دکتۆر هەژار مەعروف: داخستنی (چاودێر) وەک سەرەداوی کڵافەی دۆخێکی ئاڵۆزکاو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەر داخستنی دەسگای ڕۆشنبیریی چاودێر لە ڕۆژی 5 ی 9 ی 2024 بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم دەسگایە هی مەلا بەختیارە و ئەو سەرپەرشتیی دەکات، فەرمون ئەم سەرنجانەم:
ڕاستیە ڕون و بەڵگە نەویستەکان:
1. مەلا بەختیار ئیمڕۆ قسەکەری بوێر و سەرەکیی هەمو ئەو ئەندام و لایەنگرانەی یەکێتیە کە لە سیاسەتی ئیمڕۆی یەکێتی زۆر ناڕازی و بێزارن. واتای ڕونی ئەم داخستنە (کە دورنیە هەنگاوی دوژمنکارانەی تری بەدوادا بێت!) ئەوەیە کە بافڵ و تیمە کەی دەیانەوێ مەلا بەختیار بە تەواوی دەمکوت و بێدەنگ بکەن و ناچاری بکەن لە ترسی ژیانی خۆی و دڵسۆزانی ڕابکات بۆ هەولێر و ئینجا بڵێن ئەها نەمانوت پیاوی پارتیە؟
2. نەک هەر یەکێتیەکان، نەک هەر سیاسی و حیزبی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر و دڵسۆزەکانی کورد بەڵکو زۆرینەی خەڵکی دەڤەری سەوز نائومێدن لە سیاسەتی ڕۆژانەی یەکێتی، هەر بۆ نمونە:
A: یەکێتی بوە بە فیدراسۆنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی و پیشەسازی و نەوت و موڵک و دۆنم و شوقە دروستکردن.
سەرمایەدارە ملیۆنێرە بێبەزەییەکانی ئیدارەی گشتیی یەکێتی و سەرمایەدارە شەریکەکانیان لە بازاڕی ڕەشی ئابوریی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی ڕۆحی و دەرونیان بە مێژوی خەباتی سەختی یەکێتیەوە نیە و ئامادەنین ئەو دڵسۆزانەی ناو یەکێتی کە هێشتا ماون و وزە و ورەیەکی نیشتمانپەروەریان تێدا ماوە هەر ببینن یا گوێیان لێبگرن، ئەگەر گوێشیان لێگرتن بەگوێیان ناکەن و دوای ماڵاوایی کردن لێیان گاڵتە بە عەقڵیان دەکەن! ئەنجامی کارەکانی ئەم فیدراسیۆنە کە ئیشی سەرەکیان کەڵەکەکردنی سەرمایەیە بۆ گیرفانی خۆیان: دزینی نەوت و داگیرکردنی موڵکی گشتی و شکستی پرۆژەکانی ئاوەدانی و قۆرخکردنی بازاڕی کاڵاگرنگەکانی وەک نەوت ودەرمان و زەوی و زار و.. بە جۆرێک کە بازاڕ سست بوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی گەنجانی بێکارلە زۆربوندان و ناچار دەبن بە دوای کار و ژیاندا ڕێگای هات و نەهاتی کۆچ بگرنە بەر.
B: ژیانی حیزبی لە ناو یەکێتیدا وەک حیزبێکی سۆشیال دیموکرات نەماوە و ئەوەی جێی گرتۆتەوە زمانی توندوتیژی و سەربازی و عەزەڵات و پۆزلێدان و هەڕەشەی برسیکردن و نانبڕین و چاودێریی خەڵک و ئەندامانی یەکێتی لە لایەن دەسگا نهێنیەکانی یەکێتیەوە و تاکگەرایی و نادیموکراتی بون ، بڕیارە گرنگەکان بە پەلە و بێ ڕاوێژی زیرەکانە و دور لە بنەما عەقڵی و لۆجیکیەکان دەدرێن، بۆ نمونە تەقاندنەوەی خانوەکانی کوێخا دێرین (کە دیارە شایستەی لێپرسینەوەی قانونی و حیزبی بوە ) بیخەینە چواچێوەی کام هزر و بیرکردنەوە؟ کام شێوازی بەڕێوەبردن؟ تۆمارکردنی پیشەییانەی ئەو وێرانکاریە بە دەنگ و وێنە ئەگەر بۆ تۆقاندن و هەڕەشە نیە ئەی سودی چیە؟ بەڵام ئایا بە تەنیا بە هەڕەشە و تۆقاندن چارەسەری گەندەڵی و تاوان دەکرێت کە ئیمڕۆ بە هۆی شکستی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیەوە سەرتاپای هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە؟
C: وەک پزیشکێک دەیبنم چۆن سیاستی تەندروستیی یەکێتی لە سلێمانیدا بە تەواوی شکستی هێناوە، کەرتی گشتی کە بۆ خەڵکی کەم داهات و نەدار شادەماری خزمەتگوزاریی تەندروستیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پوکانەوەدایە، هەر لە ناو دوکتۆرەکانی سەر بە یەکێتیدا چەندین جار ڕەخنە لەم سیاسەتە بێبەزیی و هەڵەیە گیراوە و داواکراوە لێپرسراوانی شکستخواردو لابرێن و خەڵکی دەستپاک و بەویژدان و زیرەک وشارەزا دابنرێن، بەڵام بە هۆی پەیوەندیی شەخسی و خزمایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش ئەوانە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.

پرسیارەکان:
1. نە دەکرا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردساتان لە 20ی 10ی2024 ئەم هەنگاوە بلیمەتانەتان بنایە؟ بڵێی بڕواتان بە بردنەوەی هەڵبژاردنەکە نەبێت و مەبەستتان شێواندنی دۆخەکە بێت بە جۆرێک کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
2. ئایا دەوری ئێران ی براگەورەی یەکێتی و تورکیای بڕبڕەی پشتی پارتی لەم ڕوداوەدا چیە؟ ئەی دەور و هەڵوێستی ئەمریکا و ڕوسیا و…؟
3. ئایا پارتی ش بەم بەنزینکردنە نابەرپرسیار و ناعەقڵانیە بە ڕوداوەکەدا دەیەوێت دۆخی سلێمانی بەرەو شەڕ بەرێت و ئینجا خۆی و پاراستن و زرێڤانییەکەی بە پاڵپشتی درۆن و ڤانتۆمەکانی تورکیا (کە سلێمانیی دڵە زیندوەکەی کوردایەتی بوەتە چقڵی تیژی چاوی) وەک ڕزگارکەرێکی دڵسۆزی خەڵکی دەڤەری سەوز کۆتایی بە یەکێتی بێنێ و خەونە کۆن و تازەکەی بۆ دەسەڵاتی یەک حیزبی لە زاخۆوە تا خانەقین بەدیبێنێ؟
یا پارتیش وەک یەکێتی باوەڕی بە بردنەوەی هەڵبژاردن نیە و دەیەوێت دۆخەکە وا بشێوێنێ کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
4. ئایا باشتر نیە پارتی خەریکی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی خۆی بێت؟ مەگەر شەڕی شاراوە و نهێنیی دەسەڵات لە ناو بنەماڵە و لە ناو پارتیدا نیە؟ مەگەر کەمن ئەو دۆڵ و نشێویانەی ناو بنەماڵە کە لە دڵ و دەرونی خۆیاندا دانەچیڕە لە دژەکانیان دەکەن و چاوەڕێی دەرفەتن بۆ هەڵزنان بەرەو لوتکەکان؟ مەگەر دادپەروەری و دیموکراتی و ئاوەدانی و ئازادیی بیروڕا و خەباتی مەدەنی لە دەڤەری زەرد زۆر باشن؟ هاواری هەزاران یاساناس بۆ ئازادکردنی شیروان شیروانی و هاوڕێکانی کە بەناحەق گیراوە گەیشتە ئاسمان، بۆ بەری نادەن؟
بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران تا ئێستا بە ڕەسمی و لە میدیاکانی کوردستان و هەمو دنیاوە داوایان لە تورکیا نەکرد هێرشەکانی بۆ کاولکردن و کوشتنی خەڵکی مەدەنیی باشوری کوردستان دەسبەجێ ڕاوەستێنێ؟
5. ئەی گۆڕان و حسک و کۆمەڵ و یەکگرتو چی دەکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو شەڕی ناوخۆ نەچێت؟ ئەی حیزبە کوردستانیەکانی سێ پارچەکەی تری کوردستان چی دەکەن؟
6. ئەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا سەربەخۆکان و کەسایەتیە کانی کورستان چی دەکەن؟
بە هەوڵ و خەباتی هەمومان نابێت هەرگیز بهێڵین جارێکی تر شەڕی براکوژی لە هیچ بستەخاکێکی کوردستان هەڵگیرسێتەوە، کەس نەڵێت پەیوەندیی بە منەوە نیە، شەڕ ئاگرە و بڵاودەبێتەوە و لە کۆتاییدا پریشک و گڕە سوتێنەرەکەی بەر هەمومان دەکەوێت، دڵنیابن ئاوایە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت