نەوزاد بەندی: سەدامیزم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەدام حسێن کە هاتە سەر کورسی فەرمانڕەوایی ، مۆدێلی حوکمڕانیی مۆدێرنی نەهێشت و .. مۆدێلی فەرمانڕەوایی خێزان و دەستە و خێڵی هێنایە ئاراوە ، ئەوەیش وەرچەرخانێکی زۆر ترسناک بوو لە مێژووی فەرمانڕەوایی عێراقدا ..بۆ نمونە لە فەرمانڕەواکانی پێش سەدامدا ، هیچ کەس نەیدەزانی خێزان و مناڵ و ئامۆزا و خزمەکانی سەرۆک کۆمار کێن و هیچ دەسەڵات و داهاتێکی گشتییان بەدەست نەبوو ..بەڵام کە سەدام بوو بە فەرمانڕەوا ، ئیتر کوڕ و کچ و خێزان و ئامۆزا و خاڵۆزا و خزمەکانی سەرۆک دەرکەوتن و .. تەنها بە هۆی خزمایەتیی سەرۆکەوە ، پۆستی گەورەیان لە سیستمی فەرمانڕەواییدا وەرگرت ..بوون بە کۆمەڵێ دەوڵەمەند و ئاغا و جەللادی چنگ بە خوێن ، بە ئارەزووی خۆیان یاساکانیان ئەشکاند و  خەڵکیان ئەکوشت و ئەشکەنجە دەدا و سامانی گشتییان تەخشان و پەخشان ئەکرد ..
ئەم دۆخە ترسناکە لە مێژووی فەرمانڕەوایی عێراقدا ، هەر لە سەرەتای بوون به سەرۆکی سەدامەوە دەستی پێکرد، کاتێک لە هۆڵی – خولد – هەموو ئەندامانی حیزبی بەعسی کۆکردەوە و .. بە کەیف و کەش و فشەوە ، ناوی کۆمەڵێک سەرکردەی حیزبەکەی خوێندەوە و پێی ووتن دروشمی حیزب بڵێنەوە و بڕۆنە دەرەوە! ، لەو سەرکردانە موحەمەد عایش بوو کە یەکێک بوو لەوانەی خەڵاتی یونیسێف ی هەبوو ، لەسەر قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواریی لە عێراقدا ..
شایانی باسه ئەو ناوانەی کە سەدام حسێن خوێندنیەوە ، کە لە سەرکردە دڵسۆزەکانی حیزبی بەعس بوون ، لە هۆڵەکە کرانە دەرەوە ، بە تاوانی خیانەت بە حیساب دادگایی بکرێن …!
یەکێک لە وەزیرەکانی سەردەمی بەعس ئەڵێ : دادگاییکردنەکە بەم جۆرە بوو : نەعیم حەداد وەک سەرۆکی دادگای شۆڕش ، لاپەرەیەکی بە دەستەوە بوو ،  ئەیخوێندەوە  : فڵانی کوڕی فڵان : سزای سێدارە .. فڵانی کوڕی فڵان : سزای 25 ساڵ زیندان و… هتد ..
هاوڕێکانی واقیان ووڕ ئەمێنێ و لێی ئەپرسن : بە چ تاوانێک ئەم سزایانە سەپێنراون ؟
نەعیم حەداد ئەڵێ: نازانم.! من لاپەڕەیەکم پێدراوە و پێم ووتراوە تەنها سزاکان بخوێنەرەوە و با چەک بەدەستەکانیش جێبەجێی بکەن !!
ئا لێرەوە ئیتر شتێک لە عێراقدا نەمایەوە بە ناوی یاسا و دادگا ..بەڵکو هەمووی خرانە ژێر خواست و ئارەزووی سەرۆک و خێزانی سەرۆکی فەرماندەوە ..میللەتیان بە جۆرێک ملکەچ و بەچەترسێن و شکستخواردوو کرد، کە دەبوو لەگەڵ ناو هێنانی سەرۆکدا بڵێن خوا بیپارێزێ و .. هەزار و یەک سروود و  نزا و وەسف و ناوی بەرزی تر بلکێنن بە ناوەکەیەوە ..
ئەم بە لاڕێدابردنی یاسا و دەستوور و فەرمانڕەواییە، لەلایەن دەزگا ئەمنییە جیهانییەکانەوە نەخشەی بۆ کێشرا بوو ، پشتگیریی دەکرا و .. لە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵدا ، بیرۆکەی فەرمانڕەوایی مۆدێرن و ئاساییان لە مێشکی هەموو عێراقییەکاندا هەڵکەند .. بەو مانایەی سەرۆک ، واتا ژنەکەیشی سەرۆک و یاسا بە دەست و یاسا شکێن و خەڵک کوژە و خاوەنی سەر و ماڵی میللەتە و بۆی هەیه هەر یاسایەک خەیاڵی بۆی بچێ ، جێبەجێی بکا  ..
واتا کوڕی سەرۆک بۆی هەیه هەر کچێک پێی جوانە ، پەلکێشی ژووری نوستنەکەی بکا و دەستدرێژیی بکاتەسەر و ئەگەر بە دڵیشی نەبوو بیکوژێ ..بۆی هەیە ببێ به وەزیر ، به هەر پلە و،پایەیەکی سەربازی و مەدەنیی ، کە خۆی حەزی لێیەتی ..بۆی هەیە کێی بوێت، بیکوژێت .. بۆی هەیە دەستشۆڕی زێڕ و ئاودەستخانەی زێڕ و ئوتومبیلی زێڕ و کڵاشینکۆفی زێڕو هەموو شتێکی زێڕی هەبێ چونکە ئەو کوڕی سەرۆکێکە کە زێڕە. بۆی هەیە چەندان گۆرانیبێژ و سەماکەر لە هۆڵێکدا کۆبکاتەوە و گۆرانی و سەمایان پێ بکا ، چەکیان لێ ڕاکێشێ و فیشەک بتەقێنێ و بنمیچی هۆڵەکە دابێژێ و گڵۆپ و سورەیا هاڕە پێ بکا ، کەسێکیش بۆی نەبێ وورتە بکا ، ئەبێ هەمووان لەسەر کەیف و پێکەنین و گورانی و سەماکردن بەردەوام بن، وەک ئەوەی لە جیاتی فیشەک، گوڵباران کرابن ..
ئەبێ میزاجی سەرۆک بکرێتە دەستووری ووڵات، بۆ نمونە بە خەیاڵیدا بێت هەر ماڵێک کوڕی پێشمەرگەی هەبێ ، ئەبێ خانووەکەیان بڕوخێنرێ ، لەگەڵ شەش خانووی  لای ڕاست و شەش خانووی لای چەپ .. ئەبێ هەر گەنجێ لە سوپا ڕایکردبێ ، گوێچگەی ببڕن و ناوچاوی داخبکرێ بە مۆری ترسنۆکیی ..ئەبێ لەو شوێنەی کوڕەکەی بریندار کراوە ، کە شەقامێکی سەرەکیی پایتەختە، بکرێ بە شانۆ و هەرچی گۆرانیبێژ و سەماکەر و ووتاربێژی مزگەوتەکانە ، بۆ ماوەی  چەندەها هەفتە و بە شێوەی بیست و چوار سەعاتیی ،  لەوێدا کۆببنەوە و سروود و سەما و نزای چاک بوونەوە بە قەد و باڵای کوڕەکەیدا بڵێن ،  هات و چۆ لەو چوار ڕێیانەدا بە تەواوەتیی ڕاوەستێنرێ .. ئەبێ لە هەموو ماڵ و مزگەوت و دوکان و کۆمپانیا و شەقام و  مەیدانێکی ووڵاتدا وێنەی سەرۆک هەڵواسرێ .. ئەبێ لە ڕۆژی له دایکبوونی سەرۆکدا هەموو وڵات ئاهەنگ بگێڕێ ..ئەبێ سەرۆک کە بڕیاری هەر جۆرە شەڕێکی دا ، خوای ئەکرد شەڕ لەگەڵ هەموو جیهاندا بێ ، هەمووان جێبەجێی بکەن ..ئەبێ لە هەڵبژاردندا هیچ ڕکابەرێکی نەبێ و هاووڵاتی تەنها بۆی هەبێ لە هەڵبژاردنی سەرۆکدا ئا یان نا بەکاربێنێ ، جا قوڕ بەسەر ئەوەی ئەڵێ نا ..
هەر مناڵ و تواڵ و نەخوێندەوارێک سەرۆک کەیفی پێ بێ ، بۆی هەیە گەورەترین پلەی سەربازیی پێ بدا ..خۆیشی پلەی موهیب ڕوکن کە باڵاترین پلەی سەربازییە وەربگرێت ، بە بێ ئەوەی لە ژیانیدا یەک خولەک خزمەتی سەربازیی کردبێ .. بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆریی ، وەک کڕینی نەستەلەیەک وا بێ بۆ خۆی و هەر کەسێک بیەوێ ،یەکسەر پێی دەدرێ ..بۆی هەیە مۆڵەتی شۆفێریی بدات بە کوێر ..بۆی هەیە تەمەڵترین خوێندکار له بەرزترین کولێجدا دابنێ.. بۆی هەیە مەزرا بسووتێنێ بیکا بە سەربازگا .. … هتد ..
لە هەمووی گاڵتەجاڕتر،  کوڕە گەورەکەی کاتێ بە حیساب لە پۆلی دوانزەی زانستی بوو ،ساڵی 1982 ، کرایە یەکەمی عێراق ، لە کاتێکدا  ڕێبوار هۆگر گۆران کە نەوەی شاعیری بەرز ، عەبدوڵا گۆران بوو ، یەکەمی عێراق بوو ، ئەویان کردە دووەم و کوڕی سەرۆکیان کردە یەکەم …
ئەم نمونانە ، سەلمێنەری ئەو بێ حورمەتیکردنەن کە سەدام بە یاسا و دەستووری ووڵاتی کرد  .. ئەو لە ڕێلادان و بە لاڕێدابردنەی فەرمانڕەوایی بوو کە تاکو هەنووکە پیادە دەکرێ و زۆر زیاتریش بووە ..
دۆخێکی شەرمئامێز و ناشیرینە ناوی دەنێم سەدامیزم .. قوتابخانەیەکە تیایدا سوکایەتیی بە مرۆڤ و مێژووی مرۆڤ و ئاینی مرۆڤ و ئەخلاقی مرۆڤ دەکرێ .. یاساکانی مرۆڤایەتیی و هەموو شتێک لەلایەن سەرۆک و توتەڵەکانیەوە له پێ دەکرێ .
تیایدا مرۆڤ هێندە بچوک و بێ ڕێز و بێ ماف دەکرێ ، کە بوون و نەبوونی وەک یەکتریان لێ دێ .. کەتیایدا سەرهەڵگرتن و مردن ، تاکە دوو ڕێگان بۆ ڕزگار بوون ، چونکە کۆمەڵگاکە هێندە خەسێنراوە و سەرکوتکراوە و هێندە سەگ و گورگی سیخوڕی تێبەردراوە ، هیچ هیوایەکی شۆڕش و ڕیفۆرمی تێدا نەماوە .. سەرۆک خۆیشی لە بنچینەدا ، سیخوڕێکی دەزگایەکی سیخوڕیی جیهانییە  ، بە جۆرێک دەزگا سیخوڕییە جیهانییەکان ، زیاتر لە 20 ئەگەری ڕوخانی ئەو ڕژێمەیان دیاری کردبوو ،کە تەنانەت یەکێک لەو ئەگەرانە ڕاپەڕینی کریستیانەکانی عێراق بوو کە لاوازترین ئەگەر بوو ،  چارەسەری خێرایشیان بۆ هەموو ئەگەرەکان دۆزیبۆوە  ، بۆ ئەوەی سەدام بەردەوام بێ .
کەواتە هەر سیستمێک ، ژنی سەرۆک و کوڕ و کچ و ئامۆزا و خاڵۆزا و خزمان و هاوڕێیانی سەرۆک تیایدا دەرکەوتن و دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەست بوون ، سەر بە قوتابخانەی سەدامیزمە..
هەر سیستمێک هاووڵاتی بێ ماف و بێ هیوا و بێ داهاتوو ، وەک قالۆنچە لەناو تاریکی و پشتگوێخستندا بژی ، لە بەرامبەردا سەرۆک و خێزان و بنەماڵە و هاوەڵانی وەک پاشا بژین ، ئەو سیستمە ، سەر بە سەدامیزمە ..
هەر سیستمێک باج و خەراجی لەسەر هاووڵاتیانی بێ دەسەڵات زیاد کرد و ..بازرگان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حیزبیە قائیدەکان ، وەک بەرزەکی بانان لێی دەرچوون  ..
سامانی نیشتمانی و زەوی و ئاوی نیشتمان بوون بە موڵکی سەرۆک و خێزانەکەی ..
هەڵکوتانە سەر و کوشتن و بڕینی بیری جیاواوز و ئازاد ..
بەشینەوەی پلەی سەربازیی بە سەرۆک و خزم و دۆست و هاوەڵانی ..
بەخشینی پلەی دکتۆرا بە هەر کەسێک زوڕناژەنی سەرۆک و خێزانەکەی بێ ..
بەرەڵڵا کردنی کۆمەڵگا لە خراپترین دۆخی ژیاندا ..
گرنگیدان بە ڕاگەیاندن بۆ جوانکردنی سەرۆک و .. گەورەکردنی سەرۆک و ..بەهێزکردنی سەرۆک و .. بێ ئومێدکردنی خەڵک ، بە جۆرێک دەزگا  و زانکۆ حوکومییەکان هیچ خزمەگوزارییەکیان تێدا نەمێنێ ، بەڵام بودجەی وەزارەتی ڕاگەیاندنی حوکمەتۆکەکەی سەدام ، بێ پایان بوو ، بودجەکەی کراوە بوو ، واتا چی خەرج ئەکا ، حیساب کراوەیە ، تەنانەت جارێکیان وەزیرێکی ڕاگەیاندنی دەرکرد لەبەرئەوەی ئەو ساڵە بودجەیەکی زۆری  لە ڕاگەیاندندا خەرج نەکردبوو ، واتا وەک پێویست پارەی تەخشان و پەخشان نەکردبوو لە جوانکردنی سەرۆک و خێزانەکەیدا ..!! به جۆرێک کارگەی کاشی و پەیکەرتاشیی تایبەت بە پەیکەری سەدام ، لە ئیتاڵیادا ، تەرخانکرابوو بۆ دروستکردنی دەیان هەزار پەیکەر و جیداریی سەرۆک لە کاتێکدا سەربازەکانی ڕیسوا و برسی و موحتاجی نانێک بوون ، لە تێرمیناڵ و مەیدانەکاندا وەک سواڵکەر کەوتبوون ..
ئەمە زێرابەکانی سەدامیزمە کە دێنە دەرەوە و کۆمەڵگا بۆگەن و ناشیرین ئەکەن ..
هەر سیستمێ ، لە ئاست داواکاریی خەڵکدا کوێر و کەڕ و لاڵ  بوو  .. بە حەشاماتی هێزی  تایبەتی چەکدار  دەوره درابوو .. لە گوزەر و بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا دەرنەکەوت .. تەنها لەسەر سکرینەکانی تی ڤی بە جل و بەرگی شاهانە و کاتژمێر و ئێکسسواراتی ملیۆنەها دۆلارییەوە ، خۆی نمایش کرد ..لە کۆشکی خەیاڵیی فیرعەونیی و فڕۆکەخانە و گەشتی ووڵاتان و تەوقە کردن لەگەڵ کەسایەتییە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکاندا ، لە پایتەختە کۆڵۆنیالیستەکاندا ، بە قسەی فودراو و بێ بنچینە و  نالۆژیکیی و ڕاو و ڕێویکرندا ،  خۆی نیشاندا ..
ئەوە بزانە تۆ لەبەرامبەر سیستمێکی سەدامیزمدایت. تۆ داهاتوو و خەون و هیواکانت لە گۆڕ نراون. تۆ لەبەردەم ناشیرینترین سیستمی فەرمانڕەواییدایت کە لە ڕاستیدا سیستم نییە ، بەڵکو گەمەیەکی دەزگا سیخوڕییە داگیرکەرەکانی جیهانە ، بۆ دەستگرتن بەسەر داهات و داهاتووی میللەتە خاوەن پەیام و شارستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەوەیش وەک یەکێک لە بیریارەکان ئەڵێت: ئەمەریکا کێشە و ڕقێکی گەورەی هەیە لە بەرامبەر کۆمەڵگا خاوەن پەیام و شارستانی و مێژووەکاندا، چونکە خۆی مێژووی نییە و  بنچینەکەی نادادییە و خاوەن پەیام و شارستانیی نییە، کلتورێکی شەرافەتمەندانەی نییە، ناچار خۆی ناو ناوە جیهانی نوێ، لەکاتێکدا لەسەر زوڵم و نادادیی ڕۆ نراوە .
بەو جۆرە ئەو نیشتمانە خاوەن مێژوو و سەروەرییانە، پڕ پڕ دەکەن لە دەسەڵاتداری گەمژە و نەزان و دژ بەیەک. لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و لەشفرۆشی دژ بەیەک  .. لە شاعیری ڕیسوا و سەرشۆڕی دژ بە یەک، کە بۆ ئافەرینێک، بۆ پارچە نانێکی حەرام  ، سەدامەکانت بۆ ئەبەنە کەشکەشانی فەلەکەوە. سەفسەتە. چەنەبازیی. بۆینباخلەمی بێ هەڵوێست و نەخوێندەوار، ئەمە سیاسەتی ( فرق تسد ) واتە سەروەریی لە هەڵوەشاندندایه .
بە شێوەیەک، پایتەختێکی وەک بەغداد ، کە ڕۆژێ له ڕۆژان پایتەختی سیاسەت و زانست و ئەدەب و هونەری هەموو جیهان بووە و تیایدا بۆ یەکەمجار کاتژمێر دروست کراوە ، بوو بە  پایتەختی ترس و سڵ و مافیا و چەقۆکێش  .. بێ هیوایی و ڕەشبینی و کەوتنی هەموو پایەکانی مرۆڤایەتیی ..
برسێتی و نەخوێندەواری و بێکاری و تایفەگەری و خێزانپەرستی و خۆپەرستی و لێکهەڵوەشان و جەنگی ناوخۆ و دەرەوەی بێ مەعنا ..نەمانی شتێک بە ناوی یەکبوونی نیشتمانیی و ..بڵاو بوونەوەی دژایەتی نێوان شار و گوند و ئایین و ئاینزا و ئایدۆلۆژیاکان ..داڕمانی کولتوریی نەتەوایەتی و ئەخلاق و بەها کۆمەڵاتییەکان ..
ئەمانە و زۆر لەوانە زیاتریش دیاریی سەدامەکان و قوتابخانەی سەدامیزمە  بۆ گەلەکانیان ، کە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکان لە پشتیانەوە وەستاون  و داکۆکییان لێ دەکەن ..لێرەدا ئیتر هەموو کۆمەڵگا ئەشێوێ ، تاکە شت کە بە ڕێک و پێکیی ئەڕوات بە ڕێوە ، نەوت و داهاتی ئەو میللەتانەیە بۆ عەمباری نەوت و داهاتی زلهێزە جیهانییەکان ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت