عوسمانی حاجی مارف: یاسای جەعفەری چی لە دەوڵەتی مەدەنیدا دەهێڵیتەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکەمجار نییە کە داکۆکیکارانی ئاینی لە ئەدامانی حزبە “ئیسلامیەکان” هەوڵ دەدەن جێپەنجەی خۆیان لەسەر سیماکانی کۆمەڵگەی عێراق بەجێبهێڵن، هەروەها کار بۆ تێکدانی ئەو سیما مەدەنی و شارستانیە دەکەن کە عێراقیەکان لە دێر زەمانەوە هاوشانی گەشەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری خۆیان لەگەڵدا گونجاندوەو پەیڕەوی دەکەن.

ئەمجارە ئەم ڕەوتی پیاوسالاریە دژە ژنە ئیسلامیانەی خەریکن خۆیان کۆدەکەنەوە بۆئەوەی شەڕی نەهێشتنی دوا هێمای مەدەنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەرلەمان و دەوڵەتەوە پیادەبکەن، کە لەیاسای باری کەسیدا بەرجەستەی دەکەنەوە. دەیانەوێت پەیوەندی کارو سەرمایە و بازاڕی سەرمایەی ئازاد لە داسەپاندنی شەریعەی جەعفەریەوە بەڕێوەبەرن. بەڵام دانیشتوانی شارستانی و ناڕازی عێراق بەبێ ڕەچاوکردنی جیاکاری تائیفی و نەتەوەیی، مافەکانی ژنان و منداڵان دەپارێزن. هەروەها یارمەتیدەرن بۆ چەسپاندنی یەکگرتویی کۆمەڵگا دژ بە شەڕی تائفی و دینی و نەتەوەیی، یاسای جەعفەری لە ژیانیاندا جێگای نابێتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ پیاوسالارانی حزبە “ئیسلامیەکان” دەیانەوێت، شەرعیەتدان بە هاوسەرگیری کچانێک بدەن کە تەمەنیان ساڵی نۆیەمی تێپەڕ نەکردووە، بە ئاماژەدان بە فەتوایەک کە لەلایەن دەسەڵاتی عەلی سیستانیەوە دەرچووە، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی دیکە لەگەڵیاندا ناکۆکن، بە تایبەت کە گەشەسەندنی کۆمەڵگاکان بڕگەی نوێیان دابینکردووە کە ڕێزگرتنە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ژنان و پیاوان.بەڵام ئەو ڕەوتی پاراستنی مافی ژنان و مناڵان و سیمای مەدەنی و شارستانیە، گەر بەیاساو یاسادانان و هێزی دەسەڵاتی خەڵک نە سەپێندرێت، ئاشکرایە کە لەژێر کاریگەری هێزە میلیشیا تائیفیەکاندا پێشێل دەکرێت و کۆمەڵگە بە ئاقاری بەرژەوەندی کۆنەپەرستانەی خۆیاندا کێش دەکەن، ئەم کارە پێویستی بە ئیرادەو دەوری ڕاستەخۆی خەڵکە لە دەسەڵاتی سیاسیدا.

ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیەی ئەمڕۆ لەلایەن پێشنیاری میلیشیا ئیسلامیەکانەوە بەردەوام بێت لە پەرلەماندا، پێشبینی دەکرێت هیچ شتێک لە پێکهاتەکانی دەوڵەتێکی مەدەنی نەهێڵنەوە کە عێراقیەکان بتوانن بە سەلامەتی بژین و ژیانی خۆیان بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت پراکتیزە بکەن، بەم شێوەیە بەغداو شارەکانی تری عێراق دەکەنە قەندەهار.

نەتەوە یەکگرتوەکان باس لەوە دەکات کە بەشێک لە پیاوانی ئاینی عێراق لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هەزاران هاوسەرگیریان لەگەڵ کچانی خوار تەمەنی نۆ ساڵان ئەنجامداوە، ئەم دیاردەیە وەک تاوانێک لە ئاستی فەرمیدا سنووردار نەبووە، لەئەنجامدا بووەتە هۆی ڕووداوی بەربڵاوی جیابوونەوەی فراوانی هاوسەرگیری، مایەی سەرگەردانی و نەهامەتی و قوربانیدان بووە بۆ ژنەکان. لەماوەی ساڵێکدا (2022) زیاتر لە 73 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراقدا تۆمارکراوە. چالاکوانان هۆشداریاندا لەوەی ئەگەر هەموارکردنەوەی پێشنیارکراوی یاسای باری کەسێتی پەسەند بکرێت، پێشبینی دەکرێت ئەم کارانە فراوانتربن و زیاتر گەشە بکەن، هەروەها نەوەکانی کچانی خوار تەمەنیش بەر دەستدرێژی و زەلیلکردن دەبنەوە بەپێی یاسا پێشنیارکراوەکە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی خەڵکی عێراق دادەنێت، کەوەک بەشێک لە پلانی لەناوبردنی “دەوڵەتی مەدەنی” مانا پەیدا دەکات.

مەترسی سەپاندنی ئەو بڕیارانەی دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتیە، لەو شوێنەوە ببینین کە هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” (شیعە) لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا پشتیوانی لێدەکەن. چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو دەستەیەن کە پێداگری لەسەر دەرکردنی یاسا نوێیەکە دەکەن، تا سیستەمێکی سیاسی تائیفی کە دەرفەتی مانەوەی دەسەڵاتیان پێدەدات دامەزرێنن، تەنیا لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری تائیفیەوە دەتوانێت سەقامگیری بەدەستبهێنێت، کە ژنان لە مافەکانیان بێبەش کات، بزوتنەوەکەیان بە ئیفلیجی پاشەکشە پێبکات، یان ژنان دورخاتەوە لە بیرکردنەوەی پاراستنی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ و شارستانی، کە لە نێوان ئەندامەکانیدا یەکسانی واقعیە و جیاکاری قەبوڵ ناکرێت.

بۆیە دەکرێ بگوترێ کە بنبڕکردنی توانای ژنان بۆ بیرکردنەوە لە ئازادی و یەکسانی و پێشێلکردنی مافەکانیان لە کۆمەڵگادا، هەر لە منداڵیەوە گرنگترین ئامانجی ئەم یاسا نوێیە، کە هاوسەرگیری مێینە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا پەسەند دەکات، ئەمەش جۆرێکە لە کۆیلایەتی کە ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئاینیە توندڕەوەکانی وەک داعش پێشتر هەوڵیان داوە بەسەر پێکهاتەکاندا بسەپێنن کە لە ڕێگەی پیلانگێڕیەوە توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن و مافەکانیان زەوت بکەن.

لەژێر پاراستنی پەیوەندی تائیفی، خێڵەکی، یان بنەماڵەدا ئەو دەوڵەتە ئایینیەی کە لایەنە شیعەکان هەوڵی سەپاندنی دەدەن بەسەر عێراقیەکاندا، جۆرێکی تایبەتی دەوڵەتە و دواکەوتوییەکەی بریتیە لە زیادەڕەویەکی زۆر لە هەژاری و نەداری و جیاکاری و بێئیرادەکردن و گۆشەگیری ژنان. واتە دەسەڵاتێکە بێباکە بەرامبەر دانیشتوانەکەی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە پارێزگاکان کە زۆرینەی شیعەیان هەیە، بەرپرسەکان دواکەوتوترینن لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیدا، لەهەمانکاتدا لە بەرامبەریدا چەک و مادەی هۆشبەر لەناویاندا بڵاو دەکەنەوە،. ئەتوانین بڵێین ئەمریکا سیستەمێکی سیاسی سەپاند کە ئامرازی بەردەستیان بوو بۆ لەناوبردنی عێراق بە دڕاندنی پەیکەرە کۆمەڵایەتیەکەی.
یاسا نوێیەکە بە هەوڵێک دادەنرێت بۆ سەپاندنی بناغەکانی دەوڵەتێکی ئاینی کە لەوانی دیکە توندتر بێت، هەروەها سەرەتای ملکەچکردنی کۆمەڵگەی عێراقیە بۆ زاڵکردنی ئیرادەی میلیشیاکان کە دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی بە دوژمنی بەرژەوەندیەکانیان پێناسە دەکات. لە ڕێگەی ئەم هەموارکردنەوە، پێناسەی شارستانیەت بە ئاژاوەگێڕی دادەپۆشرێت. ئەمەش توندترین و قێزەوەنترین ناونیشانە بۆ ژنان، دوای ئەوەی لە زۆرێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکان پۆشینی حیجاب بەسەر کچاندا سەپێنرا. ئەمەش بەو مانایەیە کە نەوەیەک لە ژنان گەورە دەبن کە باوەڕیان بە ئازادی ژنان نیە و ئەو بڕوانامە دەرونیەیان نیە کە ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە هەڵاواردن. ئەمە ئەو نەوەیەیە کە هەژاری وەک چارەنووس و نەخۆشی وەک تاقیکردنەوە و نەزانی وەک حیکمەت قبوڵ دەکات. بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە باری مەدەنیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە چارەنووسی عێراق و کۆمەڵگاکەیەوە هەیە.

بەڵام ئەو خۆپێشاندانانەی لەدژی پێشنیازی هەموارکردنەوە ڕوویاندا بەتایبەتی لە خودی شاری نەجەفیشدا کە قەڵای دیارترین دامەزراوەی ئاینی شیعەیە، نموونەیەکی بەرجەستەیە لە ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارانەی پێشنیارکراوە، لەهەمانکاتدا ئومێدبەخشە کە فشارێکی گەورەبێت لەسەر پەرلەمان، تا دەرگای دەنگدان لەسەر ئەو بڕیارانە داخات.

کاتێک خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019دا ڕویاندا ئەنجامی کتوپڕی ئەو ساتەوەختە نەبوو، بەڵکو ئاکامی کەڵەکەبونی توڕەیی و ناڕەزایەتیەک بو لەبەرامبەر سیاسەتی ئەو هێزە میلیشیا شیعانەی ئامۆژگاریان لە کۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرت، ئێستاش لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەدا بەدور نازانرێت کە هەمان ناڕەزایەتی بە گوڕوتینێکی ترەوە ڕوبدات.

پێویستە خەڵکی ناڕازی بەفراوانکردنەوەی نارەزایەتیەکانیان، بەهیچ جۆرێک ڕێگە نەدەن ڕەشنووسی نوێی یاسای باری کەسێتی دەنگدانی دووەمی لە پەرلەمان بۆ بکرێت و پەسەندبکرێت. ئەو کەسانەش ئەو پێشنیارانەیان کردوە، پێویستە مافی ئەندامێتی پەرلەمانیان لێوەربگیرێتەوە، پێویستە دڵنیابین لەوەی چوارچێوەی یاسایی عێراق ژنان و کچان دەپارێزێت بەگوێرەی پابەندبون بەو یاسا نێودەوڵەتیانەی بەرگری لە یەکسانی ژنان و پیاوان دەکات. چونکە پەسەندکردنی یاسای جەعفەری هەنگاوێکی کارەساتبار و مەترسیدارە و بەڕەسمەیەت ناسینی جیاکاریە بۆ ژنانی عێراق، ڕێگە خۆشدەکات بۆ نایەکسانی بە یاسا، لەوەش مەترسیدارتر سەوداومامەڵیە بە مناڵان.

ئەم دۆخە جگە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ڕەسمیەتدان بە باڵادەستی پیاو سالاری و بە یاساکردنی نایەکسانی، لەوەش واوەتر شیرازەی کۆمەڵگەیەکی شارستانی تەواو دەشێوێنی، بەو مانایە ژنان دەکاتە کۆیلەیەک و کەرەسەیەک، تەنها بۆ چێژوەرگرتنی پیاوان، ئەمەش بەرەو ڕووی ئەوپەڕی دڕندەیی ئەو لایەنە ئیسلامیانەمان دەکاتەوە کە داعش لەباری عەمەلیەوە نمونەیەکی قێزەوەنی ئەوپەڕی دژی ئینسانی نیشانداین، ئەو داعشەی بەر نەفرەتی تەواوی جیهان کەوت، ئێستا بەشێک لە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراقدا، خەریکن بێشەرمانە و بەئارامی ئەو یاسایانە لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەخەنە ناو پرۆسەی دەنگدانەوەو دەیانەوێت فرسەت لەسەر ئەوە بهێنن کە زۆرینەن لە پەرلەماندا، بەڵام پێویستە دانیشتوانی عێراق ئەوەنیشان بدەن کە زۆرینەی دژی ئەو بڕیارو یاسایەن لەدەرەوەی پەرلەمانن و ڕێگا نادەن ئەو جۆرە بڕیارانە بەسەر چارەنوسی ئازادی ژیانی ژنان و پیاوانەوە مامەڵەیان پێبکرێت.

مشتومڕ لەم بارەیەوەو لە شەقامی عێراقی و لەناو داڵانەکانی پەرلەماندا لەسەر ترسی تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەکرێت، کە بەناوی دەنگی زۆرینە لە پەرلەماندا مامەڵەی پێدەکرێت، پێشتریش چەندینجار هێزەکانی سەر بەچوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاریان کردووە، بەڵام دەنگدانەوەی ئێستای، متمانەی ئەولایەنانەیە کە پێیانوایە دەتوانن دۆخی عێراق لە کۆمەڵگەیەکی شارستانیەوە بەم ڕێگەیە بگۆڕن بۆ باڵادەستی دەوڵەتێکی ئیسلامی و جێبەجێکردنی یاسای جەعفەری بسەپێنن، بە ڕابەری ئەولایەنە شیعانەی پاشکۆی ئێرانن. هەوڵی خەڵکی ناڕازی عێراق پێش هەر شتێک لە ئێسادا پێویستە ڕێگە نەدات ئەم هەموارکردنەوەیە تێپەرێت. بەڵام ئەوەی شایانی باسە گەر بەهەر فڕوفێڵ و ساختەکاریەک ئەم هەموارکردنە لە پەرلەماندا پەسەند کرا، ناتوانێت ببێتە یاسایەک لە نێو زۆرینەی کۆمەڵگەی عێراقدا جێبەجێ بکرێت، ناتوانێت بەر بە گەشەی شارستانی بونی عێراق بگرێت، ناتوانێت ململانێی ڕەوتی ئازادی و یەکسانی ژنان و پیاوان بوەستێنێت، بەجیا لەوانەش ڕۆژێک ڕاپەڕینی جەماوەری تەواوی دامودەزگاکانی ئیسلامی بۆ دەسەڵاتی سیاسی و یاساو شەریعەتەکانیان لە ئێران و عێراق و هەر دەوڵەتێکی ئیسلامی دەپێچنەوەو لە مۆزەخانەدا دایدەنێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت