بورهان شێخ رەئوف: ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و شام.
دوای گەیشتنە سەر دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان لە توركیا لە تشرینی دووەمی 2002دا، پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و دیمەشق پێشكەوتنێكی گەورەی بە خۆوە دی و هەردوو وڵات هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوانیان دروستبوو، لەكاتێكدا پێشتر ئاڵۆزی و گرژی زۆر لەنێوانیاندا هەبوو، ئاكامی سیاسەتی سەردەمی بەرایی ئاكەپە (سفر كێشە) بوو لەگەڵ دراوسێكانی و گەڕانەوە بوو بۆ قوڵایی ستراتیژی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بە پێچەوانەی پێشوو كە هەر روویان لە ئەوروپا و خۆرئاوابوو .
لە نێوان ساڵانی 2002 تاوەكو 2010 پەیوەندییە سیاسیی و ئابورییەكانی هەردوو وڵات پێشووەچونی زۆری بە خۆیەوە بینی، تاوەكو سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد لە كانونی یەكەمی 2004 بە سەردانێكی مێژوویی گەیشتە ئەنقەرە، ئەوەش یەكەم سەردانی سەرۆكێكی سوریا بوو بۆ توركیا دوای سەربەخۆیی سوریا، دواتر سەردانی زیاتری هەردوو سەرۆكی لێكەوتەوەو ئەنجومەنی هاریكاری ستراتیژی لە نێوان هەردوولا دامەزرێنرا، جارێكی تر لە ئەیلولی 2009 لە كاتی سەردانی سەرۆك ئەسەد بۆ توركیا پەیماننامەی ناوچەی بازرگانی ئازاد مۆركرا كە زۆر پرۆژەی گرنگی تری ژێرخانی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام لە دوای 2011 و رووداوەكانی بەهاری عەرەبی و شۆرشی گەلانی سوریا، ئەو پەیوەندییانە بە ئاراستەیەكی جیاواز رۆیشت، سەرەتا توركیا ئامۆژگاری حكومەتی سوریای دەكرد و دواتر هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی ناڕاستەوخۆ و دواتر گەیشتە دەستوەردانی سەربازی راستەوخۆ لە باكووری سوریا. بە جۆرێك لە 22 حوزەیرانی 2012 توركیا پەیوەندیی دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ سوریادا بڕی و هەموو دیبلۆماتكارەكانی ئەو وڵاتەی لەخاكەكەی دەركرد بەبیانووی ئەو پێشێلكارییانەی رژێمی سوریا دەرهەق بە هاووڵاتیانی خۆی كردوویەتی.
ئەوەی گرنگە بزانرێت، ئەوەیە پاڵنەرەكانی توركیا چیین بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لە گەڵ دیمەشقدا؟
1.كێشەی پەناهەندە سورییەكانە لە توركیا، كە (3.5) ملێۆن ئاوارەی سوری لە توركیا هەن، ئەمەش فشار و ئەركێكی قورسە بەسەر شانی دەوڵەتی توركیاوە، تەنانەت هەندێك چین و توێژی توركیا، بوونی ئەم ژمارە زۆرە پەناهەندەیە رەتدەكەنەوە و بە بارێكی قورس و مەترسی گەورەی دەزانن بۆسەر ئابووریی وڵاتەكەیان، بە تایبەتی كە ئێستا بە قەیرانی سەختدا گوزەر دەكات، چ لە دابەزینی نرخی لیرە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان .
2.بەرەنگاربوونەوەی فراوانبوونی هەژموونی كورد، ترسی گەورەی توركیا لە جووڵانەوەو سەرهەڵدانی كوردە لە وڵاتەكەی خۆی، دوای دروستبوونی بەڕێوەبەری خۆسەر لەخۆرئاوای كوردستان و مەترسی گواستنەوەی ئەو ئەزموونە بۆ وڵاتەكەی و كاریگەریی ئەم قەوارەیە بۆ سەر ئاسایشی توركیا، لەبەر ئەوە دژی بوونی هێزەكانی هەسەدەیە كە هاوپەیمانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەگژاچوونەوەی داعشە، ئامانجی سەرەكیی توركیا لەم ئاساییكردنەوەیە لەگەڵ شام، بۆ روبەڕوو بوونەوەی هەسەدەیە، بەتایبەتی دوای هەوڵەكانی هەسەدە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ناوچەكانی ژێر دەستی خۆی، توركیاش لەم هەنگاوە دەترسێت و وای دەبینێت رۆژئاڤا دەبێتە ناوچەیەكی دیفاكتۆ و شەرعیەت و رەوایەتی یاسایی وەردەگرێت.