فەرەیدون کونجرینی: 31ی ئاب بۆنەیەکی نیشتیمانییە!؟
لە شەڕی ناوخۆدا زیاتر لە 36 هەزار پێشمەرگەو هاوڵاتی کوژران و بێسەروشوێنکران. پێشنیار بکەن لە هەموو شارو شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان پەیکەری شەرمەزاری دروستبکرێت و ساڵانە یادی 31ی ئاب وەک بۆنەیەکی نیشتیمانی بکرێتەوە.
لە پاش ڕووداوی 31ی ئاب وەک ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ چەندساڵ جارێک ئەم یادە بەرز ڕادەگرم” چونکە ئــازارێکە لەبیرناچێت” بەهۆی ئەوەی کورد بەخۆی کردوو دوژمنان نەیانتوانیوە لەماوەی دوو ساڵدا هێندە لە گەلی کورد قەتڵوعام بکەن، کە خەڵکی سڤیل و پێشمەرگەی تێکۆشەری تێدا فریودراو بەکوشتــدرا بۆ بەرژەوەندی حیزبی و ململانێی پۆست و پێگەو داگیرکردنی داهاتی سەر زەویی و ژێرزەوی ناوچەکە.
دەسەڵاتدارانی ههرێمی کوردستان یادی ههموو ئهو بۆنه نیشتمانی و زیانلێکهوتنانه دهکـەنەوه کهبهسهر گەلەکەمان هاتووه 31ئاب و شهڕی ناوخۆش بهشێکە لهو کارهساتانهی لهسهردهمی بهعس و ڕابوردووی دیکتاتۆرهکاندا ڕویانداوه پێویستە 31ی ئاب بکرێته ڕۆژێکی تایبەت لە ساڵێکدا و بــێ جیاوازی یادبکرێتەوەو سهری نهوازش دادهنهوێنین بۆسهرجهم گەشمردەو ئەوانەی لە پێناو کوردو کوردستاندا تێکۆشان.
بــا پێکەوە لەم یادە نیشتمانی و نەتەواییەتیە بەشداربین چونکە 31ی ئاب یادێکی کارەساتبارە. دەبـــا هاوشێوەی هەڵەبجەو ئەنفال و خاپورکردنی پێنج هەزار گوند یادبکرێتەوە. پێشنیار بکرێت سێ رۆژی هەفتەی کۆتایی مانگی ئاب ی هەموساڵێک بکرێتە پشوی فەرمی لە هەرێمی کوردستان” وەک ڕۆژی ماتەمی شکۆی گشتی ڕابگەیەندرێ.
لایەنەکانی باشور له ساڵێکدا دهیان بۆنهی نیشتمانی و کهسایهتی دهکهنه موڵکی خۆیان و بە داهاتی گشتی یادی دەکەنەوە” هەربۆنەیەک زیان بگەیەنێت بەپێگەو کەسایەتییان و خواست و داواکاری خۆیانی لەسەرنەبێ ئاماژەی پێنادەن، 31ی ئاب یش بۆنەیەکی نیشتیمانییەو بهههزاران شۆڕشگێڕو پێشمهرگهی گیانبەخشی تێدا بووە قوربانی بههاوشێوهی ساڵهکانی سهردهمی بهعس کوژراو بێسهرو شوێنکردن و کهم ئهندام و زیانی زۆری لێکەوتەوە دەبوو لــە هەموو شارو شارۆچکەیەک پەیکەری شەرمەزاری دروستبکرایەو ساڵانە پەردەی ڕەشی شەرمەزاری هەڵدرایەتەوە، تاوانەکان هاوسەنگ بکرێن و خودەکان لەهەر پلەو پۆست و لێپرسراویەکدان سزا بدرێن.
له 31ی ئابدا پارتی سهرکهوتنی شهڕی براکوژی ڕاگەیاندو لهماڵهکانیاندا ئاههنگ و خواردنهوهو خۆشیان بهبۆنهی سهرکهوتنی پارتهکهیان بهپاڵپشتی بهعس گێڕا، له 31ی ئابدا جگه لهزیانی گیانی سهرجهم کارگهکانیان بهتاڵان برد و بە داهاتەکەی هاوکاری مادییان بە هێزی سەربازی بهعس بەخشی
دهبێت هاوڵاتیان فشاری بــەکۆمهڵ بخەنهسهر کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومیەکان ، تا 31ی ئاب وەک هەرڕۆژێکی رەشی تر ، کەبەسەر گەلەکەماندا هاتووە بەفەرمی بکرێت و یادی بۆ بکرێتەوە.
بەهۆی سیاسەتی چەوت و ململانێی لایەنەکانی باشور” بەردەوام لە شەڕی ناوخۆداین، جیهانی گەندەڵی کەبۆتە بنیادنانی قەیرانی کۆمەڵایەتی ڕۆژ نییە بەدەیان خەڵکی ئەم وڵاتە ڕووەو مەرگ نەبات و ئاوارەی وڵاتانی دیموکراس بوونەوە، ئەم میحنەتەی ئەمڕۆ لەکۆمەڵگەکەماندا ڕوودەدات و هەر ڕۆژەی بەجۆرێک وێنەی چەندین کوژراو کۆچبەری خنکاو دەبینین ئۆباڵەکەی لەئەستۆی دەسەڵاتەو بیرکردنەوەو بێــموبالاتی ئەوانە، تاسەرانی شەڕی براکوژی بوونیان هەبێت لەدەسەلاتدا” مەرگ هەموو ڕۆژێک دەرگای ماڵمان دەگرێت و بەکۆمەڵ لاوانمان لەناو دەبات و چرکە ساتەکانی شەڕی ناوخۆ کاتژمێرەکانی مەرگی لاوان دەژمێرێت.
پێویستە یادی ٣١ی ئاب بکرێتە بۆنەیەک لە کارەساتەکان” تا دوولایەنی دەسەڵاتدار بەخۆیاندا بچنەوەو ئەم یادکردنەوانە ببێت بەبەربەست بۆ دووپات نــەکردنەوەی ئەو شەڕە خوێناوییەی زیاتر لە ٣٦ هەزار مرۆڤی بێتاوان کوژران و بێسەروشوێن کران.
لە پاش ڕوداوەکانی شەڕی براکوژی و ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لە واشنگتۆن” هەرێمێکی تەواو نادیموکراس و حکومەتێکی ناتەندروست بوونی هەیەو مافی تاکیان قۆرخکردوە” بەهۆی جیاوازی خزمەتگوزاریی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و ململانێیی سیاسیانەوە جیاوازی هەیەو درک بەوەدەکرێ هێشتا لە شەڕی ناوخۆدان” تا ئێستاش زۆرێک لە دیلەکانی شەڕی ناوخۆ لەزینداندان یان بێسەروشوێنن، لە کۆتایی مانگی ئابی هەموساڵێک کولاندنەوەی برینی خێزانەکان دوپات دەبێتەوەو یادی ئەم کارەساتە دەکرێتەوە.
شەڕی چەکداریی (براکوژی) لە ساڵانی 1994 تا 1997 لە نێوان پارتی و یەکێتیی ڕوویدا و بووە ھۆی گورزێکی دوژمنگەرایی بەھێز لە ناو کۆمەڵگەی باشوری کوردستان و پەروەردەیەکی دژوارو ململانێی سیاسی نەوەکانمانی بە لاڕێدابردوە، لە شەڕی ناوخۆدا بەکۆی گشتی زیاتر لە 36هەزار هاوڵاتی کوژران و بێسەروشوێنکراون.
ڕێکەوتننامەی ئاشتی واشنگتۆن لە 17ی ئەیلوولی 1998 بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئۆلبرایت لە نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئیمزاکراو کۆتایی پێھات بەڵام ئازارەکان هێشتا ساڕێژ نەبوون، دەیان دایک هێشتا لە چاوەڕوانی کوڕو هاوسەرەکەیدایە بەدیداریان شادبنەوە.
بەهۆی شەڕی ناخۆ هەیكەلی سیاسی و ئیداری کورد لەکەدار دەبیندرێت و جیازی کوردبون و پارێزگاری گەل و سەروەرییەکان چەقبەستو ماونەتەوە. ئەوەیش وایکردوە پێشنیار بکرێ ڕۆژی 31ی ئاب بە خیانەتی نیشتمانی هەژماربکرێت و بکرێتە ڕۆژێکی تایبەت و یادبکرێتەوە.
- بابەتەکانی تری فەرەیدون کونجـــرینی
فەرەیدون کونجرینی: هۆکاریی سزادانی سەڵاحەدین دەمیرتاش!؟
-فەرەیدون کونجرینی: پێویستریین شت بۆ مرۆڤ!
-فەرەیدون کونجرینی: ئەرکی پارێزگا پارێزگاریکردنە لە ناوچەو خەڵکەکەی!؟
- All Posts