نەوزادی موھەندیس: ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لەنێوان دیموکراتی ڕاستەقینە و چەواشەکاریدا.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کە سەرپەرشتی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دەکات،ڕۆژی 16. 9. 2024 دیاریکرا بۆ دەستپێکی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکە،ئیدی وەک دەوترێت ڕێگای گەڕانەوە نەماوە لە ئەنجامنەدانی پڕۆسەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا لە 20/10دا، بەم بڕیار و ھەنگاوەی کۆمسیۆن کۆتایی بە مشتومڕەکانی کردن و نەکردنی ھەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا ھێنا و ئەمە دوا ھەنگاو و ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆن بوو بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە (ھەرچەندە ھەموو ئەگەرەکان بەکراوەی ماونەتەوە بەھۆی گرژی و ئاڵنگاریەکانەوە لەناوچەکەدا).
خۆشبەختانە لە ھەرێمی کوردستاندا ئەمە شەشەمین جارە کە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دەکرێت لەساڵی 1992وە ھەرچەندە گەلێک جارانیش لەکات و ساتی خۆیدا ئەنجامنەدراون و لەلایەن ھێز و سەرکردە و پارتی دیاریکراوەوە ویستراوە کە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان دوابخرێت و تەنانەت پەکیش بخرێن گەر لە قازانجی خۆیاندا نەبێت.ھۆکارێکی تری دواکەوتنەکانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا نەبوونی دەستورێک بوو بۆ ھەرێمی کوردستان کە تیایدا ھەموو دەسەڵات و ئەرک و ماف و ڕێوشوێنەکانی دیاریبکردایە بۆ تەواوی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگا و ئۆرگانەکانی دەسەڵات و حوکمڕانی لە کوردستاندا.
بەھەرحاڵ سەرەڕای ھەموو ئاڵنگاری و ناڕەزایەتی و ڕێگریەکان لەبەردەم ئەم پڕۆسە گرنگەی ئێستادا توانرا بەھەوڵی سەرکردە و پارتە خەموخۆرەکانی دیموکراتی بەربەستەکان لاببرێن و ھەموان بێننە سەر ڕاستە ڕێگای کوردایەتی و دیموکراتی ڕاستەقینە نەک چەواشەکاری.
بەداخەوە لایەن و سەرکردە ھەن کە گەرەکیانە دەسەڵات و حوکمڕانی لە کوردستاندا تەنھا قۆرخی خۆیان و حیزب و بنەماڵەکەیان بێت و بە ئارەزوو و ویستی خۆیان حوکمڕانی بکەن بەمەرجی ئەوەی کە دەمڕاستی و کۆتا قسەش ھەر لای خۆیان بێت،کە لە دونیای دیموکراتیدا کاری ئاوھا جێگەی نابێتەوە، ھەربۆیە ئەو سەرکردە و لایەنانە پڕۆسەی دیموکراتیان وەک چەواشەکاریەک و پەردەپۆشکردنی ناڕەوایەتی و قۆرخکاری و خۆسەپاندنەکانیان بەکارھێناوە و تا ئەو ئاست و ڕادەیە لەگەڵیدا بوون کە دژی دەسەڵات و بەرژەوەندی و مانەوەیان نەبێت، ئەگینا ھیچ بڕوا و باوەڕێکی ڕاستگۆیانەیان بە پڕۆسەی دیموکراتی نیە و تەنانەت بڕواشیان بە ئۆرگانەکانی حوکمڕانیش نیە((وەک ئەوەی لەساڵی 2015 دا دەرگای گەورەترین و ڕەواترین ئۆرگانی حوکمڕانی کە پەڕلەمانی کوردستان بوو کڵۆمکرد و ڕێگەی لەسەرۆکەکەی گرت بگەڕێتەوە بۆ شاری ھەولێر)). ئەوان ئێستاش لەو بڕوایەدان کە کۆمەڵگای کوردەواری کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و عەشاریەی و نەخوێندەوارەکەی ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستە و پێویستە ھەر لەلایەن سەرۆک عەشیرەت و بنەماڵە و دیواخانەوە بەڕێوەببرێت دوو لە دامودەزگای دیموکراتی و مەدەنیەکانی حوکمڕانیەکی پێشکەوتوو و دامەزراوەیی و یاسایی و دەستورەیەوە،بێئاگا لەوەی کە ئێستا تاک و خێزان و کۆمەڵگای کوردەواری گۆڕانگاری و کرانەوەی گەورەی بەخۆوە بینیوە و گەلێک ھوشیار و بەئاگاترە لە ھەندێک سەرکردەی نەخێندەوار ودواکەوتوو. بەم شێوەیە ئەم ئاڕاستەیە گەرەکێتی ئەزمون و شەرعیەتی بوون و مانەوەی ئەم قەوارەیە بخاتە بەرمەترسیەوە و نەیھێڵت کە بەخوێن و فرمێسکی ھەزاران قوربانی و خەبانی 100ساڵ ھاتۆتە دی بە فیت و ھاندانی داگیرکارانی کوردستان و گەرەکێتی پڕۆسەی دیموکراتی و شەرعیەت لەناوەڕۆکە ڕاستەقینەکانیان خاڵی خاڵی بکاتەوە و شێوازی حوکمڕانیە بەسەرچوەکانی بنەماڵەیی و خانەدانی و تاک بنەماڵە و تاک حیزب و تاک سەرکردەی سەدەکانی ناوەڕاست بێنێتەەوە مەیدان، بۆیە لە ئێستادا ھەموو ھەوڵێکیان چەواشەکاریە نەک سەرخستن و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراتی و ئازادیەکان و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان.
لەبەرامبەریشدا ئاڕاستیەک ھەیە کە سەرکردە و پارتە خەمخۆرەکانی کوردایەتی نوێنەرایەتی دەکەن و بەتەواوەتی لەگەڵ ئەوەدان کەدیمەکراتی ڕاستەقینە بچەسپێت و پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەکات و ساتی خۆیدا ئەنجامبدرێت بۆئەوەی شەرعیەتی ئۆرگانەکانی حوکمڕانی بمێننەوە و زیاتر بچەسپێن و بەمەش پارێزگاری لەمان و بوونی قەوارەی ھەرێم دەکرێت،ئەم بەرەیە گەرەکیانە پڕۆسەی دیموکراتی و بنەماکانی لە فەراھەمکردنی ئازادیەکان و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری لە دەسەڵات و دابەشکردنەوەی خێروبێری وڵاتەکەمان و ڕەخساندنی ھەلی یەکسانی کار و ژیان بۆ ھەموان بڕەخسێنرێت و گەرەکێتی چیدی تاکڕەوی لە حوکمڕانی و نایەکسانی و جیاکاری لەنێوان ناوچەکان و نادادپەروەری نەمێنێت و پێکەوە کاربکرێت بۆ پێکەوەنانی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران کە ھەموو تاکەکان ھەست بە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤبوونی خۆیان بکەن و بتوانرێت حکومەت و دەسەڵاتێکی مەدەنی و پێشکەوتوخواز وھاوڵاتیبوون دابمەزرێت،نەک دەسەڵاتێکی پاوانخوازی کۆنەپارێزی دواکەوتوو.
ھەربۆیە ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنە گەلێک گرنگە چونکە لەلایەک ماوەی نزیکەی 2ساڵە لەوادەی خۆی دواکەوتوە و لەلای دوەھەمیشەوە چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراتی ڕاستەقینە گەشدەکاتەوە و زیندوویدەکاتەوە و لەلای سێھەمیشەوە شەرعیەتی جەماوەری و یاسایی دادەتەوە بە ئۆرگانەنەکانی حکومڕانی لەھەرێمدا و ھەموو مەترسیەکانی بچوکبونەوە و نەمانی ھەرێمەکەش دوورتر دەخاتەوە کە داگیرکارانی کوردستان بە نیازین و شەو وڕۆژ ھەوڵی بۆ دەدەن.
بۆیە گەرەکە نێوماڵی کورد و کوردایەتی لەم ھەرێمەدا ڕێکبخرێتەوە وپتە و بەھێزبکرێتەوە ئەوەش تەنھا بە گرنگیدان و بەرجەستەکردنی بنەماکانی دیموکراتیەتی ڕاستەقینە دەبێت لە حوکمڕانیدا نەک بۆ چەواشەکردن و فریودانی یار و نەیارەکانی کوردایەتی ،بۆئەوەی سیما و ڕوویەکی گەشاوە بدەینەوە بە دەسەڵات و ئەزموونی کوردایەتی لەم ھەرێمەدا بۆ ناوچەکە و دونیای پێشکەوتووش و پاڵپشتی و پشتیوانی بەردەوامیش بۆ دۆزی ڕەوای کورد و کوردستان پەیدایکەین.ھەنگاوی چارەنوسسازتر و گەورەتر ھەڵنێین بەرەو ئایندەیەکی گەشاوە و ڕۆشنتر بۆ نەوەکانی داھاتووشمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت