زەبەنگ بەهادین: کامیان قوربانی کامیان بکەین، کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی.
سیاسەتی بەرێوەبردنی وڵات هاوسەنگی و هاوبەشی پێویستە، دەسەڵات بۆیە هەلدەبژێرێت لە لایەن خەڵکەوە تا بتوانێت باشترین خزمەتگوزاری و ئاسایشی ناوخۆی و دەرەکی پێشکەش بکات بۆ میللەتەکەی، ئەگەر ئەو باشترینەی پێنەکرێت دەبێت ئەو دەسەڵاتە بگۆرێت و باشتر بهێنرێتە جێگای، ئەرکی دەسەڵاتە سیاسەتی ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسای وڵات دارێژێت بە شێوازێک بەرژەوەندی زۆرینەی هاونیشتیمانیەکانی بێت.
خزمەتگوزارەیەکانی دەسەڵات پێشکەشی هاونیشتیمانیانی دەکات لە چوارچێوەی دابینکردنی خزمەتگوزاری و زامنکردنی ئاسایشی نیشتیمانە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە دوو رێگەوە دەبێت؛
یەکەم/ یان کەرتی گشتی کە دەسەڵات خۆی پاڵثشتی دەکات و بەرێوەی دەبات.
دووەم/ کەرتی تایبەت لە رێگەی سەرمایەدار و کۆمپانیا تایبەتەکانەوە.
لە زۆرینەی سیستمە جیهانیەکان پەرە بە کەرتی تایبەت دەدرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، هەرچەندە ئەمە سیستمێکی سەرمایداری و فینانسە زیاتر و بەرژەوەندی سەرمایەدار پێش بەرژەوەندی هاوڵاتییە، بەڵام لە هەمان کات سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی سەر شانی حکومەت و دەسەڵات، ئەوەی گرنگە لێرە کردنەوەی کەرتی تایبەت لە ژێر چاودێری و بەریوەبردنی حکومەتدا بێت وە بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ پاڵپشتی کەرتی گشتی، نەک کەرتی گشتی بکرێتە قوربانی بۆ قەبەکردن و دەوڵەمەندکردنی کەرت تایبەت، نابێت خويندنگاکان پشتگوێ بخرێن و هیچ خزمەتگوزاریەکیان پێشەکەش نەکرێت تا مناڵان ناچار بن بچنە کەرتی تایبەت، ناکرێت نەخۆشخانەکان بێ دەمان و کادر بکرێن تا تایبەتەکان هەموو نەخۆشەکان بەرنە لای خۆیان و بە دڵێ خۆیان پارەیان لێبکێشنەوە ناکرێت کارەبای گشتی وەلاوە بنرێت و تەنها پشت بە کەرتی تایبەت ببەسترێت، ئەمە لە لایەک نەمانی دەسەڵاتی حکومەت زیاد دەکات و لە لایەک هاوڵاتی دەخاتە ژێر بارێکی قورس بە تایبەت لەم دۆخە داراییە قورسەی کە خۆی تێدایە لە دواکەوتنی موچەو برین و فەوتانی موچەکانیان.
ئێستا کاتی دەنگدان نزیک دەبێتەوە پێویستە حکومەت نییەت پاکی خۆی بسەلمێنێ کە ئایا حکومەتی کەرتی گشتی و هاوڵاتیانە، یان حکومەتی سەرمایەدارەکان و پارەدارەکانە، پێویستە بەرنامەی حکومەت و دەسەڵات بۆ پشتگیری زیاتری کەرتی گشتی بێت بە نمونە قوتابخانە گشتیەکان پەرە بێبدرێت و خزمەتگوزاری و مامۆستا بە تونا و دابینکردنی موچەو هاتو چۆ دابین بکرێت لە باج و داهاتی کە لە خوێندگا تایبەتەکان دەست حکومەت دەکەوێت بەشێک لە ئەرکی خزمەتگوزاری خوێندنگا گشتیەکان بخرێتە سەر شانی وەبەرهێنان بە هەمان شێوازی کاری شآرەوانیەکان، چونکە خوێندن بناغەی سەرکەوتن و بەرەو پێشچونی هەمو میللەتێکە بەمەش وڵات ئاوەدان و خاوەن پێگە دەبێت، هەمان شێواز بۆ کەرتەکانی پزیشکی و کارەبا و و ئاو کە پێویستیان بە پشتگیری حکومەت و دەسەڵات هەیە بۆ خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و میلەت و خاکەکەیان.