانە گەورە دەبن كە لەگەنجی پێی ڕاهاتوون.- توڕەیی و پەلە كردن و بێباكی و تەنیایی و ئێرەیی.
3- ڕاستكردنەوەی ئەو چەمك و ڕاستی و زانیاریە زانستییە هەڵانە كە ڕەنگە لە مێشكی گەنجاندا گەشە بكەن، یان لەیادەوەرییەكانیاندا گیربخۆن لە ئەنجامی بەركەوتنیان لەگەڵ كەسانی تر.چ لەناوەوە یان لەدەرەوەی خێزانەكانیان، لە ڕێگای میدیای دیكەی پەروەردەییەوە.
ئەوانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە قوتابخانە بەرپرسی یەكەم نیە، بەڵكو ئەركی سەرەكی پەروەردەكردنی منداڵ خێزانە بەپلەی یەكەم و ، پاشان قوتابخانەو، دواتر ئەوانی تر.
بەهەر حاڵ ئەوەی كە پێویستە لەم چوارچێوە پەروەردەییەدا سەیر بكرێت، جەخت لەسەر پێویستی هاوكاری خێزان لەگەڵ قوتابخانە بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئامانجە پەروەردەییەكان بێنەدی. ئەم پرسیارە لەخۆمان بكەین كێ بەرپرسیارە لە خەوی بەشێك لە منداڵان هەرلەیەكەم ساتە وەختی هاتنیان بۆ قوتابخانەو ،مەگەر هۆكاری شەو نخونییان نییە بە بەكارهێنانی ئینتەرنێت و خۆ خەریك كردنیان بە شتانی بێسوودوو مانەوە تا بەرەبەیان.ئایا ماڵ یان قوتابخانە بەرپرسیارە؟.
یان باوكێك كە تەنها خەمی كۆكردنەوەی پارەو ماڵە، ئەوە باوكێكی كەمتەرخەم و لەواتای باوكایەتی تێناگات، هەر ئەو باوكەیەلەداهاتوودا هەست بە دڵەڕاوكێ دەكات كاتێك منداڵەكانی دە گەنە قۆناغی هەرزەكاری، بۆیە پێویستە هەموو باوكێك پێشوەختە ئاگاداری ئەوە بێت كە ئەگەر لە قۆناغی سەرەتایی منداڵیدا هاوڕێیەتی بۆ منداڵەكانی دابین بكات و هەندێ كاتی خۆی بدات بە كۆبوونەوە لەگەڵیان و پرس و ڕا ئاڵوگۆڕ بكەن، ئەوا پەیوەندی نێوانیان بەهێز تر دەبێت و هیچ نیگەرانییەك و ترسێكی نابێت لە داهاتوویان. هاوڕێیەتی منداڵ بەواتای كەمكردنەوەی ڕێزگرتن لە منداڵەكە نییە بۆ باوكی. بۆیە دەبێت دایبابان درێغی نەكەن لە بەشداری پێكردنی منداڵەكە لە گفتوگۆو كۆبوونەوەكانی خێزانیدا.

ڕۆڵی قوتابخانە لە پەروەردەكردندا
قوتابخانە وەك دامەزراوەیەكی كۆمەلایەتی، یان وەك دامەزراوەی پەروەردەیی منداڵان دوای خێزان دێت. ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لە ئاڕاستەكردنی ڕەفتارو بونیاتنانی تاكێكی خوێندەواری بەسوود بۆ خێزان و كۆمەڵگە. چونكە داهاتووی هەر گەلێك لە قوتابخانەوە دەست پێدەكات. بە جۆرێك هەر ئەو منداڵانەن كە دەرچووی ناوەندەكانن دەبنە فاكتەری سەرەكی لە پرۆسەكانی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و بیناسازی و كلتووری و تەواوی كایەكانی ژیان. قوتابخانە تەواوكەری رۆڵی خێزانە لە فێركردنی بەها باڵاكان و بنەما ڕەوشتییەكان و ڕۆشنفكریەكان. هەروەها گرنتی دامەزراندنی پێگەیەكی تۆكمە دەدات لەگەشەسەندنی پاراستنی ژینگەو ڕەوتە پەسەندەكانی نێو كۆمەڵگە. قوتابخانە ئەم ڕۆڵەی لە ڕێگەی پرۆگرامەكانی خوێندنەوە سەرچاوە دەگرێت بە شێوازێك دەبێتە پاڵاوتنی ڕەفتاری منداڵ و فێركردنی سیستەم و ڕێزگرتن لە یاساو بەگرنگی زانینی كات و …..
هەروەها ئامڕازێكە وەك پلیكانەی كۆمەڵایەتی (جووڵەی كۆمەڵایەتی)وەك چۆن كار دەكات بۆ نەهێشتنی جیاوازی نێوان چینەكان و یەكتر بڕینیان و یەكگرتنیان لە ڕێگەی دەرفەتی پەروەردەیی یەكسانەوە، پەروەردەكردن وەك مافێكی هاوڵاتی لەبەر چاوگرتنی ڕەگەزو ئایین.
قوتابخانە وێستگەیەكە بۆ گواستنەوەی منداڵ لە خێزانەوە – بەواتای گواستنەوەی لە كۆمەڵگەیەكی بچووك و سادەو سنووردارەوە – بۆ كۆمەڵگەیەكی فراوانترو پەیوەستتر بەژیانەوە، لەسەر بنەمای سیستەم و یاسایەكی نوێ ئەرك و ڕۆڵی تێدایە كە پێشتر منداڵ پێی ئاشنا نەبووە. تێیدا – بەخشین و ،وەرگرتن ،پەیوەندی نوێ و كێبڕكێ و تێكەڵبوونی كلتووری جیاواز، هاوكارو پشتیوان.
لە قوتابخانە ژمارەیەكی زۆر منداڵ هەن وەك یەك مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بۆ منداڵەكەش قوتابخانە بە واتای دابڕان دێت لە دایك و باوك ، بەتایبەت دایك. ئەم ژینگە نوێیە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر منداڵ هەیە لە ڕەفتارو كەسێتییەكەیدا، ئەو ڕەفتارەی كە لە خێزانەكەیدا هەیبووە، چیتر لە فوتابخانە قبوڵكراو نییە!. دەسەڵاتی نوێ بەسەر مندالدا دەسەپێنرێت، جیاواز لەوەی كەلە خێزانەكانیاندا لەسەری ڕاهاتوون. لە قوتابخانە دەبێت ڕەچاوی رێساو یاساكان بكات و لەبەر چاوی بگرێت. دەبێت ڕێك و پێكی ڕەچاو بكات، بە ئەدەب بێت،گاڵتە بەهەڵەی كەسانی دیكە نەكات،گرنگی بەو كەسانە بدات كە قسەیان لەگەڵ دەكات، لەكاتی كاركردن، یان یاریكردن قسە بەكەسانی تر نەبڕێت، لە هەندێ كاتدا بێدەنگ بێت، تووڕە نەبێت ئەگەر لە بەرژەوەندی گروپەكەدا بێت، ئەوەی ژینگە تێك دەدات و پیسی دەكات، ئەم ڕێكی بكاتەوەو پاكڕایگرێت. چیتر لەهیچ شتێكدا جیاواز نیەو،وەك ئەوەی لەباوەشی خێزانەكەیدا خەیاڵی دەكرد.
لە ژێر ڕۆشنایی گەشەكردنی تەكنەلۆجیادا، بەتایبەتی لە بواری پەیوەندی و زانیاری و بەردەست بوونی سەرچاوەی زانیاری بۆ خەڵك و لەچەندین كەناڵەوە، وەك قوتابخانە ئیتر تاكە سەرچاوەی زانیاری نییەو مامۆستاش ئیتر تاكە دابەشكاری زانست نییە. زانیاری منداڵ چیتر سنووردارنییە، بەو زانیاریانەی كەتەنها لە مامۆستاو كتێبی خوێندنەوە وەریدەگرێت. (منداڵەكە بەشداری چالاكی و ئەركی نێو پۆل دەكات)لەلایەكی ترەوە بارگاوی كراوەو هەردووكیان تێكەڵ بەیەكتر دەبن. مامۆستا لە پۆلدا ئەو ئەزموونەی كەڕاستەو خۆ دەیگوازێتەوە بۆ خوێندكار و تەقلیدی دەكەن بێ ئەوەی دەرفەتی بیركردنەوە و داهێنەرانەیان هەبێت و خۆیان وەك كەسێكی سەربەخۆ نایەتە پێشچاو، لێرەدا پەیوەندی كز دەبێت و چارەسەریش بۆ ئەم دۆخە گونجاندنی هەردوو بارو دۆخەكەیە پێكەوە كار بكەن، تاوەكو زانیاری و لایەنە پەروەردەییەكەش هاوسەنگ بن.
پەروەردەو ململانێی نەوەكان لەم سەردەمەدا لەكاتی پراكتیزەكردنی پرۆسەی پەروەردەدا دەبێت بەڵگە نەویستێك لەبەرچاوماندا بهێڵینەوە كە هەمووان دەزانن، ڕەنگە لەگەڵ بیركردنەوەیان نەگونجێت، بۆیە دەبێت تایبەتمەندی و پێداویستییەكانی ئەم قۆناغە لەبەرچاو بگیرێت كە تێیدا دەژین، پێویستە چی بكەین؟ بۆ بەرهەمهێنانی تاكی خوێندەوارو ڕۆشنبیر بەواتای وشە. چونكە هەر نەوەیەك لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری بوون دەكات. بەگشتی نەوەكانی دواتر هەست بە ئارەزووی دامەزراندنی خۆیان و سەربەخۆیی كەسیی خۆیان دەكەن. لەپەیوەندی لەگەڵ نەوەكانی پێش خۆیان (منداڵ و دایك و باوك) بۆ ئەوەی لەسەرپەرشتیكردنیان ڕزگاریان بێت، لە پێناو گەییشتن بە بوون و بەختەوەرییەكەی،كاروباری خۆیان بە هیچ كەسێك ناسپێرن جگە لە خۆیان. بۆیە دەبێت قوتابخانە سەپۆرت و هاوكار بێت لە دروستكردنی كەسایەتی منداڵ و بۆ گەییشتن بەناسنامەی ڕەسەنی خۆی،لەژینگەیەكی تەندروست و لە ڕێگەی داهێنان و پەروەردەكردنی سەركەوتووانە. تاكێكی داهێنەرو بەرهەمدار وەبەر هێنێت كە بتوانێت ڕووبەڕووی واقیع ببنەوەو دەستەپاچەی داخوازیەكانی ڕۆژگار نەبن.

سەرچاوەكان:
دور الاسرة في تريبة الابناء……محمد الحوامده
العلاقة بين الاسرة والمدرسة .مظاهر الترهل واسبابه….عبدالله الرسمي
مسؤولية تربية الابناء بين الاسرة والمدرسة …… د.عبدالواحد مشعل
دور الاسرة في تربية الطفل واقع و مرتجى …..الدكتور رشراش عبالخالق
الاسرة والتربية ….. محمد خيرالشعال
الاسرة وتحديات القرن الحادي والعشرين …..عبدالعالي الفاهم
التربية في زمن التحديات ….وضاح بن هادي
الطفل والتسلط التربوي في الأسرة والمدرسة …… شمخي جبر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت