نەوزادی موھەندیس: عێراق لەکوێی ئاڵنگاری و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدایە؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چارەنوسی گەلان و خاکی ئەم ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینە لە سەرەتای ئاوەدانی و ژیان تیایدا ھەمیشە تەژی بوە لە ململانێ و شەڕ و جەنگ و کاولکاری لەلایەک لەنێوان ئیمپراتۆریەتەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە خۆیان و لەلایەکی تریشەوە لەنێوان وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکەوە کە بەھۆکاری سیاسی و ئابوری و ئەمنی ھەوڵی داگیرکاری ناوچەکەیان داوە و دەیان ساڵ خێر و بێری ئەم ناوچەیەیان بەتاڵان بردوە ، ناوچەکە بۆخۆشی ئامادەگی ئەو ململانێ ئاسمانی و زەمینیانەی تیادابوە بەھۆی ھەڵکەوتە جیۆسیاسیەکەیەوە لە ناو دڵی دونیادا و بەھۆی بوونی سێ ئاینی ئاسمانی دژ بەیەک و بوونی چەندین نەتەوەی جیاوازی کورد و عەرەب و فارس و تورک و… ھتد. چەندین کەلتور و ڕۆشنبیری جیاواز، بۆیە ھەموو ئەم فاکتەرانە ئەم ناوچەیەیان کردۆتە کوانویەکی پڕ ژیلەمۆی سورەکراو کە ھەمیشە ئامادەی کڵپەکردن و گڕگرتن و تەقینەوە بوە.

لەناو ئەم وڵات و گەلانەشدا عێراق پشکی شێری ھەموو ئەو جیاوازی و ململانێیانەی بەردەکەوێت لەبەر ئەوەی وەک دەوڵەتێکی دێرین و خاوەن شارستانیەتی جیاوازی گەورەی مێژوویی و خاوەن مێژوو و جوگرافیا و ھەڵکەوتەی گرنگ و پێکھاتەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیە جیاوازەکانیشەوە و لەنێوان دوو ئیمپڕاتۆریەتی ئیسلامی و فارس لەلایەک و دواتر فارسی و عوسمانی و لە ئێستاشدا بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە میراتە نەگریس و نالەبار و بەشمەینەتیەکەی ڕابووردووی و کەوتۆتە نێوان ململانێکانی نێوان ئێران و تورکیا لەلایەک و ئێران و ئەمریکا و ئیسڕائیل لەلایەکی ترەوە و نێوان سعودیە و تورکیای سونە مەزھەب و ئێرانی شیعە مەزھەب و بۆخۆشی لەناوخۆیدا بەو ھەموو جیاوازیانەی کەھەیەتی لە پێکھاتە و ستراکچەری کۆمەڵایەتیەکەیدا گیرۆدەی کێشە وئاریشەی سەخت و قوڵ بۆتەوە کە بە درێژایی مێژووی عێراق بەدەوڵەتە تازەکەشیەوە لەساڵی 1920 وە ھێندەی تر باری گران و سەخت و ئاڵۆز و دژوارتر بوە.
عێراق لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی ێدامیەوە لەساڵی 2003وە لەلایەن پێکھاتەیەکی ئاینی زۆرینەی شیعە مەزھەبەوە حوکمڕانی دەکرێت کەبەداخەوە خراپترین نمونەی حوکمڕانیان لەماوەی 21 ساڵی ڕابووردوودا پێشکەش بەگەلانی عێراق کردوە بەھۆی ئەوەی لەلایەک ناکۆکیە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیەکانیان زۆر تۆخکردۆتەوە لەنێوان ھەمواندا و تەنانەت لەنێو ماڵی شیعی خۆشیاندا و لەلایەکی تریشەوە ھێندەی ملکەچی بڕیارەکانی وڵاتانی ناوچەکەن نیوھێندە پیادەی سیاسەتێکی عێراقیانە و نیشتیمانیانە ناکەن لەبەرژەوەندی خاک و گەلانی عێراقدا. ھەربۆیە لەلایەک بێھێز و لاوازبوونە و لەلایەکی تریشەوە بونەتە پاشکۆی سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە و دونیاش و ھەرئەمەش وایکردوە کە نەتوانن خۆڕابپسکێنن بۆ دەربازبوون لەو تەوقەی کە کراوەتە گەردنیان و بتوانن خۆ دەربازبکەن لەو لیتەیەی کە تێیکەوتون.ئەم دەسەڵات و حوکمڕانیەی زۆرینەی شیعەکان لە عێراقدا و وابەستەبوونیان بە سیاست و بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە عێراقی کردۆتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی ململانێکان و حساباتی سیاسی وڵاتان لەسەر بەرژەوەندی و پێشێلکردنی ماف و سەروەری عێراق و عێراقیەکان.

کە لەڕاستیدا دەبوایە لە ئێستادا عێراق بەو ھەموو توانا مادی و مرۆیی و وزەیەی لەنەوت و غازی سروشتی وەک دوو سەرچاوەی گرنگی وزەی سەردەم کە ھەیەتی ببوایەتە وڵاتێک لەناوچەکەدا لێیبڕوانرایە لە ڕووی پێشکەوتن و داھێنان و سیستەمی حوکمڕانیەکەیەوە لەکاتێکدا عێراق یەکەمین لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانیەتی و ئیمپراتۆریەت و دانانی دەستور و یاساکان بوە و پێشنەگی ھەموو وڵاتان و گەلانی ناوچەکە و دونیاش بوە.

بۆیە نەبوونی سیستەمێکی حوکمڕانی بەھێزی ڕاستەقینەی نیشتیمانیانە و خەمخۆرانە بۆ گەلانی عێراق و بەھێزی و پتەوی ئیداری و بەھۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی و دابەشبوونی لایەن و سەرکردە سیاسیەکان و جەماوەریش بەسەر چەندین لایەنگری(وەلائی) ناوچەیی وحیزبی و ئاینی و نەتەوەیی و مەزھەبی جیاواز و دابەشبوون بەسەر لایەنگری وڵاتانی ناوچەکە و دواکەوتەی بڕیار و بەرژەوەندیەکانیان،عێراق لەوڵاتێکی خاوەن سەروەری و سیادەی بەھێزی خۆیەوە بۆتە دیل و ئەسیری دەستی وڵاتانی ناوچەکە و بێ دەسەڵات و لاواز لەبەرامبەر ھەمواندا و تەنانەت ناتوانێت بەبێ بوونی ھێزی ھاوپەیمانان سەروەری و سیادەی ئاسمان و خاک و ئاوی خۆشی بپارێزێت. ھەربۆیە عێراق گەر بەم ڕێتم و ئاڕاستەیە بەردەوام بێت ئەوا بەدڵنیایی توانای ڕێکردنی بۆ پێشەوە نابێت و ناتوانێت لەگەڵ ئاڵنگاری و ڕووبەڕووبونەوەکان و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکاندا بڕواتە پێشەوە و بتوانێت گۆڕانکاریە گەورە و مەترسیە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە و دونیا بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە.

بۆیە گەرەکە کە دەسەڵاتدارانی عێراقی بۆئەوەی لەو پێگە لاوازە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەی کە تیایدایە ڕزگاری ببێت، ئەرکێتی سیاسەتێکی نیشتیمانیانەی عێراقیانە بگرێتە بەر و خۆی ڕزگاربکات لە پاشکەوتەیی و ملکەچی سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە و ھەوڵی جدی بدات بۆ گەشە و پێشکەوتنی ئابوری و بنیادنانی ژێر خانێکی بەھێز لەھەموو ڕوەکانەوە و لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانەکەی بۆ زیاد لە 50 ملیۆن کەس و پێداویستیەکانی لەھەموو بوارەکاندا نابێت ھەروا دەستەوستان بمێنێتەوە لەکاتێکدا عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پایەکانی بەھێزی و پێشکەوتنی تیادایە، تەنھا و تەنھا پێویستی بە سیاسەت و سیستەمێکی حوکمڕانی بەھێز و دەسەڵاتێکی بەھێزتر و جێگیر ھەیە و پێویستی بەکەسایەتی و سەرکردەیەکی بوێر و کاریزما و ھەڵکەوتوو ھەیە بۆ بڕیاردان و ڕابەرایەتیکردن بۆ پێشەوە نەک گەڕانەوە بۆ سەردەم و چەرخەکانی دواکەوتوی ھەزاران ساڵی ڕابووردوو بە دیدو تێڕوانینی تەسک و بچوک و تاریکبینی ئاینی و مەزھەبی.بەپێچەوانەوە ئەوەی کەھەشە و ماویشە نامێنێت و عێراق لەوڵاتێکی گەشەندوەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاست و چوارگۆشەی وڵاتانی ھەژار و دواکەوتوو و برسی و پڕ نەخۆشی و بێ دەسەڵاتی و داگیرکراوی ولاوازی سەردەمەکانی ڕابووردووی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت