دکتۆر بەهرۆز جەعفەر: سەردانی پزیشکییان بۆ عێراق؛ مەلەفی ئاو، ئاسایش و ئابوریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک چاوەڕێدەکرا، لە 11ی سێپتەمبەری 2024 دا، سەرۆک کۆماری ئێران “مەسعودی پزیشکیان” یەکەمین سەردانی خۆی بۆ عێراق دوای دەستبەکاربوونی ئەنجام دا. بوونی زۆرترین تەوەری گرینگ و چارەنووسساز دەری دەخات، کە عێراق تا چ ڕادەیەک بوەتە بۆڕی هەناسەدانی ئێڕان: مەلەفی ئاو، سەت ساڵە لە نێوان عێراق و ئێراندا دادەپۆشرێت!
هەمیشە ئاو و رێڕەوە ئاوییەکان بڕبڕەی پشتی کێشەکانی ئێران بوە لەگەڵ عێراق و عەرەبستاندا، بە تایبەتی لە خوزستان لەسەر کەنداوی عەرەبی (یان کەنداوی فارس). ئێران لە ساڵی 1925 خوزستانی بە زەبری هێز لە عەرەبستان (سعودییە) داگیرکردوەو ئێستاش زۆرینەی ئەو پارێزگایە کە دەکەونە سەر ڕێرەوێکی ستراتیجی و یەدەگێکی سرووشتی گرنگیشی هەبوە، پێکهاتەی عەرەبن، هەروەها کورد، ئازەر، بەلووچ و لووڕ. بوونی کێشەی ئاو لە سنورەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بە تایبەت لە بەسرە، بەردەوام سەرچاوەی کێشە ناوچەییەکان و جەنگەکانی هەردوولا بوە. ساڵی 1937 لە کۆشکی سەعد ئاباد عێراق و ئێران لەسەر سنورو کێشە ئاوییەکانی نێوانیان ڕێککەوتن، بەڵام دواتر حکومەت لە ئێران گۆڕاو، پەشیمانبونەوەو، کێشەکانی قووڵترکردەوە. هەموو کاتێکیش عەرەبستان و عێراق هاوکاری گرووپە یاخییبوەکانی ئێرانی کردوەو، ئێرانیش هاوکاریی گرووپ و جووڵانەوە چەکدارییەکانی کوردی کردوە؛ بۆ ئەوەی کیشەی ئاو بەگشتی و ناوچەی خوزستان بەتایبەتی لە بیری عەرەبی عێراق و ناوچەکە ببەنەوە و، سەرقاڵیان بکەن بە پرسی کوردەوە.
نیزیکەی 70 ملیار م3 کە دەکاتە 35٪ ی ئاوی عێراق لە ئێرانەوە دێت. هەموو ساڵێک ئێران بێ ئەوەی پرس بە عێراق بکات، ئاوەکان دەگرێتەوە! ساڵانە ئێراان لە هاویندا ٦٠٪ ی ئاوی ڕووباری ئەڵوەن لە خانەقین دەگرێتەوە. بەهۆی درووستکردنی بەنداوی “شەرەفشا” ەوە سەروو 70٪ ی ئەو ئاوەی پێشوتر لە سنوری پارێزگای دیالە دەڕژایە عێراقەوە گیراوەتەوە! لە هەرێمی کوردستانیشەوە (کە زیاتر لە 700 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە) ئێران ساڵانە ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە، بەوهۆیەوە پرۆژەی خاس لە قەڵادزێ تووشی گرفتی زۆر دەبێتەوە، کە زیاتر لە (100) هەزار هاوڵاتی کورد لێی سودمەنددەبن، ئەوەش کێشەی بۆ ئاوی خواردنەوەو کشتوکاڵ و حەوزە ماسییەکان درووستکردوەو، پرسە ژینگەییەکانیش ئاڵۆزتر دەکات.

مەلەفی ئاسایش و کاروباری ناوچەیی
ئێران، لە ڕوانگەی جەنگی غەزەو، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هێزە- شیعییە- ئایدۆلۆجییە- چەکدارەکان بە ئامرازێکی تا بڵێی ستراتیجیی دەبینێت؛ دەخوازێت شوێنی هێزەکانی هاوپەیمانان بە باشتر لە عێراقدا پڕبکاتەوە. هەڵکەندنی کۆمەڵەو دیموکراتەکان لە هەرێمی کوردستان و لە قاڵبدانیان ئامانجێکی چەند ساڵەی ئێرانە؟ چوونکە ئێران لە ناوخۆدا، بەتایبەتی لە ڕووی ئابورییەوە تووشی داوەشان بوە؛ لە 2024 دا وڵاتەکە بە ڕێژەی 71٪ بێکاریی هەیە، لە باشترین حاڵەتدا کە سێک کە پڕۆفیسۆرە لە زانکۆیەکی ئێرانیدا وانە دەڵێتەوە مانگانە نیزیکەی 36 ملیۆن تمەن (600$) شەش سەت دۆلار مووچە وەردەگرێت. ئەگەر سزاکان زیاتر بن و، گرفتە ئابوریی و کۆمەڵایەتیەکان بۆشایی ئەمنی لەناو ئێراندا درووست بکەن، ئەوا پێویستە پێشوەخت ئەم وڵاتە گرووپە کوردییە- چەکدارە- ئۆپۆزسیۆنەکان لە سنورەکانی خۆی دوورتر بخاتەوەو، زیاتر بیانخاتە ژێر چاودێرییەوە.
دیارە هێشتا ڕای نوخبەی دەستەڵاتخوازیی ئێرانی وایە، کە ئیسرائیل خاکی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، بۆ چادێریی و هێرشکردنە سەر ئێران، تا ڕۆژێک پێش هاتنی پزیشکیان بۆ عێراق، باڵوێزی ئێران هەمان بابەتی باسکرد؛ یەکێک لەو ناوەندانەی نیزیکەی دەیەیەکە ناو-بەناو (بە هەر هۆیەک بێت!) ختوکەی ئەم بابەتە دەدات؛ جەزیرەیە. پزیشکیان سەردانی هەولێر و سولەیمانیش دەکات، ئەمە دەرفەتێکی گرینگە هەرێمی کوردستان بیەوێ ئاسایش وەک بەرژەوەندییەکی هاوبەش و دوو سەرە لەگەڵ یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی بڕیاری سیاسی ئێرانی گفتوگۆ بکات؛ هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناو خاکی عێراقەوە، سەردەمێکی زۆر شەڕی بۆ ئێران کردوە دژی دەوڵەتەکەی خۆی، لەوە زیاتر دەشێت چی بکات؟! لەبەرانبەر ئەمەدا پێویستە ئێرانیش بیر لە پاراستنی هەرێمی کوردستان بکاتەوەو، کێشە درووست نەکات، بۆ نموونە ماددەی هۆشبەر لە ئەفگانستان و پاکستانەوە، با نێو ئێراندا دێت (دەنێردرێت!) بۆ هەرێمی کوردستان و… تادوایی.
لەڕووی ناوچەییەوە؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کارەساتە مرۆییەکەی جەنگی غەزەو دەرئەنجامە سیاسی و ناوچەییەکانی، پرسی چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران، بڵاوبونەوەی هەژموونی بریکس کە مەترسیی خستۆتە سەر دۆلاری ئەمریکی، دەبنە ئەو سێ پرسە سەرەکییەی کە هەژموونی ئەمریکا لەناوچەکەدا لاوازتر دەکەن، کاتێکێش کە چین و ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەیان بە ئامادەگیی خۆیانداوە، ئیتر بۆ هێزە ناوچەییەکان و هێزە گەورەکانی تر گرینگ نییە ئەمریکا چی دەڵێت و چی دەوێت، هەر یەکەیەک بۆ خۆی ئامانج و ئەجێندەیەکی هەیەو پاڵنەری سەرەکی داڕشتنی سیاسەتەکانیەتی، ئێرانیش یەکێکە لەو زلهێزە ناوچەییانە کە بەردەوام ئەجێندەی خۆی هەبوەو، ئیشی ئەوەیە لەدەرەوە دەستوەربدات، بۆئەوەی ئاسایشی ناوەوە مسۆگەر بکات.
کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، تێکەڵەیەک لە توخمە جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کولتووری لەخۆدەگرێت. دووبارە دەرکەوتنی گرووپە مەدەنییە دژە ئەمریکاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهانی، ئاماژەیە بۆ ناڕەزایی بەرفراوانتر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئابوریی؛ ئەو ئامانجەی زەحمەتە بەم خێراییە بێتە دی!
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لایوایە ئابوریی ئێران 4.2٪ گەشە دەکات، بەڵام پزیشکیان و کابینەکەی دەیانەوێ ئاستی گەشە بگەیەننە 8٪، بۆ ئەمەش پێویستە (100) ملیار دۆلار بە ناوی وەبەرهێنانەوە لە دەرەوە بێتە ناو ئێرانەوە، ئایا سزاکانی ئەمریکا ڕێگە بەمە دەدات؟! پزیشکیان هاتوە بۆ عێراق، تا وا بکات ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوانیان لە (10) ملیارەوە بگەیەنێت بە (20) ملیار دۆلار. ئەگەرچی سەڕەڕای سزاکان تا ئەندازەیەک ئێران سەرکەوتوو بوە لەوەی نەوتی خۆی بفرۆشێت، تەنانەت هەندێکجار ئاستی هەناردەشی زیاتر کردوە. بەرە-بەرە جیهان وای لێدێت، تاک جەمسەریی ئەمریکا کەوتۆتە ژێر پرسیارەوەو، هێزە- مامناوەندییەکانی وەک هیندستان، ئێران، بەرازیل، سعودییە، ڕووسیا، گرووپە چەنکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چین و.. زۆری دیکە بە لایانەوە گرینگ نییە ئەمریکا چی دەڵێت و چی دەوێت!
کۆتا خاڵ، گرینگترینیانە؛ پرسی گازی سرووشتی. ئێران بەردەوام نیزیکەی 40٪ ی کارەبای عێراقی دابین کردوە لە ڕێگەی فرۆشتنی گازەوە بە عێراق، ئەمریکاش بەردەوام گومانی لە عێراق هەیە کە کێڵگەکانی خۆی چاک ناکات و ژینگە پیس دەکات و، گازەکەی خۆی بەخۆڕایی دەسووتێنێت و، گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات. ئێستا ئێران 11ملیار دۆلار قەرزی لەسەر عێراقەو، پارەکە هی گازە! چۆن یانزە ملیار دۆلار بگاتە دەست ئێران! لە کاتێکدا ئەمریکا بە بانگەشەیەکی تووندی هەڵبژاردندا تێدەپەڕێت!
ئێران بەگشتی و پزیشکیانیش بەتایبەتی لە ڕێگەی سەردانەکەیەوە، دەیانەوێ لە ڕێگەی هۆکارەکانی ترەوە پەیوەندییەکە پتەو بکەن و عێراق تووند ببەستن بەخۆیانەوە، ئەمەش بۆئەوەی لە ڕووی تەندرووستی، شوێنەوار، پەروەردە، ڕاهێنانی میدیایی، کەلتوور و.. تادوایی لە ڕێگەی ئیمزاکردنی ١٤ ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنەوە کاری زیاتر بکەن. سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی بەسرە دەکات، لە بەسرە کۆمەڵێک پرسی ئابوریی و جیۆپۆلەتیکیی دەگوزەرێ؛ یەکێک لەوانە بەستنەوەی بەندەری فاو بە کۆمەڵەی بەندەرەکانی ئیماراتەوە، لەوەش گرینگتر پرۆژەی ڕێگای گەشە هەیە کە کەنداو دەبەستێت بە تورکیاو ڕەنگە ئەوروپاشەوە؛ لەم پرۆژەیەدا کە دە وڵاتی عەرەبی بەشدارن، ئێران پەراوێز دەخرێ، چ لە ڕووی ڕێگاوە چ لە ڕێگای کاڵاوە، چوونکە پرۆژەکە کاڵای ئێرانی پێدا ناگوێزرێتەوە، بۆیە پزیشکیان ئیش لەسەر کاراکردنی ڕێگای ئاسنینی نێوان عێراق- ئێران دەکاتەوە کە بەسرە دەبەستێت بە شەلەمچەوە.
ئەگەرچی بە درێژایی مێژووی پێش و پاش هاتنی ئاینی ئیسلام سەرزەمینی ئەم عێراقە پێگەو جێگەی فارسەکان بوە؛ لە دوای ڕووخانی سەدام حوسەینیشەوە ئەقڵی دەوڵەتی قوولی ئێرانی بابەتیانە مامەڵەی لەگەڵ هەلومەرجی عیراق کردوە، کە کۆنترۆڵیکی تەواوەتی وڵاتەکە بکات؛ بۆیە سەرۆک کۆماری ئێران وەک ئەوەی بەناو باخی ماڵەکەی خۆیاندا بسوڕێتەوە، لەماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا چی بوێت لێی دەکاتەوەو لەگەڵ خۆی دەیباتەوە، بێ ئەوەی لایەنی عێراقیی هیچ قازانجێک بکەن لەم سەردانەدا. دواجار ئەو خاڵانەی سەرەوەو، چەندین بابەتی گرینگی دیکەش کە نیشانی دەدەن عێراق چەندە گرینگییەکی بێوێنەی بۆ ئێران هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت