نەوزاد بەندی: نیفاق.!
نیفاق بریتیە لە درۆکردن لەگەڵ بیروباوەڕدا. واتا بە ڕووکەش خۆت وا نیشان بدەیت هەڵگری بیروباوەڕێکیت، بەڵام بە کردەوە، جیاواز بیت لە بیر و باوەڕەکەت. یان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کار بە بیر و باوەڕەکەت بکەیت و دوای ئەوە هەڵبگەڕێیتەوە و ببیت بە کەسێکی دژ بەو بیر و باوەڕەی پێشتر هەڵتگرتووە.
لە قورئاندا سزای گەورە بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە بە ڕووکەش موسوڵمانن، بەڵام کە داوای کارپێکردنی بیروباوەڕەکەیان لێ دەکرێت، هەڵدێن و خۆیان دەشارنەوە و بیانووگەلێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەرکەکانی تایبەت بەو بیر و باوەڕە جێبەجێ نەکەن، ئیتر ئەو ئەرکانە بەخشینی زەکات بێ، چوون بۆ شەڕی چارەنووسساز بێت، کاری چاکە بێ، خۆنەویستیی بێ ، یان هەر ئەرکێکی تر، لە وەسفی داهاتووی ئەم جۆرە کەسانەدا، بنی دۆزەخ دەست نیشاندەکرێت بۆیان، واتا ئەم بەناو باوەڕدارانە، لە خراپترین کەسەکان حیساب دەکرێن و ئەخرێنە بنکی ئاگری دۆزەخەوە.
لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە شتێک نەمایەوە بە ناوی بیر و باوەڕ ، چونکە خەلیفایەتیی بوو بە پشتا و پشت، لە باوکەوە بۆ کوڕ. ئیتر خەلیفە لە جیاتی کار بە بیر و باوەڕ بکات، سەرقاڵی پێگەیاندنی کوڕەکانی بوو، هەتا بەهێزترینیان بکات بە جێگرەوی ناز و نیعمەتی نیفاقی خەلافەت، ئیتر جەنگی نێوان براکان و ژەهرخواردن هاتە گۆڕێ.
ئەبینیت بانگخوازێک گەزێک ڕیشی بەرداوەتەوە کە زۆرترین کاتەکانی لە شانەکردن و نیگرۆکردنی ڕیشیدا بەسەر دەبات، هەر ئاگایشی لەوە نییە کە هێرماتکۆلێکی ڕاوێژکاری یەکەمی ئەڵمانیا لەسەر ملیۆنێک دۆلار پێگە و حەیا و شەرەفی شکێنرا و پەلکێشی دادگا کرا، لەبەر چاویدا وار و وێخی ووڵاتەکە ئەکرێتە تەنکەرەوە و ئەدزرێت، ئەمیش باسی فیقهی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم دەکا، یان دژایەتیی ڕیش درێژێکی تر دەکات کە پێی وایه دۆعای قنوت له نوێژی بەیانیدا بیدعەیە!.
چەندین جار ووتار خوێنی ڕیش وەک کلووی بەفرم خستۆتە دۆخێکەوە کە نەتوانێت دێڕێک قسەیش بکات، چونکە کاتێ پێی دەڵێیت؛ لەسەردەمی بیر و باوەڕدا نادادییەک هەبووایە، لە بانگی مزگەوتەکاندا داوا دەکرا خەڵک بە چەکەوە بێن بۆ دژایەتیی نادادییەک کە هەڵتۆقیوە، پێم ووتون ئێوە وا ڕیشتان لە ووتار و مینبەردا سپی بووە، ئایا تا ئێستا نادادییەکتان نەبینیوە وا هێشتا لە بڵندگۆی مزگەوتێکەوە نەتانوتووە خەڵکینە کۆبنەوە، با دژایەتیی نادادییەک بکەین کە یەخەی گرتووین؟
نەیانزانیوە بڵێن چی. یان وتوویانە ئەم سەردەمە جیاوازە!. پێم وتوون ئەی بۆچی سەردەمی دوژمنەکانتان جیاواز نییە و بە تۆپ و تانکەوە ئەدەن بە سەرتاندا؟
بۆچی گەنمی جوان و سروشتیی ووڵاتەکە لەو دەشتە تەپە دراوە و . لێیان وەرناگیرێت، کەچی ئاردێکی پڕ لە ژەهر لەو سەری دنیاوە دێت، ئەبێ بیکڕن و بیکەن بە نان و بیخۆن؟ ئایا ئێوە وەک ووتارخوێن و ڕێنیشادەری موسوڵمانان هیچتان لەسەر ئەم گاڵتەجاڕییە باسکردووە؟. نا. ئەو سەرقاڵی ئەوەیە کە تەکفیری کەسێک بکات ڕیشی تاشیبێ، یان سەرقاڵی کردنەوەی سەدان نوسینگەی عەمرەیە.
ئەگەر وابزانین نیفاق تایبەتە بە باوەڕدارانی ئیسلام، بە هەڵە چووین. نیفاق لە هەموو بیر و باوەڕێکدا هەیه و کەسانێکی خۆپەرست و زەمانەساز هەن، لە پێناوی بەرژەوەندیی تاکە کەسی و خێزانی خۆیان، نیفاق ئەخەنە ناو بیر و باوەڕەکانەوە. بۆ نمونە سەدام حسێن کە گەیشتە کورسی حوکمڕانی سەرجەم پیاوە دڵسۆزەکانی حیزبەکەی قەتڵ و عام کرد. یان کەسێکی وەک ڤلادیمیر لینین کە باوکی بیر و باوەڕی کۆمۆنیست بوو، هەموو ژیانی خۆی بۆ بیر و باوەڕەکەی تەرخان کرد، سەدان کتێب و ووتاری لەو پێناوەدا نوسی، دوای خۆی جۆزێڤ ستالین پەیدا بوو، کە بە حیساب سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی ڕوسیایە، بەڵام بووە کۆمۆنیستێکی مونافیق و زۆرینەی تێکۆشەرە کۆمۆنیستەکانی لەناو برد. یەک دێڕی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیست زیاد نەکرد و کەوتە کۆمەڵکوژیی لەناو ووڵاتەکەی خۆیدا و هیچی کەمتر نەبوو لە هیتلەر و مۆسۆلینیی.
بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ ئەبینین هەموو وڵاتانی سیکیویلار لە پرسی سیکیولاریزمدا هاوڕا و تەبان و نەیانهێشتووە نیفاق تێکەڵاوی قوتابخانە فیکرییەکەیان ببێت، ئەوەتا ئاشکرا وڕوونە یابان و ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیسڕائیل، یەک دڵ و یەک دەستن و تێکڕا لە دوژمنەکانیان دەدەن. ئەمەیش وایکردووە ببنە خاوەنی جیهان. لە بەرامبەردا، ووڵاتانی مونافیق، کەوتوونەتە ژێر پێڵاوی سیکیولارە ڕەسەنەکانەوە. واتا موسوڵمانێکی مونافیق، یاخود ڕۆژهەڵاتییەکی مونافیق، لە دنیا و قیامەتیشدا ئەکەوێتە ژێر پێڵاوی سیکیولارێکی پاک، یان ڕۆژئاواییەکی دڵسۆز بۆ بیر و باوەڕەکەی خۆی.
ئێستا تۆ بچیتە ووڵاتێکی ئەوروپی و سەدان هاوڕێی ئەوروپیت هەبێ، هیچیان پایەکانی سیکیولاریزم بۆ تۆ ناشکێنن، ئەوان بەو کارە دەڵێن دڵسۆزیی بۆ یاسا و یاسا لە سەروو هەموو شتێک دادەنێن کاتێ سەرۆک وەزیرانێکی وەک هێرماتکۆل لە ئەڵمانیا، نیفاقێک دەکات و بڕێک پارەی گشتی بۆ حیزبەکەی تەرخان دەکات، بە دەستێکی پۆڵایین لێی دەدرێت و پەلکێشی بەردەم دادگا دەکرێت و دەخرێتە زبڵدانی مێژووی ووڵاتەکەیەوە. بە هەمان شێوە کلینتۆن و یەهود ئۆڵمەرت و بەرلسکونی و هەموو ئەو سەرۆکانە کاتێ ئەیانەوێ نیفاق تێکەڵاوی دەسەڵاتی ووڵاتەکەیان بکەن، سزای قورس دەدرێن و حەیایان دەبرێت و دادگایان پێ دەگیرێت و زیندان دەکرێن و ڕاوەدوو دەنرێن. بەڵام لە ووڵاتی نیفاقدا، ئەوەندە بەسە خزمی بەرپرسێک بیت، ئیتر یاسا وەک تەم ئەڕەوێتەوە و ئەتوانیت هەرچی بێ حورمەتییە بە یاسا و دەستووری وڵاتەکەی بکەیت، هیچ کەسێکیش ڕێگریت لێ ناکات، چونکە هەمووان خەریکی نیفاقن لە پێگەی خۆیاندا. واتا تەماتە فرۆشێک کە تەماتەی شکاو بە حیسابی تەماتەی ساغ ئەفرۆشێت، بەلایەوە ئاساییە سەعاتی مەچەکی سەرۆک وەزیران نرخەکەی دوو ملیۆن دۆلار بێ، چونکە هەردووکیان مونافیقن، خۆ ئەگەر جێگۆڕکێیان پێ بکرێت، ئەوسا تەماتە فرۆشەکە سەعاتی چوار ملیۆن دۆلاریی دەکاتە مەچەکی و سەرۆکەکەیش تەماتەی بۆگەن و شکاویش تێکەڵاو ئەکا و بە حیسابی تەماتەی زەڵاتە ساغیان ئەکاتەوە. ئەمەیش ئەو دەردە کوشندەیەیه کە وا دەکات کۆمەڵگا دابڕزێت و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی تێدا دروست نەبێ. کاتێ کۆمەڵێک کەس لە بەردەم ژووری بەڕێوەبەرێکدا، چەندین سەعات بۆ ئیمزایەک ڕادەوەستن و بەلایانەوە ئاساییە کە جەنابی بەڕێوەبەر تاقەتی ئیمزای نییە و لەگەڵ گێڵفرێندەکەیدا نیسکافە ئەخواتەوە. چونکە هەموو ئەوانەیشی چاوەڕوانی ئیمزای جەنابی بەڕێوەڕن لە شوێنکاری خۆیاندا گاڵتە بە کاتی خەڵکەکە دەکەن و نیسکافە لەگەڵ گێڵفرێندەکانیاندا دەخۆنەوە بەو جۆرە پرسی شۆڕش و چاکسازیی و ڕیفۆرم بۆ هەتا هەتایه لە گۆڕ دەنرێت.
هەر بۆیە لە قورئاندا جێگای مامۆستایەکی ئاینیی کە تەنها قسه دەکات و یەک هەڵوێستی کرداریی نییە، لە بنکی دۆزەخدا دادەنێت، واتا لە ژێر پێی ئەوانەی کە لە دنیادا نازانن ئایین چییە و خەریکی کوشت و بڕ و زینا و شەرابخواردنەوە و قومارکردنن. بەڵێ بەو جۆرەیە ، چونکە ئەو کەسەی کە درۆ لەگەڵ خۆی و خەڵک و خوادا ناکات و وەک ئەوەی هەیە خۆی دەردەەکەوێت و درۆ ناکات، زۆر باشترە لەوەی کە ووتار و ڕوکەشێکی ئاینیی بۆ خۆی دادەتاشێ، بەڵام ئامادە نییە بچووکترین فیداکاریی لە پێناوی بیر و باوەڕەکەیدا بکات. ئەوەی یەکەم ڕاستیەکەی دیارە و ئەوانەی لە دەوری کۆدەبنەوە وەکو خۆی وان، بەڵام ئەوەی دووەم بەو ووتار و ڕووکەشە ئاینییە ساختەیەی بۆ خۆی دایناوە، هەزاران و ملیۆنان کەس فریو دەدات و لە خشتەیان دەبات و ئاینەکەیش سوک دەکات و بە لاڕێیدا دەبات. کاتێک ڕوسیا چاویکردوەوە، شتێک نەما بە ناوی کۆمۆنیست و یەکسانیی، بەڵکو کۆمەڵێ ئاغا و دیکتاتۆریان بینی کە لە پشت ئاڵای سووری چەکوش و داسەوە، خۆیان و خێزانەکانیان ژیانێکی شاهانە ئەژیان و میللەتیش لە هەردوو جەژنە بوو بوو .
کاتێ میللەتانی ئیسلام چاویان کردەوە، ئەبینن هەزار و یەک خەلیفە بە ڕیشی درێژ و ژیانی شاهانەوە لە پشت ئاڵای ئیسلامدا، قوت بوونەتەوە، شتێکیش نەماوەتەوە بەناوی ئیسلام لەسەر زەوی واقیع. دەیان و سەدان ووڵاتی بە ناو ئیسلامیی، لاواز و مونافیق لەبەامبەر سەدان ووڵاتی یەکگرتووی ڕۆژئاوادا، وەک پۆڕی خوراویان لێهات.
ئێستا سیکیولایزمێکی یەک دڵ و فیداکار لە دژی ئیسلامێکی هەزار خەلیفە و دژبەیەک شەڕ دەکەن، بێگومان سیکیولاریزم ئەیباتەوە. چونکە فیداکاریی هەمیشە بەسەر نیفاقدا سەردەکەوێت. لە شەریعەتی ئیسلامدا هاتووە، دەسەڵاتێکی بێ دینی دادپەروەر ئەمێنێتەوە و دەسەڵاتێکی دینداری نادادپەروەر ئەڕوخێ.
لێرەدا دادپەروەر واتا دڵسۆز بۆ بیر و باوەڕەکەی، بەڵام نادادپەروەر واتا درۆزن و مونافیق بە بیر و باوەڕەکەی. موسوڵمانان لە جەنگی ئوحوددا شکان، چونکە نیفاق تێکەڵاوی بیر و باوەڕەکەیان بوو، هەڵمەتیان برد بۆ کۆکردنەوەی غەنیمەت و گیرفانپڕکردن.
ئەمە حەقیقەتێکە کە دڵی زۆرێک لە خەلیفە هەڵتۆقیوەکانی کۆمەڵگای خۆمان زیز دەکا. هەروەها دڵی کۆمۆنیست و سیکیولاریزم و عەشایەری و هەموو تایتڵەکانی تری ناو کۆمەلگای کوردیمان لێ دەڕەنجێ، چونکە هەموویان مونافیقن. یەک تۆسقاڵ بیر وباوەڕ لەناو کۆمەڵگای کوردیدا نەماوە نیفاق داینەڕزاندبێ.کۆمونیستی وامان تێدا بووە، کە خۆی بە کۆمۆنیستی عیارە 24 داناوە و خاوەنی گۆڤار و بڵاوکراوە و گوتاری کۆمۆنیستیی بووە، بەڵام لە یەکەم هەلدا بووە بە كاپیتالیستێک کە هەتا بینەقاقای لەناو ملیارە دۆلاردا نوقم کردووە و هێشتا بە هەر چوار لادا هەڵپە دەکات. ناوی خۆی لە دامەزراوە ناشەرعییەکانی داکوتاوە، ئێستا هەر بۆ گاڵتە و گەپ پێی بڵێی کابرای کۆمۆنیست، ڕەنگە دەرگای دادگات پێ بگرێت و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویت لێ بکات.
پیاوی ئاینیی وامان تێدا بووە، بە ووتارەکانی خەڵکێکی زۆریان کردۆتە گریان و لە ئەلفەوە هەتا یائی دەسەڵاتی کوردییان ڕەت کردۆتەوە و بە جەردە و مافیا و حەرامخۆریان لە قەڵەم داون، بەڵام کاتێ دەسەڵاتی کوردیی، کورسییەکی وەزارەت، یان پەرلەمانی بۆ داناون، یەکسەر ڕیش و مێزەر و شەڕواڵیان توڕ داوە و قات و بۆینباخی فەرەنگییان پۆشیوە و جێڵیان داوە لە قژیان و کۆشک و جەڵەبە لاندکرۆزەریان لێ ڕاکێشاوە و کەوتوونەتە داکۆکیکردن و جوانکاریکردن بۆ ئەو دەسەڵاتەی پێشتر بە مافیا و جەردە ناویان دەبرد. ئیتر ئایدیۆلوژیای کۆمۆنیست و ئیسلامیی چی لەناو کورددا؟ ئەوانەیشی خۆیان بە وەبەرهێن و کاپیتالیست ناساندووە، لە ئاغایەکی چنگ به خوێن و مونافیق و بێ ویژدان زیاتر شتێکی تر نین، ئەوەندە بەسه بڵێین لە کەرتی تایبەتی کاپیتالیستە نەخوێندەوارەکانمدا بە هەزاران کرێکار و فەرمانبەر بە خۆبەخشیی کاردەکەن، بۆ ئەوەی ئەو درامای نائومێدکردنەی دەسەڵاتی کوردیی بەرامبەر بە گەنجی کورد پیادەی کردووە، ئەمان چاپتەری دووەمی بەو پەڕی بەربەییەتەوە، بۆ تەواو بکەن.
نیفاق، ئەو دەردە کوشندەیەیە کە بیر و باوەڕەکان دادەڕزێنێ. کەسایەتییەکان ئەپوکێنێتەوە. شۆڕش و کەرامەت و شەرەف ئەشکێنێ و وورد و خاشیان دەکات. وای لێ دێت، متمانە ناهێڵێت، تاکەکانی کۆمەڵگا لە ترس و درۆ و فێڵ و تەڵەکەدا سەرنگون ئەکا. دیندارە ڕووکەشەکانیان چاوەڕێی خوا دەکەن کۆمەڵێک فریشتەیان بۆ بنێرێتە خوارەوە و بار و دۆخەکەیان بۆ چاک بکات، سیکیولاره ڕووکەشەکانیش چاوەڕوانی کەڵچەڕی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی مارینز ئەکەن بێت و بۆیان بکا بە ووڵاتێکی مۆدێرن، ئەوە لە کاتێکدایە کە تێکچوونی بار و دۆخەکە بە هۆی خودی خۆیانەوەیە. بە هۆی ئەو درۆ و خۆپەرستی و دنیا پەرستی و نیفاقەوەیە کە لە ژیاندا پیادەیان کردووە و یەک بە یەک بوون بە جەلادی یەکتری و هەموویشیان بوون بە کۆیلە و مێگەلی دەسەڵاتە مونافیقە گەورەکە، کە خۆیشی لە ژێر پێی سیستمێکی دەرەکیدا گیری خواردووە و بچووکترین کەرامەت و کەسایەتی و بژاردەی بۆ نەهێڵرڵوەتەوە. تەنها وەک بریکارێک کار دەکات بۆ بە سواڵکەر کردنی میللەتەکە و شکاندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و ڕیسواکردنی کەلەپور و زانست و ئەدەب و هونەر و ئیستاتیکاو هەر شتێک کۆڵۆنیالیزمی جیهانی لێی بخوازێ.
- بابەتەکانی تری نەوزاد بەندی
نەوزاد بەندی: میللەتێکی خۆخۆر، یان شتگەلێکی هیچ.
-نەوزاد بەندی: سەدامیزم.
-دزی شەریف و نیشتمانفرشی دز.
- All Posts