بەهرۆز جەعفەر: حەشد، ئێران و نەوتی هەرێمی کوردستان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25 ی ئۆگەستی 2024، هێزیكی حەشدی شەعبی بە سەروو (150) ئۆتۆمبیل و ئامێر و کەرەستەی سەربازییەوە، هێرشیان کردە سەر سنوری ناحیەی کوڵەجۆ، بەدیاریکراوی سنوری کێڵگەی چاڵاو- خالد لە قەزای کفری. لە ڕاستییدا بابەتەکە بە شێوەیەکی ڕێژەییی کەم پەیوەندیی بە نەوتەوە هەیە؛ چوونکە لە گەرمیان بەگشتی و لە سنوری پارێزگای سولەیمانی کێڵگەی نەوتیی- سەرەکیی ئەوتۆ نییە کە جێگەی تەماحی حکومەتی عێراق، یان دەوڵەتێکی دیاریکراو بێت، ئەوەی هەیە چەند کێڵگەیەکی لاوەکییە، کە هەندێکیان، یان وشکیان کردوە، یان بەرەو وشکبوون دەچن، یان کۆمپانیاکان دەستیان لە کارکردن تیایاندا هەڵگرتوە، یان لە باشترین حاڵەتدا و گەورەترین بیرەکانی ئەم ناوچەیە ئاستی بەرهەمهێنان تیایاندا ناگاتە (5- 7) هەزار بەرمیل نەوت، کە کۆمپانیاکانی نیزیک لە ئیدارەی گشتی حیزبێکی باڵادەست ئیشی خزمەتگوزارییان تیادەکەن، لەگەڵ ڕووسەکان و چەند کۆمپانیایەکی بێ ئەزموونی فرە ڕەگەزی دیکە. بە پێچەوانەوە، زۆرینەی کێڵگە سەرەکییە نەوتییەکان بەڕێژەی (89٪ تا 90٪) دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێرەوە، هەروەک چۆن ڕێژەی بەرچاوی کێڵگەی گاز و یەدەگە زۆرەکەی گاز لە ناوچەی گەرمیان و سنوری ئیدارەی سولەیمانیدا هەڵکەوتوە. بە پێی نەخشە لە سنوری پارێزگای دیالەو گەرمیانەوە تا دهۆک، کێڵگەکانی: چیاسورخ، پوڵکانە، کۆرمۆر، چەمچەماڵ، خورمەڵە، دەمیرداخ و جەبەل کەند بەردەوام مەترسییان لەسەرە لە لایەن هێزەکانی سەر بەحکومەتی عێراقەوە دەستیان بەسەردا بگیرێت، بەهۆی هێڵیی تەماس و نیزیکییان لە سنورەکانی حکومەتی عێراقەوە.

چەند خاڵێک گرینگە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت وێنە گەورەکە ببینێت: یەکەم/ لە دوای شوباتی 2022 ەوە، واتە لە دوای بریاری دادگای فیدراڵییەوە، بۆ بە نادەستوریی ناساندنی کەرتی وزەی کوردستان و، پاشان بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس، حکومەتی عێراق ( مرۆڤ هەست دەکات کە ئەو ئەقڵ و ڕێوشوێنانە هی خۆیان نین!) دەستی داوەتە بە نهێنی گفتوگۆکردن لەگەڵ هەندێ کۆمپانیای نەوتیی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرێبەستیان هەیە، چەشەیان دەکات و بەلای خۆیاندا ڕایاندەکێشێت (لەم گفتوگۆیانە کەسانێک هەن کە پێشوتر پۆستی باڵایان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبوەو کوردیشن، دۆستی خاوەنی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانن). لە ئێستادا کۆمپانیا هەیە کە ماوەی ساڵێکە سێ گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ فراوانترکردنی کێڵگە نەوتییەکان لە سنوری بەسرە، بەغدا، دیالە واژۆکردوەو، لە هەمان کاتیشدا لە سنوری حکومەتی هەرێمدا ئۆپەرەیشن دەکات. دووەم/ لە ڕووی ئەمنییەوە، ماوەی سێ ساڵە تورکیا پاڵ بە پەکەکەوە دەنێت بەرەو خوار، پەکەکەش بە هەموو شێوەکان هاتوون لە پێنجوێن، گەرمیان، دەوروبەری سورێن، شارباژێر و ناوچەکانی ترن، بەمدواییانە حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ تورکیا واژۆرکردوە؛ حەشدی شەعبی چاوی لەوەیە لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاهێنانیان پێ بکرێ و، درۆنیان پێ بدرێ و پڕ-چەک تر بکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێسایەک هەیە” پەکەکە لە کوێ بێت، تورکیاش لەوێیە”، بۆیە تورکیا بوونێکی بەرچاوی لە ناوچەی سولەیمانی بە چەندین شێوە هەیە. سێهەم/ وا بڕیار بوو/ بڕیارە هێزی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و پێشمەرگە پاراستن و چاودێریکردنی ئەو ناوچانە بگرنە ئەستۆ کە وەک بۆشایی ئەمنی ناوزەند دەکرێن و داعش تیایاندا تەراتێن دەکات. هاتنی ئەم هێزە بەسەرپەرشتی و ئامادەیی بەرپرسی باڵای حەشدی شەعبی و گەڕانەوەیان، نەک بە بێ ئاگاداریی بەرپرسانی پێشمەرگە بوە لەو سنورە، بەڵکو بەرپرسانی یەکێتیش مقۆ-مقۆیان تێکەوت؛ هێزەکە وتیان بە ئاگاداریی “بافڵ تاڵەبانی” هاتوین، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە ئەمریکایە بۆ بەشداریی لە کۆنگرەی دیموکراتەکان. هاتنی هێزێکی زەبەلاحی حەشد بۆ نزیکەی سێ کیلۆمەتر پشت هێزەکانی پێشمەرگە بە بێ هەماهەنگی و ئاگادارکردنەوە؛ مانای لاوازیی هەواڵگریی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانە؛ کە ئەوەندەی فۆکەسیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی حیزبەکەیان و ناوخۆی سلێمانییە، ئەوەندە ئاگادارنین لە کەرکوک و خانەقین چی دەگوزەرێ! چوارەم/ پێویستە لە ڕووی ناوچەییەوە، ئەم بابەتە تێگەیشتنی بۆ درووست بکرێت: بە نیزیکەیی (75٪) ی کەرتی وزەی عێراق (نەوت، گاز، وزە نوێبوەوەکان، پرسە ژینگەییەکان، پاڵێوگەکان و… تاد) لەلایەن کۆمپانیا چینییەکان و ڕووسەکانەوە وەبەرهێنانی تیا دەکرێت، جگەلەوەی کۆمپانیای هیندی و کۆریای باشوریش لەکەرتی وزەی عێراقدا هەن (وەکو ئەوەی نۆژەنکردنەوەی بەندەری فاو و بەستنەوەی بە بەندەرەکانی ئیماراتەوە). کەواتە جێگەیەکی ئەوتۆ بۆ ئەمریکاو خۆرئاوا بەگشتی نەماوەتەوە! بریتش پیترۆلیۆم لە پێش 16 ی ئۆکتۆبەر گرێبەستیان واژۆکردبو بۆ گەڕان و لێکۆڵینەوە لەسەر نەوتی کەرکوک؛ دواتر لە بەرەو کۆتایی 2019 بارەگاکەیان لە کەیوانی کەرکوک چۆڵکردو گەڕانەوە وڵاتی خۆیان (چەند جارێک داوای دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان لێکردن، وتیان داومانە بە وەزارەتی نەوت، لە ڕاستییدا وەزارەتی نەوتی عێراقیش هیچی وایان پێ نەدرابوو)، بەڵام بریتش پیترۆلیۆم لەم ئابی 2024 ەدا، گەڕاوەتەوە بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە کەرکوک، هەروەها لە سەڵتەنەتی عومانیش بریتش پیترۆلیۆم (49٪) پشکەکانی کۆمانیای DEM ی سەڵتەنەتی عومانی لە بەندەری دوقم کڕیوە و، وەک بەڕێوەبەری گشتی بەندەرەکە مافی هەیە مامەڵە بکات. زیاتر لەوە، حەشدی شەعبی (ئێران) لەبەرەیەکی ناکۆکدایە لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی؛ بەتایبەتی ئیمارات لە پەیوەندییەکی ئابوریی و سیاسیی و ئەمنی توندووتۆڵدایە لەگەڵ ئیسرائیل (لە 2021 دا، موبادەلە پیترۆلیۆمی ئیماراتی بە بەهای 1 یەک ملیار دۆلار 18٪ ی پشکەکانی دێلیک دڕیلێنی ئیسرائیلی لەکەناراوەکانی ئیسرائیل لەکێڵگەی تیمار کڕیوە). جگەلەوەی لە سەرەتای 2022 ەوە تورکیاو ئیماراتیش پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردۆتەوە. ئەگەر تەماشای گەورەترین کێڵگەی گازی عێراق بکەین کە (کۆرمۆرە) ئەوا ئیمارات (بەپلەی یەکەم) و تورکیاو ئەمریکا بەڕێوەی دەبەن! جگەلەوەی بەمدواییەش حکومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ داناگاز کردوە لە سنوری پارێزگای دیالەو بەسرەو خوارووی بەغدا. ئەمە وا لە ئێران دەکات بە گومان بێت، بەتایبەتی لەکاتێکدا بە گەرمی باسی هاتنەوەی داعش و جموجوڵەکانیان دەکرێت. پێنجەم/ حکومەتی ئێران لە پەرەسەندن و گۆڕانکاریی ناوخۆیی دەترسێت، بەتایبەتی لە ئازەرو کوردو عەرەبی ئێران کە جووڵە بکەن. ئەگەر پارێزگای خوزستان بەنموونە وەربگرین، کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران لە نیزیک شەتولعەرەب، لەدوای 1925 ەوە عەرەب بە هی خۆیانی دەزانن، لایانوایە کە فارس دەستی بەسەرداگرتوە. ئەهواز سەنتەری خوزستانە، جگەلەوەی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر کەنداوی عەرەبی، خاوەنی گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی ئێرانیشە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکەکەی کە عەرەبەکانی ئەهوازن پەراوێزخراون و هەژارن. زمانی عەرەبی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە کراوە، ناڕەزایەتیی ئاشتیانە بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت دەکرێت و دەیان هەزار مەدەنی ئەهوازی لە زیندانەکاندا ماونەتەوە و ژمارەیەکی زۆریان بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەشکەنجە دەدرێن و لە سێدارە دەدرێن. بە درێژایی مێژووی ناوچەکە، ململانێ لە پێناو ناسنامە، شەڕی تایەفی و هەوڵ بۆ جیابونەوەی “خوزستان” لە ئێران لە ئارادا بووە. بەتایبەتی عەرەب، لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی و لە سەردەمی جەنگی سارددا، وەهایان دەبینی بە بێ ساخکردنەوەو یەکلاکردنەوەی خوزستان بەلای خۆیاندا، شتێکی وەهایان نەکردووە کە جێگەی باس بێت. ئەم ناوچەیە قورگی کەنداوە، بۆڕی هەناسەدانی ئێرانە، ڕێڕەوە بۆ هەناردکردنی نەک نەوت بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی سەرجەم کاڵا بازرگانییەکان بەرەو خواروو و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا: پڕۆفیسۆر برێندا شافێر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان و پسپۆڕی بواری وزە، کۆمەڵێک تەحەدای ئیتنی ڕیز دەکات لە بەردەم ئێراندا، یەکێک لەوانە کەمینەکانی ئێرانە، کە لە زۆر ناوچەدا زۆرینەن، ئەو دەڵێت: ئازەربایجان تاکە تەحەدا نییە. کەمینە نەتەوەییەکان لە چەندین شوێنی ستراتژیکی ئێراندا زۆرینە پێکدەهێنن. بۆ نموونە پارێزگای خوزستان کە ناوەندی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانە و چەندین بەندەری گرنگ و یەکگرتنی گەورەی ڕێگاوبانی تێدایە، دانیشتووانی زۆرینەی ئەهوازی تێدایە. خوزستان پارێزگایەکی ناسەقامگیرە و چالاکیی بەردەوامی دژە ڕژێم لەوێ دەتوانێت کاریگەری لەسەر توانای ئێران هەبێت بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و ترانزێتی نەوت و گازی سروشتی. جگە لەوەش، بەندەری ستراتیژی چابەهار لە ئێران لە سیستان-بەلوچستان هەڵکەوتووە، کە پارێزگایەکی هەمیشەیی ناسەقامگیرە و نزیکەی تەواوی دانیشتووانی بەلوچەکانە. هیندستان وەبەرهێنانی زۆری لە بەندەری چابەهار کردووە، کە نوێنەرایەتی هەوڵی نیودەلهی دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی پڕۆژەکانی ژێرخانی چین لە پاکستانی دراوسێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت