عوسمان عەسکەری: نەفرەت لە خیانەتکار.
ئێمە بە پشتبەستن بەو قورساییە سەرنجڕاکێشەی کە کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەتی، خۆمان لەبەردەم مێژوویەکی ئاڵۆز و بەڵگەداردا دەبینینەوە کە دەیسەلمێنن کوردستان کراوەتە بیابانێکی کراوەی خیانەتکاران. بە درێژایی ساڵانێکی زۆر و تێپەڕبوونی کات، بەهۆی دواکەوتوویی گەلی کورد و نەبوونی هۆشمەندی نەتەوەیی و سیاسیەوە، زێدەباری ئەوەی کە لە سەردەمێکدا کەمتر لە حەوت هەزار پێشمەرگە، زیاتر لە 450 هەزار جاش و خیانەتکار لە کوردستاندا هەبوون، ئەوەی لە دوای ڕاپەڕینەوە، بەتایبەتی پاش لەناوچوونی ڕژێمەکەی سەدام بۆتە جێگای تێڕامانی وورد، ئەوەیە کە چەندین وڵات، بەتایبەتی داگیرکەرانی کوردستان تۆڕی خیانەت و ژینگەی خیانەتکاری قوڵیان لەم هەرێمە بونیات ناوە، تەنانەت گومان دەکرێت کە داوی خیانەتکاری لە مێشک و گەردنی چەندین کەسایەتی سیاسی و بەشێکی زۆر لە خودی سەرۆک و سەرکردە حزبیەکان، لە ملی بەرپرسە باڵاکانی حکومەتیش ئاڵابێت.! بۆیە هەرێمی کوردستان چی دیکە، نە بۆ تێکۆشەرانی کوردستانی باکور و خەباتگێڕانی ڕۆژاوا، نە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات و بۆ خودی تێکۆشەرەکانی باشوریش ماڵێکی ئارام و جێگایەکی سەلامەت نەما. هەرێم بۆتە شوێن کوشتارگەی کوردانی خەباتگێڕ و هەموو ئازادیخواز و ڕاستبێژێک لەوێ و لێرەش هەڕەشەی مەرگیان لەسەرە.
یەکێتی و پارتی.
لە هەشتاکانی سەدەی پێشوودا، خولگەی شۆڕشگێڕی یەکێتی و پارتی هەر چوار پارچەی کوردستانی گرتبۆوە هەتا ئەوکاتەی بە فەرمانی سەدام حوسێن هێزی پێشمەرگەو جەماوەری ڕزگاریخوازی کوردستان، کەوتنە بەر گەورەترین شاڵاوی تاوانەکانی جینۆساید، ئەنفال و کیمیابارنی هەڵەبجە کە زیاتر لە 200 هەزار کوردانی فەیلی، هەشت هەزار بارزانی و زیاتر لە 200 هەزاریش لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان شەهید کران. هاوکات تەواوی گوندەکانی کوردستان، ژێرخانی ئابوری و کشتوکاڵیشیان لەناودا، کەچی سەرەڕای ئەو هەموو تاوانەی ڕژێمی بەعس ئەنجامیدا، هێشتا جەماوەرێکی زۆر و تەنانەت بەشێک لە قوربانیەکانیش پێیان وایە، لە سەردەمی سەدام خەڵک باشترو ئاسودەتر دەژیان..!! هەرچۆنێک بێت، ئێمە لە دژوارترین خوێنڕێژو دیکتاتۆری سەردەم ڕزگار بووین و هەرێمێکی فیدراڵمان بەدەستهێناوە، بەڵام یەکێتی و پارتی هەتا باوەڕ بە خەڵک بێنن کە تەنیا ئەوان میراتگری ڕاستەقینەی ڕێگای ئازادیخوازانەی گەلی کوردستانن، بەتوندی دەستیان بەسەر مێژوو و هێما نەتەوەییەکاندا، بەسەر ئابوری و جموجۆڵە بازرگانیەکانی کوردستاندا گرت و لە خزمەتی خۆیاندا تاڵانیان کرد. لە ڕاستیدا، ئەگەر ئەو دوو حزبە و سەرجەم حزبەکانی دیکە بە ڕاست و چەپیانەوە، بەوانەی دەگووترێت ئیسلامی یان عیلمانین دڵسۆزی ڕاستەقینەی پرسی کورد بوونایە، دەیانتوانی لە دوای ڕووخانی سەدام، بەهەنگاوی دیموکراسی ناکۆکیەکانیان بخەنە لاوە و سیستەمێیکی حوکمڕانی زانستی، نیشتیمانسازی و مرۆڤسازی دابمەزرێنن و کۆمەڵگایەکی چالاک و یەکگرتوو دروست بکەن. بەڵام وەک هەر یۆتۆپیایەکی کۆمەڵایەتی و هەموو سیستەمێکی تۆتالیتاری هاتن و لەژێر دروشمی ئایینی، یان نەتەوەیی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا، بە کردەوە سیستەمێکی پووچگەرایان بونیات نا، کوردستانیان کردە گرتووخانەیەکی بەرەڵڵای پڕاو پڕ لە ئۆردوگای زۆرە ملێ. خەڵکیان کردە کەرەستەیەکی سیاسی و مێدیاکانیان خستەکار بۆ لێدانی فەرهەنگ و کولتور، ئەدەب و هونەری کوردی و سەدان فیگەرو سوپەرمانی بێناوەڕۆک و پێشینە پیسیان لە پرۆسەی بێئینسانیکردنی تاکی کورد ئاژنیە ویژدانی کۆمەلگاوە. ئەم دەستکاریکردنەی عەقڵ و هەڵوەشاندنەوەی کەسایەتی خەڵک ترسناکترین ئەو کارەیە کە هەرگیز سەدام و بەعسیەکان نەیانتوانی بەدەستی بێنن بەڵام پارتی و یەکێتی و سەرجەم حزبەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوانەی دەگووترێت عیلمانی یان ئیسلامین بەهاوبەشی ویژدانی کۆمەڵگای کوردستان و بەرپرسیارێتی تاکەکەسیان کوشت، ژێرخانی ئابوری و ژیان و نەریتی کۆمەڵگایان لە ناودا، بنەماکانی خێزانیان وێرانکرد، پەروەردەی گشتی منداڵان و سیستەمی خۆیندنیان خستە گۆشەگیرییەکی تەواوەوە و سروشتی مرۆڤی کوردیان شێواند، خەڵکیان لە مرۆڤایەتی و لە خۆشەویستی نیشتیمان داماڵی.. یەکێتی و پارتی بە دەستێک مرۆڤی کورد زەلیلی ژیان و مووچە دەکەن، بەدەستەکەی دیکە، لە ڕێگای توندتیژیەوە سەرکوتی دەکەن، بەو جۆرە دەیان ساڵ کوردستان و دۆزە ڕەواکەیان گەڕاندەوە بۆ داواوە و نیشتیمانیان کردە پێدەشتێکی بێسنوور بۆ خیانەتکاری، بۆیە زۆرینەی جەماوەری کورداستان پارتی و یەکێتی بە جێبەجێکاری ئەجندای داگیرکەران، بە دوو حزبی “خیانەتکار لە نیشتیمان”، پارتی و هاوپەیمانەکانی بە بەشێک لە جەندرمەی تورکیا، یەکێتی و هاوپەیمانەکانی بەشێک لە ئیتڵاعاتی ئێران وەسف دەکەن.
دڵسۆزی چی یە؟
فۆڕم و شێوەی دڵسۆزی هەمەلایەنە و زۆرە کە لە حاڵەتی نیشتیمانپەروەریدا، کەسی دڵسۆز بە واتای ئەو کەسەی کە بە ئاستێک دڵسۆزی نیشتیمانەکەیەتی و خەمخۆری عەدالەت و ئینسانیەتە، ئامادەیە لە پێناویاندا خەبات بکات و بمرێت، هەر ئەوەیە کە دەیان هەزار تێکۆشەر ژیانیان بەخشیوە. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگا دڵسۆزن بۆ خێزانەکانیان، بۆ هاوڕێیەتی یاخود بۆ کەسایەتیەک، هەروەها بۆ هەر شتێکی دیکە کە ئینسان دڵسۆزی بۆ پەیڕەو دەکات، بۆیە زۆرجار سەرۆک خێڵ و پارەدارەکان، تەنانەت مافیاو گروپە تاوانکاریەکانیش خەڵکی دڵسۆزیان هەیە بۆیان دەجەنگن. لێرەدا دەردەکەوێت کە تایبەتمەندیەکانی دڵسۆزی دوولایەنەیە چوونکە ئەو خەڵکانەش لە کۆمەڵگادا زۆرن کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دڵسۆزن بۆ سەرۆک و سەرکردەکانیان.. وەفادار و هاوپشتن بۆ کەسانی قۆڵبڕو تاوانکارن، بۆ گروپە سەرانەسێن و مافیاکان و بە ڕوح دەیانپارێزن، بۆیە لەم حاڵەتانەدا، مادام دڵسۆزی دوولایەنەیە، خۆی لە خۆیدا سیفەتی دڵسۆزی شتێکی ئەرێنی یان نەرێنی نەگۆڕ ناگەیەنێت، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا، دڵسۆزی ترۆپکی ئینساندۆستی و نیشتیمانپەروەریە، لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا، بێموراڵی و تاوان و خیانەتە دژ بە بەرژەوەندی گشتی و زیان لە گەل و نیشتیمان دەدات.!
خیانەت چی یە؟
خیانەت تاوانێکە بە شکاندنی بەڵێن لەو دڵسۆزیە ئەنجام دەدرێت کە ئینسان هەیەتی بۆ پرسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بۆ خێزانەکەی، بۆ هاوڕێیەتی یان بۆ هەر کارو شتێکی دیکەی جوان کە دەبێت پارێزگاری لێ بکات. واتە ئەو کەسەی کە تۆمەتبار دەکرێت بە خیانەتکردن لە نیشتیمان، دەبێت سەرەتا دڵسۆز بووبیت بۆ نیشتیمانەکەی، چوونکە ئینسان ناتوانیت خیانەت لە نیشتیمان یان لە شتێک بکات بەبێ ئەوەی سەرەتا وەفادار بیت بەرامبەری. بۆیە بە ڕای من پێش ئەوەی خەڵک بێت و هیچ کەسێک تۆمەتبار بکات بە خائینی نیشتیمانی، دەبێت بپرسین، ئایا هەرگیز ئەو کەسە، ئەو سەرۆکە، ئەو حزبانە و سەرکردەکانیان، ئەو بەرپرسانە دڵسۆزی و وەفاداریان هەبووە بۆ کوردستان و هاوپشتی گەلەکەیان بوون.؟! ئایا هیچ کات بەڵێن و دروشمەکانیان بردۆتە سەر یان ئامادەن لە پێناو گەلی کوردو پرسە ڕەواکەیدا ژیانیان بخەنە مەترسیەوە هەتا لەو بارەیەوە تۆمەتبار بکرێن بە خیانەتکار. ئاخر مرۆڤ ئەگەر باوەڕی بە شتێک نەبێت، چۆن دەتوانێت وەفادار بێت بۆی؟! چۆن دەتوانێت بەرگری لێ بکات و ژیانی بۆ بەخت بکات؟ ئەی چۆن دەکرێت بەو کەسانە بگووترێت نیشتیمانپەروەر لە کاتێکدا سامانی نیشتیمان تاڵان دەکەن و هیچ سۆزێکیان بۆ گەل، بۆ ئینسانیەت و ئایندەی نیشتیمان نیە، بەپێچەوانەوە کوردستانیان کردۆتە مۆڵگەی خیانەت و کوشتارگەی کوردان.؟ خیانەتکردن لە نیشتیمان ئەو کارە قورسە قێزەون و زیانبەخشەیە کە هەرگیز مرۆڤی ڕەسەن بیری لێناکاتەوە. با هەموو پێکەوە نەفرەت لە خائین و خیانەتکارانی کوردستان بکەین.