کەمال محەمەد: سۆسیۆلۆژیای سیاسی و ھەڵبژاردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سۆسیۆلۆژیا، یان کۆمەڵناسی تیۆرییەکی گشتگیرەو چەندین لقی لێ ئەبێتەوە کەکاریگەری راستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگاو پەیوەندییە کۆمەلایەتی و سیاسییەکان و تاک و کۆمەڵگا بەگشتی ھەیە. بەڵام ئەوەی ئێمە زیاتر مەبەستمانە سۆسیۆلۆژیای سیاسییە کە بەشێکە لەزانستی ستراکتۆر و گۆڕانەکانی نێو کۆمەڵگا. ئێمە ئەگەر لێی ورد ببینەوە ئەبینین کە سۆسیۆلۆژیا بەھەمو چەمکەکانییەوە لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا لە قەیراندایە، بەتایبەت سۆسیۆلۆژیای سیاسییە کە تا ئێستا نەگەیەندراوەتە فۆرمێکی بیرکردنەوە لە خۆی و بابەتەکانی پەیوەست بە خۆیەوە کەدواجار بوە بە مایەی ئیفلیجی عەقڵی و بیرکردنەوەمان و گەیاندنمان بەو کۆتو بەندانەی کە فەیلەسوفێکی وەک ھابەرماس وەک کۆتوبەندی سۆسیۆلۆژیا باسی لێوە کردوە. سۆسیۆلۆژیای سیاسی ئەو زانستەیە لە فیتشیزم دورمان ئەخاتەوەو پەیوەستمان ئەکات بە گۆڕانکارییەکانی بونیادەوە لەنێو کۆمەڵگادا و ھەر ئەمەشە وا ئەکات پرسی گەڕان بەدوای کۆمەڵگای ڕاستەقینەدابێتە بەرھەم و کۆمەڵگاو و تاکێکی سۆسیۆلۆژیست بونیاد بنێت. بەدرێژایی مێژوی حکومڕانی ئێمەو بەتایبەت لەدوای ڕاپەرین و ئینجا پرۆسەی ئازادیش لە عێراق، چەندین ھەڵبژاردن بۆ سیستەمی سیاسی و دەسەڵات بەرێوە چون، بەڵام ئەم پرۆسەیە تەنیا وەک پاشماوەو شوێنەوار لە مێژوی ئێمەدا ماوەتەوەو کاریگەری راستەوخۆی نەبوە تاکو باوەڕییەکی پتەومان ھەبێت کە ھەڵبژاردن دەرەتانێکە بۆ چارەسەری ئەو ئیشکالاتانەی کە تا ئێستا کۆمەڵگاکەمان تەنھا وروژاندونێتی نەوەک چارەسەری. واتە ھەڵبژاردن ھیچ نییە جگە لە درێژکراوەی ئەو سیستەمەی کە ھەرگیز ئامانجی پاراستنی ئاندامانی کۆمەڵگای لەبەرچاو نەگرتوە. ھەڵبەت من نامەوێت بێ ئومێدی بچێنم، بەڵام بەو ئومێدی خوێنەر، یان ھەر تاکێکی کۆمەڵگا خۆی لە کاریگەرییەکانی ھەڵبژاردن و ئەو ھێزانەش تێبگات کە چەندین دەیەیە ئامانج گەل و دەسەڵاتخوازی خۆیان لەسەر حسابی ئەوان بەدەست ھێناوە و بەڵێن و کارنامەکانیان چوارچێوەی بانگەشەو ڕیکلامی تێنەپەڕاندوە. بەواتایەکی تر ئەگەر ئێمە بمانەوێت زانستێکمان بۆ کۆمەڵگا ھەبێت، پێویستە رەخنەمان لە زۆر چەمکگەلی وەک دەسەڵات و رۆشنبیر و ھەڵبژاردنی لەم شێویە ھەبێت و ھەوڵی ڕێگری کردنیان بدەین لە ڕێگەی ھەوڵە فیتشییەکانیانەوە ، دواجار ئەتوانین بەشێوەیەکی زۆر زەقتر گوزارشت لە پرۆسەکەو دۆخەکەش بکەین. سۆسیۆلۆژیای سیاسی ئەو تیۆرییەی ھەتا بێ ئامانج و بێ نیاز بێت، زیاتر خۆی لە ویستی گۆڕان ئەدزێتەوەو ناتوانێت خزمەتەکانی ئاراستەی خۆی بکات و خۆی بخاتە خزمەتی خۆیەوە، ئێمەی تاکی ئەم کۆمەڵگایە پێویستیمان بە گەشەی عەقڵانییە بۆ سۆسیۆلۆژیا بە ھەمو چەمکەکانییەوە، ڕۆژگاری ئەمڕۆمان پڕە لە جەنگە فیکری و ئەخلاقییەکانمان بەرامبەر سیاسییە ستەمکارەکان و ڕۆژگاری ئاوابونی دیدگا خورافییەکانی ئەو ھێز و سیاسیانەیە کە چەندین ساڵە کاریگەری نێگەتیڤیان لەسەر سۆسیۆلۆژیای ئێمە دروست کردوە و ژیانێکی ئاغاو نۆکەرانەیان بنیاد ناوە، ئەوەشی ناویان ناوە ھەڵبژاردن جگە لە پرۆسەیەکی چەوساندنەوەو داگیرکردن و پاوانخوازی ژیان و عەقڵی ئێمە زیاتر ھیچی دیکە نەبوە، ھەر ئەمەشە وا ئەکات دەسەڵات ترسی لە بەرەو پێشچونی سۆسیۆلۆژیا ھەبێت بە ھەمو لقەکانییەوە، چونکە سۆسیۆلۆژیا خاوەن ئامانجەو کۆمەڵگا بەرەوھۆشیاری و ئازادی زیاتر ئەبات. بەدرێژایی ھەڵبژاردنەکان ئەم پرۆسەیەو پەرلەمان مەڵبەندی خۆپەرەستی و کۆسپ خستنە سەر رێگای گۆڕانکاری و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان بوەو ئەوەندە کاریگەری دەستی ئیقلیمی و دەرەکی لە ھەیکەلی سیاسەت و دروست کردنی سیستەمی حکومڕانی ئەم وڵاتەدا ھەبوە، ھیچ کات کاریگەری پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان و دەرەنجامەکانی نەبوە. بۆیە ھەڵبژاردنەکان بەم کۆنسێپتەوە نەیتوانیوە ژیانی تاک لەو سیستەمە ڕزگار بکات کە بۆ ئەوان سەرکوتکەرەو پێشێلی مافەکانیان دەکات، بۆیە پەرلەمان ھێندەی لە دەزگایەکی چینایەتی ئەچێت لەوە ناچێت کە نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی ھەمو چین و توێژە جیاوازەکان بێت و زیاتر چینی دەسەڵاتدار ئەپارێزێ و ئامرازێکە بەدەست چینی باڵاو دەسەڵاتەوە. سەرەڕای ئەم ڕەخنەو سەرنجانە لە ھەڵبژاردن ئێمەی تاکی ئەم کۆمەڵگایە چیدیکە ئەبێت واقیعمان عەقڵانی بکەین و بەدەستی خۆمان نەبینە پاشکۆی نوێنەری چینە دەستڕەو چەوسێنەرەکان و ئەوانەشی بەناوی ڕیفۆرمەوە ھاوبەشی دەستڕەوەکانی دەسەڵاتن و لە چەوسێنەران ترسناکترن بۆ سەر ژیان و ئاییندەی ئێمەو نەوەکانیشمان و ئەم هەڵبژاردنەش بە قەدەری هەڵبژاردنەكانی ڕابردو بسپێرین!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت