جیهاد محەمەد: گۆڕانکارییەکان لە پەروەردەدا بەم شێوەیە دەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ گۆڕانکاری لە پەروەردەی کۆنەباو (کلاسیک) بۆ پەروەردەی سەردەم (مۆدێرن و دیموکراتی)، دەبێت ئەم هەنگاوانە بنرێت: 1. ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتیی لە نێوان خێزان، باخچەی منداڵان، فێرگەکان، بەتایبەتی بازنەی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتیی بونیاد بنرێت. “ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی” واتا پێکەوە کارکردن، پێکەوە فێربوون، پێکەوەبوون و پێکەوە گفتوگۆکردن. 2. بە ڕاشکاوانە، قسەکردن و ڕاگۆڕینەوە و دیالۆگ کردن لەسەر کێشەکان، هەر جۆرە کێشەی وەک کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کێشەی کەسی. 3. دیالۆگکردن، وەک ئامرازی کولتووری باڵا. دیالۆگ، دیالۆگ، دیالۆگ، دیسان دیالۆگ. دیالۆگکردن دڕدانە بە شەوەزەنگی بێدەنگیی، کە دیالۆگ هەبوو ڕەخنەگرتنیش دێتە ئاراوە، پرسیارکردن دروست دەبێت، کە پرسیار دروستبوو، گومانکردن دروست دەبێت. ئاخر بۆیە رۆژنامەنووسێکی بەتوانا بە پاوڵۆ فرێری دەڵێت، دواکەوتوویی ئێمەی بەرازیلیی لە گوماننەکردنمانەوە سەرچاوەی گرتووە. 4. بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، وەک ئامرازی کولتووری باڵا دەبێت بێتە ئاراوە، لە ناو و دەرەوەی فێرگە. 5. ئازادبوون لە کولتوور و هزری کۆنەباوان، لە پەروەردەی کۆنەباو لە “نەبوون”، ئێمە لە کوردستاندا “بوونمان نییە. ئەوەی چەوسێنەرانیش هەیانە ئەوە بوونێکی ساختەیە، بۆیە هەڵەیە داوای بوونە ساختەی ئەوان بکرێت. بیرکردنەوە، وەک ئامرازێکی کولتووریی باڵا. ئێمە بیردەکەینەوە، بەڵام زۆرجار بیرکردنەوەکانمان هەڕەمەکییانەیە. پێویستە سەربەخۆییانە بیربکەینەوە و ڕێگە بەکەس نەدەین بیرمان بۆ بکاتەوە. 6. بیرکردنەوە و شیکاریی زانستییانە بۆ هەر دیاردە و کێشەیەک. هەتا دوورنەکەوینەوە لە ئەفسانەو بیری کۆنەباو و نازانستییانە ناتوانین یەک هەنگاو بەرەو پێشەوە بڕۆین، بڕۆینە ناو مێژوو و هاوئاهەنگ بین لەگەڵ جیهانی پێشکەوتوودا. 7. داننان بەوەی شوناسی مرۆییبوون لەسەروو هەموو شوناسێکە. 8. پاراستنی و جێبەجێکردنی بەهای کۆمەڵایەتی و گەردوونی، وەک بەهاکانی مافی مرۆڤ، ئازادی و سەروەری یاسا. تکایە واز لە قیڕەقیر بهێنن بە ناوی پەروەردە. پەروەردەی مۆدێرن و دیموکراتیی، ئەو پەروەردەیەیە کە مرۆڤبوون لە مرۆڤەکاندا دروست دەکات و هەر تاکێک چ باوەڕێکی ئاینیی هەبێت خۆی و باوەڕەکەی پارێزراو دەبێت. ئەم پەروەردەیە بە گۆڕینی ئامرازە کولتوورییە باڵاکان دەست پێدەکات و بە چاندنی مرۆڤبوون، خۆشەویستیی و شکۆمەندیی بەردەوام دەبێت، کۆتایی نایەت چونکە ژیان بەردەوامە تا ژیانیش بەردەوام بێت پەروەردە بەردەوام دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت