ڕێبوار عابد محەمەد: پەروەردە و كلتوور و ڕۆشنبیریی كۆمەڵگە – بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرنگی پەروەردە بۆ تاك و كۆمەڵگە
پەروەردەی دروست یەكێكە لەو شتەگرنگانەی كە دەبێت دایك و باوك و مامۆستا گرنگی پێبدەن،گرنگی پەروەردە بۆ تاك و كۆمەڵگە لەچەند خاڵێكی سەرەكیدا كورت دەكەینەوە كە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

1- بونیاتنانی خوی تەندروست
خوی تەندروست بناغەی ژیانێكی سەركەوتووە،بەو پێیەی ئەوتاكانەی كە خوی باش و تەندروستیان هەیە زۆرترین بەرهەمیان هەیە لە ژیانیاندا.هەروەها ئەوانەن كە تەندروستی جەستەیی و دەروونی دروستیان هەیە، بۆیە بەرپرسیارێتی دایك وباوكانە كە منداڵەكانیان بە شێوەیەك پەروەردە بكەن و فێریان بكەن چۆن بەهای پاراستنی دیسپلینی ئەرێنیان ڕادەگرن و چۆن خواردنی تەندروست بەكار دەهێنن و شێوازە تەندروستەكان پەیڕەو دەكەن و كاتی خەوی گونجاو هەڵدەبژێرن. ئەمانە یارمەتیدەریان دەبن بۆ دوور خستنەوەیان لەزۆرێك لە تێكچوونە تەندروستیەكان لەكاتی هەرزەكاری و گەورەبوونیاندا. چون بە منداڵی خوویان پێوەگرتوون هەر بەو شێوازە تەندروستە بەردەوام دەبن لەسەریان.

2- ئامادەكردن و ڕاهێنانی منداڵ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سەختییەكانی ژیان
كۆمەڵگە پڕبووە لەكێشەو ئاستەنگ؛ كێشەی هاوسەرگیریی، كێشەی بێكاریی،كێشەی تەندروستیی، بیركردنەوەی توند ڕەوانە، لادانی ڕەفتاریی، بۆیە دەبێت دایكان و باوكان هەر لەتەمەنی بچووكەوە وریابن بۆ ئەوەی منداڵەكە لەتەمەنی سەرەتاییەوە ئامادەیان بكەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمەڵگەو نەرم ونیان بن لەگەڵ خۆگونجاندنیان لە ڕووداوە سەختەكانی ژیان و فشاری زۆر توندیان لێنەكەن و میانڕەوانە ڕایان بێنن. بەم شێوازانە دەیانپارێزن لە تێكچوون و زەبرو زەنگی دەروونی و كەمتر دووچاری دڵەڕاوكێ و فشارو بارو دۆخی نائاسایی دەبنەوە.

3- بەهێزكردنی بەهاكانی لێبووردەیی
منداڵ دەبێت بەشێوەیەك پەروەردەبكرێت كە جیاوازی قبوڵ بكات و ڕێز لە هەموو كلتوورە جیاوازەكان بگرێت. هەر ئەمەشە وایان لێدەكات لەداهاتوودا بیانكاتە هاوڵاتییەكی بەرپرسیارو هاوڵاتی باش. لەمەشەوە كۆمەڵگەیەكی یەكگرتوو لێبووردە بونیات دەنرێت. ئەمەش تایبەتمەندییەكی جەوهەرییە لە كۆمەڵگە سەركەوتووەكانی جیهاندا. هەر لەقۆناغی یەكەم چوونە نێو ناوەندی خوێندن دایكان و باوكان ئەركە لەسەر شانیان منداڵەكانیان فێری ڕیزگرتنی بەرانبەرو قبوڵی ڕای جیاوازو ئەتەكێتی قسەكردن لەگەڵ هاوخوێندكارەكان بكەن، بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵەی دروست و باش لەگەڵ جیاوازی تاكەكەسیی لە ڕووی جەستەیی و دەروونیی و بیروباوەڕەوە ئەنجام بدەن.

4- بەهێزكردنی ڕێزی خودیی تاك
پەروەردەی ئەرێنی دەبێتەهۆی گەشەسەندنی متمانەی منداڵ بە خودی خۆی و بەمەش ڕێزی خودیی بەهێزدەبێ و دەیپارێزێت. بەگەورە بوونی تەمەنی واڕادێت دڵخۆش بێت و لە گشت قۆناغەكانی تەمەنیدا باشتر توانایان دەبێت بۆ بەرگریكردنیان لە خودی خۆیان لە هەر سەختییەكی ژیاندا و شكست بە ئالنكارییەكان بێنن. هەروەها بە بوێرییەوە بەرسیارێتییەكانیان هەڵدەگرن. هەمووئەمانە دەگەرێتەوەبۆ باش مامەڵەكردنی دایبابان لەقۆناغەسەرەتاییەكانی ژیانی منداڵیدا كە-سووكایەتیان بە منداڵەكانیان نەكردووە لەكاتی بوونی هەڵەو ،گفتوگۆی هاوڕێیانەیان لەگەڵ كردوون، و ترس و تۆقینیان ئاڕاستە نەكردوون و توندو تیژییان بەكار نەهێناوە و دڵنیایان كردوون بە متمانە بەخۆبوون و پەیوەندی كاریگەر لەگەڵیان.

5-كەمكردنەوەی دەرفەتەكانی ڕەفتاری نەرێنی
توێژینەوەكان دەریانخستووە ڕەفتارو ئامۆژگارییەكانی دایك و باوك لەكاتی منداڵیدا زۆرترین كاریگەرییان لەسەر گەشەكردنی منداڵ و ڕەفتاری كۆمەڵایەتی هەیە، چونكە پاڵپشتی كردنیان لە ڕەفتارە ئەرێنیەكان لە تەمەنی منداڵییەوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی چانسی پراكتیزەكردنی هەر جۆرە ڕەفتاریكی نەرێنی و نەخوازراو لەداهاتوودا. بەم شێوەیە دروستكردنی هاوڵاتییەكی باش بۆ كۆمەڵگە بەرهەم دێت.

6- بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی ئارام
ڕەهەندی كۆمەڵگەیەكی باش و ئاسایش و ئارام، دەرەنجامێكی حەتمی پەروەردەكردنی باشە لە قۆناغە جیاوازەكانی پەروەردەكردنی مناڵدا. بەو پێیەی پەروەردەی تەندروست تاكێك دروست دەكات كە لەڕوی دەروونییەوە سەقامگیرو پابەندی ئەخلاقی و ئاگاداری ماف و ئەركەكانی بەرانبەر بە كۆمەڵگەكانیان دەبن. قبوڵكردن و ڕێزگرتن لەكەسانی تر، توانای مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكانی ژیانیان هەیە بە هاوسەنگی. ئەمانەش دەبنە هۆكاری تێكەڵبوونیان بە كۆمەڵگەو ئیدارە كردنیان بەیەكتر.

ڕۆڵی پەروەردە لە هێنانەدی گۆڕانی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەدا؛
1- بونیاتنانی دیدێكی فیكری پاڵنەر بۆ گۆڕانكاری و پێشكەوتن لە كۆمەڵگە
توێژەران و بیرمەندان ڕای جیاوازیان هەیە لە پێناسەكردنی پەیوەندی پەروەردە بە كۆمەلگەوە،هەندێكیان پێیان وایە پەروەردە تاكە ئامڕازە بۆ سەقامگیری كۆمەڵگەو سیستەم و بەهاو بارو دۆخی كۆمەڵایەتی. لە كاتێكدا هەندێكیان پێیان وایە پەروەردە ئامڕازیكە بۆ چاكسازیی. باشتر كردن و پێشكەوتن و پەرەپێدانی كۆمەڵگە. ئەم دیدە جیاوازە بە بێ كاری مرۆڤایەتی بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بەدینایەت. بۆیە پێویستە لە كۆنترۆڵكردنی ئەم پرۆسەی گۆڕانكارییەدا شێوازی زانستی پەیڕەو بكرێت، بەجۆرێك كە هاوسەنگ و یەكگرتوو بێت لە گەشەكردن و پێشكەوتنەكەیدا.گومانی تێدانییە كە پەروەردە مرۆڤ ئازاد دەكات و بەهرەو تواناكانی برەو پێدەدات تا بتوانێت بە شێوەیەكی كاریگەر گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا ئەنجام بدات.
2- بەدەستهێنانی ئەو بەهاو هەڵوێستانە كە بەشدارە لە گۆڕانكاری و ڕازی بوونی ئەنجامەكانی بۆ تاكەكان
ئەوەی نەتەوەو شارستانیەتەكان دروست دەكات ئەو بەهایانەن كە گەلەكەیان باوەڕیان پێیەتی و بەڵگە مێژووییەكانیش نمونەی ئاشكرای ئەم ڕاستیەن. ئەوە ڕوون دەكەنەوەئەو گەلەی توانیبێتی ڕاپەڕێ و گەشە بكات بە خێرایی و شارستانییەت بۆ خۆی دروست بكات. ئەوانەن كە زانیویانە چۆن لانكەی زانستی و تەكنیكی لەگەڵ بەهای فیكری و نەتەوەیی و مرۆڤایەتی پێكەوە گرێ بدەن. چون بەهاو ئەخلاقیاتی پەسەند بنەمای سەرەكین كە شارستانییەتی لەسەر بونیاتنراوە. ئەو كۆمەڵگەیەی كە تاكەكانی هەڵگری بەهاو ڕەوشتە پەسەندەكانن، پێشبینی شارستانییەت و گەشەكردن و پەرەپێدانیان لێدەكرێت. لێرەدا گرنگی ئەو ڕۆڵە ڕوون دەبێتەوە كە سیستەمی بەها لە مێژووی كۆمەڵگە مرۆییەكاندا دەیگێڕێت و پاڵپشت و هاوبەشێكی پێویستە لەپرسی بونیاتنانی كۆمەڵگەو گەشە سەندنی. ئەوە بەهاكانن جوڵێنەری ڕەفتاری مرۆڤن و كۆنترۆڵیان دەكەن بە پلەیەكی زۆر بەرز. بەم شێوە ڕوون دەبێتەوە كە داڕشتنی بەهاكان و كاریگەریكردنیان تا ڕادەیەكی زۆر دەكەوێتە چوار چێوەی كاری پەروەردەیی و لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت پەروەردە وەك ئامڕازیكی بەشداربوو لە گۆڕینی سیمای كۆمەڵگەدا تەماشا بكرێت و هەر گۆڕانكارییەك لە سیستەمەكەدا بەها باوەكانی كۆمەڵگە دەبێت بەپلەی یەكەم لە دامەزراوە پەروەردەییەكانەوە دەست پێبكەن. بەهاكان ئەوانەن كە شەرعییەت بەكردارێك دەدەن تاوای لێدەكەن لە كۆمەلگە قبوڵ بكرێت یان ڕەت بكرێتەوە. لە راستیدا گرنگترین دەرەنجامی پەروەردە بریتیە لەوەرگرتنی كۆمەڵێك بەهای بونیاتنەر بۆ كۆمەڵگە. بۆیە پرۆسەی بونیاتنانی بەهاكان هەموو تاكێكی كۆمەڵگەلێی بەرپرسیارە. چ لە چوار چێوەی خێزان یان قوتابخانە یاخود هەر كەسێكی تر.
3- پەرە پێدانی بەهرەو تواناكانی تاكەكەسیی
پەروەردە یەكەمین پەناگەی ئەندامانی كۆمەڵگەیە بۆ بەدەستهێنانی بیرۆكەو لێهاتوویی و ئەزموون كە پێكەوە ئامڕازی گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا پێكدەهێنن. پەروەردە لە هەموو كایەكانی ژیاندا ڕۆڵی كاریگەر دەبینێت و بزوێنەری سەرەكی گۆڕانكارییە چ لە ناوەندەكانی خوێندن، یان لە زانكۆكان ،یاخود دەزگاو پێگە جۆراو جۆرەكان. پەروەردە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری مرۆڤە، لەكارو بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی بەهرەو تواناو كاری دەستی و فیكری و جەستەیی و ئارەزووی چالاكی داهێنەرانەو گەییشتن بە بەها باڵاكان زیاد دەكات. هەوڵدەدات هەموو كارێكی سوود بەخشی كۆمەلایەتی و كارلێكی نێوان ئەندامانی كۆمەڵگە بۆ چاكەی گشتی بەدەست بهێنێت. ڕۆڵی پەروەردە هەمیشە لەكاركردندایە لەسەر تێگەییشتنی تاك لەبەهاو داب و نەریتی ئەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدا دەژی. تۆوی پەرەپێدانی بەهرەكانیان زیاتر گەشە پێدەدات و ئەقڵ و ڕۆحیان تێراو دەكات.پەرەپێدانی بەهرەكان لەڕێگەی گرنگیدان بەو كەسانەی زیاتر لێهاتووی و زیرەكی و وردبینیان هەیە.
4- فێربوونی ڕێگاكانی بیركردنەوە
بیركردنەوە بۆتە یەكێك لە پێداویستییەكانی ژیانی مرۆڤ و ،پێویستییەكی حەتمییە،و فێربوونی كاریگەرانەی تواناكانی بیركردنەوەی داهێنەرانە زیاتر لە جاران بووەتە پێویستییەكی بەپەلە.چونكە زانست زیاتر ئاڵۆز بووە لە ئەنجامی ئەو ئالنكارییانەی كە تەكنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەكان لە بوارە جۆراو جۆرەكانی ژیاندا دەیسەپێنن.هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی كە فێركردن لەپێناوی بیركردنەوەدا ئامانجیكی گرنگی پەروەردەیە، زۆرینەی مامۆستاو پەروەردەكاران وادادەنێن كە گرنگی گەشەپێدانی توانای خوێندكاران لەسەر بیركردنەوە ئامانجێكی پەروەردەییە و لە پێشینەی كارەكانیانەوەیە. بەڵام ئەم ئامانجەزۆربەی جار لەكاتی جێبەجێكردندالەگەڵ واقیعدا بەریەك دەكەون. پەروەردە دەبێت تاكەكان فێری شێوازەكانی بیركردنەوە بكەن لەبری دابینكردنی چارەسەری ئامادەكراو. هەروەها دەبێت لە تاكەكاندا ئارەزووی گەییشتن بە ئەنجامەكانی پەروەردە تیژ بكاتەوە لە بری ئەوەی وزەی خۆیان بە فیڕۆ بدەن لەسەر شێوازی بێهوودەیی ئیندۆكترینكردن و لەبیركردن. لەگەڵ ئەوەشدا جۆرەكانی بیركردنەوەی داخوازی مرۆڤ لەم سەردەمی زانست و مەعریفەدا بریتییە لەبیركردنەوەی زانستیانەو، بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەو بیركردنەوە لە داهاتوو. كاتێك پەروەردە ئەم كارە دەكات ئەو جۆرە ئەزموونە گونجاوە بۆ تاكەكان دابین دەكات كە پەرە بە بیركردنەوە بدات و ڕاستییەكان كۆدەكاتەوەو لێیان دەكۆڵێتەوەو ڕەخنەیان لێدەگرێت و حكومیان لەسەر دەدات. ئەم بیركردنەوانە پێویستییەكە لە پێویستییە گرنگەكانی هەڵوێستەكانی گەنجان و گەورە ساڵان .لەدەرەنجامی ئەمەدا چۆن بیردەكەنەوە بە شێوازێكی كاریگەرو بەرهەمدار لەو كاتانەی كە ڕووبە ڕووی بارو دۆخە ناهەموارەكان دەبنەوە.گرنگی ڕۆڵی بیركردنەوە لە ژیان و سەركەوتنی ئەكادیمیدا ئەوەیە كەیارمەتیدەرە لەبەرز كردنەوەی ئاستی لێهاتوویی خوێندكاران. هەروەها بیركردنەوە هێزێكی نوێكەرەوەیە بۆ مانەوەی تاك و كۆمەڵگە و جیهان پێكەوە.كۆمەڵگەیەك كەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكانی بێت بە شێوەیەكی كردەیی پشت بە بەكارهێنانی عەقڵ ببەستێت، پەنا بۆ ڕاستییەكان دەبات. ئەركی پەروەردەش لەم ڕوەوە ڕەخساندنی دەرفەتە بۆبیركردنەوەی تاكە كەسی لەگەڵ گروپ، بۆ پلان دانانی بەكۆمەڵ ،بۆ بەكارهێنانی ئاوەزو ڕاستیەكان. بۆیە پێویستە مامۆستایانیش جەخت بكەنەوە سەر ئاڕاستەكردنی مێشكی قوتابیان بەرەو بیركردنەوەو چارەسەركردنی كیشەكانی خۆیان. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەبكەنەوە كە ئەركی قوتابخانە پرۆسەی پڕكردنەوەی مێشكی خوێندكاران نییە بە زانیاری، ئەوەندەی پێویستی بەهاندانی بیركردنەوەو داهێنان هەیە.

5- هۆشیاری تاكەكان بە واقیع و كێشەكانی
پەروەردە دەبێت بەرپرسیارێتییەكی تر هەڵبگرێت،ئەویش ئەوەیە كەتاك تێبگات كە لەدەوروبەریدا چی دەگوزەرێت لەو جیهانەی كە تێیدا دەژی، كاتێك ئاگادری ئەوەبوو ئیتر دەتوانێت لە لایەنی كۆمەڵایەتییەوە بارو دۆخەكە دەستنیشان بكات و كێشەكانی بەردەمی بزانێت. خۆئەگەر بە پێچەوانەوە بوو ئەوا دەبێتە قوربانی ئەو واقیعەی كە ڕوو بەڕووی دەبێتەوە، نەك كۆنترۆڵی بكات. لەبەر ئەوەی كاتێك گۆڕانی كۆمەڵایەتی زیاد دەكات لە كۆمەڵگەدا،كێشەكانیش زیاد دەبن و هەروەك چۆن بەقووڵایی و زۆر توندی زیادەبن و دەبێتە هەڕەشەیەكیش بۆ یەكگرتوویی كۆمەڵ. لێرەوە ڕۆلی پەروەردە دێتە پێش لە ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئەم گۆڕانكاری و ئالنكاریانە. تاوەكو هاوكارو پاڵپشت بێت بۆ تاكەكان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەی دروست بۆ خۆگونجاندن. بۆیە بەرپرسیارێتی پەروەردەیی لە قۆناغی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتیدا ،ئەركی سەرلەنوێ بونیاتنانی كۆمەڵایەتییە.

6- هاوئاهەنگكردنی نێوان ڕەسەنایەتی و هاوچەرخ بوون
پرسی ڕەسەنایەتی و مۆدیرنێتە هەمووئەندامانی كۆمەڵگەی سەرقاڵ كردووە.كەسانێك هەن كە بەتەمای ئەوەن دەستبگرن بە كەلەپوورەوە بۆ ئەوەی لەسەرچاوەكەوە بۆیان بێت،هەندێكیش داوای كۆمەڵگەیەكی شارستانییەت و مۆدێرنێتەو تەكنەلۆجیا دەكەن. پەروەردە لەخەمی گەییشتن بەم هاوئاهەنگییەدایە بەئاگادار كردنەوەی نەوەكانی ئێستابە كەلەپووری كلتوورەوە و پاشان هەوڵدان بۆ سادەكردن و پوختەكردنی ئەم كەلەپوورە، دواتر كاركردن بۆ نوێكردنەوەو زیندووكردنەوەیان لەژێر ڕۆشنایی پێداویستییەكانی ئەم سەردەمەی كەتێیدا دەژین. هەروەها لەسروشتی هاوچەرخ بوون ئەوەیە كە خۆمان بە دەست ئێستاوە نەدەین، بەڵكو هەمیشە بڕوانینە داهاتوو.ڕەسەنایەتی ئێمە ڕێگریمان لێناكات لە وەرگرتنی زانست و هاوردەكردن و سوود وەرگرتن لێی. وە پێویستە ئاگامان لە چەند كاروبارێك بێت، لەوانە سەردەم و چەرخ تەنها ڕۆژئاوا نییە ئەگەر چی ئەوان باڵادەست و زاڵن. بەڵكو جیهانی ئیسلامی و جیهانی ڕۆژهەڵاتی سەرووش هەیە. هاوكات بانگەوازێكی گوماناویش هەیە بۆ هاوردەكردنی كلتووری ڕۆژئاوایی بە هەموو توخمەكانیەوە بە بیانوی ئەوەی كلتوور بەش بەش ناكرێت و یەك پارچەیە. بەڵام جیهانگیریی كلتوور نمیچە هەڵەیەكی تێدا هەیە، چونكە تێكەڵییەك لە نێوان زانست و كلتووردا دەكەن.زانست جیهانی و بوونەوەرییە، لەكاتێكدا كلتوور تایبەتە بە گەل و كۆمەڵگەیەكەوە. زانست یەك پاكێجەو كلتوورەكان جیاوازو جۆراو جۆرن. ئەوەتا دەبینین زۆربەی گەلان زانستیان لە گەل و نەتەوەكانی ترەوە وەرگرتووە، بەڵام كلتوورەكانیان هەرماوەو لەدەستیان نەداوە – زمان، بیروباوەڕ، داب و نەریت و باو، ڕاستیەكان – باشترین شتێك لێرەدا میانگیری و ناوەندگیریە،كاتێك ئیرادەو هەڵبژاردنەكانمان بەكار دێنین لەبەردەم ئەم كارلێك و كارتێكردنانە، با ئەوەی كە سوودیان بۆمان هەیە وەریانگرین و ئەوەش زیانی هەیە وازیان لێبێنین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت