دلێر محەمەد نوری: داگیرکەری پێنجەمی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو کوردستانییان تاوەکوو ئێستا هەر چوار داگیرکەریان ناسیوە، ئەوانیش دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریایە. هەمووان دەزانین کە ئەو چوار داگیرکەرە خاکی کوردستانیان داگیرکردووە، لێیان کوشتووین و تاڵانیان کردووین و ڕایان گواستووین و زیندانییان کردووین و زمانیان بڕیوین و مێژوویان شێواندووین و کلتووریان دزیوین و زۆری دیکەش. هەمووان دەشزانین کە بە درێژایی داگیرکاریی ئەو چوار دەوڵەتە و ئەو چوار نەتەوەیە، بۆ یەک چرکەش کوردستانییان لە هەر چوار پارچە داگیرکراوەکە، ملیان بۆ هیچیان نەداوە. هەمیشە مکووڕ بوون لە سەر بوونی خۆیان و زمانی خۆیان و کلتووری خۆیان و… هتد. بگرە ئەو چوار داگیرکەرە چەند ئارامییان لە کوردستانیان شێواندبێ ئەوەندەش ئارامی نەتەوەکانی خۆشیان لێ شێواوە. چەندیان لە کورد کوشتووە هێندەش لە خۆیان کوژراوە. ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو دەوڵەتە کەلەشەقانە تێناگەن کە ئارامی چوار نەتەوە بەندە بە ئارامی کورد و کوردستانەوە. بەبێ ژیانێکی ئارام بۆ کورد، تورک وعەرەب و فارس ناکرێ ئارام بژین. بۆیە هەتا جەنگی دژی کورد بەردەوام بێ، بەرگری کوردیش بەردەوامی دەبێت، نائارامی هەر چوار دەوڵەتەکەش درێژەی دەبێت.

ئەگەر ئێستا جەستەی کوردستان بە جەستەی مرۆڤێک وێنا بکەین و تاکەکانیش ئۆرگان و پێکهاتەکانی ئەو جەستەیە بن! ئەوا جەستەی هەر مرۆڤێک بە جۆرێک کار دەکات کە هەمیشە لە جەنگدایە دژی بەکتریا و ڤایرۆس و نەخۆشی و هەوکردن. ئەوەی کە بەرگری لە جەستەی مرۆڤ دەکات، پێی دەڵێن سیستەمی بەرگری لەش. هەر کاتێک سیستەمی بەرگری لەشی هەر مرۆڤێک لاواز بێت ئیتر ڤایرۆس  و بەکتریا بە ئاسانی تێدەپەڕن بۆ ناوەوە، بۆ تێکدان و بۆ نەخۆشبوون و نادروستی لەش. سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤەکان بە هۆی کەم خۆراکی و ژینگە و ستایلی ژیان، بۆی هەیە لاوازببێ و چالاکیی بێتە خوارێ و کاری خۆی بە باشی نەکات. ئەمە جگە لەوەی کە  لە هەندێک دۆخدا ئەو سیستەمە بە پێچەوانەی ئەرکی خۆی کار دەکات، کە لە نموونەی هەندێ نەخۆشییە کە پێیان دەگوەترێت  نەخۆشییە بەرگرییە خۆدکارییەکان (autoimmune diseases). نموونەیەک بۆ ئەم نەخۆشییانە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکە، بە جۆرێک سیستەمی بەرگری ئەو خانانە لە ناو دەبەن کە ئەنسۆلین دەردەکەن لە جیاتی پاراستنیان.

پێم وایە لەوە ڕوونتر نابێت، بۆیە با بێینەوە سەر باسەکەی خۆمان. لێرەوە دەتوانین به باشی لە دۆخی کورد تێبگەین. لێرەوە دەتوانین بڵێین، سەرکردەی کورد تاکڕەو و بەدکار، گەندەڵ و مشەخۆر، هاوکات، ململانێی حیزبی ناتەندروست، خیانەتەی نیشتیمانی، هتد، هەمیشە دەبنە هۆی لاوازبوونی هێزی بەرگری وڵات و نزمبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانیی. واتا دەبنە هۆکاری مانەوە لە دۆخی لاوازی و زەلیلی و داگیرکراوی بەبێ ویستی تاکەکان و بە هۆکاری هەڵەی حیزب و سەرکردەکان لە ئیدارەدانی وڵات و کلتوور و زمان و فەرهەنگ. ئەم دۆخە ڕێک لەو دۆخەی لەشی مرۆڤ دەچێت کاتێک بە هۆی ستایلی ژیان و جۆری خواردن و وەرزش نەکردن و کەم خەوی بەرگری لەشی دادەبەزێت. ئەمە  ڕێک ئەو دۆخەیە  کە حیزبەکانی دەسەڵات و پاشکۆکانیان بەسەر باشووری کوردستانیان هێناوە.

بەڵام لە هەموو ئەمانە ترسناکتر ئەوەیە کاتێک سیستەمی بەرگری وڵات کار بە پێچەوانەی ئەرکە ڕاستییەکەی خۆی بکات و پێی وابێ ئەو پێچەوانە کارکردنە ئەرکە ڕاستەقینەکەیە! لێرەوە دۆخەکە بە تەواوی دەگۆڕێت و ئەوانەی دەبن بە هۆکارێک بۆ ئەم دۆخە، لەناوبردنی کورد و کوردستان، زمان و کلتوور و مێژوو، بنەچە و ڕەگ و ڕیشەی کورد بە ئەرکێکی پیرۆز دەزانن. ئەمانە نابنە هۆکاری لاوازبوون، بەڵکو دەبنە هۆکاری لە ناوبردن و گۆڕینی توخمی کوردبوون بە توخمێکی دیکەی ناجۆر و نامۆ بەم خاک و ئاوەی کە ناوی کوردستان-ە. ئەمانە چۆن نەخۆشییەکانی بەرگرییە خودکارییەکان هەوڵی دروستکردنی خانەی شێرپەنجەیی دەدەن کە ئیتر وردە وردە هەموو خانەیەکی  ئاسایی دەگۆڕن بە خانەی شێرپەنجەیی (تاکەکانی کۆمەڵگا)، تا تەواوی لەش داگیردەکەن و شتێک نامێنێتەوە لەو بوونە بنەڕەتییەی لەشەکە کە کوردبوونە.

ئەو کەسایەتی و لایەن و حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییانەی ئەمڕۆ بێ پەروا لە پەنا حیزبە گەندەڵکار و جەردەکان، خەریکی کۆشش کردنن، جا بە ئاگابێ یان بە بێ ئاگا، کارەکانیان هاوتەریب بە خزمەتی کورد و کوردستان ناشکێتەوە، بەڵکو بە دژە کوردبوون کۆتاییان دێت. ئەمانە وەکوو ئەو نەخۆشییانە وان کە هەستی کوردبوونمان ئەخەنە مەترسییەوە. حیزب و کەسایەتی و ڕەوتە ئیسلامییەکان، بە هەمان شێوەی حیزبەکانی دیکە، بۆ نەخۆشخستنی جەستەی کوردستان کار دەکەن. تۆ تەماشا با وای دابنێین کە سەرۆکێکی پارتی یان یەکێتیی لە قۆناغێکدا خیانەتێکی گەورە یان بچووک بکات و زیان بە کوردستان بگەیێنێ. تەنانەت ئەگەری هەیە شۆڕشێک یان تەنانەت ئەزموونێکی حوکمڕانیش بە هۆی هەڵەی حیزب و سەرکردەی سیاسییەوە هەرەس بێنێ. بەڵام هەر هیچ نەبێت پەتای ئەو خیانەتەی سەرۆک و حزب تووشی هەموو تاکەکانی دیکەی ناو حیزب و کۆمەڵگا نابێت. حزب و سەرکردەی گەندەڵ و خائین ئەتوانن قۆناغێکی خەباتی ڕزگاری نیشتیمانی لاواز بکەن یان دوای بخەن، بەڵام ناتوانن بۆ یەکجارەکی  کۆتایی بە کورد بهێنن. لەم ڕووەوە مێژوو زۆر نموونەی زیندووی لە هەگبەدایە.

بەڵام ئەوەی حیزب و کەسایەتییە ئیسلامییەکان دەیکەن، بە ئاگا و بە بێ ئاگا، کارکردنە لە بیر و هزر و خودبینی و ڕوانگەی تاکەکان، بە شێوەیەک لە کوردبوونی پەتییەوە دەیانگۆڕن  بۆ ئیسلامی بوون و عەرەب بوونی پەتی. لە کاتێکدا ئەوان زۆر بە ئاسانی ئەتوانن کاری خۆیان باشتر بەڕێوە ببەن و ببن بە سەربارێکی باش بۆ خەباتی ڕزگاری و نشتیمانی ونەک ببن بە بارێکی قورستر بە سەر شانی ئەو خەباتەوە. ئەوان زۆر بە ئاسانی  ئەتوانن  کار لە سەر خۆیان و هاوەڵ و ئەندامانی حزب بە شێوەیەک بکەن کە تاکەکان لە کوردبوونی پەتییەوە بگۆڕن بۆ کوردی سیاسی ئەنجا ئیسلامی نەک ئیسلامی سیاسی دواجار کوردی ئەگەر بۆشاییەک هەبوو. ئەوان ئەتوانن کارێک بکەن هێندەی دیکە ناو و کولتور و مێژوو و زمان و فەرهەنگ و تەنانەت جلک و بەرگی کوردی ببوژێننەوە لە سایەی موسوڵمانێتیدا، نەوەکو فیکری پەتی ئیسلامی پەرە پێ بدەن لە سەر پشتی کوردایەتیدا.

سەیرە کە ڕابەران و ئەمیر و سەرکردەکانی کوردی ئیسلامی سیاسی نەتوانن چاو لە ئەردۆغانی دوژمن بە کورد و کوردستان بکەن، کە بە داخەوە هەندێ لەو کەسایەتی و ڕەوتە ئیسلامییانە بە خەلیفەی خۆشیانی دەزانن. کەچی زۆر ئاسایی بەلایانەوە و ئەردۆغانیان پێ ئیسلامی پلە نایاب بێ لە گەڵ ئەوەی ئەردۆغان ئامادەیە بۆ تورک و دەوڵەتی بە ناو تورکیا، مەسەلەی فەلەستین هەرزان فرۆش بکات، دەیان پەیوەندی و هاوکاری ژێر بە ژێری جولەکە بکات، هاوپەیمانی ناتۆ بێ، لە گەڵ ڕووسیا دەست و پەنجەی نەرم بێ، تەنانەت دوو هێندەی شانازی بە ئیسلامەوە شانازی بە ئەفسانەی گورگە بۆر و ئەتاتورکی دژە ئیسلامیشەوە بکات. بەڵام برایانی ئیسلامی نەتوانن یان شەرم بکەن یاخود نەیانەوێ شانازی بە مێژووی کۆن و کولتوری کوردی و ئایینە کۆنەکانی کورد و برایەتی کوردی کاکەیی و ئێزیدی و مەسیحی و کەمایەتییەکانی دیکەوە بکەن! عەرەبەکان دەڵێن “حب الوطن من الایمان” ئەگەر چی ئەمە فەرموودەیەک نیە بەڵام فەرموودەی پەیامبەری موسوڵمانانیش هەیە کە زۆر تامی ئەم وتەیە دەدات. من پێم سەیرە کە برایانی کوردی موسوڵمان، خۆشەویستی عەرەب بۆ کەربەلا و بەسرا و مەکە و مەدینە و قودس بە ڕەوا ببینن و بە پلەیەکی ئیمانی دابنێنن بەڵام خۆشەویستی هەولێر و سلێمانی و باباگوڕگوڕ و لوتکە و چیا و دەشت و دۆڵی کوردستان بۆ خۆیان بە ڕەوا نەبینن! هەندێک لە برا کوردە ئیسلامییەکان تەنانەت ڕێز لە ئاڵای کوردستان ناگرن لە بەر هەتاوەکەی ناوەندی، بەوەی ئێمەی کورد ڕەگێکی خۆرپەرستیمان تێدایە لە مێژوودا. هەروەها سڵ لە ڕستەی “…دینمانە ئایینمانە کوردستان…” لە سروودی ئەی ڕەقیبدا ڕەت دەکەنەوە. جاری هەتاو یان خۆر یەکێکە لە هەرە گرینکترین دروستکراوەکانی خودا بۆ ژیان و مرۆڤایەتی، ئاخۆ ئەبێ شانازی کردن بەو هەتاوەوە چ گوناهێکی تێدا بێت؟ شتێکی دیکەش کە پێویستە برا کوردە ئیسلامییەکان تێی بگەن ئەوەیە کە لەو ڕستەیەی سرودی ئەی ڕەقیبدا، شاعیر خوازەیەکی زۆر جوانی بەکارهێناوە بەوەی کوردستان بە دین و ئایین ئەپێۆێت، ئەمەش بۆ خۆی هەر هەمان ئەو وتەیەی عەرەب ئەگرێتەوە کە دەڵێت خۆشەویستی نشتیمان لە ئیمانەوەیە، کە واتا ئیمانی ڕاستەقینەش لە خۆشەویستی کوردستاندایە.

بە کورتی و کرمانجی گەر کوردستان نەبێ نە کوردی موسوڵمان و نە کوردی ئێزیدی و نە کوردی مەسیحی و نە تورکمانێکی کوردستانی و نە چەپ و نە ئیسلامی و نە مولحید و نە ئازادی خواز و نە نەتەوەییش، هیچ کەسێکمان بوونمان نابێ. هەر بۆیە کوردستان پێویستی بە هەمووانە بە بێ جیاوازی.

ئاشکرایە ئەگەری هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان چوار داگیرکەرەکە مل بۆ کوردبوونمان بدەن بە هەموو جیاوازییەکمانەوە. ئەگەری هەیە ڕۆژێک دابێت و هەر خۆمان بتوانین خۆمان بە سەر چوار داگیرکەرەکەدا بسەپێنین. بەڵام ئەوەی لە هەر چواریان ترسناکترە، کە ئێمە خۆمان ببین بە داگیرکەری پێنجەم و کۆمەک بە چوار داگیرکەرەکەی دیکە بکەین. ئەو کات کوردبوونمان بە بێ هێرش و پەلامار و ئاگر و ئاسن لە نێو خودی ماڵاکانمان و لە جێگەی خۆماندا و بە دەستی خۆمان لە ناودەچێ و نامێنێت. هەر بۆیە ئێستا لە سایەی خیانەت و گەندەڵکاری حزبە کوردستانییەکان و پاشکۆکانیان، لە سایەی سیاسەت و تێفکرین و هەڵەکانی حزب و کەسایەتییە کوردە ئیسلامییە سیاسییەکاندا، لە سایەی ئەو هەموو حزب و ڕێکخراو و ڕەوتە بچووک و هەڵتۆقیو و دژ بە یەکانەدا، نە ڕژیمی تورک و نە ڕژێمی عەرەب و نە فارسیش پێویستیان بە کۆششێکی زیاتر نیە جگە لە پاڵپشتی ئەو هێڵە سیاسی و ئایینییانە نەبێ. باشترین بەرگریش دژ بە داگیرکاریی خودکردی پێنجەمی کوردستان، پەروەردەی هاوچەرخ و کرانەوە و نشونما کردنی بیر و هەستی نەتەوایەتی و تەبایی و کۆبوونەوەی جیاوازەکان لە دەوری ئامانجە سەرەکییەکەدا، دوور لە دەست تێوەردانی تاک لایەنەی حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەجێنداکانی دەرەوەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت